فەرەنسا بزوتنەوەی کرێکاری  و جەماوەری لە بەرگرییەوە بۆ هێرشکردن

0

فەرەنسا

بزوتنەوەی کرێکاری  و جەماوەری لە بەرگرییەوە بۆ هێرشکردن

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

بەدوای بڕیاری زیادکردنی باج لەسەر نرخی سوتەمەنی وەکو گاز و بەنزین، هەژانێکی گەورە فەرەنسا و بەتایبەتی پاریسی، گرتەوە. هەژانێک کە لەناوخۆیدا هەڵگری چەندین ژانی گەورەی کۆمەڵایەتی بوو. قڵشتی چینایەتی، نیوان کرێکاران و بەرهەمهێنەرانی کۆمەڵگە، لەگەڵ کەمایەتیەکی زۆر کەمی سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیاکان و حکومەتدا، سەرچاوەی سەرەکی ئەو هەژانە بوو.

بەرهەم هێنەرانی کۆمەڵگە، خاوەنانی ئەسڵی فەرەنسا، وەکو بەشێک لە چینی کرێکاری جیهان و ئەوروپا، کە خاوەنی مێژوویەکی درەوشاوەن لەپیناو دنیایەکی باشتردا و خاوەنی شۆڕشی دنیا هەژێنی ساڵی ١٧٨٩ و شۆرشی ساڵی ١٩٤٨، راسانی خوێنداکارانی ساڵی ١٩٦٨ و هاوکات خاوەنی کۆمۆنەو کۆمۆنارەکانن، لە ریزی پێشەوەی چینی کرێکاردا، جێگایان گرتووە.

لەم چەند دەهەی دوایدا، چینی کرێکار بە گشتی و چینی کرێکاری ئەوروپا بە تایبەتی، کەوتونەتە بەردەم هێرشێکی هیستریک و سیستماتیکی بۆرژوازییەوە. دەسکەوتەکانی شۆرش و ڕاسانەکان، ئەو دەستکەوتانەی بەهۆی شۆرشی ئۆکتۆبەرو کاریگەرییەکانی ئەو شۆرشەوە، دەستەبەر ببوون، وە هەموو ئەو دەستکەوتانەی تر کە بەرهەمی خەباتی کرێکاری و بێبەشانی کۆمەڵگە بووە. رۆژ بەرۆژ دەسەندرانەوە. لەوانەش واوەتر لەگەڵ ئەوەدا کە ڕۆژ بەڕۆژ چاوەڕوانییەکانی ئینسان بەرەو سەر دەچیت و پێداویستیەکانی ژیان بەرەو هەڵکشان دەچن، کەچی هێرش بۆسەندنەوەی دەستکەوتەکان، لە کەمکردنەوەی کرێ وە، لە زۆربوونی بێکارییەوە، تا بردنە سەرەوەی ساڵانی خانەنشینی، زۆرترکردنی خێرای کار، نەبوونی خانو ماڵی گونجاو تا دەگات بەپەرەدان بە هەڵاواردن و کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و  پەروەردەیی و…تاد. ئەو هێرشانە بوون، کە لەلایەکەوە دۆخی ژیان و گوزەرانی چینی کریکاری رۆژ بەرۆژ بەرەو خراپی بردووە و لەولاشەوە بۆتە مایەی کەڵەکەی سەرمایە بۆ سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان. ئەم هەلومەرجە بە ئاراستەی ژیان سەندنەوە لە چینی کرێکار دەچووە پێشەوە، تا ئەو ڕادەیەی شەپۆلی سەرمایەداری دژی کرێکار وای کرد، کە پاشەکشەیەکی گەورە بەچینی کرێکار بکرێت و بخرێتە دۆخی بەرگرییەوە. ئەم هێرشە بەردەوامەی بۆرژوازی چینی کرێکاری رووبەڕووی هەژاری زۆرتر کرد و ئۆردوی بێکارانییشی فراوانتر دەکردەوە، کە بەناچار کرێکارانی راپیچی وەستانەوە دەکرد.

خرۆشان و هاتنە مەیدانی کرێکاران فەرەنسا” هێلەگ زەردەکان” لەبەرامبەر بە زیادکردنی باج لەسەر سوتەمەنی، گازو بەنزین بووە دەروازیەک بۆ “نا” وتن، و وەستانەوە بەرووی هیرشی بەردەوامی بۆرژوازی فەرەنسا و نیولیبرالیزمدا، وە بووە سەرەتایەک به هەڵرشتنی غەزەبێکی شاراوە لە دەسەڵاتی تاڵانچی بۆرژوازی و دەوڵەتە چاوچنۆکە تێر نەبووەکەی سەرمایە.

ڕاسان و هاتنە مەیدانی کرێکارانی فەرەنسا” هێلەگ زەردەکان” هێندە خیرا و  کاریگەر بوو، کە توانی حکومەتی فەرەنسا ناچار بە هەڵپەساردنی بریاری زیادکردنی باج لەسەر سوتەمەنی بکات، بەڵام ریشەی نارەزایەتی و هاتنە مەیدانی چینی کرێکارو ئەو هاوپشتیە جیهانییەی لێی کراو پیشبینی بەرینبوونەوەی لێ دەکرێت، واوەتر لەوە بوو کە تەنها پەیوەندی بە زیادکردنی باج لەسەر سوتەمەنیەوە هەبێت. بۆیە وێرای بەڵینی دەوڵەتی فەرەنسا کرێکاران لە مەیدان مانەوە و لە ئێستادا لە حاڵەتی بەرگرییەوە کەوتوونەتە دۆخی هێرش بردن و ئاستی داخوازییەکانیان بەرەو سەر بردووەو لیستێک لەو خواستانەشیان ئاراستەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کردووە، کە هەڵگری ویستەکانی چینی کرێکاریی فەرەنسایە. هاوکات هەڵگری ئەو پەیامە گشتگیر و سەراسەریەشە، کە چینی کرێکارو بێبەشانی کۆمەڵگەی بەدوایدا وێڵن، ئەوەی دەوڵەتی فەرەنسا دەیان ساڵە لە دژی چینی کریکار دەیکات، هەڵوەشاندنەوەیان بۆتە ویستی ناڕەزایەتیەکانی ئێستا.

دەوڵەتی فەرەنسا، سەرباری هەڕەشەو چاوسورکردنەوە، بەڵین دان، هاوکات هێزیکی یەکجار زۆری دەیان هەزار نەفەری لە پۆلیس و هێزی بەکریگیراوی دیموکراسی!! تەنانەت تانکی سەربازی بەردایە گیانی نارازییان کە تا ئێستا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە بەسەدان کەس بریندار و بەسەدان کەسیش دەستگیر کراون، دەوڵەت و حکومەتی سەرمایەداران دەیانەوێت بەزۆری هێز پاشەکشە بەچینی کرێکاری هاتووە مەیدان و پڕ ویستی رەوایان، بکەن. بەردەوامی نارەزایەتیەکان و ئەو پشتیوانییە بەرینەی لە فەرەنسا لە هیلەگ زەردەکان دەکرێت، بەرواری ١٠ ی ئەم مانگە ماکرۆنی ناچار کرد دان بنێت بەرەوایەتی خواستی هیلەگ زەردەکان و دانی بەڵێنی لابردنی باج لەسەر موچەی کەمی خانەنشینان و زیادکردنی لانی کەمی کرێ بۆ کرێکاران و دەستبردن بۆ چاکسازی… بدات.

سوربوونی چینی کرێکاریی فەرەنسا لەسەر داخوازیەکانیان و ئامادەیی یەکگرتوانەیان بۆ وەڵامدانەوە بە نەخشەو پیلانە هەمەرەنگ و پاشەکشەکردن بە زۆری هێزی سەرکوتگەری دەوڵەتی فەرەنسا، پشتیوانی بەشەکانی تری کرێکاران و پەیوەست بوونی کرێکارانی سەندیکاکان بەو نارەزایەتیە و هاوپشتی چینی کرێکار لە وڵاتانی تری ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا و رۆڵی حزب و رێکخراوەی چەپ و کۆمۆنیستی، دەخوازیت.

چینی کرێکار لە تەواوی ئەوروپا و دنیا، چاوی ئومێدیان بڕیوەتە بزوتنەوەی کرێکاریی ئێستای فەرەنسا، هاتنە مەیدانی چینی کریکار” هێلەگ زەردەکان” لە بەلجیکا و هۆڵەندا و ئەڵمانیا… سەرەتایەکی ئومید بەخشە بۆ بێداربوونەوەی سیاسی چینی کریکار و بۆ وەستانەوە بەو هێرشانەی چەندین دەهەیە، دەکرێتە سەریان و دەستکەوتەکانیان دەچنێتەوە.

کات، کاتی کۆتاییهینان بە دۆخی بەرگری و زەمەنی دەستپێکردنی ناچاری هێرشی چینی کرێکارە، بۆسەر بۆرژوازی دەوڵەتەکانیان و سیاسەتی نیولیبرالیزم، کە رۆژ بەرۆژی سک هەڵگوشین و توندکردنەی قایشەکانی چینی کرێکار و بەرهەم هێنەرانی کۆمەڵگەی بەدوای خۆیدا دە‌هێناو قایش و پشتێن شلکردنەوەی و سەرمایەدارەکان و حکومەت پارێزەریانی برەو پێدەدا. ئەمرۆ ماکرۆن وەکو پارێزەری دەوڵەمەندەکان و حکومەتەکەیان، لەبەرامبەر بە دروشمی” لەتێک نانمان ناوێت، هەموو نانەکەمان دەوێت” پاشەکشەی کردووە بۆتە مەنفورترین کەسایەتی سیاسی و پاریزەری بۆرژوازی فەرەنساو خواستی وازهێنانی بۆتە یەکێک لە دروشم و ویستەکانی، بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەری بێبەشی فەرەنسا.

تورەیی و غەزەبی چینی کرێکار لە فەرەنساو ئەوروپا، بەدژی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری و ئەو نابەرابەرییەی قوڵەی، لەچەند دەهەی رابردوودا تا هاتووە، بەرینتر بۆتەوە، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش خامۆش بێتەوە، بەڵام رەوتی روولەپێش و هەڵکشان و بەرین بوونەوە و رێکخراوبوونی، بەری پێناگیرێت و بۆتە ناچارییەکی زەمانە. ئەوەی لەمانگی رابردوو لە فەرنسا روویدا، تەواوی خانەوادەی بۆرژوازی لە تەواوی ئەوروپا و دنیادا تەکاندا، و نیشانیدا رێگەی ئاڵوگۆر و باشترکردنی ژیان، لە رێگای هەڵبژاردنەکان و جێگۆرکێی حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی، بەشوینیک ناگات. بەرهەمی تا ئێستای ئەو راسان و خرۆشانەی چینی کرێکار و برسییەکان “هیلەگ زەردەکان”ی فەرەنسا، بە ئەندازەی چەند دەهە توانی دەسکەوت مسۆگەر بکات لەوانەش توانی یەکەم: بزوتنەوەی چینی کرێکار لە بەرگرییەوە بگوازیتەوە بۆ هێرشکردن و پاشەکشە پێکردن بە هیرشی بەردەوامی بۆرژوازی و دەوڵەتەکانیان، دووەم: ئاستی هاوپشتی و هاوچارەنووسی چینی کریکاریشی چەند هەنگاو بردە پێشەوە. سێهەم: تاڕادەیەکی زۆر بزوتنەوەی سەندیکای تێپەڕاند، ئەو سەندیکایانەی دەمێکە نەک نەیانتوانییوە دەستکەوتێکی بەرچاو بۆ چینی کریکار مەیسەر بکەن، بەلکو وەکو زمان حاڵی بۆرژوازی خۆیان نیشانداوەو رۆڵی سازشکارییان، بۆتە کۆسپێک لەبەردەم بەدیهێنانی خواستی کرێکاراندا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.