لە یادی حەفتا ساڵەی بڵاوبونەوەی بڕیارنامەی مافەکانی مرۆڤ مرۆڤ لەوپەڕی بێمافیدایە..!

0

لە یادی حەفتا ساڵەی بڵاوبونەوەی بڕیارنامەی مافەکانی مرۆڤ

مرۆڤ لەوپەڕی بێمافیدایە..!

نووسینی: موزەفەر عەبدوڵا

ڕێکەوتی ١٢ی مانگ حەفتا ساڵ تێپەڕی کرد بەسەر بڵاوبونەوەی بڕیارنامەی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا. ئەو بریارنامەیە لە ساڵی ١٩٤٨ لە ژێر چاودێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و بە واژۆی زیاتر لە هەشتا دەوڵەت  لە ئەمریکاو ئەروپاو زۆرێک لە وڵاتانی ئاسیا پەسەندکرا. هاوکات دامەزراوەیەکیشیان لەناو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بەناوی لێژنەی مافەکانی مرۆڤەوە پێکهێنا بۆ چاودێری وپیادەکردنی بڕگەکانی ئەم بریارنامەیە لەسەر ئاستی وڵاتەکانی جیهان. ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئاستی جیهانی و وڵاتەکان هەزاران ڕێکخراوو دامودەزگای تری چ دەوڵەت و ڕژێمەکان و چ لەلایەن هەڵسوڕاوان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤەوە پێکهاتوە.

هەڵبەت بەجیا لەهەر سەرنج و ڕەخنەیەک کە لەهەر ڕوانگەیەکەوە هەبێت بۆ ناوەڕۆکی ئەم بڕیارنامەیەو بڕگەکانی، وهەروەها بۆ ئامانجی سیاسی دەسپێشکەران و بانگێشکارانی و، ئەو هەلومەرجە گشتییەی کە بڕیارنامەکەی تیا بەدەستهات و بڵاوکرایەوە، بەڵام ئەگەر چاوێک بخشێنین بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ، وەک جەختمان لێکردەوە ئەگەر هەر لە ڕوانگەی ناوەرۆک و ئامانجی ئەو بریارنامەیەشەوە بێت، ئەوە دەبینین کە  مرۆڤ و مرۆڤایەتی دوای حەفتا ساڵ لەوپەڕی بێمافیدا دەژین.

ئەم بێمافی یە ڕەهایە بە تایبەتی دوای ئاڵوگۆڕە سیاسییە گەورە جیهانییەکانی کۆتایی نەوەتەکان و، تیژ کردنەوەی بانگەشەی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە، بە تایبەتی ئەمریکا، ڕاستی یەکی ڕون و ئاشکرایە.

چاوپیاخشانێکی خێرا بەسەر دۆخ و باری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەمو کۆمەڵگەکان و تاک تاکی مرۆڤەکان لەهەموو وڵاتانی دونیا، لەوانەش گوایە مافی مرۆڤ لەوپەڕی پارێزراویدایە، بەڵام ڕاستییە بابەتی یەکان هەموو بانگەشەکانی بەرگریکارانی پشتی ئەم بڕیارنامەیە بەدرۆ دەخاتەوە. لەسەرو هەموویانەوە خودی ئەمریکا کە لەسەرەتای نەوەتەکان و کۆتایی ئەو جەمسەربەندی یە سیاسییەی کە ئەم بڕیارنامەیەی تیا پەسەند کراو بڵاوکرایەوە.

بۆ نمونە جەنگە ناوچەیییەکان لەناو جەرگەی ئەوروپاوە تا ئاسیای ڕۆژهەڵات و ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە جەنگی کەنداو بەرجەستە بوەوە کە ئەمریکا ڕابەری دەکرد لەژێر دروشمی بەرگری لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ، بەڵام خۆی لە خۆیدا پێشێکلکردنی ئەوپەڕی مافەکانی مرۆڤ بوو. هەر بە پێی ڕاپۆرت و بەڵگەنامەکانی خودی لێژنەی چاودێری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان و هەموو ڕێکخراوە جیهانییەکانی تر ئەو جەنگانەی دژی ناوەڕۆکی بڕیارنامەکەن.

لە ڕویەکی ترەوە بڕیار بوو ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان و لێژنەکانی مافی مرۆڤ و، هەموو ئەوانەی لە دەوری ئەم بڕیارنامەیە کۆبونەتەوە، بەهەموو شێوازێک کار بکەن بۆ دەستەبەرکردنی کرۆکی بریارنامەکەوە پێش هەر شتێک ڕیگا بگرن لە جەنگیکی تری جیهانی و هەمو جەنگەکانی تر، بەڵام ئەنجامدانی جەنگی کەنداوی ساڵی ١٩٩١ و، ئابڵوقەی ئابوری هەشت ساڵە لەسەر عیراق، وپاشان جەنگی سۆماڵ و ئەفغانستان، و جەنگ لە دژی عیراق ساڵی ٢٠٠٣ ، هەتا دەگاتە جەنگ لە لیبیاو یەمەن و سوریا ..هتد کە تیایاندا نەک مافەکانی مرۆڤ پێشێل کراوە، بەڵکو بەملیۆنان مرۆڤ تیادا بوونەتە قوربانی. هەموو ئەمانە بەڵگەی ئەوەن کە بانگەشە بۆ مافی مرۆڤ زیاتر بەهانەیەکە بۆ ئامانجە ئابوری و سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە دوای جەنگی جیهانی دوەمەوە.

بێگومان ئاکامی ئەم جەنگانەش دەیان دیاردەی کارەساتباری تری لێکەوتۆتەوە وەک  پەنابەری و ئاوارەیی و بێخانەو لانەیی وبێکاری و هەژاری ونەخۆشی کوشندەو دوبارە بڵاوبونەوەی نەخوێندەواری و دەیان دیاردەی تر ئەمانەش هەمووی بەڵگەی زیندو بابەتین بۆ پێشیلکاری مافەکانی مرۆڤ.

خۆ ئەگەر لەسەر کاربوونی دەوڵەتە بۆرژوازی یە بەناو چەپ و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان و، بە کردەوە نەبوونی ئازادی سیاسی و بەیان، بەهانەیەک بوون بۆ تیژکردنەوەی بانگەشەو بەرگری لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ!! بە دەست ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیانەوە بۆ بەڕێخستنی جەنگە ناوخۆیی و ناوچەیییەکانی وەک ئاماژەمان پێدا، ئەوە پشتگیری ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بۆ دەسەڵات و ڕەوت و جوڵانەوە قەومی – خێڵەکی  وئایینی – تایەفییەکان، بە تایبەتی  دەسەڵات و جوڵانەوە ئیسلامییەکانی وەک دەسەڵاتی پاشایەتی سعودیەو تالیبان و قاعدەو هەتا دەگات ئێستای ڕەوتە ئیسلامییە ئینسانکوژەکانی ناو سوریا هەموویان بەڵگەن بۆ ئەوەی دوای حەفتا ساڵ لە دەرچونی ئەم بریارنامەیە مافی مرۆڤ هێشتا لەوپەری پێشێلکاری دایە بەسەرکردەیی بانگەشەکاران و بەرگریکارانی ئەو بڕیارنامەیە.

خۆ ئەگەر چاوێکیش بخشێنین بەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لەناوی ئەو وڵاتانەی ئەمریکاو ئەوروپا تا دەگات ئوسترالیا ئەوە ڕاستە هەندێک مافی و مەدەنی و فەردی و سیاسی و ڕۆژنامەگەری و بەیان  دەستەبەر بووە بەهەوڵ و خەباتی لەمێژینەی جەماوەری ئازادیخوازو یەکسانیخواز، بەڵام کاتێک گەشە و هێرشی بەردەوامی دەوڵەتەکان و ڕەوتە ڕەگەزپەرستەکان بۆ سەر کۆمەڵگەو مرۆڤەکان و، جیاکاری بەردەوام تا دەگاتە گەشەی قوڵبونەوەی قەیرانەکانی و بێکاری و هەژاری و بێخانەو لانەیی و گرانی سەرسورهێنەرو دەیان دیاردەی تر دەبینین کە هەمیشە مەترسی ودڵەڕاوکەی بۆ مرۆڤەکان پێکهێناوە کە هاوتای هەمان بێمافی سیاسییە لەو وڵاتانەدا، هەموو ئەمانەش ڕادەی بریقەداری دروشمەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت لاوازی ناوەڕۆکی بریارنامەکەش دەردەکەویت.

جا ئەگەر لەم یادەدا  لەم ڕوانگە بابەتی و چینایەتییەوە لەم بڕیارنامەیەو دەوڵەتە بانگەشەکارو بەرگریکارەکانی بڕوانین  ئەوە ڕون و ئاشکرایە کە پیشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەهەموو ئاستە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکاندا لەوپەڕیدایە، ئەمەش نەک هەر لەلایەن دەوڵەت و ڕژێمە نەیارەکانی ئەمریکاو ڕۆژئاوا، بەڵکو لەلایەن خۆیان و ئەو دەوڵەتانەشەوە کە ٧٠ ساڵ بەر لەئیستا واژۆی جارنامەی مافەکانی مرۆڤیان کردووە.

بۆیە بۆ ئەوەی مافەکانی مرۆڤ بەهیچ شێوازێک پێشێل نەکرێت  و هەموو مافەکان لە ڕووی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە دەستەبەر بکرێت، ئەوە مەرجی سەرەکی لە ڕێکخستن و یەکگرتووکردن و ئاسۆدارکردنی هەموو ئەو خەبات و ناڕەزایەتیانەدایە کە دژی هەموو پێشلێکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم سیستەمە ئابوری و سیاسییەی سەرمایە کە هۆکارو سەرچاوەی هەموو بێمافی و چەوسانەوەیەکە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.