بۆپێشەوە ساڵیادی هاوڕێ گوڵزار ناسراو بە( گوڵە)، ڕابەری کرێکاری کارگەی ئەلبیسەی سلێمانی و هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان دەکاتەوە… لەم‌ یادەدا‌ ژیاننامەی ‌هاوڕێ ‌گوڵزار‌ و‌ دیمانەیەکمان ‌لەگەڵ‌ هیوا‌جەمیل‌و ‌شەوبۆ‌غەریب ‌سازداوە،‌ کە‌لەخوارەوە‌ دەیخوێننەوە.

0

بۆپێشەوە ساڵیادی هاوڕێ گوڵزار ناسراو بە( گوڵە)، ڕابەری کرێکاری کارگەی ئەلبیسەی سلێمانی و هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان دەکاتەوە… لەم‌ یادەدا‌ ژیاننامەی ‌هاوڕێ ‌گوڵزار‌ و‌ دیمانەیەکمان ‌لەگەڵ‌ هیوا‌جەمیل‌و ‌شەوبۆ‌غەریب ‌سازداوە،‌ کە‌لەخوارەوە‌ دەیخوێننەوە.. ئامادەکردنی/ ئاراس ڕەشید

بۆپێشەوە: ساڵێك تێدەپەرێت بەسەر گیان لەدەستدانی هاوڕێ” گوڵزار حەمە رەفیق ” تۆ وەك هاوژین و هاوڕێی نزیکی سیاسی، ڕۆڵی ئەو لەبارەی سیاسی و کۆمەڵایەتی چۆن هەسەت پێدەکەی؟ نەخش و جێ دەستی ئەو چۆن دەبینی؟.

هیوا جەمیل: سەرەتا پێش ئەوەی جوابی ئەو پرسیارەی ئێوە بدەمەوە دەمەوێ ئەوە بڵێم کە بەهیوام بتوانم بەشێکی زۆر کەمیش بێ دەربارەی ئەو هەموو کارو چالاکی سیاسی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە کە ئەم ژنە لە ماوەی ژیان کردنیدا لە هەڵسوڕان و بردنە پێشەوە و دەستگیرۆیی و رێنوێنیکردنی هاورێ و دۆست و ئازیزانیدا لەم فرسەتە کەمەدا بۆ خوێنەرانی بۆ پێشەوە بخەمە روو. هاورێ گوڵزار هەر لە تەمەنی لاوێتیدا واتە پاش تەواو کردنی سێی ناوەندی لەبەر هەلومەرجی ئابووری خانەوادەکەی بەناچار وازی لە خوێندن هێناوە و دەستی بەکارکردن کردووە لە کارگەی ئەلبیسەی سلێمانی. هەر لەبەرئەوەی کەسێکی زۆر ووریا و جدی بووە  پاش ماوەیەکی کورت لە بەشی کواڵتی کۆنتڕۆل کاری کردووە. گوڵزار کەسێکی روو خۆش و کۆمەککەر و خۆنەویست بوو،  لە ماوەیەکی زۆر کورتی کارکردنی لە ئەلبیسە لە نێو کرێکاران و کارمەندانی کارگەدا، بوو بە سیمایەکی خۆشەویست کە تەواوی هاوکاران و هاورێیانی دەبنە نزیکترین کەسانێك کە متمانەی خۆیانی پێ دەدەن. گوڵزاریش باوەشی خۆشەویستی خۆی بەبێ هیچ دوودڵییەک بۆ بەشداریکردن و چارەسەرکردنی كێشەکانیان و رێنوێنی کردنیان  ئاوەڵەکردبوو، لە هەر داواکارییەکی کرێکاران و کارمەندانی کارگەدا گوڵزار بێ هیچ ترس و خۆفێك لە پێشی پێشەوە کرێکاران و کارمەندان بووەو رووبەرووی بەرێوبەر و دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی کارگەی ئەلبیسە بۆتەوە .

دیارە کارو هەلسورانی سیاسی گولزار لە دوای راپەرینی ١٩٩١ دا بەرجەستە دەبێتەوە، گوڵزار لە نێو بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و شورا، و بڕوابوون بە رێکخراوبوونی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە حزبی خۆیاندا دەوری بەرچاوی هەبووە، ئەو یەکێک بووە لە بنیات نەرانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عراق و شورای ئەلبیسەی سلێمانی و رێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان.

گولزاری ئینسان دۆست، خۆنەویست، بەخشندە، پراو پر لە جوانی و رووخۆش لەگەڵ هەموو ئەو ئینسانانەی کە لە شوێنی کار و ژیان و لە کارو هەلسوڕاندا لەگەڵ ئەم ئینسانەدا بووبن هەستیان بە ماندوونەناسی وشێلگیری ئەم کردووە، شەو رۆژی خستبووە سەریەك، لە هیچ شوێنێکدا نەیزانیوە دانیشتن مانای چییە، بەردەوام خەریکی هەڵسوڕان و کاروباری حزب و رێکخراو و ئیشی ناو ماڵ و ئیشی دەرەوە،  بەردەوام کۆڵەکەیەکی قایم و پتەو بووە بۆ خێزان و خزم و هاوکاران و هاوسێ و هاورێیانی. هەر کەسێ کە هاتووچۆی گوڵزاری کردبێ لە ماڵەکەیدا بووبێ هەرگیز هەستی بەوە نەکردووە کە ئەوە ماڵی خۆی نییە.خۆشەویستی ئەو بۆ مناڵان بێ وێنە بوو، ئەو هەموو مناڵانی وەک کوڕە تاقانەکەی خۆی خۆشدەویست. ئەمە جگە لەوەی کە بە هەموو ئازارو نەخۆشیەکەوە کە هەیبوو، پێـم وانییە بۆ جارێکیش ئەو ئازار و نەخۆشییەی ئەو رێگر بووبێ و لە کارو هەڵسوڕانی وپیشاندانی خۆشەویستی وکۆمەکی بۆچواردەورەکەی. ئەو بە کردەوەکانی پیشانی داین کە ئینسان دۆستی کۆمۆنیستی چییە.

ئەم رەوشتانەی گوڵزار بەردەوام هاندەر و رێخۆشکەر بوون کە من بتوانم بە پشتیوانی ئەو کارو هەڵسوڕانی حزبیم زۆر شلێگیرانەتر و بە شێوەیەکی باشتر بەرێوەبەرم. هیچ کاتێ من هەستم نەکردووە کە بە هۆی زۆری کاری حزبیم بەتایبەت لە کوردستان گوڵزار بۆ جارێکیش نارەحەت بووبێ. هەموو کاتێ خەمی من و هاورێکانمانی بووە و بۆیە بەردەوام هەستم کردووە ئەو پارچەیەکە لە خۆم و لە بزوتنەوەکەم.

بەرزو بەرێزبێت ساڵیادی گوڵزار و گوڵزارەکان…

بۆپێشەوە:ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر گیان لەدەستدانی هاوڕێ گوڵزار حەمە ڕەفیق؛ وەک کەسایەتیەکی خۆشەویست لە ناو هاوڕێ و دەوروبەری خۆی، شوێن و مەکانەتی کۆمەڵایەتی هاوڕێ گوڵزار چەندە دیار بوو؟

شەوبۆ غەریب: هەرلەگەڵ یادکردنەوەی هاوڕێ گوڵزاردا؛ خۆشەویستی، وەفا، دڵسۆزی، یارمەتی، سۆز…تاد، هەرچ شتێ جوانە بیرمان دەکەوێتەوە! گوڵزار ئینساندۆست بوو، خۆنەویست بوو، هەموو خۆشیەکی لەگەڵ بەش ئەکردین. لەهەمو ناخۆشیەکانماندا پشت وپەنامان بوو. گوڵزار خۆشەویستی هەموان بوو، هەتا بڵێی کەسایەتیەکی مەحبوب و دڵپاک بوو. بۆیە دەڵێم هەرچەند وەسفتکەم هێشتا هەر کەمە! جێگات زۆر دیارە ئازیزەکەم، هەردەم یادگاریەکانت جێگای خۆشحاڵیمە. دووریشت هەستێکی زۆر بە ئازارە. هەموو ڕۆژ و هەموو دەم بیرت ئەکەم هاوڕێ گیان.

 

ژیاننامەی گولزار

گوڵزار حەمە ڕەفیق عارف، لە ڕۆژی ١٧/١١/ ١٩٦١ لە گوندی دێلێژەی قەرەداغ لە دایک بووە. سەرەتای منداڵی لەو گوندە دڵگیرە بەسەردەبات و پاشان ژیانی لە گەڵ خێزانەکەیدا دەگوێزێتەوە شاری سلێمانی. لە ساڵی ١٩٧٢ دا دەستدەکات بە خوێندنی سەرەتایی, پاشان خوێندنی ناوەندی دەستپێدەکات. لەبەر ژیانی کولەمەرگی و نەهامەتی خێزانەکەی، ناچار دەبێت لە دوای تەواکردنی پۆلی سێی ناوەندی دەست لە خوێندن هەڵدەگرێ و شان دەداتە بەر کارکردن و کرێکاری.

هاوڕێ گوڵزار وەک بەرپرسێکی چاودێریکردن و بەخێوکردنی خێزانێک شاندەداتە بەر کارکردن لە کارگەی جلوبەرگی سلێمانی  (ئەلبیسە)، لە هەلومەرجێکدا کە هەر لەسەرەتای منداڵیەوە بێبەش بووە لە نازی باوکایەتی، و باوکی زوو بەکارەساتی نەخۆشی گیانی لەدەستداوە. تەنها برا گەورەکەی کاک مەجید دەمێنێت بۆ بەخێوکردنی خێزانەکەیان، بەڵام بەهۆی هەلومەرجی نالەبار و شەڕی ئێران و عێراقەوە، کاک مەجید ناتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی کار وژیان بەڕێوەبەرێت،  بە ژیانی پڕ مەترسی فیراری لە شاری سلێمانیدا، ئەو ئەرکە قورسە بۆ گوڵزار بەجێ دەهێڵێت.

هاوڕێ گوڵزار، لەبەرامبەر ئیدارەی ئەلبیسەی سەردەمی بەعس، بۆ بەرزکردنەوەی داواکاری کرێکاران لە ساڵی ١٩٨٢ لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتی دەبێت. بەبێ ئەوەی ئەندامی گروپ و ڕێکخراوی کرێکاری سەردەمانی بەعس بێت، بەڵام هەمیشە لە پەیوەندی ناڕاستەوخۆ بووە لەگەڵیان.

هاوڕێ گوڵزار لەپاش ڕاپەڕینی ئازاری  ١٩٩١ ی کوردستان، دەبێتە هەڵسوراوێکی چالاک و ماندوونەناسی دەستە و کۆمیتەکانی دوای راپەڕین و پاشان لەگەڵ هاوڕێکانی کۆبونەوەی گشتی کرێکارانی ئەلبیسە و شورای ئەلبیسە دەکات و سەرەتای کارکردنی لەم شورایەدا زۆر بەشۆڕوشەوقەوە دەبێت. لە ڕۆژەکانی یەکەمەوە دەستەو گروپی پارێزگاریکردن لە کارگە دروستدەکات و پاشان هەڵدەبژێردرێت بۆ نوینەرایەتی شورای کارگەی ئەلبیسە. هەر لەدرێژکراوەی کاری ڕێکخراوەییدا لەگەڵ هاوڕێیانی ناوکارگە تواتی دەستەی کرێکاری دروستدەکەن. لەگەڵ ئەم هاوڕێیانە(سامان کەریم و هاوڕێ فاروقی ئەلبیسە، ئەمیرە ،سروە ،دیمەن،تانیا، هەروەها هاوڕێ و خوشکی چیمەن و چەندین هاوڕێی کرێکاریتری)، و چەندین بەیاننامە و ڕاگەیاندنی داخوازی و هەفتەنامەی کرێکارانی ئەلبیسە دەردەکەن و بڵاودەکەنەوە بەناو کرێکارانی کارگە و شاری سلێمانیدا.

 هاوڕی گوڵزار، شانبەشانی هەڵسوڕانی کرێکاری لەناو کارگەکەی خۆیدا، کاتێک ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان لە سلێمانی دروست دەبێت، ئەو یەکێك دەبێت لە بنیات نەرانی و هەڵسوڕاوی ئەو ڕێکخراوە و بێ سڵەمینەوە لە بەرامبەر نایەکسانی جێگەوڕیگەی ژنانی کوردستان دەکەویتە چالاکی و هەڵسوڕاوی لێبڕاوانە بۆ ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان لە کوردستان.

پاشان لە دوای ڕاپەڕین و ئاوارەیی ملیۆنی خەڵکی کوردستان، هاوڕێ گولزار، پاش ئەوەی دەگەڕێتەوە لە ئاوارەیی و گەڕانەوەی بۆ ناو کارگە، دیسانەوە بۆ زیندووڕاگرتنی خەبات و ناڕەزایەتی کرێکارانی ئەلبیسە لەگەڵ هاوڕێکانی دەست دەدەنەوە ڕێکخستنی کرێکاران و دەرکردنی هەفتەنامەی(شورای ئەلبیسە). بەشدار دەبێت لە کاروچالاکی بۆ ڕێکخراوی بێکاران و ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و هەر بە شۆڕوشەوقی کاتەکانی ئازاری ١٩٩١ دەست دەکاتەوە بە هەڵسوڕانی چالاکانە و ماندوونەناسانە درێژە بەخەباتی کۆمۆنیستی دەدات. لە شاری سلێمانی لەگەڵ ئەو کۆمەڵە هەڵسوڕاو کۆمۆنیستانە، یەکێک دەبێت لەئیمزاکەرانی دروستکردنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و پاشانیش دەبێتە ئەندامێکی هەڵسوڕاوی ئەو حیزبە.

هاوڕێ گوڵزار، لە سەرەتای هەڵسوران و کاری حیزبیدا بێماندووبوون لە سەرجەم مەراسیم و ئاکسیۆن و خۆپیشاندانەکانی ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و ڕۆژی ژنان و یەکی ئایار و یادی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و سەرجەم کۆبوونەەکانی کرێکاران لە کارگەی ئەلبیسە، بەشداری بەرچاوی دەبێت و دەبێتە هەڵسوڕاوی خۆشەویست و بەرچاوی ناو کرێکارانی کارگە.

لە  ( ١٢/٨ /١٩٩٣ ) دا لەگەڵ هاوڕێ هیوا جەمیل، ژیانی هاوسەری پێک دەهێنن، و پاش دوو ساڵ، یەکەمین و تەنها کوڕیان دەبێت کە تۆلازە. وە لەگەڵ دەستپیکردنی ژیانی خێزانی لەگەڵ هاوڕێ هیوادا ژیان و هەڵسوڕانی کۆمۆنیستی و کرێکاری هاوڕێ گوڵزاریش دووبارە شێلگیرانەتر دەبێت. دەبێتە هاوبەش و یارمەتیدەری هاوڕێ هیوا لە کاری حیزبی. ماڵی گوڵزار، هەمیشە ماڵی بەشێک بووە لە کۆبونەوەکانی رابەران و هەڵسوراوانی حیزبی و کرێکاری و ئەو کەسانەی کە پێویست بووە کۆمەک و سەرپەنایان هەبێت لە ڕۆژگارە سەختەکانی ساڵانی ١٩٩٣ تا ٢٠٠٠ .  لە پاش هێرش و  پەلارماردانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. بە ناچاری لەگەڵ هیوا و تۆلازی کوڕیدا کوردستان جێدەهێڵن و ڕوودەکەنە تورکیا. بەسروشتی ئەو ژیانە نالەبار و پڕزەحمەتەی هاوڕێ گوڵزار، دووبارە ژیانێکی سەخت و نەبوونی و قورسی ڕۆژانە دەبێتە نسیبی هاوڕێ گوڵزار و پاش نزیك بە ٧ ساڵ لە ژیانێکی پڕ دڵەڕاوکیێ و کاری قورس و تاقەتپڕوکێن، بە کۆمەکی هاورێیانی حیزبی و هاوڕێیانی تر دەتوانن ژیانیان بگوێزنەوە کەنەدا.

لە ١٢/٣ /٢٠٠٧ هاوڕێ گولزار لەگەڵ هیوا و تۆلازدا دەگەنە شاری تۆرنتۆی کەنەدا، پاش ماوەیەکی کەم سەرباری دەستپێکردنی ژیانێکی تاڕادەیەک هێمن و دوور لە کێشە و گیروگرفتی جۆراوجۆر کە ڕۆژانە هاتۆتە سەر ڕێگای ژیان هاوڕێ گوڵزار، بەڵام ئەم شانسەشی درێژە ناکێشێت و بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بە ئینسان، دووبارە شان دەداتەوە بەر کارکردن. هەر لە بڵاوکردنەوەی فلایەر و کارکردن لە چێشتخانە و پاشان لە کۆمپانیای هاڵ مارک کلینەر، بۆماوەی چوار ساڵ کاری کردووە و ئەندامی ێەکێتیە کرێکاریەکانی ئەو ڕشتەیە بووە کە کاری تێدا کردووە.

هاوڕێ گوڵزار، سەرباری ژیانی سەختی کارکرنی لە کەنەدا، بەڵام دووبارە وەک ئەندامی چالاکی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان و عێراق، پەیوەست دەبێتەوە بە هاوڕێیانی حیزبی و هەڵسوڕاوانی تۆرنتۆ بۆ کارو چالاکی. لە سەرجەم مەراسیم و ئاکسۆنە ناڕەزایەتیاکانی شاری تۆرنتۆ و شانبەشانی هاورێ کۆمۆنیستەکانی کوردستان و عیراق و ئێران ئامادەیی بەردەوام و لێبڕاوانەی دەبێت.

لەگەڵ یەکێتی کرێکارانی ڕشتەکەی خۆیدا پەیوەست دەبێت بە ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ داخوازی زیادکردنی کرێ. هاوڕێ گوڵزار، لە دواهەمین چالاکی حیزبیدا لە ١٨ی ئۆمتۆبەری٢٠١٧ئامادە دەبێت لە بەردەم سەفارەتی عێراقی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین، لە بەرامبەر هێرش و پەلاماری حەشدی وەحشی و دەسەڵاتی کۆنەپەرست و دڕندەی بەغدا بۆ سەر کەرکوک و دوزخورماتوو، پاش ڕووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر.

بەداخ وپەژارەیەکی زۆرەوە، لە شەوی١٠/١١/٢٠١٧ ئەم هاوڕێیەمان لەپاش سەردانی و میوانداری بۆلای هاوڕێیانێکی خۆی لە شاری تۆرنتۆ، لەکاتی ماڵئاوایی کردنیان لەگەڵ هیوای هاوسەریدا، بە کارەساتێکی دڵتەزێن و ڕوداوی لێدانی ئۆتۆمبیل گیانی لەدەست دەدات.

هاوڕێ گوڵزار، بەجێی هێشتین.

بەڵام هیوا و ئامانجەکانی بەزیندووی ماونەتەوە

بەرز و بەڕێز بێت ڕێبازەکەی هاوڕێ گوڵزار

Leave A Reply

Your email address will not be published.