پرۆژەی دزی دوای مام، بۆ مام و بنەماڵە

0

پرۆژەی دزی دوای مام، بۆ مام و بنەماڵە

بەرواری ٢٢ی فێبریوەری و لەمەراسیمێکی تایبەتدا، لەهۆڵی سینەمایی یەڵماز گۆنای لە مۆزەخانەی ئەمنە سورەکە، پڕۆژەی “ماڵی مام” ڕاگەیەنرا… ئەم پڕۆژەیە کەلەسەر پانتایی ٨٠ دۆنم زەوی بنیات دەنرێت، بڕی ٧٥ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە…

لە کاتێکدا سەرانی حزبەکانی بزوتنەوەی کورداتی، لە ڕیگای دەست بەرسەراگرتنی بازار و کایەکانی بەرهەم هێنان و وەبەرهینان و بازرگانیدا، وە لەدەست بەسەراگرتنی چەندین کێڵگەی نەوتدا، بە ئاشکرا داهاتی خەڵکی کوردستان دەدزن و فەرهودی دەکەن، وە لە کاتێکدا کە لە ژیاندا، ژیانی کۆشکنشینی فیرعەونی بۆ خۆیان و خانەوادەیان زامن دەکەن، لە دوای مردنیشیان ڕێرەوی تاڵانی و بە فیرۆدانی داهاتی کوردستان، دەست لێ هەڵناگرن و لەژێر ناوی جۆراوجۆرو بە پیرۆز ڕاگرتن و بە پیرۆزکردنی رەمزە حزبیەکان و کەسایەتیەکانیاندا، داهات و سامانی کوردستان لوش دەدەن. ئەم پرۆژەیەی ماڵی مام… یەکێک لەو پڕۆژانەیە.

پرۆژەکانی هاوڵاتیان، وێران دەکەن، هەرزان فرۆش دەکەن، گوێی پێنادەن، کەچی پرۆژەی ماڵی مام و کاک و جەنەراڵەکان!! و گڵکۆکانیان… لەسەر داهاتی هاوڵاتیان و بە گوژمەی دەیان و سەدان ملیۆن دۆلار بڕیار لێ دەدەن… ئەوە لە کاتێکدایە کە بەدەیان هەزار خێزان، شوێنی حەوانەوەی پێویستیان نییە، بەدەیان هەزار خێزان وێڵی ١٠٠ مەتر زەوین بۆ خانوو دروستکردن. هێشتا کەمی قوتابخانە و خەستەخانەو خزمەتگوزارییەکان، لە ڕاستییە ئاشکراو بەرچاوەکانن. لەدڵی هەلومەرجێکی هەرە نەخوازاودا کە کریکاران و موچەخۆران و فەرمانبەران تیایدا ژیان دەگوزەرێنن، کەچی بۆ بەپیرۆزراگرتن و بۆ بەخواکردنی سەرکردە حزبییەکانیان، بۆ داتاشینی میژووی بە درۆ نوسراو، میژوو سازی ساختە، دەست دەنێنە قوت و داهاتی خەڵکی کوردستانەوە، کە لەژێر سایەی هەر ئەو جەنابانەدا، توشی ئەو هەموو نەبوونی بێدرەتانی و برسێتی و بێ مافییە بوون… پرۆژەی ماڵی مام، پرۆژەی درێژە دانە بە داکەتاندنی گیرفانی هەژاران، بەشێکە لە تاڵانییەکی ئاشکرا، لە کاتێکدا هاوڵاتیان بەدەست نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنن. پێویستە خەڵکی کوردستان ئەو پرۆژەیە، بەناوی پرۆژەی دزی دوای مام، بۆ مام، ناو بنێن و لەلیستی دزیی نەوت و بازار و داهاتی کوردستاندا تۆماری بکەن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.