بایکۆت هەنگاوێکە لە ڕێگای گۆڕین گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد دەربارەی هەڵبژاردن بەشی یەکەم

0

بۆپێشەوە؛ دەوەرەیەکی تری هەڵبژاردنی پەرلەمان لە کوردستان بە ڕێگاوەیە و بڕیارە کۆتایی مانگی سێپتەمبەر ئەنجام بدرێت. لە هەڵبژاردنی پێشو بۆ پەرلەمانی عێراق ئەوەی زۆربەرچاو بوو بەشداری زۆر کەمی خەڵک بوو، ئێستاش ئەو باسە گەرمە لەسەر بەشداری یان بەشداری نەکردنی خەڵک. بەرای ئێوە خەڵک بەشداری بکات یان نەیکات چ بایەخێکی هەیە؟

ڕێبوار  ئەحمەد: بە هەردوو بارەکەدا بایەخێکی زۆری هەیە. بەشداری زۆرتری خەڵک لەم گاڵتەجاڕیە هۆکارێکە بۆ شەرعیەتدان و بایکۆتکردنیشی توڕهەڵدانە لەو شەرعیەتە ساختەیەی بۆ دەسەڵاتی داسەپاوی ئێستا هۆنراوەتەوە. هەریەک لەمانە رۆڵی زۆری هەیە لە هاوسەنگی و بەرامبەرکێی دواتری خەڵک لەگەڵ دەسەڵات لەسەر ماف و ئازادی و خواستەکانیان. لە کاتی گەرمەی ناڕەزایەتیەکانی چەند مانگی ڕابردوودا کە نزیک بە سەرتاپای کوردستانی گرتەوە، لە کاتێکدا خەڵک دروشمی “بڕۆن! بڕۆن!”ی دەدا بەڕووی ئەم تاڵانچی و مافیایانەدا، نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامدا وتی “ئێمە بەدەنگی خەڵک هاتوین و بەدەنگی خەڵکیش دەڕۆین”! گومان لەوە نییە کە هیچ راستیەک لە قسەکەیدا نەبوو، واتە نە بە دەنگی خەڵک هاتوون نە بەدەنگی خەڵکیش دەڕۆن، ئەوان بە زەبری چەک لە دەسەڵاتدان و بە شۆڕش دەڕۆن، بەڵام بێگومان کەڵک لە دەنگی خەڵک وەردەگرن. ئەوەبوو هەر لەسەر ئەم بناغەیەش مافی بەخۆی دا کە ڕاشکاوانە بڵێ “بە دەمانچە و چەقۆ لەوانە دەدەین کە دێنە سەرجادە و بە ئێمە دەڵێن بڕۆن!

 لە هەڵبژاردنی پێشوی بە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا خەڵک لە ئاستێکی زۆر فراواندا بایکۆتی کرد، ئەمە هەر ئێستا ژێرپێی دەسەڵاتی سیاسی عێراقی شلوشاو کردووە، فاکتەرێکی ئەو ئەزمەیەیە کە چەند مانگە لە ئارادایە و ناتوانن کابینەیەکی وشکەکەڵەک ڕاستبکەنەوە. رۆڵی گرنگیشی دەبێت لە لەرزۆکی و داوەشاوی ئەو دەسەڵاتەی کە سەرئەنجام دوای بەندوبەست لەسەری رێک دەکەون.

با نمونەیەکی تر بهێنێنەوە. لە ١٩٩٢ کە یەکەم سیناریۆی هەڵبژاردنی پەرلەمان و یاری دیموکراسی بەرپاکرا لە کوردستان، خەڵک لە ئاستێکی زۆر زۆر فراواندا بەشدار و خۆشباوەڕبوون. ئەوەش کارو خەباتی ئێمە کۆمۆنیستەکانی لە دژی دەسەڵاتی میلیشییای ئەم حزبە تاڵانچیانەی زۆر سەخت کرد. تا ڕادەی ئەوەی کە بە ئاسانی دەیانتوانی لە ئاستێکی فراواندا ئێمە وەکو تابوری پێنجەم و ئاژاوەچی و تەنانەت دەسیسەی بەعس بە خەڵک بقەبڵێینن و لەسەر دەربڕینی ڕای سیاسی خۆمان بە توندی سەرکوتمان بکەن. هەر فریوکاریەک لە ئارادا بووبێت ئەوکات ئەوان توانیان بەشداری و دەنگدانی فراوانی خەڵک بکەن بە پاڵپشتی شەرعیەتی دەسەڵاتی میلیشیایی و نامەشروع و لە پێشەوە داسەپاوی خۆیان. ئێستا دوای ٢٧ ساڵ ئەزمونی حوکمڕانیان، خەڵکی کوردستان زۆر ڕۆشنتر لەوەی کە ئەوکات ئێمە دەمانگوت حەقیقەتی ئەمانەی بۆ دەرکەوتووە، بەڵام بێگومان ئەم حەقیقەتە بە نرخی ٢٧ ساڵ نەهامەتی و دەردەسەری بێسنوری خەڵک بەدەرکەوت.

دۆخی بنبەستی ئێستای دەسەڵاتی بورژوازی کورد و کوردایەتی، پەرتەوازەیی هێزەکانی، ئیفلیج بوونی دامودەزگاکانیان، هەموو ئەمانە پێویستی بەوەیە جارێکی تر داهات و دەسەڵات لە نێو باڵ و لایەنەکانی بورژوازی کورددا سەرلەنوی دابەش بکرێنەوە. ئەوەندەی بەبێ نمایشی هەڵبژاردنە ساختەکانیان بۆیان کرابێت هەوڵیان بۆی دا، بەڵام نەیانگەیاندوە بە سازانێک کە جێگای ڕەزامەندی و باڵانسێکی ناوخۆییان بێت یان دۆخەکە بەبارێکدا یەکلابکاتەوە. سیناریۆی هەڵبژاردن ڕێگایەکە هەم بۆئەوەی ڕاستی مافیایی و تاڵانکارانەیان بە بۆیاخی دیموکراسی بڕازێننەوە. هەم لەم ڕێگایەوە هەرلایەک بە بەشی خۆی ڕازی بکرێت. لە یەک رستەدا پێویستیان بە گاڵتەجاڕی بە ناو هەڵبژاردنە هەم بۆ رەسمکردنەوەی هاوسەنگی لایەن بورژوازیەکان، هەم بۆ زاخاودانەوەی مەشروعیەتی دیموکراسی دەسەڵاتیان هەم لە ئاستی ناوخۆی کوردستان هەم لە ئاستی عێراق و بەرامبەر بە حکومەتی عێراق، هەم لە ئاستی جیهانیدا. ئەگینا لە هەر سێ ئاستەکەدا دوچاری کێشە دەبن و کۆسپیان بۆ دروست دەبێت. ئەوەندەی بۆیان لوابێت تەمەنی پەرلەمانی ڕابردویان درێژکردەوە، ئێستاش هەوڵی ئەوە لە ئارادایە کە جارێکی تریش تەمەنی ئەم پەرلەمانە مردوە درێژبکەنەوە، بەڵام ئەمە خۆی کێشەبەردارە و رێگایەکی تەختی لە پێش نییە. بەهەرحاڵ گاڵتەجاری هەڵبژاردن ئەگەر بەرپابکرێت، بۆ ئەو مەسەلانە پێویستە کە باسی ناکەن نەک بۆ ئەوانەی کە دەهۆڵی بۆ دەکوتن.

سیناریۆیی هەڵبژاردنی ئەوان هەرچیەک بێت، بەشداری خەڵک تیایدا وەکو جۆرێک لە شەرعیەتدان بە بەدەسەڵات و گاڵتەجاریە دیموکراسیەکەیان دەشکێتەوە و ئەوان دەهۆڵی دیموکراسیبوونی خۆیان و دەسەڵاتەکەیانی پێدەکوتن. پێچەوانەکەشی دروست بە پێچەوانەوە دەشکێتەوە، واتە بایکۆتکردن نمایشەکەیان ڕیسوا دەکات و کاری لێرە بەدوا بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ستەمکاریان ئاسانتر دەکات. پێویستە ئەم نمایشە ساختەکاریە بایکۆت بکرێت و نیشانی جیهان بدرێت کە ئەمە گاڵتەجارییەکی ڕیسوایە و ئیتر ئەمانە مافی حومکڕانیان نییە و نەک هەر دەبێ بڕۆن، بەڵکو دەبێ لەسەر دەریایەک لە تاوانکاری دادگایی بکرێن.

بۆپیشەوە؛ کەوایە تۆ پێت وایە کە پێویستە خەڵک بە هیچ جۆریک بەشداری ئەم بەناو هەڵبژاردنە نەکەن. ئایا جگە لەوەی وتت نابێ مەشروعیەت بدرێت بەم دەسەڵاتە، هۆکارێکی تایبەتی تر هەیە بۆ پێویستی بایکۆت و بەشداری نەکردنی خەڵک؟

ڕێبوار ئەحمەد: دوای ٢٧ ساڵ لە دەسەڵاتی داسەپاوی ئەم حزبە تاڵانچیانە و بەرپاکردنی چەندین دەورەی فریوکارانەی هەڵبژاردن، من وا دەزانم ئیتر دەبێ پرسیارەکە پێچەوانە بێتەوە؛ واتە پرسیارەکە ئەوە نییە کە بۆ دەبێ خەڵک بەشداری نەکات؟ بەڵکو ئەوەیە کە بۆچی بەشداری بکات؟!! کردنی کارێک هۆکاری دەوێ نەک نەکردنی! ئایا هیچ خەڵکێکی سادە کە ناچار نەبووبێ ڕیشی خۆی بداتە دەستی ئەم حزبانە و ترسی نانبڕانی نەبێت، گومان و خۆشباوەڕی ئەوەی هەیە کە هەڵبژاردن بۆ ناردنی نوێنەرانی خەڵکە بۆ پەرلەمان؟! کەس گومانی ئەوە دەکات ئەو جەنابانەی لەوێ موچەی موفت و کڵتف بۆ خۆیان دەبڕنەوە نوێنەرایەتی خواست و بەرژەوەندی خەڵک دەکەن؟ کەس گومانی ئەوە دەکات کە لە ڕاستیدا شتێک هەبێت بە واقعی و بە مانا باوەکەی پێی بوترێت پەرلەمان و بۆ ماف و ئازادی و خۆشگوزەرانی خەڵک یاسا دەربکات؟! ئایا ئەوکاتەی پارتی قفڵی لە دەرگای پەرلەماندا هیچ بۆشاییەکی واقعی لە حوکمڕانی دروست بوو؟ ئایا بوون و نەبوونی جیاوازی هەبوو لە پەیوەند بە ژیانی خەڵکەوە؟ ئایا ئەوانەی پێییان دەڵێن پەرلەمانتار نوێنەری خەڵکن یان تەنها کۆمەڵێک ڕاسپێردراوی حزبە کۆنەپەرست و مشەخۆرەکانن بۆ واژۆکردنی فەرمانەکانی ئەوان؟ ئایا لە ٢٧ ساڵی ڕابردوودا ئەم دامەزراوە هیچی لە ژیانی خەڵک گۆڕیوە؟ ئایا ژیانی خەڵک لە سایەیدا خۆشتربووە؟ ئایا خۆشگوزەرانی باشتربووە؟ مافی هاوڵاتی پارێزراوتر بووە؟ …هتد. ئاشکرایە کە وەڵامی ئەمانە هەمووی نەخێرە و بگرە بەپێچەوانەوەیە. کەوایە بۆ دەبێ خەڵک بەشداری گاڵتەجاڕی مەشروعیەتدان بە دەسەڵاتێکی قەرەقوشیانە بکات کە کەمەری تەنها بۆ باراندنی دەرد و نەهامەتی بەسەر ئەو خەڵکەدا توندکردوە؟ بۆ دەبێ بەڵگەی ئەوە بدرێتە دەست ئەم ستەمکارانەوە کە بڵێن “ئێمە بەدەنگی خەڵک هاتوینە سەر کورسی دەسەڵات”؟!

جگە لەمە سەدویەک بەڵگە هەیە بۆ ئەوەی پێویستە بایکۆت بکرێت. لەوانە بەرلە هەرشتێک ئەمە هەڵبژاردن نییە، لایەنە بانگەشەچیەکانی ئەم گاڵتەجاڕیە خۆیان دانیان بەمەدا ناوە. مەگەر ئەوەنییە هاوپەیمانی چوارلایەنی و پێنج لایەنی دەڵێن گەورەترین ساختەکراوە و دەنگەکان دزراوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوی عێراق پەسەند ناکەن. لەم سیناریۆیەدا دەنگی خەڵک رۆڵێکی نییە. ئەمەش دیسان لایەنە بەشدارەکان خۆیان دانیان پێدا ناوە. هەڕەشە و گوڕەشەی نان بڕین، بە بارمتەگرتنی نان و ژیانی خەڵک، کڕینی دەنگی خەڵک..هتد، بە فراوانی لە ئارادان بۆ وەرگرتنی پەنجەمۆری خەڵک. مافی خۆکاندیدکردن و بەشداری حزبەکان و دەرفەتی پڕوپاگەندە، نەک یەکسان نییە، بەڵکو رێگری زۆر گەورەی لەپێشدایە. حزبە دەسەڵاتدار و شەریکەکانیان و ئەوانەی کۆمپانیای زەبەلاحیان لە پشتە، دەتوانن هەموو مەرج و سەختگیریەکان تێپەڕێنن، بەڵام ئەحزابێک کە نە لە دەسەڵات شەریک و نە خاوەن کۆمپانیا نەبێت، ناتوانن لەو بەربەستانە تیپەڕبن. یان بۆ نمونە کرێکار و فەرمانبەر و مامۆستا و لاوانێک کە ناتوانن ژەمێکی تێر بخۆن چۆن بڕۆنە ناو ئەم پرۆسەیەوە؟….هتد

بۆپێشەوە؛ ئەولایەنانەی کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیونی دەسەڵاتی ئیستا نیشاندەدەن، هەوڵوتەقەلایەکی زۆر دەدەن بۆ پەلکێشکردنی خەڵک بەرەو سندوقەکانی دەنگدان. ئەم هەوڵوتەقەلایەی ئەوان چۆن دەشکێتەوە؟ بە تایبەتی نەوەی نوێ و بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنە ئیسلامیەکان. رۆڵی تا ئێستای ئەوان چۆن لێکدەدەنەوە؟

ڕێبوار ئەحمەد: ڕۆڵی ئەوان تا سەرمۆخ لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خەڵکدا دەکەوێتە ناکۆکی زۆر توندەوە. ئەوان بنکۆڵی خەبات و ناڕەزایەتی خەڵک دەکەن، ئەو ڕادەیە لە بەرچاوڕۆشنی خەڵک کە بە نرخی ٢٧ ساڵ نەهامەتی بەدەستهاتووە، لێڵ دەکەنەوە. خەڵک پەلکێشی یاریەکی سیاسی دەکەن کە هەمیشە خۆیان دوای تەواوبوونی گاڵتەجاڕیەکە دانی پێدا دەنین کە پرۆسەیەکی چەواشەکارانەیە. ڕۆڵی ئەوان لەوەدا تەواو دەبێت کە لە پێناو بەدەستهێنانی چەند کورسی پەرلەمانی و پچڕینی سوچێکی دەسەڵات و شەریک بوونەوە لە داهاتی بەتاڵان براوی خەڵکی کوردستان، خەڵک چەواشە دەکەن و ئەم گاڵتەجاڕی ساختە و فریوکاریە بە نرخی هەڵبژاردنی نوێنەران و خەباتی مەدەنی بۆ ئاڵوگۆڕ، دەرخواردی خەڵک دەدەن. هەرکات خەڵک بە قوربانیەکی زۆر پەی بەراستی ئەم نمایشی گەوجاندنە دەبەن و دەگەنە ئەوەی لە ئاستێکی فراواندا بایکۆت و ڕیسوای بکەن، لەتێک لە یەکێک لە حزبە دایکانەکەی بورژوازی کورد جیادەبێتەوە و بە فڕوفیشاڵێکی تازەوە خەڵک بانگەواز دەکاتەوە بۆ بەشداری و شەرعیەتدان بەم دەسەڵاتە مافیاییە.

دوو دەورەی پێشوو بزووتنەوەی گۆڕان ئەم دەورەی گێڕا و بەڕای من گەورەترین خزمەتی بە دەسەڵاتی میلیشییای بورژوازی کورد کرد. بزوتنەوەی گۆڕان بە دروشمی “ئەیگۆڕین، ئەیگۆڕین” هاتەمەیدانەوە، بەڵام نەک هەر بانگەشەکەیان لەپوچ پوچتر بوو، نەک هەر بە ئەندازەی نوکە دەرزیەک دۆخی… ژیان و مافی خەڵکیان بەرەوباشتر نەگۆڕی، بگرە لەو دەورەیەی ئەوان چونە ناو پەرلەمان و حکومەتەوە دۆخی ژیان و مافی خەڵک لە هەمووکات خراپتر بوو. بەڵام لەوەش زیاتر گۆڕان بە راپێچکردنی خەڵک بۆ بەشداری سیناریۆیی هەڵبژاردن، خۆڵیان کردە چاوی خەڵک، بزووتنەوەی خەباتکارانەی خەڵکیان بنکۆڵ کرد، ئەو خەباتەیان بەرەوهەڵدێر برد، بە تایبەتی بە بانگەواز “ئارام راگرتنی شەقام” رۆڵیان گێڕا لە درێژکردنەوەی ٨ تا ١٠ ساڵ دەسەڵاتی میلیشییایی لە کوردستاندا. خۆشباوەڕی بە گۆڕان نەبوایە دەکرا هەر لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ شەقێک لەم دەسەڵاتە هەڵدرێت و ئێستا دۆخی کوردستان لە جێگایەکی تر بوایە. گۆڕان دووجار خەتای ئەوەی خستە ئەستۆی خۆی. لەوکاتەدا خەڵک ئومێدی بە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن تا ڕادیەکی زۆر کاڵببوەوە، گۆڕان فریوکاری کرد و بە ئومێدی ئەوەی کە ئەگەر ئێمە ببینە کتلەیەکی پەرلەمانی بەهێز دۆخی خەڵک دەگۆڕین، خەڵکیان بردەوە بەردەم سندوقەکانی ساختەکاری. لە ئەنجامیشدا گوڕان بوو بە کتلەیەکی بەهێز لەناو ئەوەی پێی دەڵێن پەرلەمانی کوردستان، بەشێکی لە داهات و دەسەڵاتی کوردستانی بە نسیب بوو، بەڵام ٨-٩ ساڵی ڕابردوو تەجروبە نیشانیدا کە بوونی گۆڕان لە پەرلەمان و لە دەسەڵات، نە یەک نانی زیادەی خستە سەر سفرەی خاڵی خەڵک، نە یەک سەعات کارەبای زیاد کرد، نە دکتۆرو دەرمانی باشترکرد، نەک نەهامەتی کەمتر کردەوە، بگرە هەموو ئەوانە بە پێچەوانەوە بوو.

ئەمجارەیان نەوەی نوێ هاتۆتە مەیدان بۆ گێڕانی هەمان ڕۆڵ. حزبێک کە پشتی بە کۆمپانیای زەبەلاحی بیزنس و ملیاردێر بەستووە و چاوی لەوەیە چۆن قەڵای سەرمایەی بەرزتر بکاتەوە، فرمێسکی تیمساحی بۆ نەداری و برسێتی و فەلاکەتی خەڵکی ستەمدیدە هەڵدەوەرێنێ. ئەگەر ئەم مەنتیقە راستیەکی تیابێت مانای وایە هەموو زانستی ئابوری سیاسی سەرمایەداری بەدرۆدەخرێتەوە و گوایە سەرمایەدارە ملیاردێرەکان تامەزرۆی ئەوەن سەرمایەکانیان خەرجی بەختەوەری خەڵک بکەن، بەڵام ئەوەی لە جیهانی واقعیدا خەریکە ڕوودەدات، دوای ڕادەیەکی باش لە ڕەوینەوەی خۆشباوەڕی خەڵک بە بزووتنەوەی گۆران و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی خەڵک دژی دۆخی کارەساتباری ئێستا، ئەمجارە باڵێکی تری بۆرژوازی کورد دەیەوێ ناڕەزایەتی خەڵک بە ڕێگایەکی تردا بەرەوهەڵدێر بەرێت لە خزمەت بە مەرام و ئامانجە بورژوازیەکانی خۆیدا. سەرئەنجام بیانەوێ یان نەیانەوێ ئەمە خزمەت بە دەربازکردنی دەسەڵاتی بورژوازی ئەزمەگرتوی کورد دەکات لە داڕوخان و مایەپوچی. بەبڕوای من لە هەڵبژاردنی پێشوی عێراقدا نەوەی نوێ یەکەمین گورزی کاریگەری لە ڕەوتی ڕەوینەوەی خۆشباوەڕی خەڵکدا. بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان، جیاوازی نییە کێ خوێن و شیلەی گیانی ئەوان دەمژێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بورژوازی سنگی خۆی بۆ برسێتی خەڵک دانادڕێت، بەڵکو بۆ کەڵەکەی سەرمایەکەیەتی. بەبڕوای من ڕۆڵی لایەنەکانی وەکو نەوەی نوی و ئیسلامیەکان و گۆڕان و هاوپەیمانی، لە کۆتاییدا لە ڕوانگەی خەڵکەوە لەوەدا تەواو دەبێت کە لە پێناو مسۆگەرکردنی چەند کورسی بۆ خۆیان و پچڕینی سوچێکی دەسەڵاتدا، زۆر بە ناحەق خەڵک فریودەدەن و خۆشباوەڕیان دەکەن بەو شتەی کە خەڵک پەیان بە پوچیەکەی بردووە. ئەوان کورسی بەدەست بێنن یان نا ڕۆڵ دەگێڕن لە مەشروعیەتدان بە دەسەڵاتی میلیشییایی و نامەشروعی ئێستا. پاش ئەوەش هەر خۆیان دەکەونەوە هەراو زەنا دەربارەی ئەوەی کە ئەمە هەڵبژاردن نەبوو! ساختەکاری بوو، دەنگەکان دزراون…هتد

ماویەتی

Leave A Reply

Your email address will not be published.