0

بۆپێشەوە: بۆچی ئەو هەموو ئیمکانیەتە خەیاڵییە بۆ کەرتی کارەبا سەرف دەکرێت بەڵام رۆژ بەرۆژ کارەبا خراپتر دەبێت؟

نەوازاد بابان: من پێش وەڵامی پرسیارەکان زۆر خۆشحاڵ بووم کە بڵاوکراوەی بۆپێشەوە دەردەچیتەوە، بۆپێشەوە کاتی خۆی تاکە بڵاوکراوەیەک بوو لەدەورانی کارکردنیدا دەیتوانی شەقام بجوڵێنیت و ببێتە دەنگی کرێکاران و خەڵکانی نارازی و تەنها دەنگێک بوو دەسەڵاتداران لێی تۆقیبوون، تەمەنا دەکەم ئەم بڵاوکراوەیە بەهەمان نەفەس و بەهەمان گڕوتینەوە بێتەوە مەیدان و ببێتە زمان حاڵ و هاوپشتی تەواوی کرێکاران و دەنگە نارازییەکان. دیارە لە ئێستادا لەهەموو کاتێک زیاتر کۆمەڵگا پێویستی بە جۆرە بڵاوکراوەیەکی وا هەیە. بۆیە لێرەوە دەستی یەک بەیەکی ستافی بڵاوکراوەکەتان دەگوشم و وەهیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. سەبارەت بە پرسیارەکەتان دەمەوێ بڵێم،  کارەبا یەکێکە لەو سێکتەرە گرنگانەی کە پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بەژیانی  رۆژانەی هاوڵاتیانەوە، بەڵام بەتەواوەتی ئەم کەرتە پشت گوێ خراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە. تاکو ئێستا ئەم خزمەتگوزارییە وەکو پێویست ناگاتە دەستی هاوڵاتیان، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە بەملیۆن دۆلار بۆ ئەم کەرتە سەرف دەکرێت، بەڵام هیچ جۆرە پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینووە و تاکو ئێستا وەکو پێویست ئەم خزمەتگوزارییە سەرەتاییە ناگاتە دەستی هاوڵاتیان، جاری واهەیە تەنها چەند کاژمێرێک کارەبا دەبێت، لە کاتێکدا کە ساڵانە بە ملیۆنەها دۆلار بۆ ئەم کەرتە سەرف دەکرێت، بەڵام لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سەربەخۆیان  ئەو داهاتە خەیاڵییەش وەکو باقی داهاتی خەڵکی کوردستان، بەتاڵان دەبرێت…

بۆ پێشەوە: ئێوە لە ناوەندی کارەبادا دەستەیەکتان پێکهێناوە، پێداویستی پێکهێنانی ئەم دەستەیە چی بوو؟

نەوزاد بابان: ئێمە وەکو کۆمەڵێک هەڵسوراوی کرێکاری هەستاین بە دروستکردنی دەستەیەک بەو ئامانجەی کە کار بکەین بۆ کۆکردنەوەی کرێکاران و کارمەندان لەرێکخراوێکی تۆکمەی سەراسەریدا لەناوەندی کارەبا. وە بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە لەهەنگاوەکانی داهاتووماندا کاردەکەین بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی گشتی  بۆ دیاریکردنی  نوێنەران. وە ئەمە تەنها رێگایەکە کە بتوانین بەخواست و ئامانجەکانمان بگەین… ناوەندی کارەبا یەكێک بووە لەو ناوەندانەی کە دەیان جار خۆپیشاندان و مانگرتنی ئەنجام داوە، بەڵام لەبەرئەوەی  کە خاوەنی نوێنەرایەتیەکی تۆکمە نەبووە نەیتوانیوە خواستەکانی بێنێتە دی. ئێمە بەو راستیە گەیشتووین کە تەنها بە رێکخراوبوونمان دەتوانین مافەکانمان بەدەست بێنین. ئەوە ڕۆشنە ئەو ناوەندانەی کاری دەستە جەمعی و رێکخراوبوونی تیادا بەهێزە و بەدی دەکرێ وەکو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە توانیویانە دەرماڵەی مەترسی و هاندان و…تاد، بەدەست بهێنن.

بۆ پێشەوە: خۆتان دەزانن زۆرمان نەماوە بۆ یەکی ئایار رۆژی هاوپشتی و هاوچارەنووسی جیهانی چینی کرێکار.. دەمەوێ بپرسم، رابەران و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی کرێکاریی چ ئەرکێکیان دەکەوێتە ئەستۆ بۆ یەکی ئایار؟

نەوازد بابان: سەبارەت بە یەکی ئایار پێویستە هەڵسوراوانی کرێکاریی لەدەوری یەکتری کۆببنەوەو هەرچی دەنگە نارازییەکانە لەناوەندێکدا رێک بخەن. ئێستا زیاتر ناعەدالەتی و نایەکسانی و پێشیلکاری ئازادی دەکرێت. رادەی هەژاری لەلوتکەدایە و رێژەی بێکاریی لە ئاستێکی مەترسیداردایە و هەموو تاکێکی کۆمەڵگا نارازییە، لەگەڵ ئەمانەشدا نائومێدی باڵی کێشاوە بەسەر کۆمەڵگادا بەهۆی نەبوونی بەدیلێکی واقعی لەبەرامبەر ئەم دزو مافیایانەی کوردستان. کەوابوو ئێستا کاری ئێمەیە کە ئاسۆیەک بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان بگەڕێنینەوە ئەویش بەرێکخستنی دەنگە نارازییەکان لەچوارچیوەی ناوەندێکی کرێکاریی و جەماوەریدا.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.