دیمانەیەکی تایبەت لەگەڵ محسین کەریم، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان… بەشی یەکەم

0

بۆپێشەوە: وابریارە ٣٠ ئەیلول هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، لەهەلومەرجێکدا کە پێگەی ناسیونالیزم کورد، بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە  لەبەرامبەر بەغدا لاواز بووە، بەتایبەتی بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٦، لە دۆخێکی ئاوادا چۆن دەڕوانە ئەو هەڵبژاردنە؟

موحسین کەریم: راستە پێگەی بۆرژوازی کورد و بزوتنەوە سیاسیەکانی لەبەرامبەر بۆرژوازی عێراقی و دەوڵەتی ناوەندیدا، دوای ١٦ ی ئاب لاواز بووە، بەڵام ئاڵوگۆڕێکیش لەناوخۆی خێزانی بۆرژوازی عەرەبی و بزوتنەوەو هێزە سیاسیەکانیدا روویداوە، بەتایبەتی لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا، ئەو هێزانە ئەو ئینسجامە سیاسیەی لەدەورانی ئەنجامدانی ریفراندۆم دا، بۆ ماوەیەکی کاتی بەدەستیان هێنابوو، لەدەستیان دا. شکستی هەڵبژاردنی پەرلەمان و بنبەستی دروست نەبوونی حکومەتی عێراق، دوای زیاتر لە (١٠٠) رۆژ لە تەواوبوونی هەڵبژاردن، لەپاڵ ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری لە شارەکانی باشووری عێراق لە دژی بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان، ئەو هێزانەی توشی داماوی و بێئاسۆیی کردوە. بەمەش ئەو باڵادەستیەی کە راستەوخۆ دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەدەستیان هێنا بەرامبەر بە هێزەکانی بۆرژوازی کورد، لاوازتربووە.

لە پەیوەند بە بارودۆخی ناوخۆی هێزو حزبەکانی بۆرژوازی کوردو هاوکێشەو هاوسەنگی نێوانیان، بەهەمانشێوە پارسەنگی یەکێتی و پارتی زیاتر بووە. ئاکامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و مانەوەی دەنگەکانی پارتی و یەکێتی وەکو خۆی و شکستی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکانیان (بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانیەکەی بەرهەم صاڵح و بزوتنەوەکەی شاسوار عبدالواحید)، پێگەی ئەو دوو حزبەی تەنانەت بەرامبەر بە نەیارەکانیان، لەناو هێزەکانی بۆرژوازی عێراق و رێکەوتنە سیاسیەکان بۆ پیکهێانی حکومەتی ناوەند، بەهێزتر کردوە. ئەو (٥) لایەنەی نەیاری یەکێتی و پارتی بەجۆرێك تووشی بێئاسۆیی و گیرۆدەیی سیاسی بوون، کە ناتوانن وەکو دەورانی (١٧)ی شوبات، بەرەیەك دژ بەو دوو حزبە پێكبهێنن! بۆیە هاوسەنگی هێزی سیاسی لەناوخۆی کوردستاندا، بە قازانجی هەمان دوو حزبی پارتی و یەکێتی دەمێنێتەوە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بێجگە لە درێژکردنەوەی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەوان، شتێکی دیکە نابێت.

بۆپێشەوە: لە هەڵبژاردنی پێشوودا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، زوربەی خەڵکی عێراق و کوردستان، بەشداری هەڵبژاردنیان نەکرد، لاتان وایە لەم هەڵبژاردنەشدا خەڵک بەهەمان شێوەی پێشوو یان زیاتر بەشداری ناکات؟

موحسین کەریم: بەبڕوای من ئەزمونی هەڵبژاردنی عێراق، ئەگەرچی هەندێ لایەنی جیاوازی هەیە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، دەکرێ وەکو بنەمایەك بۆ خوێندنەوەی میزاجی سیاسی گشتی خەڵکی کوردستان لەبەرچاو بگیرێ. بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداری نەکردنی خەڵك، ئەگەر لایەنێکی بە دروستی ئەوەبووبێت کە زۆربەی خەڵکی کوردستان لە ریفراندۆمدا دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دابوو، وە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و گێڕانەوەی کوردستان بۆ باوەشی دەوڵەتی ناوەندی پێچەوانەی ئەو بڕیارە بوو، بەڵام لایەنێکی دیکەشی هەبوو، ئەویش بێئومێدی جەماوەر بوو لە سەرجەم بەرنامەو سیاسەتی ئەو هێزانەی بەشداری هەڵبژاردنیان کردبوو. بێ بڕوایی خەڵك بوو بەوەی کە لەرێگای دەنگدان و هەڵبژاردن لەژێرسایەی ئەم حزبانەی بۆرژوازی کورددا، بەدەسەڵاتدارو  ئۆپۆزیسۆنەوە، بە ناسیۆنالیست و ئیسلامی سیاسیەوە، بتوانرێ شتێك لەبەرژەوەندی ئەوان، بە قازانجی ماف و ئازادی و ژیان و باشبژێویان بگۆڕێت. بەبڕوای من ئەم مەسەلەیە وەکو خۆی ماوەتەوە. ئەو حزبانەی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، هەمان ئەوانەن کە پێشتر لە هەڵبژاردنەکان و لە پەرلەماندا بەشداربوون و بەرنامەو کارنامەی سیاسیان لای جەماوەر رۆشنەو شکستی خواردوە، یان لەهەناوی ئەو حزبانەوە هاتونەتە دەرەوەو مناڵی شەرعی ئەوانن! بۆیە من پێموایە کە رێژەی بایکۆتی خەڵك و بەشداری نەکردن ئەگەر لەچاو هەڵبژاردنی عێراقدا زیاتر نەبێ لانی کەم لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشووتری پەرلەمانی کوردستاندا زۆر زیاتر دەبێ.

لەلایەکی دیکەوە، خەڵکی ناڕازی لە ئەزمونی هەڵبژاردنی عێراقدا بێبایەخی و پووچی دەنگدان و هەڵبژاردنیان بۆدەرکەوت. بۆیان دەرکەوت کە ئەوەی بڕیاردەدات لە گۆڕەپانی سیاسەت و دەستادەستکردنی دەسەڵاتدا، دەسەڵاتی پارەو چەکە. دەرکەوت کە هاتوهاواری حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن سەبارەت بە ساختەکردن و دزینی دەنگەکانیان لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە فلسێکی قەڵبی نەکرد! بۆیە تەنانەت بەشێك لە دەنگدەرانی ئەو هێزانە بەو ئەنجامە گەیشتوون کە بەشداری دەنگدان نەکەن. ترسی ئەم هێزانە لەوەیەو هەموو هەوڵێك دەدەن ئەمە روونەدات!

بۆپێشەوە: بەشێک لە حزبەکانی کوردستان، بەتایبەتی ئۆپۆزیسێون!! و نوێنەران و نووسەرانیان دەڵین، ئەگەر خەڵک بەشداری هەڵبژاردن نەکات، ئەوا حزبە دەسەڵاتدارەکان، لەجیاتی ئەوان دەنگ دەدەن… لەوبارەیەوە دەڵێن چی؟

موحسین کەریم: من پێموایە بێجگە لە پڕوپاگەندەی ئەو حزبانە بۆ چەواشەکردنی خەڵك و ترساندنیان بۆئەوەی بچن و دەنگ بەخۆیان بدەن، هیچ شتێکی دیکە نییە. لەژێرسایەی دەسەڵاتی میلیشیاو چەك و پارەدا گومانی تێدا نییە کە دەسەڵات بۆ ئەو دوو حزبە بڕاوەتەوە. بۆچی ئەوکاتانەی کە خەڵك چوون و دەنگیان بە ئۆپۆزیسۆن دا، توانیان دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لاواز بکەن، یان شەرعیەتیان دا بە دەسەڵاتی ئەوان؟ پێشتر خەڵك وەکو دوو هێزی خۆسەپێن سەیری ئەوانی دەکرد، بەڵام بەشداری بەناو ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردندا، شەرعیەتی یاسایی دا بەدەسەلاتی ئەوان! بانگەشەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەرێگای دەنگدان و هەڵبژاردنەوە وەهمێکی پووچ دەرچوو! ئەو دوو حزبە چەکدارەی دەستیان بەسەر دارایی و سەرچاوەی ئابوری کوردستاندا گرتووە، بەدەنگدان بێت یان بەبێ دەنگدان، دەسەڵات بۆئەوان قۆرخکراوە. کێ ئەتوانێ رێگری لە ساختەو تەزویری ئەوان بکات؟ دەیان شێوازو رێگایان هەیە بۆ تەزویر، بۆ کڕینی دەنگی خەڵك. بۆیە مەسەلەی دەنگدان لەجێگای خەڵکێك کە بایکۆتگی دەنگدان دەکات، تەنها قسەیەکی پووچە! بەڵام بایەخی بایکۆتی دەنگدان و هەڵبژاردن لای خەڵك، وەرگرتنەوەی شەرعیەتە لەلایەن ئەوانەوە لەدەسەڵاتی میلیشایی ئەو دوو حزبەو حزبە هاوسفرەو خوانەکانیان! ئەمە بۆ خەباتی هەقخوازانەی خەڵك لەڕوی سیاسیەوە بایەخێکی گەورەی هەیە.

بۆپێشەوە: بەشداری نەکردنی خەڵک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەرهەمی خۆبەخۆ و توەرەیی جەماوەر بوو لەدەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن!!، نەک کاری ڕێکخراوی حزب و لایەنی سیاسی یان ڕیكخراوەی کۆمەڵگەی مەدەنی…تاد، چ بکرێت بۆئەوەی دەنگی ” نا” و ” بایکۆت” نوێنەرایەتی بکرێت؟

موحسین کەریم: ئەگەر بەشداری نەکردنی خەڵك لە هەڵبژاردندا بەرەنجامی کارو پراتیکی سیاسی و جەماوەری حزب یان لایەنێکی سیاسی بێت، ئەوا بێگومان خەڵك بەپێی سیاسەتی ئەو حزب و لایەنە سیاسیە دیاریکراوە دەجوڵێنەوە. جا رەنگە حزبێکی شۆرشگێرو چەپ و کرێکاری بێت و لەوبارەدا دەتوانێ ئاراستەی سیاسی کۆمەڵگە بە ئاقارێکی دیکەدا بگۆڕێ و شکست بە پرۆسەی دەنگدان بێنێت و شێوازێکی دیکە لە دەسەڵاتدارێتی سیاسی و دەوڵەتداری بخاتەبەردەم خەڵکی کوردستان. ئەگەریش حزبێك بێت کەلەناو خێزانی بۆرژوای کوردوە هاتبێت، رەنگە بتوانی جۆرێك لە هەڵبژاردن کە دەسەڵات بیەوێ بیسەپێنێ بەشکست بکێشێ لەرێگای هاندانی خەڵك بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن و بەوجۆرەش سەپاندنی مەرجەکانی خۆی. جۆرێکی دیکەی بایکۆتیش هەیە کە بەرەنجامی بێئومێدی سیاسی جەماوەرە لە پرۆسەی هەڵبژاردن یان لەو هێزانەی کە هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن و نەبینینی نوێنەری سیاسی خۆیەتی لە پرۆسەکەدا! بەداخەوە وەکو ئێوەش دەڵێن، ئەوەی لە هەڵبژاردنی عێراقدا رویدا، لەمجۆرەی دوایی بوو. راستە چەند هێزو لایەنێکی سیاسی و چەپ بانگەشەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد، بەڵام بەداخەوە بەشێکی کەمی ئەو خەڵکەی بەشداری نەکرد، بەدەمەوە هاتنی بانگەوازی ئەوان بووبێت!بەبڕوای من نوێنەرایەتیکردنی بایکۆت، تەنها لەو کاتەدا مانای هەیە کە حزبێک یان لایەنێکی سیاسی بەر لە هەڵبژاردن، لەناو جەماوەردا پێگەیەکی سیاسی و جەماوەری هەبێت و تارادەیەك سیاسەت و بەرنامەی سیاسی ئەو حزب و لایەنە بووبێتە بیروبۆچوون و پراکتیکی سیاسی بەشێکی جەماوەر یان زۆرینەی خەڵك! ئەوکاتە ئەو حزب و لایەنە دیاریکراوە دەتوانێ پرۆسەی هەڵبژاردن بە ئاقارێکی دیکەدا ببات، وەکو لەپێشەوە ئاماژەم پێکرد.

 بۆپێشەوە: گریمان خەڵک لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری نەکرد، چی لە وەزعی سیاسی کوردستان دەگوڕێت؟ وە بەدیلی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کامەیە؟ بەدیلی ئەم حزبە بۆرژوازییانە چییە؟

موحسین کەریم: وەکو لە وەڵامی پێشوودا ئاماژەم پێکرد، بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردندا دەکرێ ئاکامی بێئومیدی سیاسی خەڵك بێت، یان تەنانەت بەهۆی نەخش و دەوری هێزێکی دیکەی بۆرژوازیەوە بێت و بەرنامەی سیاسی هێزە دەسەڵاتدارەکان هەڵوەشێنتەوەو لەگەڵ ئەوەشدا لەڕووی باشبوونی ژیان وگوزەران و ئازادی و مافەکانی خەڵکەوە ئاڵوگۆڕێکی جدی و لە بەرژەوەندی خەڵک روونەدات. کەواتە بایکۆتی هەڵبژاردن ئەوکاتە دەتوانێ بارودۆخی سیاسی کوردستان بە قازانجی خەڵك بگۆڕێت کە لەسەر بانگەوازی هێزێکی سیاسی رادیکاڵ و شۆرشگێر و حزبێکی سیاسی کرێکاری و کۆمۆنیست بکرێت، بەڵام بە بڕوای من بەشداری نەکردن لە خراپترین حاڵەتیشدا، باشترە لە بەشداریکردن و دەنگدان بەو حزبە بۆرژوازی و قازانج پەرستانەی کە تائێستا پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن. چونکە بەشداریکردن شەرعیەت بەخشینە بەو حزبانەو بە حزبە دەسەڵاتدارە میلیشییایەکانی یەکێتی وپارتی، بەڵام بەشداری نەکردن وەرگرتنەوەی شەرعیەتە لەوان و سەرەتای گەڕانی جەماوەرە بەشوێن بەدیلی سیاسی رادیکاڵ و دەرفەتیش بۆ ئەو هێزو لایەنە سیاسیانە دروست دەبێ کە بەرنامەو ئامانج و پراتیکی سیاسیان لەبەرژەوەندی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و چەوساوەی کوردستانە.

بەڵام سەبارەت بە بەدیلی هەڵبژاردن و حزبە بۆرژوازیەکان، من پێموایە بەدیلی هەڵبژاردن و پەرلەمانی بۆرژوازیی و بگرە کارتۆنی کوردستان، دەسەڵاتی راستەوخۆی خەڵکە؛ واتە دروستکردنی دامەزراوەکانی دەسەڵاتدارێتی جەماوەر لە خوارەوە بۆسەرەوە، شوراو ئەنجومەنە راستەقینەکانی خەڵکی کوردستانە، کە هەر لە گەڕەکەکانەوە، هەر لە ناوەندەکانی کارو خزمەتگوزاریەوە، هەر لە زانکۆو خوێندنگاکانەوە، هەر لە خەستەخانەو فەرمانگەکانەوە تا لادێ و شارۆچکەو شارەکان و تا سەراسەری کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی ئابوری و سیاسی و بەڕێوەبردنی کاروباری بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنان و ….تاد. بداتە دەستی خەڵک و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی راستەوخۆی خۆیان. قانعکردن و ئامادەکردنی جەماوەر بۆ ئەم شێوازە لە دەسەڵاتدارێتی کاری حزب و لایەنە سیاسیە کرێکاری و چەپ و کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازانە، کە دەبێ ببنە بەدیلی سیاسی حزبەکانی بۆرژوازی و رابەریی سیاسی کۆمەڵگە بگرنە دەستی خۆیان….

  ماویەتی

Leave A Reply

Your email address will not be published.