کەندوکۆسپی خاوەندارێتی بۆ مناڵ بۆ ژن لەناو سیستەمی ئیسلامی ئێران

0

کەندوکۆسپی خاوەندارێتی بۆ مناڵ بۆ ژن لەناو سیستەمی ئیسلامی ئێران

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

لەناو ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ له‌ بواری پیشه‌سازی و پێشکه‌وتنه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه‌ نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاستی ئه‌و شارستانیه‌ی له‌ کۆمه‌ڵگە رۆژئاواییه‌کاندا په‌یره‌و ده‌کرێ، له‌ گرینگترین هۆکاره‌کانی به‌رده‌م ئه‌م گرفتە، سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تی و پێکهاته‌ی ده‌وڵه‌تانی دواکه‌وتوویه‌ که‌ یاسا و ریساکانیان له‌سه‌ر بنه‌مای گۆرانه‌ سه‌رده‌میه‌کان بنیات نراوه‌.

یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌ی که‌ هه‌م سیستمی ده‌وڵه‌تیه‌که‌ی و هه‌مدیس پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای پێداویستی و پێشکه‌وتنه‌ سه‌رده‌میه‌کان رۆنراوه‌، وڵاتی ئێرانه‌.

یاساکانی ئێران له‌م بواره‌دا به‌ گشتی به‌ شێوه‌یه‌ک گه‌ڵاله‌ کراون که‌ بنه‌ماکه‌ی له‌سه‌ر لێ ئه‌ستاندنه‌وه‌ی که‌سایه‌تی و شوناسی ژنه‌.

له‌ سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تی ئێران دا ژن تا کاتێک خاوه‌نی منداڵه‌که‌یه‌تی که‌ رازی بێ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی دریژه‌ به‌ ژیان بدات. هه‌ر کاتێک به‌هه‌ر هۆکارێک و ته‌نانه‌ت به‌زۆر هۆکار که‌ ژن ره‌وایی داخوازیی حه‌یاتی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، له‌ یاساکانی ده‌سه‌لاتی ئایینی ئێراندا ئه‌وه‌ی مافی خاوه‌نداریه‌تی به‌ سه‌ر مندالدا هه‌یە، ته‌نیا ره‌گه‌زی پیاوە، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خودی پیاویش نه‌توانێ خاوه‌نداریه‌تی منداڵ بکات.

له‌ کۆمه‌ڵگەی کورده‌واری دا گرفته‌که‌ له‌وه‌ش ئالۆزتره،‌ چونکه‌ کۆمه‌ڵگەیه‌کی نه‌ریتی و دواکه‌وتوویه‌. به‌ هۆی ئه‌وه‌ی روانینی هه‌له‌ له‌سه‌ر شێواز و پێناسه‌ی ژن به‌ راده‌یه‌ک شێواوه‌ که‌ زۆرجار ژنان هه‌ست ده‌که‌ن که‌ره‌سه‌یه‌کن بۆ بارهێنانی منداڵ که‌ ته‌نیا پیاو خاوه‌نی ده‌بێ، زۆرجار رێککه‌وتووه‌ که‌ ژنانی ناو کۆمه‌ڵگەی کورده‌واری نه‌ ته‌نیا له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی هاوسه‌ره‌کانیانه‌وه‌ له‌کاتی جیابوونه‌وه‌دا خاوه‌نداریه‌تی منداله‌کانیان لێ زه‌وت کراوه‌، به‌ڵکو له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی خۆشیانه‌وه‌ وه‌کو، دایک، باوک، برا و مام و خال و هتد… پێی سه‌لمیندراوه‌ که‌ منداڵه‌که‌ی هی خۆی نییه‌ و زۆر به‌ سانایی پێیان راگه‌یاندووه‌ که‌ منداڵی پیاوێکی بێگانه‌ت بۆ چییه‌، که‌ ئه‌وه‌ کاره‌ساته‌که‌ بۆ ژنان قوڵتر ده‌کاته‌وه،‌ چونکه‌ کاردانه‌وه‌ی زۆر نیگه‌تیڤی له‌سه‌ر ژن ده‌بێ

ده‌بێ بڵین له‌ ماوه‌کانی رابردوودا ده‌نگوێ ئه‌وه‌ بلاوبووه‌ که‌ ژنان له‌ ئێران دوای بڕینی قۆناغه‌کانی دادگا و داواکاری و برینی سه‌دان که‌ند و کۆسپ ده‌توانن منداله‌کانیان وه‌ربگرن، به‌ڵام ده‌بێ بوترێ که‌ بنه‌ماکانی ئه‌م شێوه‌ روانینه‌ هه‌ڵه‌یه‌ی که‌ پێشتر ئاماژه‌مان پیدا و ئه‌و روانگه‌یه‌ی که‌ منداڵ ته‌نیا هی پیاوه‌، جیاواز له‌ یاسا دژه‌ژنیه‌کانی ڕژیمی ئیسلامی پرسی ئابووریی بابه‌ته‌که‌یه‌، چونکه‌ ئه‌رکی به‌ خێوکردنی مندال و پیڕاگه‌یشتن به‌ منداڵ بۆ پیاو دیاریکراوه‌ و ئه‌رکی په‌روه‌رده‌ و بارهێنانی منداڵ نه‌که‌وتۆته‌ خانه‌ی بایه‌خێکی مادی، بۆیه‌ کاری ناوماڵ و منداڵ و پێراگه‌یشتن وه‌ک ئه‌رکێکی ره‌وا و شه‌رعی بۆ ژن دیاریکراوه‌ و بێ ئه‌وه‌ی بایه‌خێکی ئه‌وتۆی پێ بدرێ، له‌ کاتی جیابوونه‌وه‌ی دوو که‌سدا مافی خاوه‌نداریه‌تیه‌که‌ به‌ پیاو ده‌درێ و ئه‌وه‌ی که‌ ناوی لێنراوه‌ (مافی خاوه‌نداریه‌تی) و سه‌رپه‌ره‌ستی بنه‌ره‌تی و بڕیاردان لەسه‌ر ژیانی منداڵ به‌ پیاو ده‌درێ، ئاکامه‌کانی ئه‌م کرداره‌ و کارتێکه‌ریه‌کانی ئه‌م دۆخه‌ له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگەی نه‌ریتیدا دۆخیکی وای پیکهێناوه‌ که‌ ده‌سه‌لمێنێ، پیویست ده‌کات له‌م بواره‌ دا گۆرانکاری بنه‌ره‌تی بکرێ، به‌ جۆرێک که‌ مافی سه‌رپه‌ر‌شتی کردنی منداڵ به‌ شێوه‌یه‌کی یه‌کسان به‌ هه‌ر دوو ره‌گه‌زی ژن و پیاو بدرێت.

یه‌کێک له‌ شێوازه‌کانی له‌ یه‌کتر جیابوونه‌وه‌ی ژن و پیاو مردنه‌. کاتێک ژنێک هاوسه‌ره‌که‌ی ده‌مرێ، ناچاره‌ به‌ مه‌یل و ئاره‌زووی بنه‌ماڵه‌ی هاوسه‌ره‌که‌ی بژی، جگه‌ له‌وه‌ به‌ ئاسانی منداله‌که‌ی لێ ده‌ستێندرێته‌وه‌ و به‌رده‌وام ئه‌و هه‌ره‌شه‌ی لێ ده‌کرێ. له‌ کاتی وادا که‌ نموونه‌ی ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته‌ له‌ ناو کۆمه‌ڵگەی کورده‌واری دا زۆره‌ ژن ناچاره‌ له‌گه‌ل که‌سێکی نیزیکی هاوسه‌ری پیشووی ژیانی هاوبه‌ش پێک بێنێته‌وه‌. مافی هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ری ژیانی داهاتووی به‌ ئاره‌زووی خۆی نییه‌ و له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگەشه‌وه‌ به‌رده‌وام ئه‌م وته‌ هه‌ڵه‌یه‌ی به‌ گوێ دا ده‌چرپێندرێ که‌ بۆ ئه‌وه‌ی منداله‌کانت ئاواره‌ نه‌بن، له‌گه‌ڵ که‌سیکی نیزیک یان باشتر بلێن له‌گه‌ل برای هاوسه‌ره‌که‌ت ژیانی هاوبه‌ش پێک بێنه‌وه‌. له‌ سه‌دا ٩٠ی ئه‌و هاوسه‌رگیریانه‌ له‌سه‌ر خواست و مه‌یلی خودی ژن نه‌بووە، به‌لام هه‌ر کاتێک ره‌گه‌زی نێر به‌و هاوسه‌رگیریه‌ رازی نه‌بووه‌ مافی بڕیاردانی به‌سه‌ردا نه‌سه‌پاوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کاتێک ژنه‌که‌ رازی نه‌بووه‌ له‌گه‌ل برای هاوسه‌ره‌که‌ی ژیانی هاوبه‌ش پێک بهێنی هه‌ر زۆر به‌ سانایی و زوویی منداله‌کانی لێ وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ و زۆرجار به‌هۆی هه‌ره‌شه‌ی به‌رده‌وام و دژواری گوشاره‌کانی بنه‌ماله‌ی هاوسه‌ره‌که‌ی خۆی به‌وه‌ گه‌یشتووه‌ که‌ ده‌ست له‌ منداله‌کانی هه‌ڵبگرێ. زۆربه‌ی کاته‌کانیش ئه‌و ژنانه‌ی که‌ هاوسه‌ره‌کانیان ده‌مرێ له‌ترسی ئه‌وه‌ی که‌ بنه‌ماله‌ی هاوسه‌ره‌کانیان منداله‌کانیان لی وه‌رنه‌گرنه‌وه‌ ناچارن ژیانی هاوبه‌ش پێک نه‌هێننه‌وه‌.

گۆرانکاری له‌م یاسایانه‌دا ئه‌گه‌رچی خه‌بات و تێکۆشانی ده‌وێ و باسکردن له‌و بابه‌ته‌ گۆڕینی کۆمه‌ڵێک یاسا و رێسای ئایینیه،‌ به‌لام ده‌بێ ژنان به‌ بوێریه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م داب و نه‌ریته‌ دواکه‌وتووانه‌ راوه‌ستن که‌ ئایین به‌ دیاری پێیداون و به‌و ئه‌رکه‌ هه‌ستن و کۆمه‌ڵیک داب و نه‌ریتی دواکه‌وتووی ناو کۆمه‌ڵگە بفه‌وتێنن و له‌ ناوی به‌رن. پێویسته‌ ژنانی یه‌کسانیخوازی ئێران خاوه‌نداریه‌تی یه‌کسانی ژن و پیاو به‌سه‌ر مندالدا به‌ یاسایی بکه‌ن و ده‌وله‌ت ئه‌رکدار بکه‌ن که‌ له‌ به‌رامبه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ئابووری ژنانی ته‌لاق به‌رپرسیار بێ بۆ ئورگانیزه‌کردنی داخوازی له‌و چه‌شنه‌ به‌ شیوه‌کی یه‌کگرتوو ریزی خۆیان رێک بخه‌ن. ده‌بێ بڵێن گۆڕینی یاسا دواکه‌وتوه‌کانی رژیمی ئیسلامی پاشه‌کشه‌کردنی کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی و مل راکیشان بۆ ویست و داخوازی له‌و چه‌شنه له‌ناو ئه‌م سیستمه‌ گه‌نده‌ڵه‌دا بابه‌تێکی دوور له‌ چاوه‌روانییه و ئه‌وه‌ ته‌نیا به‌ ڕووخانی رژیمی ئیسلامی مسۆگه‌ر ده‌بێ، به‌ڵام ناکرێ ژنان ده‌ست له‌سه‌ر ده‌ست دانین وده‌بێ خه‌باتی بێوچانی بۆ بکه‌ن.

که‌وابوو بابه‌تی خاوه‌نداریه‌تی یه‌کسانی ژن و پیاو به‌سه‌ر مندالدا ده‌بێته‌ ئه‌رکیکی سه‌رده‌میانه‌ به‌سه‌ر شانی کۆمه‌ڵگەکه‌مان و ده‌بێ بۆ هه‌رچی زیاتر نیشاندانی سیمای شارستانی کۆمه‌ڵگە ژنان پێشه‌نگی‌ ئه‌و خه‌باته‌ بن و هه‌ول بده‌ن له‌ بواری ئابووری سه‌ربه‌ست بن تا بتوانن خاوه‌نداریه‌تی منداڵه‌کانیان وه‌رگرن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.