ژیان و سەلامەتی زیرەک میرەی هونەرمەند و پاراستنی پەیکەری“ کەلتور و خۆشەویستی“ لە ئەستۆی دەسەڵات و دەزگا ئەمنیەکانی زۆنی سەوزو نیلییە
هێشتا نەبووە بە سێ هەفتە، کە پەیکەری” کەلتورو خۆشەویستی” لە شاری سلێمانی دانراوە، ئەم پەیکەرە بەدەست و پەنجە و هزی زیرەک میرەی هونەرمەند نەخشێنراوە… لەو کاتەوە تائێستا، مشت و مرێکی زۆر لەسەر ئەم کارە هونەرییە دەکرێت… کە ئەمە کارێکی ئاساییە و هەر بەرهەمێکی ئەدەبی و هونەری یان سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەو ئەندازەیەی دەبێتە جێگای قسەو باس و روانینی جیاواز، نیشانەی ئەوەیە کە ئەم کارە، لە زەمینەو ژینگەیەکی تایبەتی، بەرخورددارە…ئەوەی لەو نێوەدا جێگای ڕامان و هەڵوێستەیە، مامەڵەو قسەوباس و کاردانەوەی کەلتورێکی دیاریکراوی کۆنەپەرستانەی ناو کۆمەڵگەی کوردستانە، کەلتورێک کە نەدەتوانێ لە هونەرو ئەدەب تێبگات و نە لە مەغزای جوانی سیماکانی کۆمەڵگەی شارستانی سەر دەربکات… ئەم کەلتورە، کەلتوری ئیسلامی سیاسی و نوخبەکانی دەوری ئەو رەوتەن… لەو رۆژەوەی ئەم پەیکەرە پەردەی لەسەر لادراوە، لە جێگای رەخنە و رامان و سەرنج دەربڕین و…تاد، چ لە تۆرە کۆمەلایەتیەکان و چ لە ژمارەیەکی زۆر لە مینبەری مزگەوتەکانەوە، کەوتوونەتە فڕێدانی هەرچی وشەو دەربرینی نەشیاو و سوکایەتی و تۆمەت بەخشینەوە، تا دەگاتە هەڕەشەو چاوسورکردنەوە لە هونەرمەندی پەیکەر سازو خودی پەیکەرەکە… ئەوەی لەو نێوەدا جێگای رامانێکی قوڵ و جێگا پرسیارێکی گەورەیە، بێدەنگی دەسەڵات و دەزگا ئەمنیەکانی ئەو زۆنەیە، لەبەرامبەر بەو هەموو هەرەشەو سوکایەتی و تەکفیر و هەرەشەی مەرگەی لە هونەرمەند زیرەک میرە دەکرێت. تۆ بڵێی دەزگا هەواڵگری و جاسوسیەکانی دەسەڵات، کە سەر بەهەموو کون و قوژبنێکی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەدەبی و هونەری و فەرهەنگیدا دەکەن، ئاگایان لەو هەموو فتوای مەرگ و سوکایەتیانە نییە؟ ئاگایان لەو هەموو هەرەشانە نییە؟ وە پرسیار ئەوەیە بۆ بێدەنگن و دەست نابەن بۆ هیچ لێپرسینەوە ئیجرائاتێک؟. ئەگەر ئیسلامی سیاسی و رەوتەکانی هەر ئەوەیان لێ چاوەروان دەکرێت، بکوژی ئازادی دەربرین و بەیان و کاری هونەری و ئەدەبی و… بن کە بە دنیابینیان کۆک نییە، دەبێ بێدەنگی دەسەڵات و لایەنە سیاسیەکانی تر، بێدەنگی ئەو هەموو نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەندە!! چی بێت؟ سەلامەتی گیانی زیرەک میرە و پاراستنی ئەو پەیکەرەو لێپێچینەوە، لەوانەی سوکایەتی و تۆمەت، یان فتوا و هەرەشەی مەرگ لە زیرەک میرەو تێکدانی پەیکەرەکە دەکەن، لە ئەستۆی دەسەڵاتی سیاسی زۆنی سەوزو نیلییە….
بۆپێشەوە