ترەمپ لە بانگەشەکانیدا خۆی بەدۆستی کرێکاران نیشاندەدا، بەڵام هەر لەسەرەتای دەسەڵاتیەوە شەڕی لە دژیان ڕاگەیاند! ئەم دژایەتی و شەڕی ترەمپە لە دژی کرێکاران هەر بەردەوامە!

0

ترەمپ لە بانگەشەکانیدا خۆی بەدۆستی کرێکاران نیشاندەدا، بەڵام هەر لەسەرەتای دەسەڵاتیەوە شەڕی لە دژیان ڕاگەیاند!

ئەم دژایەتی و شەڕی ترەمپە لە دژی کرێکاران هەر بەردەوامە!

نووسینی: پۆڵ واڵدن/٣-٩-٢١٨

واشنگتۆنپۆست

ئامادەکردنی : شوان عەزیز

تێبینی: ئەم نووسینەی پۆڵ واڵدن لە واشینگتۆن پۆستدا بڵاوکراوەتەوە لە ژێرستوونی بیروڕای ئازادا. پۆڵ ئەو نووسینەی لەڕۆژی کرێکاراندا بڵاوکردۆتەوە. ڕۆژی کرێکارانیش لەباتی یەکی مەی لەئەمەریکاو کەنەدادا کردوویانە بە سێپتەمبەری ٣. ئەوەی جێگەی باسە ڕۆژی کرێکاران کە لە زوربەی وڵاتانی سەر ئەم گۆی زەویە دەکاتە یەکی ئایار، بەڵام لە هەندێک وڵاتدا بۆ نموونە کەنەداو ئەمەریکا ڕۆژی یەکی ئایاریان گواستۆتەوە بۆ سێپتەمبەری ٣. هەر بۆیەش نووسەر دەڵێت ڕۆژی کرێکارانە.

“ڕۆژی کرێکارانەو سەرۆکی ئەمەریکاش دەیەوێت کە کرێکارانی ئەمەریکایی وا بزانن کە ئەولە پێناوی ئەواندا و بۆ خزمەتی ئەوان هاتووە”.

ئەگەر بێت و کەسێک بدۆزیتەوە کە بە ڕاستەوخۆیی لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە کاری پێنەدرابێت و هەر لە دووریشەوە باوەڕ بەوە بکات کە ئەم وتەیەی ترەمپ ڕاستە بۆ کرێکاران، ئەوا بێ دوودڵی من تووشی شۆک دەبم. شتێکی ڕاستە کە ڕێژەی بێکاری لە ئەمڕۆدا نزمە. بەڵام پرسیارەکە لەسەر کەمی و بەرزی ڕێژەی بێکاری نییە، بەڵکو ئەوەیە کە بگوترێت: ئایا بارودۆخی کرێکاران لە ئەمەریکادا لە چی ئاستێکدایە؟ یاخود ئیدارەی ترەمپ خەریکی چییە بیکات بۆ کرێکارانی ئەمەریکایی؟ یان بە پێچەوانەوە ئێستا ئیدارەی ترەمپ خەریکی چییە کە بیکات بە دژی کرێکارانی ئەمەریکایی؟

پێش ئەوەی بچینە سەر ئەو لیستە دووروو درێژەی کە دژایەتی ترەمپ نیشان دەدات لەبەرامبەر کرێکاراندا، با بچینە سەر چۆنیەتی هەنگاونانی هەردوو پارتە سیاسیەکەی ئەمەریکا لە پێناو چاککردنی ژیان و گوزەرانی کرێکاراندا. ئەو دوو پارتە کە بریتین لە دیموکراتەکان و کۆمارییەکان هەر یەکەیان ڕێگایەکی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ چاککردنی، بە قسەی خۆیان، ژیانی کرێکاران. ئەوەی کە کۆماریەکان دەیڵێن تەنها بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەتوانرێت بەدی بهێنرێت.

کۆمارەیەکان دەیانەوێت هەرچی بەربەست و کێشەی پارە وەسەریەک نان هەیە لای بەرن لەبەردەم خاوەنکارو دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانی گەورەی وڵات. ئەوەش لە ئەنجامدا، بە قسەی خۆیان، بۆ ئەوەیە تاکو ئەوان بتوانن لەو ڕێگایەوە هەلی کاری زۆر بڕەخسێنن و لە ئەنجامیشا زۆرترین کرێکار وەربگرن و خەڵک لە بێکاری دەربهێنن. بەو ڕێگایەی کۆمارییەکان خاوەن کارو دەسەڵاتداران لە پێپیلکانەی هەرێ سەرێی کۆمەڵگەوە دادەنرێن و خەڵک و کرێکارانیش لە بەشی هەرێ خوارێی ئەو پێنیژەوە دەبینرێن. بۆ نموونە کۆمارەیەکان پێش ئەوەی بێنە سەر کار خەمی گەورەو یەکەمیان ئەوەبوو کە  باج لەسەر گەورە کۆمپانیاو شوێنە زەبەلاحەکانی کار کەم بکەنەوە.

لەو لاشەوە پلان و هەنگاوەکانی دیموکڕاتەکان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی چینی کارگەر بە شێوەیەکی ترە. دیموکراتەکان دەیانەوێت بەڕاستەوخۆیی هاوکاری چینی کارگەری ئەمەریکایی بکرێت لەباشکردنی ژیان و گوزەرانیان. ئەوان دەڵێن سیستەمی سەرمایەداری لە سرووشتی خۆیدا لەسەر چەوسانەوەو بەکارهێنانی چینی کارگەرەوە ئیدامە بە ژیانی خۆی دەدات و لەو ڕێگایەشەوە سەرمایە کەڵەکە دەکات. بۆیە ئەوە ئەرکی دەوڵەت و دەسەڵاتدارانە کە بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازییە بە کرداری بێنە مەیدان. ئەوان دەڵێن ئەگەر دەوڵەت نەیەتە سەرخەت ئەوا سەرمایەداران بەبەردەوامی کرێکاران دەچەوسێننەوەو مافەکانیان پێشێل دەکەن. دیموکراتەکان دەیانەوێت کە کرێکاران لانی کەمی کرێیەک بەدەست بێنن کە دەریان بێنێت لە برسیەتی. وە هەروەها سەلامەتی و تەندروستیان لەسەر کار بپارێزرێت و بتوانن هێزی پاراستنی مافەکانی خۆیانیان لەسەر کار هەبێت لە بەرامبەر خاوەنکارو دەسەڵاتداراندا.

جا با ڵێرەدا هەندێک لەو کارانەی ترەمپ نیشانبدەین کە ترەمپ کردوونی کە دژایەتی تەواویان هەیە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی کرێکاراندا لەوەتەی هاتۆتە سەرکارو تەواوی دەسەڵاتەکانی لەژێردەستایە. هەندێک لەو کارانەی ترەمپ بەدژی کرێکاران ئەمانە بوون:

  • پوچەڵکردنەوەی بڕیار: ترەمپ هات بڕیاری زیادکردنی ٢.١ ی کرێی کرێکارانی فیدڕاڵی پوچەڵکردەوە.
  • وەلانان و هەڵپەساردن: ئەو هات بڕیارەکەی ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمەریکای وەلاناو هەڵی پەسارد کە ئۆباما دابووی بۆ پێدانی هەقی زێدەکاری. هەروەها ترەمپ هات ئەو سیستەمەی هەڵوەشاندەوە کە لەسەردەمی ئۆبامادا کاری پێ دەکرا لەبەرامبەر بەڵێندەرە گەورەکاندا لەگەڵ دەوڵەتی فیدڕاڵی ئەمەریکادا. جێگەی باسە لەسەردەمی ئۆبامادا دەبوایە بەڵێندەرە گەورەکان ڕابردووی خۆیان لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ یاسای کرێکاراندا پیشانی دەوڵەت بدەن.
  • ترەمپ ئەو یاسایەی لەناوبردو فەوتاندی کە دەیگوت دەبێت هەموو خاوەنکارەکان مێژووی کاریان لە کارگەو شوێنی کارەکانیاندا بۆ چەندین ساڵ بپارێزن و لەناوی نەبەن. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی مێژووی خراپی خاوەنکاران لە دەوڵەت ئاشکرا نەبێت و لە لێپێچینەوە خۆیان قوتار بکەن.
  • ترەمپ پاشەکشەی کرد لەو یاسایەی کە خاوەنکارەکانی مولزەم دەکرد بۆئەوەی پارەی پێویست وەلابنێن بۆ کاتی خانەنشینی کرێکاران.
  • ترەمپ هەر بەهاتنە سەر کاری دەستیکرد بە دانانی کەسانی دژە کرێکار لە شوێنی باڵاو چەقی بڕیارداو هەر ئەوانەشی کرد بە نوێنەرو قسەکەری کرێکاران.
  • ترەمپ هات یاسایەکی دەرکرد کە کاری ڕێکخراوبوونی بۆ کرێکاران چەند قات قورس کردو گرفتی گەورەی لەبەردەم پێکهێنانی سەندیکای کرێکاریدا دروست کرد.
  • تەنانەت ترەمپ هەوڵیدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو تێیدا کە ویستی بەشێک لە بەخششی کرێکاران هەر نەهێڵێت.
  • ئەو دەستی دایە نەهێشتن و لەناوبردنی ئەو یاسایەی کە مافی دەدا بەکرێکاران لە شوێنێک کە ماددەی کیمیاوی و ترسناکی هەبێت کاری تێدا نەکەن هەتاکو پێویستیەکانی خۆپاراستنیان پێنەدرێت.
  • ترەمپ پاڵی دەنا بە دادگای باڵا کە ڕێگا بە خاوەنکاران بدا کە ڕێگری بکەن لە کرێکاران کە هەرکاتێک بە کۆمەڵ سکاڵایان تۆمار کرد.
  • ترەمپ چەندین دادوەری دژە کرێکاری دامەزراندو لەشوێنی باڵادا کاری پێدان.
  • ترەمپ هەمیشە پشتی ئەو سکاڵایانەی گرتووە کە لەدژی کرێکاران بووە لە لایەن خاوەنکارانەوە.
  • ترەمپ هەوڵیدا کە ئەو سیستەمە تەندروستیەی کە لەکاتی ئۆبامادا کرایە یاسا هەڵی بوەشێنێتەوە. بەمەش گورزێکی گەورەی دەدا لە ژیانی ملیۆنان کرێکارو خاوو خێزانیان.
  • پشتی دامەزراوەکانی خوێندن لە وێنەی زانکۆو کۆلیجەکانی گرت کە پێچەوانەی بەژەوەندی چینی کارگەرو منداڵەکانیان بوو.

كوڕە جا ئێستا زۆری ماوە بگوترێت و زۆریش ماوە ترەمپ بیکات لە دژی کرێکاران. دەست ئاوەڵاکردن و ئازادکردنی دەسەڵاتداران و خاوەن کاران لە لایەن ترەمپەوە بەو شێوەیەی کە بۆیان گونجاوەو لە خزمەتی سەرمایەکەیاندایە تا مامەڵە لەگەڵ کرێکارو یاسای کاردا بکەن بەسە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە ئایە ترەمپ دۆستە یا دوژمنی کرێکارانە. ئێستا خاوەنکاران دەستیان ئاوەڵایەو یاسای کاری سەردەمی ترەمپ ئازادی کردوون و زۆر تەگەرەی لەبەردەم لابردوون.

سەرباری زۆر لە هەوڵ و کۆشش کە لەسەردەمی ئۆبامادا درا کە ئەو پلان و بۆچوونەی دێموکڕاتەکان جێبەجێبکرێت بۆ بەرژەوەندی کرێکاران، بەڵام بەداخەوە هەر ئەوەی کۆمارییەکان بە کرداری لە ساڵی ١٩٨٠ وە کاری پێکراوەو بۆتە یاسای باو. ئەگەر ئەوەی دیموکراتەکان سەری بگرتایە ئەوا زۆر شتی دەگۆڕی و لە بەرژەوەندی کرێکاراندا دەبوو. بۆ نموونە سەندیکاو ئیتیحادیە کرێکاریەکان زیاتر دەستکراوەتر دەبوون و نوێنەرانیان زیاتر گوێیان لێدەگیرا. هەروەها ئەو شێوە نایەکسانیە زەقە نەدەما و هەقی کاریش باشتر دەبوو.

لەڕاسیدا ترەمپ زۆر زیرەکانە سوودی لە کرێکاران بینی بۆئەوەی بێتە سەرکورسی. ئەو لەساڵی ٢٠١٦ وتی کرێکاران لە بارودۆخێکی زۆر ناهەمواردا دەژین و سیستەمی حوکمڕانیش لەبەرامبەریاندا زۆر خراپە.  ئەو ڕاستی دەگووت و وا بوو، بەڵام خراپیەکەی ئەوە بوو کە کرێکاران باوەڕیان پێدەکردو لە لایەکی تریشەوە ئەو خۆشی لە ناخی خۆیدا کەسێکی دۆستی کرێکاران نەبوو. هەربۆیە کاتێک کە هاتە سەرکورسی و بوو بە سەرۆک و هێزی کەوتە دەست ئەو زیاتری دوژمنایەتی کرێکاران کرد لەو دەسەڵاتەی پێش خۆی. هەرکەسێک بە دیقەتەوە تەماشا بکات و لە یاساکانی سەردەمی ترەمپ وردبێتەوە تێدەگات و دەبینێت ترەمپ دۆستی کرێکاران نییەو لەسەنگەرەکەی دژی ئەواندایە. هەر خۆی بە ڕاستەوخۆیی تا بۆی بکرێت لە کۆمپانیاکانی خۆیدا پێشێلکاری دەکات دەرحەق بە کرێکاران و یاسای کار پێشێل دەکات. ئەو خۆی تا بۆی بکرێت سوود لە هێزی بێگانەو کرێکاری بیانی دەبینێت تاکو کرێی کەمتر بدات پێیان. ئایا بە ڕاست ئەو بۆیە هاتووە تا خزمەتی کرێکاران بکات و وە ئایە بەڕاست ترەمپ دۆستی کرێکارانە.  کردەوەکانی ترەمپ پێمان دەڵێن نەخێر.!

ڕۆژی کرێکارانتان هەمیشە باش.

Leave A Reply

Your email address will not be published.