بانگەشەکردن بۆهاوسەرگیری مناڵان تاوانە

0

بانگەشەکردن بۆهاوسەرگیری مناڵان تاوانە

نووسینی: عبدالرحمن رسول

لە هەموو وڵاتێکی پێشکەوتوودا کە یاسا مەدەنی و سیکۆلار و شارەستانییەکان بەڕێوەدەچێت، ڕەچاوی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی مناڵان و ژنان بەتایبەتی کراوە. هەر بیروباوەڕێک کە هاندەربێ بۆ گەشەی توندڕەوی و دژە ئینسانی و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و تیرۆریستی  لەمپەری خراوەتە بەردەمی و بەپێی یاسا موبەلیغان و بانگەشەکارانیان سزادراون لە پێناوی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ. سەرجەم خاوەن فکر و ئایین و نەتەوە و کەلتوور و سوونەتە جیاوازەکان ئازادانە بەپێی یاسا بۆچوون و تێڕاونینی خۆیان دەخەنە ڕوو، بەڵام بەبێئەوەی زیان و ترس و سوکایەتی بەهیچ مرۆڤێک بکەن، بەڵام لە باشووری کوردستان پاش چەندین ساڵ لەدەسەڵاتی حیزبەکانی (یەکێتی و پارتی) وحیزبەکانی پارێزەری سیستەمە چەوسێنەر و نابەرابەرەکەیان لەژێر سایەی ئەو جۆرە سیستەمەدا بەئاشکرا و بەبێ هیچ ڕێگرێک بانگەشە و  ڕیکلام بۆ گەشەدانی بیروباوەڕی کۆنەپەرستی و دژەئینسانی دەکرێ، بانگەشە بۆ بیروباوەڕی توندڕەوی و تیرۆریستی دەکرێ، لە کەناڵەکانی تەلەفیزیۆنەکانەوە سوکایەتی بەژنان دەکرێ، لەلایەن مەلاکانەوە پێیان دەگووترێ ژن داینەسۆرن، مەلای ئایینی فتوای جۆراوجۆر لەدژی ئاهەنگێڕانی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی خەڵکی کوردستان دەردەکەن، هەر لەمزگەوتەکانەوە فتوای تیرۆرکردنی مرۆڤە ئازادیخوازەکان و کۆمۆنیستەکان دەدەن، هەر لەلایەن مەلای مزگەوتەکانەوە فتوای دژەئینسانی لەدژی خاوەن ئایینی ئیزیدی و زەردەشتی و کاکەیی دەدەن، بەئاشکرا ڤیدۆی وتارەکانیشیان لە فەیسبوک بڵاودەکەنەوە. ئەوا ئەم جارەش لەلایەن بانگخوازێکی ئیسلامی بەناوی (دوکتۆر عبدالواحید) بەئاشکرا بانگەشە و ڕیکلام بۆ  بەشودانی کچانی منداڵی نۆ ۹ ساڵە دەکات، لەکاتێکدا لەوتەمەنەدا قۆناغی منداڵی تەواونەکردووە، بەشێکە لەپێشێلکردنی مافەکانی مناڵان و  تاوانێکە لەدژی مناڵان پێویستە ئەوجۆرە بانگەشانە  قەدەغەبکرێ. “د.عبدالواحد” بانگەواز دەکا بۆ ئاسایی بوونی شوکردنی مناڵانی ٩ساڵ و ١١ ساڵ و ١٢ ساڵ لەبەرئەوەی ئەمە لە ناو ئیسلامدا باوبووە لەو سەردەمەدا .

لەسەردەمی ئێستایی گەشەی عەقڵ و زانست و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ ودیموکراسی و شارەستانیەتدا دەیەوێ گەشە بەهەمان فکرو بیروباوەڕە دژە مرۆڤایەتییە بدات، کە مافەکانی مناڵان بە ئاشکرا پێشل دەکا وسوکایەتی بە مافەکانی ژنان دەکات و بەپێی پێوەری سەرجەم یاسا و ناوەندەکانی پارێزەران و بەرگریکارانی مافەکانی مناڵان و مافەکانی مرۆڤ،  ئەم جۆرە تێڕوانین و بۆچوونانە بە تاوان ئەژمار ئەکرێ لەبەرئەوەی سوکایەتی بەمناڵان و ژنان دەکات، پەلکێشی  مەلکەچ بوونیان بەرەو کۆیلایەتی و چەوسانەوە و ئازاردان دەکات. بۆیە پێویستە وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی و ئازادیخوازی و پارێزەری مافەکانی مناڵان لەدژی گەشەی بیروباوەڕی کۆنەپەرستی و دژە مرۆڤایەتی بوەستینەوە  لەدژی ئەو بانگەشانەی ئەو مەلایانە بوەستینەوە، داوایی دادگایی کردن و بەسزاگەیاندنی ئەو کەسانە بکەین. لەبەرئەوەی ئەم  بانگەشە و هاندان و ڕیکلام کردنە بۆ ڕەواج دانە بە دەستدرێژی سێکسی بۆسەر مناڵان بەناوی بیروباوەڕی  مەزهەب و دینی ئیسلامەوە، جێگای نەفرەت و ناڕەزایەتی هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و کەرامەت و پارێزەری مافەکانی مناڵانە.

ڕاستیەک هەیە ئەویش ئەوەیە کە بەپێی پلان و بەرنامە ئەم جۆرە مەلایانە لە وتاری مزگەوت و سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکان و کۆڕوکۆبونەوە و کۆنفرانسەکانیان لە بانگەشەکانیاندا سوکایەتی بە ژنان و ئازادیخوازان و مناڵان دەکەن، بەم  بانگەشانە دەیانەوێ  دژایەتی نەک تەنها مافی مناڵان بکەن، بەڵکو دەیانەوێ دژایەتی سەرجەم ماف و  کەلتور و سوونەت و یاسا سیکۆلار و مۆدێرن و مرۆڤدۆستانە و  مناڵ دۆستانە بکەن ڕوبەوویی یاسا و سیستەمە سیکۆلار و شارەستانیەت ببنەوە  لە کوردستان .

هەرگیز لە سیستەم و یاسا شارەستانی و سیکۆلار و مەدەنییەکاندا ڕێگەی نەدراوە مناڵان بەشو بدرێن و پڕوپاگەندە بۆ قبوڵکردنی دروستکردنی ئەم دیاردەیە بکرێ، بەڵام ئەو کەسە کۆنەپەرستانە دێن لەلای خەڵکی کوردستان بانگەواز بۆ بەشوودانی کچانی منداڵان دەکەن .

پێویستە خەڵکی ئازادیخواز و بەرگریکار لەمافەکانی مناڵان دەست بەتێکۆشان بکەن لەدژی بڵاوکردنەوەی ئەوجۆرە بیروباوەڕە کۆنەپەرست و دژە ئینسانییە، لەبەرئەوەی لە یاساکانی مافی مرۆڤ و یاسای باری کەسێتیدا دژی بەشودانی مناڵانی خوار ١٦ ساڵ دیاریکراوە. بەڵام دیارە لای ئەم بانگخوازە مافی مناڵان هیچ پێوەرێکی دانپێدانراو نییە و بەهیچ جۆرێک مافەکانی مناڵانی کچ  هیچ ڕیزێکی لێناگیرێ لەبەرئەوەی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر کچی مناڵ بە مافی پیاو دەزانێ. کە لەمڕۆدا ئەم جۆرە نەریت و شەریعەتەی بەشودانی مناڵان دەبێ وەک تاوانی دەورانی بەربەریەتی مێژووی شارستانی سەیریان بکەین.

پاراستنی مافەکانی مناڵان و کچانی خوار ١٦ ساڵ لە هاوسەرگیری ئەرکی دایکان و باوکان و تەواوی مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان و دەسەڵاتە.

پێویستە بە هەموولایەک مناڵان بپارێزرێن لەهەر جۆرە کارێک کە لەگەڵ تەمەن و توانای بڕیاردان و فشاری دەروونی و سەلامەتیاندا نەگونجێ.

بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە بیروباوەڕە دژە مرۆڤایەتییە دەبێ وەک بانگەوازکردن بۆ توندوتیژی و تیرۆر و تاوان بۆسەر مناڵان مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. ئەم بانگەوازە لەپاڵ یاساکانی فرەژنی و سەپاندنی شەریعەتدا دەیەوێ کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان بەرەو  دواوە بگەڕێنێتەوە و بەرەو سەدەکانی  ناوەڕاست و بەربەریەت بەرێت، حیزبە کۆنەپەرست و توندڕەوە  ئیسلامیەکان زەمینەی کەلتوری و سیاسییان بۆچوونە دەسەڵات  بۆخۆش بێت تا هەژمونی و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەی  باشووری کوردستان  هەر وەک ئێران بسەپێنن.

هەربۆیە ئەگەر دەتانەوێ باشووری کوردستان وەک ئەفغانستان و ئێران و  نەچێتە ژێر سیستەمی دژە مرۆڤایەتی  هاوشێوەی داعشی ئیسلامی، کە ئیمام خومەینی ڕابەری ئیسلامییەکانی ئێران  گووتەیەتی  کە هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵی خوار ۹ نۆ ساڵە جائیز نییە، بەڵام دەتواندرێ لێی بسوویی واتە پێیابێنیت و  ئارەزووە سیکسییەکانی خۆتی پێدابمرکێنیتەوە، تەنانەت ئەگەر منداڵی نێو بێشکەش بوو. سەرچاوە (ئیمام خومەینی لە کتێبی تحریر الوسیلە ) بەشی دووەم  لاپەڕە (٢٤١) پێویستە مرۆڤ دۆستان و هەموو دایک و باوکێک و  ئازادیخواز و سەرجەم بەرگریکاران و ڕێکخراوێکی پارێزەری مافەکانی مناڵان و مافەکانی مرۆڤ دەکەم  کە لەدژی ئەم جۆرە بانگەشە و ڕیکلامە بیروباوەڕی دژە مرۆڤایەتی هاوشێوەی بانگەوازی  (د.عبدالواحدە) کان کە هاوشێوەی وتەکانی  ئیمام خومەینی گۆڕبەگۆڕە بوەستنەوە و داوای سزادانی بکەن لەسەر هاندانی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر مناڵان و کچانی خوار ١٦ ساڵ. پێویسته بە گەشەدان بە تێکۆشانێکی هاوبەشی یەکگرتووانە داوای دادگاییکردنی ئەم بانگەوازە کۆنەپەرستە و دژە ئینسانی  بکرێ و بەئاشکرا بەپێی یاسا سزا بدرێت…

Leave A Reply

Your email address will not be published.