لە گۆشەیەکی ترەوە پرس و ڕای هەفتانە ١٥-٩-٢٠١٨ موزەفەر عەبدوڵا بۆ دەبێت لەم هەڵوێستە ڕیاکاری یە ئاشکرایەی پارتی و یەکێتی بە ئاگا بین..؟!

0

لە گۆشەیەکی ترەوە پرس و ڕای هەفتانە ١٥-٩-٢٠١٨

موزەفەر عەبدوڵا

بۆ دەبێت لەم هەڵوێستە ڕیاکاری یە ئاشکرایەی پارتی و یەکێتی بە ئاگا بین..؟!

بە دوای لە سێدارەدانی سێ هەڵسوڕاوی تری سیاسی بەناوەکانی ڕامین حوسین پەناهی و زانیارو لوقمان مورادی و، بۆردومانی بارەگاکانی هەردو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران، و کوشتن و بریندارکردنی دەیان کەس لەلایەن ڕژێمی سەرکوت و ئیرهاب و ئیعدامی ئیسلامیەوە، ئەم تاوانانە لە ئاستی دونیادا کەوتنە بەر ناڕەزایەتی توندی ڕای ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤەوەو زۆر بە توندی ئیدانەیان کرد، بەڵام ئەوەی لە نێو هەموو ئەو هەڵویستانەدا بووە جێگای سەرنج و پرس و ڕاو، تەنانەت ناڕەزایەتی بەرەی ئازادیخوازی، هەڵویستی ڕیاکاری و ڕیسواکاری ئاشکرای سەرانی دەسەڵاتی کوردایەتی هەرێم بوو، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی، وەک لەزاری زۆریانەوە ڕاگەیەنرا. بۆیە دەبێت لەم هەڵوێستە ڕیاکارییە ئاشکرایەیان بە ئاگا بین. جا بۆ وەڵامدانەوەو ئەو پرسیارەو ڕۆشنکردنەوەی زیاتری سیاسەتەکانی حزبەکانی کوردایەتی و دەسەڵاتە سەرکوتگەرو گەندەڵ و دژی جەماوەرییەکەیان وا پێویست دەکات ئاماژە بە هەندێک لە قسەکانیان بکەین کە وێرای ئەوەی بۆتە جێگای ئیدانەی توندی خەڵکی ئازادیخواز هاوشانی ئیدانەکردنی تاوانەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران هاوکات دەبێت بە ئاگابین لەوەی سیاسەت و کردەو هەڵویستی زۆر کارەساتبارتر بگرنەبەر بە تایبەتی بەرامبەر حزبە چەکدارە ئۆپۆزیسیونەکانی کوردستانی عێراق لەچەند دەدەیە لە کوردستانی عیراقن لە سایەی دەسەلاتی قەومی و خێڵەکی و ئیسلامی و تافەی میلیشایی هەولێرو بەغدا  لەو قسەو هەڵویستە بەکردەوانەی کە لەم کاتەدا بەدی دەکران لەوانە قسەکانی نوێنەری حکومەتەکەیان لە تاران بە ئاشکرا وتی کۆماری ئیسلامی هەقی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لەهەر کات و شوێنێک بەرژوەندنییەکانی بکەویتە مەترسییەوە. لەم بارەیەوە بە ئاشکرا لایەنگری بۆردومانەکانی کرد. هەروەها سەرۆک و جێگیر سەرۆک و تەنانەت زۆریک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی سەرانی هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی بە گشتی و بە ئاشکرا لە لێداوانەکانیاندا بەرگرییان لە تاوانەکانی ڕژێمی سەرکوت و ئیرهاب و ئیعدام دەکرد و مافیان دەدا بەو رژێمە دڕەندەیە بۆ بەرگری لە خۆی. تەنانەت ئەم هەڵویستە ڕیاکارییە ئاشکرایە تا ئەو ڕادەیە ڕۆیشت کە برازاکانی تاڵەبانی بە ئاشکرا بڵێن حزبە چەکدارەکانی کوردستانی ئێران دەبێت چەک دانین و بگەڕێنەوە ژێر سایەی کۆماری ئیسلامی ئێران و، بە گفتوگۆ و قسەی خۆش، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕێککەون. ئایا ئیتر هەڵویست لەوە ڕیسواتر دەبێت! لە جیاتی بەرگری لە حزبە هاوچین و چارەنووسەکانی کوردایەتیان بکەن بە ئاشکرا بەرگری لە ڕژێمی ئیسلامی دەکەن. ئەم هەڵوێستە ڕیاکارییە ئاشکرایە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەگەری ئەوە زۆرە هەر ڕۆژو هەر کاتێک پێویست کات بۆیان هاوکاری رژیمی ئیسلامی بن لەگەڵ تاقمە چەتەکانی حەشدو ئەوانی تری سەر بە ڕژێمی ئیسلامی هەموو حزبە چەکدارەکانی کوردستانی ئێران رادەستی ئێران بکەنەوە، یاخود گوشارەکانیان زیاد بکەن بۆ ناچارکردنی شوێنەکانیان و چۆڵکردنی ژیر سایەی بەناو دیموکراسیان!!…. بە شێوەیەک هەمان تاقی کردنەوەی موجاهیدینی خەڵق لە بەغدا دوبارەکەنەوە. هەڵوێستێکی تری بە کردەوەی سەرانی دەسەڵات کە پێویستە ئاماژەی پێ بدەین کە ئەوپەڕی ڕیاکاری و ڕیسوایی بوو دیداری سەرۆک و جێگرو شاندە یاوەرەکەیان بوو لەگەڵ روحانی سەرانی تری ڕژێمی ئیسلامی لەو شەو و ڕۆژەی کە هەر سێ هەڵسوڕاوەکەیان لە سێدارەدا. بە مانایەک گۆشت و خوێنی ئەو سێ هەڵسوراوە سیاسییە لە سێداردراوەیان کردە خوانێکی میوانداری ئەو دیدارە. ئەم شێوازی دیدارە دەبێت هەموو لایەک زۆر بە ئاگایی و جدی وەریگرێت. سەرانی کوردایەتی ئەگەر یەک گەردیلە خاوەنی هەڵوێستی دۆستانە بونایە لەگەڵ خەبات و ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستانی ئێران و، کوردایەتی تەنها ئیدعایەکی پوچەڵ و بێناوەڕۆک نەبوایە دەبوو نەک هەر لەو کاتانەدا، بەڵکو بەتەواوی پەیوەندییەکانیان هەڵپەساردایە تا لانی کەم ئەو رژێمە وازی دەهێنا لە سزای ئاشکرای لە سێدارەدانی ئەو چالاکوانە سیاسیانەی کە بەشیوەیەکی فراوان لە ئاستی دنیادا، داویان دەکرد سزای لە سیدارەدانیان هەڵبوەشینەوە…، بەڵام دیارە بۆ سەرانی دەسەڵاتی کوردایەتی سیاسەت و هەڵویستی ئازادیخوازانەو بەرگریکارانە لە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ هیچ گرینگی و بەهایەکی نییە، شتێک کە گرینگی و بەهای هەبێت پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە لە دەسەڵاتی سیاسی و کەڵەکەی سەرمایەو پارەو پول و سەروەت و سامانی کوردستان بە دزی گەندەڵی. بۆیە پێویستە ئەم هەڵویستە ڕیاکارانەو ڕیسواکارانەیە وێرای سەرکۆنەکردنی لەلایەن بەرەی ئازادیخوازییەوە هاوکات هەموو لایەک بە تایبەتی لایەنە چەکدارەکانی کوردستانی ئیران بە جدی و ئاگایییەوە لێی بڕوانن و ئەگەری ئەوە بە دوور نەگرن وەک وتمان کە بە زۆر هەوڵ بدەن لە چەک دایان بماڵن یان دەستەمۆی زۆر و ملهوری خۆیانیان بکەن…، تەنانەت بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕادەستی ڕژیمی ئیسلامیان بکەنەوە. ئەم هێزە دەسەڵاتدارە ئیسلامی و تایەفی و قەومی و خێڵەکیانە لە ئێران و عێراق و کوردستان لەم ململانێ ناوچەیی و جیهانی یە ئامادەن لە پێناوی مانەوەیان گەورەترین تاوانی دژی مرۆیی بە ئاشکرا ئەنجام بدەن. ئەم هەڵوێستە ریاکاری و ڕیسوایی یە ئاشکرایەیان ئەوەمان پێ دەڵیت و کەنەک دەبێت هەموو لایەک بە ئاگابین، بەڵکو پێویستە ئەم سیاسەتی خۆبەستنەوەو نۆکەرایەتیەی حزبە دەسەڵاتدارەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، ریسوابکرێت و رێگە نەدرێت لە پێناو بەندو بەست و بەرژەوەندیە حزبیەکانیان، ئیرادەی سیاسی ئۆپۆزیسێۆنی وڵاتانی ناوچەکە و هاوکات ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان، پایماڵ بکەن…

Leave A Reply

Your email address will not be published.