بەسە چیتر  ئازادی زنجیر مەکەن

0

بەسە چیتر  ئازادی زنجیر مەکەن

عبدالرحمن رسول

چەندین ساڵ لەمەوبەر مام جەلال بە بۆنەی کردنەوەی  چاپ وپەخشی سەردەم لە شاری سلێمانی گووتی، هەموو کەسێک ئازادە قسە و ڕەخنەی خۆیی بکات، تەنانەت  ڕەخنە لە منیش بگرن، کردنەوەی پارکی ئازادی بە پێویستی سەردەمی دانا و بە شوێنی کۆبوونەوەی ئازادی ناساند، ئەم قسانە هەموو بە ڤیدیۆ هەیە لەتەلەفیزیۆن و یوتوب و فەیسبوکدا بڵاوکراوەتەوە، لە کاتێکدا ئەو قسانە دەکات شێرکۆ بێ کەسی شاعیر لە تەنیشتی وەستاوە .

بەڵام دیارە ئەو قسانەی مام جەلالی تەنها بۆ ڕاگەیاندنەکان بووە و هیچی تر، ئەوەتا لە دوایی ئەم وتارەوە خەڵکێکی زۆر بەهۆی هەبوونی بیروباوەڕی سیاسی جیاوازو بڵاوکردنەوەی ڕەخنەکانیانەوە تووشی ئازار و ئەشکەنجە و زیندانیکردن، تەنانەت زۆرجار ڕەخنەگرانی دەسەڵاتی باشووری کوردستان ڕوبەڕووی ڕفاندن و تیرۆرو کوشتنیش و بوونەتەوە لە ژێر سایەی دەسەڵات و سیستەمی قوتابیانی مام جلال.

لە بەرواری(۲۱بەفرانباری۲٦۱۸ )واتە (۱۱-۱-۲۰۱۸) ئاسایشی سلێمانی تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی و زیاتر لە ٥٠ کەسی دیکەی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی دەستگیرکرد. بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لەسەرچاوە و میدیا و ڕاگەیاندن و ماڵپەڕەکاندا بڵاوکراوەتەوە. هۆکاری ئەم دەستگیرکردنە بەهۆی ئەوەبووە کە بەمەبەستی نمایشکردنی فیلمی تایبەت بە ساکینە جانسز هاوڵاتییان و ئەندامانی تەڤگەری ئازادی لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی کۆببوونەوە.

پێش چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆمەڵێ کتێبفرۆش لەسەر فرۆشتنی کتێبەکانی عبداڵلە ئۆجەلان و هەندێ مامۆستا لەسەر پێشنیاری پەخشکردنی فیلم دەربارەی جانسز و هاوڕێکانی دەستگیرکراون.

هەروەها لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی سەوزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرجەم بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی کوردستان داخران. ئەمەش لەدوایی ئەوە هات کەیەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیوەندییەکانی لە دەوڵەتی تورکیادا بەرەو خراپی چوو، یەكێتی بەمەبەستی دڵ ڕازیکردنی دەولەتی تورکیا، هێرش دەکاتە سەر ئۆپۆزیسیۆنی تورکی و کەسایەتیە سیاسیەکانیان.

بەپێی سەرچاوەی ڕاگەیاندنەکان کەهێزێکی زۆریان  بڵاوکردۆتەوە، لە سەرای ئازادی، لە ئەنجامدا هەریەکە لە شەهێن محەمەد، و حاجی ئازاد هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی و سەلاح خدر رۆژنامەنووس و کلسووم حسێن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەر و منداڵێکی ٣ بۆ ٤ ساڵیشی تیایە ئەوانیش لەگەڵ تارا حسێن دەستگیرکراون.

لە زۆرێک لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوکراوەتەوە کە هێزێکی زۆری ئاسایش لە دەوروبەی پارکی ئازادی سلێمانی بڵاوکراوەتەوە بەمەبەستی ڕێگریکردن و سەرکوتکردنی ئەو چالاکییەی  لەوشوێنەی بڕیاربوو فیلمەکەی تێدا نمایش بکرێت کۆبونەوە و ڕێگەیان نەداوە فیلمەکە نمایش بکرێت، و  لە ئێستادا هێزێکی زۆری ئەمنی و ئاسایش لە دەروازەکانی پارکی ئازادی جێگیرکراون.

دەستگیرکردنی تارا حسێن و 50 ئەندامی چالاک کە تەنها ویستبویان فیلمێکی دۆکۆمێنتاری پێشکەش بکەن لە سەکۆی ئازادی سلێمانی، تەنها سەرکوتکردنی ئازادی نییە، بەڵکو دروستکردنی ترسی و زاڵبوونی  دەسەڵاتی سەرکوتگەری و وەحشیگەری حیزبە بۆ تەواوی خەڵک. هەر هێزێک ئەگەر پێچەوانەوەی یاسا مەدەنی و شارستانییەکان کاری کرد پێویستە بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، نەک بە زەبری هێزی چەکداری و سەرکوتگەری. بەم هەنگاوە هیچ جیاوازێکتان نییە لەگەڵ دەسەڵاتی فاشیزمی  بەعس و دەوڵەتی  تیرۆریستی ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی ئیسلامی تورکیادا کە ڕۆژانە درێژە بەکاری سەرکوتکردن و زیندانیکردنی هەڵسوڕاوانی موخالیفانی خۆیان دەدەن و ئازار و ئەشکەنجەیان دەدەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ڕێگریکردن لە نمایشی فیلمی تایبەت بە ژیان و خەباتی ساکینە جانسز لە سینەما سالمی شاری سلێمانی، بڕیاری داخستنی سینەما سالم لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سلێمانیەوە. تەڤگەری ئازادی بڕیاریدا لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی شاری سلێمانی فیلمەکە نمایشبکەن. ناوەڕۆکی فیلمەکەش باس لە خەبات و ژیانی تێکۆشەرانی  گیانبەختکردووانیان دەکات .

شەرمەزاری یە بۆ سیستەم و دەسەڵات و حیزبێک کە بانگەشەی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی چارەنووس دەکات، بەڵام بە درێژایی دەسەڵاتی لەکوردستاندا لەسەر بیرورای سیاسی  جیاواز موخالیفان و ڕەخنە گران و ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان دەستگیر دەکات..

ئەمە نیشانەی ئەوەیە پاش ۲۷لە دەسەڵاتی حیزبەکانی باشووری کوردستان هیچ هەنگاوێکیان بەرەو پێشەوە نەناوە کە باشووری کوردستان بکرێتە کۆمەڵگەیەکی سیکۆلار و ئازاد بەپێچەوانەوە، بەرەو دواوە گەڕێندراوەتەوە. یاساکانی عەشیرەت و بنەماڵە و حیزب زیاتر پەرەی پێدراوە لە یاسا و سیستەمی دامەزراوەیی شارەستانی و مەدەنی و نوێگەری لەسەرجەم بوارە جیاوازەکاندا. بۆیە پێویستە خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و تەواوی خەڵکی باشووری کوردستان چیتر ڕێگا نەدەن دەسەڵاتی میلیشایی وچەکداری زاڵبێت و یاسا مەدەنی و شارستانی و پێشکەوتنخوازەکان فەرامۆشبکرێن لەلایەن پارێزەرانی دەسەڵاتی حیزبەکانەوە. پێوێستە ئازادی بۆ هەمووان بچەسپێت بەبێ هەرجیاوازییەک، چونکە گرینگی هەبوونی ئازادی لە هەبوونی جیاوازییەکاندایە .

گرفت و کێشەیەکی گەورەتر هەیە لە باشووری کوردستان کە پەیوەندی بە دەسەڵات و سیستەمی چەوسێنەرەوە نییە، ئەویش پەرتەوازەیی و پەرش وبڵاوی داکۆکیکەران و بەرگریکەرانی چەسپاندنی ئازادی ڕادەربڕینی بێ مەرجە. کەپێویستە بۆ داهاتوو گەشە بە هاوخەباتی و تێکۆشانی زیاتر بدەن بۆ چەسپاندنی ئازادی. کاتێک ڕۆژنامەنووس، چالاکی مەدەنی، سیاسی، ڕۆشنبیرێک، هونەرمەندێک، هەرکەسێکی تر لە هەر حیزب و ئایین و عەشیرەتێک بێت کاتێک هێرش دەکرێتە سەری و ڕوبەووی فشار و ئازار و زیندانیکردن دەبێتەوە لەسەر خستنە ڕوویی بیروباوەڕ و بۆچوونە ڕەخنەیی و کارەپیشەیییەکانی، پێویستە هەموو لایەک بەرگری لێبکەین و داوایی ئازادبوونی بۆ بکرێ. ئەمڕۆ کە لایەنێکی دیاریکراو فشاری دەخرێتە سەرو هەڵسوڕاوانی زیندانی دەکرێ ئەگەر بێ دەنگی لێ بکرێ بۆ داهاتوویی ڕوو بەڕوویی ئەوانی تریش کە باوەڕییان بە ئازادی و بەرابەری و یاسا مەدەنی وشارەستانییەکان دەبێتەوە.

بۆیە پێویستە هەموولایەک داوایی ئازادبوونی زیندانیانی سیاسی بکەن لە باشووری کوردستان، کە بە هۆی خستنە ڕوویی ڕەخنە و بۆچوونە سیاسییەکانیان زیندانی کراون لە شارەکانی سێلمانی و هەولێر و دهۆک سەرجەم شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان .

Leave A Reply

Your email address will not be published.