موسڵمانه‌كانی ڕوسیا و شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆكتۆبه‌ر!

0

موسڵمانه‌كانی ڕوسیا و شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆكتۆبه‌ر!

سەردار عەبدوڵا

نه‌یاره‌كانی شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆكتۆبه‌ر و ئازادی ویه‌كسانی وكۆمۆنیزم هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان به‌ پڕوپاگه‌نده‌ی ناڕاست و نه‌سه‌لێمنراو خه‌ڵكی سته‌ملكراو فریو بده‌ن، و ژه‌هر خواردیان بكه‌ن به‌ بیری چه‌وت وناواقعی. یه‌ك لەو‌ پڕوپاگه‌ندانه‌یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێن: كۆمۆنیسته‌كان ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێ موسڵمانه‌كان له‌ ناوده‌به‌ن، چونكه‌ ئه‌وان دیكتاتۆری پرولیتاریا داده‌مه‌زرێنن. من لێره‌دا ده‌مه‌وئ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م پروپاگه‌ندانه‌ به‌ ‌ به‌ڵگەوە‌ نیشان بده‌م. پێش شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر ئیسلامیه‌كانی روسیا له‌ ژێر زه‌برو زه‌نگێكی زۆردا بوون زۆریان لێ ده‌كوژراو زیندانی ده‌كرا، مزگه‌وته‌كانیان دا‌ده‌خراو قورئان و ئاسه‌وارو كتێبه‌ دینیه‌كان به‌ تاڵان ده‌بران. ته‌نانه‌ت كاتێك ئیسلامیه‌كانی قه‌وقاز بڕیاریاندا به‌شدا‌ری شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م نه‌كه‌ن ڕژێمی قه‌یسه‌ر ٨٣٠٠٠ كه‌سی لێ كوشتن. به‌ڵام بزانین مامه‌ڵه‌ی لینین وبه‌لشه‌فیه‌كان چۆن بوو له‌كاتی شۆڕش و دوای شۆڕش: له‌ مانگی ئایاری ١٩١٧ موسڵمانه‌كانی سه‌رتاسه‌ری روسیا یه‌كه‌م كۆنگره‌ی خۆیان له‌ مۆسكۆ ئه‌نجامدا ١٠٠٠ موسڵمان به‌شداری تێداكرد، له‌وانه‌ ٢٠٠ كه‌سیان ژن بوون جگه‌ له‌ باسه‌كان كۆنگره‌ چه‌ند بڕیاڕێكی په‌سه‌ند كرد له‌وانه‌: سه‌عاتی كاركردن ده‌بێ ٨ سه‌عات بێ له‌ ڕۆژێكدا، خاوه‌ندارێتی زه‌وی وزار ده‌بێ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ وده‌ست بگیرێت به‌سه‌ر مولكه‌ گه‌وره‌كاندا‌به بێ به‌رابه‌ر، یه‌كسانی له‌ نێوان ژن وپیاودا له‌ ته‌واوی مافه‌ كانیاندا دابین بكرێ، فره‌ ژنی قه‌ده‌غه‌ بكرێت، حیجابی زۆره‌ ملێ قه‌ده‌غه‌ بكرێت، وه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كۆت وبه‌ندانه‌ی له‌ سه‌ر ژنان هه‌یه‌ له‌ وڵاتانی تری ئیسلامیدا نابێ لێره‌ بمێنن. له‌ ٢٥ ی دیسه‌مبه‌ری ١٩١٧ دا ئه‌و قورئانه‌ كه‌ به‌ قورئانی پیرۆز و عوسمانه‌وه‌ ناسراوه‌ له‌و كاته‌دا ده‌گه‌ڕێنرێته‌و بۆ ئه‌نجومه‌نی ئیسلامی پیترۆگراد، سه‌رجه‌م ئه‌و كتێب و ئاسه‌وارانه‌ی ئیسلام كه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمه‌كانی قه‌یسه‌ره‌وه‌ تاڵان كرابوون گه‌ڕێنرانه‌وه‌ بۆ جێگای ئه‌‌سڵی خۆیان، ڕۆژی جومعه كرایه‌ ‌ڕۆژی بۆنه‌ی ئایینی و پشووی ڕه‌سمی بۆ ته‌واوی موسڵمانه‌كان له‌ ته‌واوی ئاسیای ناوه‌ڕاستدا. له‌ساڵی ١٩٢٠ له‌ ٣ی نیساندا لینین بروسكه‌یه‌ك ده‌نێرێ بۆ (ئۆرجوندز) سه‌رۆكی به‌ره‌ی قه‌وقاز وتێدا ده‌ڵێت: ده‌بێ به‌ كرده‌وه‌ بیسه‌لمێنت بۆ موسڵمانه‌كان كه‌ ئێمه‌ هاوپشت وهاوسۆزی ئه‌وانین بۆ سه‌ربه‌خۆییان وبه‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان. له‌ ٢٤ ی نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٢٤ لینین له‌ بانگه‌وازێكدا به‌ موسڵمانه‌كانی روسیای ڕاگه‌یاند: ئێوه ئه‌ی موسڵمانه‌كانی ڕوسیا وسیبریا وتوركمانستان وقه‌وقاز‌ ئه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕژێمه‌كانی قه‌یسه‌ر مزگه‌وته‌كانی تێكدان وسووكایه‌تیان كرد به‌ عه‌قیده‌ وبیروباوه‌رو كولتورتان ئێستا ئیتر ئێوه‌ ئازادن له‌ ده‌ربڕینی عه‌قیده‌ و بیرباوه‌ڕ وكولتوری نه‌ته‌وه‌یتان وده‌توانن ژیانی میللی خۆتان ڕیك بخه‌ن. ئازادبن به‌بێ بوونی هیچ به‌ندو كۆسپێك. ئه‌وه‌ش بزانن كه‌ شۆڕشه‌ مه‌زنه‌كه‌مان وشورای نوێنه‌رانی كرێكاران وسه‌ربازان وجوتیاران مافه‌كانی ئێوه‌ وته‌واوی خه‌ڵكی ڕوسیا ده‌پارێزێت، پشتیوانی له‌م شۆڕشه‌ بكه‌ن. هه‌ر ئه‌م شورایه‌ له‌ به‌رنامه‌كه‌یدا به‌ ناوی (offinmative action) واته‌ وه‌ستانه‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر جیاكاری، كه‌ به‌پێ ی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ خه‌ڵكی ئه‌سڵی ناوچه‌كان ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ جێگای ئه‌سڵی خۆیان و ئه‌وانه‌ی به‌ ناوی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن ده‌بێ له‌م ناوچانه‌ نه‌مێنن وه‌ك كه‌نیسه‌ ئه‌رسۆدۆكسیه‌كانی روسه‌كان و قۆزاكیه‌كان، زمانی روسی وه‌ك زمانی یه‌كه‌م نابێت وزمانی ئه‌سڵی ناوچه‌كان ده‌بێته‌‌ زمانی یه‌كه‌م و قوتابخانه‌ ئیداره‌كانی حكومه‌ت وچاپكراوه‌كانیش، هه‌ر به‌ پێی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ كۆمه‌ك ده‌كرێت به‌كه‌سانێك كه‌ خه‌ڵكی ئه‌م ناو‌چانه‌ن تابتوانن خۆیان ئه‌م ناوچانه‌ به‌ڕێوه‌به‌رن وخه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ش سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌ كۆمۆنیسته‌كانی خۆیان بكه‌ن، هه‌ر بهپێی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ وه‌زیفه‌كان ده‌درێن به‌ خه‌لكی ئه‌م ناوچانه، زانكۆكان بۆ‌ پێگه‌یاندنی خه‌ڵكی ده‌بن له‌م ناوچانه‌دا. ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌نها تایبه‌ته‌ به‌ بارودۆخێكی دیاریكراو واته‌ سه‌رده‌می لینین وحوكمی به‌له‌شه‌فیه‌كان، به‌ دوای ئه‌م مێژووه‌دا هه‌رچی ڕووی دابێ په‌یوه‌ندی نییه‌ به‌ هه‌ڵوێستی لینین و به‌لشه‌فیه‌كانه‌وه‌ بۆ نمونه‌ له‌ سه‌رده‌می حوكمی ستالین و ئه‌وانه‌ی دوای ئه‌و هاتوون چ له‌ ڕووسیا یا له‌ وڵاتانی تر، چونكه‌ ئه‌وان نه‌یانتوانی درێژه‌ به‌ به‌رنامه‌ و ڕێبازی لینین وبه‌لشه‌فیه‌كان بده‌ن له‌ جیاتی سۆشیالیزمی كرێكاری ئه‌وان سوشیالیزمی بورژوازیان په‌یڕه‌و ده‌كرد، هه‌ر به‌ ناوی دیكتاتۆری پرۆلیتاریاوه‌ كه‌ تا ئێستایش به‌رده‌وامن له‌ سه‌ری له‌زۆر وڵاتدا. ئازادی بێ كۆت وبه‌ند بۆ كاری سیاسی و بۆ عه‌قیده‌ و بیروڕا ڕاده‌ربڕین له‌ ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری پرۆلیتاریادا مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی شۆرشی كرێكاری وسۆشیالیزمه‌ بۆ گه‌یشتن به‌كۆمه‌ڵگەیه‌كی یه‌كسان و ئازاد له‌ هه‌موو جیهاندا، وه‌ ئه‌مه‌ش رێبازی لینین وبه‌لشه‌فیه‌كان بوو كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی ڕێبازی ماركس وه‌ ئه‌نگلس بوو.

٩\٢\٢٠١٩

سه‌رچاوه‌كان كه‌ سوودیان لێ بینراوه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌: گۆڤاری internationalist socialist no 110 spring 2006 وه‌رگێڕانی بۆ عه‌ره‌بی نادیه‌ عه‌بدوالقادر كه‌ له‌ نیسانی٢٠٠٧داله‌ اوراق الاشتراكیه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، وه‌ له‌لایه‌ن ماڵپه‌ڕی حزب العمال_ تونس له‌ ٣٠ ته‌موزی ٢٠١١ دا دانراوه‌

Leave A Reply

Your email address will not be published.