بێدەنگ نەبوون لە سوتان و کوشتن چارەسەرە

0

بێ دەنگ نەبوون لەسووتان وکوشتن چارەسەرە

عبدالرحمن رسول

سێوە قادر، دایکی ئەو سێ منداڵەی کە تەمەنیان لە نێوان (۱ بۆ ٥)ساڵان لە چەمچەماڵ بەهۆی سووتانەوە گیانیان لەدەست داوە و خۆیشی لە 90%ی جەستەی سووتا، بە ئازارەوە قسە ئەکات . لەڕاگەیاندنەکاندا بڵاوبۆتەوە کە ئەڵێت :من نەبووم ، مێردەکەم بوو، ئێمە شەڕمان کرد”. ئەڵێت “داوادەکەم ئەم کەیسە دانەخرێ و بەسزای خۆی بگەیەنن، قەت لێی خۆشنابم، لە هیچ کەسێک خۆشنابم کە دەستی تێیدایە”. بەڵام تاوەکو ئێستاش نازانێت منداڵەکانی مردوون. ئەو دەڵێت “رزگارم بکەن لەم ئازارە. لێرە دەرم بکەن.بەداخەوە لە ۲٤-۱۲-۲۰۱۸ لە باشووری کوردستان لە نەخۆشخانە لەشاری سلێمانی گیانی لەدەستدا .
بەپێی زۆرێک لە سەرچاوەی ڕاگەیاندنەکان کە بڵاوکراوەتەوە کە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە تاوانەکە ئەنجامدراوە کە ژن و منداڵەکانی سووتاندووە.

دواتر لەلایەن چەندین کەسی کۆنەخواز و کۆنەپەرست دێن بەناوی داکۆکی کردن لە تاوانبار پێشنیاری کۆنەپەرستانە وپڕ لە ڕق وکینە بۆ خەڵکی باشووری کوردستان دەخەنە ڕوو لەوانە پارێزەرێک دەڵێت:”من وەکو پارێزەرێک گەر ئێستا دادوەربوام ئەوا بەبێ گەرانەوە بۆ دەقە یاساییەکان بڕیاری لەسێدارە دانم دەرئەکرد بۆ تاوانبار تەنها بەپشت بەستن بە ئاماژەی یەزدان لە ئایەتێک دا کە دەفەرموێ (وَمَن يَقْتُلْ مُؤْمِنًا مُّتَعَمِّدًا فَجَزَاؤُهُ جَهَنَّمُ خَالِدًا فِيهَا وَغَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَلَعَنَهُ وَأَعَدَّ لَهُ عَذَابًا عَظِيمًا) خوای گەورە راستی فەرموو”
بە پێی دەقی قورئان ئەگەر کەسێک، هەستێت بە کوشتنی کەسێک، ئەوا دەبێت بکوژرێتەوە،

ئەم جەللادە چوار کەسی کوشتووە! ژنێک و سێ مناڵی خۆی! ئەگەر چوار جار بکوژرێت و زیندو بێتەوە، دەبێت هەر بکوژرێتەوە هەروەها دەڵێن
ئەو ئافرەتە سۆزانیەش کە ئەم کوڕەی هانداوە بۆ کوشتنی ژن و مناڵەکانی خۆی، دەبێت لە سێدارە بدرێت، هەمان حوکمی قەتڵەکە بەسەریدا دەسەپێت.
هەروەها هەیە نووسیویەتی دەڵێ دەبێ هاوسەرەکەی وەک ژن و منداڵەکانی بسووتێندرێت لەبەردەم خەڵکدا .
هەروەها بەشێکی تر لە خەڵک لە سوشیال میدیا و فەیسبو ک و ماڵپەڕەکان بڵاوی دەکەنەوە دەڵێن پێشنیار دەکەین کە یاسای لەسێدارەدان بەسەر بکوژەکەدا جێبەجێ بکرێ .
ئەو جۆرە کەسانە پێیان وایە باشترین چارەسەر بۆ کۆتایی هێنان و کوشتن هەبوونی یاسایی دژە ئینسانی لەسێدارەدانە لەباشووری کوردستان ، بێ خەبەرن لەوەی کە بەدرێژایی چل ساڵە یاسایی لەسێدارەدان لە ئێران لەژێر سایەی سیستەمی ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ دەکرێ بەڵام کێشە و قەیران و تاوانەکان نەک کەمی نەکردووە بەڵکو زۆر زیادی کردووە و ساڵانەش لەزیادبووندایە ، لەهەموو ئەو دەوڵەتانەی کە یاسایی دژە ئینسانی لەسێدارەدان جێبەجێ دەکرێ تاوان و کێشەکان کەم نابنەوە بەڵکو هەر زیاد دەکەن .

بەڵام لەوڵاتانی پێشکەوتوو وشارەستانی کە یاسایی دژە ئینسانی لەسێدارەدان جێبەجێ ناکرێ بەڵام پەروەردەویاسا و سیستەم وشارەستانی مەدەنی یە، بە گوێرەی زۆرترین لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون ئەنجام دانی تاوان و کێشەکان بەرەوکەم بوونەوە دەچێت ، خودی زیندانەکانیش بۆ پەروەردە و بنیادنانەوەی مرۆڤەکان دروست کراون نەک تەنها بۆ سزادانی مرۆڤەکان. هەروەها بەشێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو بە هۆی کەم بوونەوەی تاوان بەندیخانە و زیندانەکانی کەم کردونەتەوە ، یان بەشێکی لەزیندانەکانی کراونەتە شوێنی نیشتەجێ بوون .ئەوانیش وەک وڵاتی هۆڵندا و نەرویج و سوید و فیلەندا.

بەپێی هەموو پێوەرە زانستی و زانیاری یەکان و شی کردنەوە بە دواداچوونەکان بۆ کەم کردنەوەی تاوانەکان باشترین چارەسەر بەدواداچوونە لەسەر هۆکاری ئەنجامدانی تاوان و هەبوونی کێشە و قەیرانەکانی مرۆڤەکانی کۆمەڵگا کە زۆرنەی کێشە وقەیرانەکانیش پارێزەرانی سیستەمی چەوسێنەر بۆ مرۆڤەکانی گۆمەڵگا سازی دەکەن .
لەژێر سایەی دەسەڵاتی حیزبە ناسیۆنالیست و ئیسلامی یەکاندا کە سیستەمێکیان دامەزراندووە بەتەواوی داکۆکی لە ژن کوژ و مرۆڤ کوژەکان دەکات و کە هەرئەو جۆرە دەسەڵات و سیستەمە چەوسێنەرەیە هۆکارەبۆ هەبوونی قەیران و کێشەکانی گۆمەڵگا و درێژ پێدانی ژن و کچ کوشتن و سووتاندن و دروستکردنی جهەنەمێک بۆ ژنان و پیاوان لە کۆمەڵگادا کە ڕۆژانە تاکەکانی کۆمەڵگایی باشووری کوردستان ئازار دەچێژن بەهۆی هەبوونی کێشە و قەیرانەکانەوە. ئەوەتا لە ساڵی ۱۹۹۲ وە هەتا سەردەمی ئێستا کە (کۆتایی مانگی ۱۲ی ۲۰۱۸ ) بەچەندەها هەزار ژن و کچ کوژراون و سووتێندراون و خکێندراون و خنکاون و خۆیان خنکاندووە و سووتاندووە .ئەوا ئەم جارەش سێوە قادر و منداڵەکانی سووتێندراون . بەڵام لەباشووری کوردستان نە دەسەڵات و سیستەمێکی سیکۆلار وشارەستانی یە نە بە جۆرێکیش لەناو کۆمەڵگایی باشووری کوردستان ئەو دەنگ و تێکۆشانە بەهێزە هەبووە کەبتوانێت بەفشارەکان و ناڕەزایەتی یەکانی خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بتوانن فشار بۆ دەسەڵات و سیستەم بهێنن بۆ دەرکردن و جێبەجێ کردنی چەندین یاسایی سیکۆلار و مەدەنی کە لەبەرژەوەندی وسوودی ژنان و مرۆڤەکانی کۆمەڵگادا هەبێت بەجۆرێک سزای تاوان باران بدات بە پێی یاسایی مەدەنی شارەستانی و زیندانەکانیش شوێنێک بێت بۆ پەروەردەو کەم کردنەوەی تاوان لەکۆمەڵگادا .
لە ئێستادا باشترین هەنگاو ئەوەیە کە خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و سیکۆلاری باشووری کوردستان بێ دەنگ نەبێت لەئاست ئەنجامدانی ئەم تاوانەی سووتاندنی سێوە و منداڵەکانی لە هەمانکاتدا فشاری ناڕەزایەتی دەست بەگەڕبخرێت بۆ بەسزا گەیاندنی تاوانبارانیان . دەرکردنی چەندین یاسایی سیکۆلار و شارەستانی کە خزمەت بە ماف و ئازادی یەکانی ژنان و کچان بکات . چارەسەر کردن و کەم کردنەوەی ئەنجامدانی تاوان تەنها هەبوونی یاسا و سیستەمێکی سیکۆلار و ئازاد و شارەستانی مسۆگەردەبێ ، کە خەڵکی باشووری کوردستان یاسا و فەرەهەنگی شارەستانی مرۆڤایەتی وئازادیخوازی ویەکسانیخوازی ئاوێتە بە بوونی ژیانی ڕۆژانەیان بکەن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.