دیمانە لەگەڵ محسین کەریم، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان… بەشی دووەم و کۆتایی

0

دیمانە لەگەڵ محسین کەریم، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان…

بەشی دووەم و کۆتایی

بۆپێشەوە: ئەگەر خەڵک بەشداری هەڵبژاردن نەکات، ئەی چی بکات؟ بۆچی کۆمۆنیستەکان، بەبایکۆتەوە گرتویانە؟

موحسین کەریم: وەکو وتم بەلای منەوە بەشداری نەکردن و بایکۆتی هەڵبژاردنێك کە هیچ لە بەرژەوەندی خەڵكی کرێکارو زەحمەتکێش و بەشخوراوی کوردستان ناگۆڕێت و تەنها کۆمەڵێك حزبی بۆرژوازی مفتەخۆرو مافیایی و قازانج پەرست دەباتە ناو پەرلەمان و ناو کایەی دابەشکردنی ئیمتیازاتی سیاسی و دەستکەوتی ئابوری و دارایی لەنێوان خۆیاندا، باشترە لەوەی تێێدا بەشداری بکەی و بەدەستی خۆت شەرعیەت بدەی بە بێمافی و برسێتی و نەمانی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و سەرەتاییەکانی خۆت و پلەو پۆست و سامانی ئەوانیش زیاتر و گەورەتر بکەی. بۆیە لەخراپترین باردا ئەو باشترە کە خەڵك شەرعیەت نەدات بە تاڵانکردنی پارووی دەمی خۆی و خێزانەکەی و سەرکوتکردنی ماف و ئازادییەکانی. بە تەجروبەی عەمەلی ئەمە دەرکەوتوە نەك تەنها بانگەشەیەکی سیاسی من بێت. ساڵانێکی زۆرە خەڵك بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و دەنگ دەدەن بەم حیزب و بەو حزبی دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام چییان چنیەوە لەو دەنگدانەیان؟ ئەی هەر ئەو خەڵکە نەبوون کە بۆئەوەی مووچە زەوتکراوەکانیان بگێڕنەوە، ناچاربوون بچنە سەر شەقام و خۆپیشاندان بکەن؟ خەڵك نەچوون عەریزە بنوسن و بیدەن بە پەرلەمان تا لای حکومەت بۆیان بپاڕێتەوەو مووچەکانیان بۆ بگێڕنەوە، بەڵکو رژانە سەر شەقامەکان و دژی دەسەڵات و حکومەت خۆپیشاندانیان کرد. کەواتە ئەگەر خەڵك بیەوێ ژیانی باش بکات، بیەوێ مافە زەوتکراوەکانی وەربگرێتەوە، بیەوێ ئازادییەکانی فراوان بکات، بیەوێ خزمەتگوزاری تەندروستی و  ئاو و کارەبای هەبێ، رێگاوبان و خزمەتگوزاری شارەوانی هەبێ و تاد… دەبێ خۆی بێتە مەیدان و لە دەرەوەی دەنگدان و پەرلەمان بۆ ئەو مافانەی خۆی تێبکۆشێت.

بەبڕوای من خەڵك دەبێت هەر بەوجۆرەی کە تێکۆشان بۆ گێڕانەوەی مووچە تاڵانکراوەکانیان، بەوجۆرە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، تێبکۆشن. دەبێ ئەو خەبات و تێکۆشانەیان بەردەوام و رێکخراو بێت. خەڵك؛ کارمەندان، مامۆستایان، خانەنشینان، فەرمانبەران، کرێکاران، توێژە بێبەش و ستەملێکراوەکانی کوردستان دەبێ هەرچی زووە خۆیان لە رێکخراوەی جەماوەری و خەباتکارانەی خۆیاندا لە چەشنی شوراو ئەنجومەنە راستەقینەکانی خۆیاندا رێك بخەن، دەستبەجێ لە ناوەندەکانی خۆیاندا و لە گەڕەکەکاندا کۆبونەوەی گشتی ساز بدەن و نوێنەرانی خۆیان لەو شوێنانەدا هەڵبژێرن. ئەم کۆبوونەوە گشتیانە پایەو بنەمای شوراو ئەنجومەنە شۆڕشگێڕەکانی خەڵک و کرێکاران دەبێت. کۆمۆنیستەکان ئەرکیانە کار بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە بکەن. کاریان ئەوەیە کە جەماوەر بەوە قانع بکەن کە رێگای تریان نییە، ئەگەر بیانەوێ ژیانیان بگۆڕن بەرەو باشتر، ئەگەر بیانەوێ کەسێتی و ماف و ئازادییان پارێزراوبێت، ئەگەر بیانەوێ ئایندەی خۆیان و مناڵ و نەوەکانیان چییدی لەناو بێئومێدی و بێهیوایی و سەری خۆ هەڵگرتندا بەرەو هەندەران تاریك نەبێ، تەنها ئەوە نەبێ کە دەست بەرن بۆ خۆرێکخستن لە شوراو ئەنجومەنەکانی خۆیان و بەدەستەوە گرتنی کاروباری سیاسی و ئابوری و ئیداری کۆمەڵگەی کوردستان. کۆمۆنیستەکان تەقدیسی بایکۆتی هەڵبژاردن ناکەن، بەڵکو پێیانوایە کە دەبێ لەناو ئەڵقەی بایکۆت بە تەنها بێینەدەرەوەو هەنگاوی دیکە بنێین. ئێمە جەماوەری کرێکارو بێبەش و چەوساوەی کوردستان، هەنگاو بەرەو بەدەستەوەگرتنی بڕیاری سیاسی و ئایندەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆمان بنێێن!

بۆپێشەوە: لەجێگای پەرلەمان بەدیلی دەسەڵاتی جەماوەری یان خۆبەرێوەبەری دەهێنرێتە گۆڕ، لاتان وایە لە ژێر دەسەڵاتی میلیشیاییدا، دەتوانرێت یان رێگەدەدرێت، دەسەڵاتی جەماوەری پیادەی ئیرادەی خۆی بکات؟

موحسین کەریم: دەسەڵاتی میلیشایی خۆی دژ بە دەسەڵات و ئیرادەی جەماوەرە. دەسەڵاتی میلیشایی بێجگە لەوەی کە ئامادەیە بە چەك بەرپەرچی هەر هەوڵێکی جەماوەر بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی و گۆڕانکاری لە ژیان و گوزەران ومافەکانیان بداتەوە، لەهەمانکاتدا خودی خەڵکیش دابەش دەکات بۆ لایەنگران و ئەندامان و چەکداران و جیرەخۆرانی حزب، کە ژیان و گوزەران و کەسایەتیان بەستراوەتەوە بەو حزبانەوە، نەوەك وەکو هاوڵاتی خاوەن کەسایەتی ئازاد و خاوەن ماف و ژیان بن. بۆیە سیستەمی میلیشایی حوکمڕانی، بنەما کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگە هەڵدەوەشێنێتەوەو پەیوەندی حزبی وەلائی حزبی پەرەپێدەدات، کە هاوکاتە لەگەڵ ژیاندنەوەی دواکەتوترین و بۆگەنترین پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان! بۆیە هەرجۆرە هەوڵێکی جەماوەر بۆئەوەی ئیرادەی سیاسی خۆی بگرێتە دەستی خۆی روبەڕوی پیلان و سەرکوتکردنی ئەو هێزانە دەبێتەوە. بەڵام، خاڵێکی گرنگ کە دەستی ئەو حزبانە بە تەواوی ئاوەڵا ناکات بۆئەوەی ئەو کارە بکەن، ناڕەزایەتی و توڕەیی فراوانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازو هوشیاری کوردستانە لەو حزبانەو کارکردی چەندین ساڵەی دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچی و نایەکسان و ستەمکارانەیان. بەبروای من، خەڵکی ناڕازی کوردستان، وەکو چۆن لە دەسەڵاتی میلیشایی ئەوان نەترسان و ڕژانە سەر شەقامەکان، بەهەمان شێوە، ئەگەر یەکگرتوو بن و خۆیان رێك بخەن و کۆتایی بەو پرشوبڵاویە بهێنن کە هەرئێستا پێوەی دەناڵێنن، دەتوانن پیلانەکانی ئەو هێزانە و دەسەڵاتەکەیان پووچەڵ بکەنەوە.

هەڵبەت من مەبەستم لەوە نییە کاری سەرچڵانە بکرێ، بەڵکو مەبەستم لەوەیە کە کاری پڕحەوسەڵەو هوشیارکردنەوەو قانعکردن و ئامادەکردنی جەماوەر بکرێ بۆئەوەی دەست بەرێ بۆئەو جۆرە لە خۆرێکخستن و هەنگاونان بەرەو بەدەستەوەگرتنی کاروباری ژیان و گوزەران و  ئیدارەی کۆمەڵگە لە بچوکترین مەسەلەی خزمەتگوزاری و ئابوریەوە تا گەورەترین کارو بڕیاری سیاسی. هەر ئەو  خەڵکە دەتوانن داوا لەو حزبانە بکەن، کە وەکو حزبی سیاسی بێن و لەناو کۆمەڵگەی کوردستان هەڵسوڕانی سیاسی خۆیان بکەن و پابەندبن بە پرەنسیپی و یاسای ئازادی هەڵسوڕانی سیاسیەوە. ئەندامانی خۆیان، وەکو هەر هاوڵاتیەکی دیکەی کوردستان لە شوێنی کارو ژیان و لە فەرمانگەو دامەزراوەو گەرەکەکاندا بنێرنە ناو شوراو ئەنجومەکان و خۆشیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرایەتی ئەو شوراو ئەنجومەنانە هەڵبژێرن.

بۆپێشەوە: تۆ دەڵێتت کە دەسەڵاتی میلیشیایی دژی ئیرادەو دەسەڵاتی جەماوەرییە، کە دروستە. لەوەها حاڵەتێکدا جەماوەری بێبەش لەهەر جێگایەک دەست بۆ دامەزراندنی شورا یان هەر ئۆرگان و ئەلگۆییەکی بەڕیوەبەرایەتی ببات، رووبەرووی هێزی سەرکوتی دەسەڵاتی میلیشیایی دەبێتەوە، و رێگای لێدەکەن، کەواتە چ بکرێ لەبەرامبەر بەو دەسەڵاتەدا؟ پیشمەرجی دامەزراندنی دەسەڵاتی جەماوەری چییە؟

 موحسین کەریم: دەسەڵاتی جەماوەری لە پرۆسەیەکی سیاسی هوشیارانەو رێکخراوی جەماوەردا زەمینەکانی فەراهەم و جێبەجێ دەبێت. وەکو لە وەڵامی پێشوودا وتم، دەسەڵاتی میلیشایی ناتوانێ پێش بە هەموو جوڵەیەکی جەماوەر بگرێ، بەتایبەتی کە نەفرەتێکی زۆر لەدەسەڵاتی ئەوان هەیە، بۆیە دەرفەت بۆ جەماوەر هەیە کە بەشێوازی گونجاو و هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵ گەشەسەندنی ئاستی رێکخراوەیی سیاسی و جەماوەریدا، بنەماکانی هێزو تواناو دەسەڵاتی خۆی دابمەزرێنێ. مەبەستم لەدەسەڵات بەتەنها ئەوە نییە کە رۆژێك جەماوەر رادەپەڕن و ئەو حزبە میلیشییاییانە رادەماڵن و دەسەڵاتی سیاسی جەماوەری لەجێگایدا دادەمەزرێنن، بەڵکو مەبەستم لەوەیە کە پێبەپێی خۆرێکخستن و رێکخراوبوونی جەماوەر، کۆڵەکەکانی هێز و دەسەڵاتی خۆشی پتەوتر دەکات و لەبەرامبەر ئەو حزبانەدا دەکەوێتە هاوسەنگیەکی سیاسی گونجاوترەوە. بەر لەوەی شورا و ئەنجومەن دروست بکرێ، پێویستە هەڵسوڕاوانی  سۆشیالیست و کۆمۆنیست و رادیکاڵی جەماوەری ئەڵقەو گروپەکانی خۆیان دروست کردبێت. لەگەڵ خەڵدا پەیوەندیان دروست کردبێت. باسی شورا و ئەنجومەن و دەسەڵاتدارێتی خەڵکیان بۆ بکەن. خەڵك قانع بکەن بەو بۆچون و باوەڕانە. قانعیان بکەن کە چ دەسەڵاتی میلیشایی و چ  بەدیلە سیاسیەکانیان لەناو هێزو حزبەکانی بۆرژوازیدا، ناتوانن ئاسۆی باشبوونی ژیان و گوزەران و بەدەستهێنانی مافەکان و ئایندەیەکی رۆشن، بخەنە بەردەم ئەو خەڵکە. دەبێ بە حەوسەڵەوە ئەو کارە بکەن دوور لەهەر کارێکی سەرچڵانەو پەلەپروزکێی سیاسی. دەبێ لە دوو ئاستدا جەماوەر ئامادەبکرێ بۆئەوەی دەسەڵاتدارێتی خۆی دابمەزرێنێ. یەکەمیان لەڕووی سیاسیەوە، ئەویش بەوەی بەتەواوی دەست بشوات لەهەموو بەدیلەکانی بۆرژوازی کورد کە ماوەی ٢٧ساڵە تاقی دەکاتەوەو بیجگە لە بێمافی و خراپتربوونی بارودۆخی ژیان و گوزەران و تاریکتربوونی ئایندەی سیاسی هیچی تری لێ دەست نەکەوتوە! دووەم، دەبێ لەباری رێكخراوەییەوە جەماوەر خۆی ئامادەبکات و دەیان ئۆرگان و گروپ و کۆمیتەی جەماوەری لەزۆرێك لە گەڕەك و دامەزراوەو ناوەندەکانی کارو خزمەتگوزارییەکان دروست کردبێت. کە ئەمانە ببنە ناوکۆکەی شوراو ئەنجومەنەکانی خەڵك و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارێتی جەماوەر لە داهاتوودا. هەروەها وەکو لە وەڵامی پێشومدا ئاماژەم پێکردوە، داوا لە هەموو حزبەکان بکرێ کە وەکو حزبی سیاسی هەڵسوکەوت بکەن و ئەوانیش بێنە ناو شوراکانەوە. ئەگەر خەڵك دەنگیان پێدان، ببنە نوێنەری خەڵك و بەشداری بکەن لە دەسەڵاتدارێتی خەڵکدا کە لەسەر بنەمای دیموکراسی راستەوخۆ و بەشداری ئازادانەی هاوڵاتیانی کوردستان لە بڕیاری سیاسی و ئیدارەی سیاسی کوردستاندا بنیات دەنرێ!

Leave A Reply

Your email address will not be published.