لە پەیوەند بە ڕوداوی دڵتەزێنی شاری مەریوان، دا تۆ بە هێزی نامری، مردن لە ئاستت کۆیلەیە هەتاو عەبدوڵاهی
لە پەیوەند بە ڕوداوی دڵتەزێنی شاری مەریوان، دا
تۆ بە هێزی نامری، مردن لە ئاستت کۆیلەیە
هەتاو عەبدوڵاهی
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بە هۆی تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی. لە دارستانەکانی ناوچەی پیلە و سلەسێ ناوچەی مەریوان ئاگرکەوتنەوەیەکی بە هێز روویدا و دوابەدوای ئەو روداوە ژمارەیەک لە ئەندامان و چالاکانی مەدەنی و ژینگە پارێزی پێکهاتوو لە دامەزراوەی سەوزی چیا و خەڵکی ئەو دەڤەرە کە لە ناویان دا سیمای خۆشناو و مرۆڤدۆستی وەکوو شەریف باجوری تیدا بوو بە شێوەی خۆڕسک وبەلەخۆبوردویەوە هەستان بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە و هەموو هەوڵی خۆیان لەو پێناوەدا خستە گەڕ. بە داخەوە لەو نیوەدا و لە ئاکامی ئەو روداوە کە کۆماری ئیسلامی عامڵی سەرەکی بوو چەند کەس لە مرۆڤە خۆنەویست و خۆبەخشەکان کە بەردەوام وانەی مرۆڤدۆستی و خۆبەخشیان دەوتەوە و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەکە بوون گیانیان بەختی ئارمانە ئینسانی و مرۆڤدۆستانەکانیان کرد و ژمارەیەکیش لە لاوانی ئەو ناوچە بریندار بوون. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەرای ئەوەی کە خۆی خوڵقێنەری روداوەکە بوو، بەڵام هیچ هەولێکی بۆ یارمەتی گەیاندن بە سوتاوەکان و بریندارانی ئەو کارەساتە نەدا و دیسان گیانی مرڤەکان بۆی گرینگی نەبوو و ماهیەتی مرۆڤکوژی خۆی دەرخستەوە. لە ئاکامی ئەو روداوە دلتەزێنەدا چالاکانی ژینگەپارێز شەریف باجور، ئومید کۆنەپۆشی، رحمت حکیمی نیا و محمد پژوهی کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بە شێوەی خۆڕسک رۆیشتبوون گیانی ئازیزیان بەخت کرد و ژمارەیەک لە لاوانی ئەو دەڤەرەش بە سەختی بریندار بوون. دوابەدوای ئەو روداوە هەژێنەرە خەڵکی شاری مەریوان بە نارەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە کردەوەی بکەران و عامیلانی ئەو روداوە کە بوو بە هۆکاری گیان لە دەستدانی کۆمەلێک مرۆڤی دلسۆز و خۆنەویست لە بەرامبەر خەستەخانەی ئەو شارە کۆبونەوەی نارەزایەتیان رێکخست، کە دواجار خۆپێشاندانەکان بەربلاوتر بۆوە خۆی لە شەقامەکانی شاری مەریوان دا دیتەوە و خەڵک دژ بە رژیمی تێرۆریست و مرۆڤکوژی ئیسلامی ئێران دروشمیان دا و خوازیاری روخانی ئەو رژیمە درەندەیە بوون. خەڵکی شارەکانی تری کوردستان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی و حیزبەکانی دژبەری رژیمیش پشتیوانی خۆیان لەخەبات و نارەزایەتی بەرحەقی ئەو خەڵکە دەربری و خوازیاری محاکمە و سزادانی عامیلانی ئەو روداوە دلتەزێنە بوون و تا بە هەنوکەش نارەزایەتی و خۆپیشاندان هەر بەردەوامە. رژیمی کۆماری ئیسلامی ساڵەهایە بە هەر شێوەیەک کە بۆی لوابێ و لەهەر هەلێک کەڵکی وەرگرتووە کە زەرەر و زیان بە خەڵکی کوردستان بگەیەنێ و ئامانجە دزێوەکانی لەو راستایەدا بەرێوە دەبات. رژیم تەنانەت دوژمنی سروشت و دارستان و دەڤەری ئەو ناوچانەیە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەوە چەندەمین جارە دارستانەکانی کوردستان لەلایەن رژیمەوە و بە ئانقەست ئاگری تێ بەردەدرێ و بە دەیان جار وەلامی نارەزایەتی دەربڕینی چالاکانی ژینگە پارێزی بە زیندان و سەرکوت داوەتەوە، بەڵام ئەو کەسانە هەرگیز کۆڵیان نەداوە و بەردەوام لە راستای ئامانجی ئینسانی خۆیان هەنگاوی بە بڕشتیان هەڵگرتووە و بوونە سمبولی مرۆڤایەتی لەو ناوچەکە. لە ماوەی سالانی رابردوودا خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئیران بەردەوام بە هەر بیانویەک و لە ئەنجامی هەر روداوێک رژاونەتە سەر شەقامەکان و نەفرەت و بێزاری خۆیان لە رژیمی سەرمایەدار و دینی ئیران دەربڕیوە و رژیمیش وەک هەمیشە لە هیچ جنایەتیک بەرامبەر بە خواستی ئینسانی ئەو خەڵکە سڵی نەکردووە و کارنامەیەکی رەشی لەو بوارەوە بۆ خۆی تۆمار کردووە. لە ناو ئەو کەسانەی کە گیانیان بەختی ئارمانە ئینسانیەکانیان کرد مرۆڤێک بوونی هەیە بە ناوی شەریف باجور کە سیمبول و نمونەی مرۆڤدۆستی بوو و تاهەتایە ناوی لەلاپەرە زێڕینەکانی مێژوودا دەمێنێتەوە، مرۆڤیک لە رەنگی هەتاو کە پێنووس ناتوانێ وەسفی مرۆڤدۆستی بکات و گیان بەختکردنی شەریف بە راستی دڵی خەڵکی هەژاند و هەموو خەڵکی ئەو دەڤەرەی توشی دۆش دامان و خەمێکی قوڵ کرد. مرۆڤێک کە دارستانەکانی زاگرۆس و مەریوان لە بەرامبەر گەورەیی دا سەری رێز دادەنوێنن. شەریف لە روداوی بومەلەرزەی کرماشان یەکێک لەو کەسانە بوو کە بە خۆنەویستیەوە لە گیانی مایەی دانا بۆئەوەی یارمەتی خەڵکی ئەو ناوچانە بدات، ئێستا خەڵکی بومەلەرزە لێدراوی کرماشان و سەر پیڵی زەهاو بە گیان لەدەستدانی شەریف خەمێکی قوڵی تر بە خەمی لە دەستدانی ئازیزەکانیان زیاد بوو. بارها شەریف باجور بۆ نارەزایەتی دەربڕین بە کوشتنی ئاژەڵەکانی ئەو دەڤەرە و سوتانی لێرەوارەکان و بۆ پشتیوانی لەسەوز ژیانکردن مانی گرت و چەندین شاری تەنیا بە پاسکیل و بە برسێتی پێوا تا وانەی ئاشتی و مرۆڤدۆستی بڵێتەوە. شەریف باجور چەندین جار بۆ پشتیوانی لە هەڵسوراوانی کرێکاری و سیاسی مانی لە خواردن گرت و لە مەریوانەوە تا تاران بە پاسکیل ئەو ریگا سەختەی پێوا تا پەیامی ئاشتی بڵێتەوە و لە بەرامبەر زوڵم و زۆردا کۆڵی نەدا. بۆ پشتیوانی لە رەزا شەهابی کرێکاری لەسەر کار دەرکراو و زیندانی سیاسی لە مەریوانەوە تا تاران بە برسێتی و سەرەرای ئەوەی کە مانی لە خواردن گرتبوو بە پاسکیل ئەو ریگا دوورو دریژەی پێوا و لە مالی رەزا شەهابی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا. هەر کات لە هەر شوێنێکی ئێران زوڵم بوونی بووبێ شەریف باجور هەڵویستی ئینسانی بووە و نارەزایەتی خۆی بە شێوەی مەدەنی و بوێرانە دەربڕیوە و لەو پێناوەدا چەندین جار دەست بەسەرکراوە. شەریف باجور چەندین جار بە هۆی مانگرتن و هەڵسورانی کە پەیامی ژیانی پێ بوو لەلایەن ژیان کوژانی کۆماری ئیسلامی دەست بەسەرکرا، بەلام کاتێک لە سیاچالەکانی رژیم ئازاد بوو هەر ئەو ساتە درێژەی بەکاری خۆیدا ولەبەر دەرگای زیندانەوە بە پاسکیلەکەی ریگای شارەکانی پێوا و نایەکی تری بە درەندەیی و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی وت و پەیامی بوێری و کۆڵنەدانی بە خەڵکدا. لە دەستدانی شەریف باجور و هاورێیانی داخێکی گرانە بۆ خەڵکی ئێران بە گشتی و دەڤەرەکە بە تایبەتی، بەڵام رژیمی کۆنەپەرەستی ئیسلامی ئێران دەبێ ئەوە باش بزانێ روداوەکانی هەناوی کۆمەڵگەی ئێران و روداوەکانی ئەو ماوەی مەریوان دەرخەری ئەو راستیە بوون کە هێزی چەپ و ڕادیکال و دژە کۆماری ئێسلامی رۆژ بە رۆژ خەریکە بە هێزتر دەبێ و بە هیچ زوڵم و زۆرێک کۆڵ نادا. ئەو رۆژانە خەڵکی مەریوان سەرەرای هەموو دیاردە کۆمەلایەتیەکان و سەرەرای کێشەی قوڵی ئابووری کە رژیمی کۆماری ئیسلامی خولقێنەرێتی رژانە سەر شەقامەکان و گوفتمانی رادیکاڵی خۆیان خستە روو، لە دروشمەکانی خۆیاندا ماهیەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان خستە ژێر پرسیار و دروشمی نەمانی دیکتاتوریان وتەوە. هەروەک سەرەتاکانی شؤڕشی ئیران کە خەڵکی مەریوان بە بانگەوازی فواد موستەفا سولتانی بۆ “نا” وتن بە کۆماری ئیسلامی کۆچی مێژوویان مەریوانیان خوڵقاند، ئەمجارەش جارێکی تر نیشانیاندا مەریوان شاری ئاواتەکانی فوادی موستەفا سولتانی وەک جاران بە رەنگی ئینسانی سوور هاتە مەیدانی نارەزایەتیەکان و هێزی چەپ لەو ناوچەیە داخوازی خۆیان خستە روو و دنیای سەرمایەداری و رژیمی سەرمایەداری و دینی کۆماری ئیسلامیان بە عامیلی هەموو چەرمەسەری خەڵکی چەوساوە زانی و هاوتەریب بوون لەگەل بزوتنەوەی کرێکاری و نیشانیاندا بزوتنەوەی کرێکاری و هێزی چەپ هەروا لەسەر پییە و هەڵگری ویست و داخوازیی بەرحەقی چینی هەژاری کۆمەلگەیە. خۆپیشاندان و خواستەکانی خەڵکی ئێران و مەریوان پەیامێکی تری بۆ هێزی چەپ پێیە ئەویش یەکگرتوییان لە بەرامبەر دیکتاتوریی، چوونکە خەڵک لەسەر ئەو بروایەن تاکە هیزێک کە بتوانێ هەڵگری ویستی خەڵکی هەژار و چەوساوە بێ و ئامانجی خەڵک بپێکێ هێزە جەپ و ڕادیکالەکانن بۆیە یەکگرتووییان رەمزی سەرکەوتنیانە. یادی شەریف باجور و هەموو گیان بەخت کردووانی ئەو روداوە دڵتەزێنی بەرزوبەرێزبێ و رێگایان پڕ ڕێبوار بێ…