چالاکی پێشمەرگانە لە ئێران، خزمەت بەکێ دەکات؟

0

چالاکی پێشمەرگانە لە ئێران، خزمەت بەکێ دەکات؟

عەبدوڵا مەحمود

لەم ماوانەی دوایدا چەند چالاکیەکی پارتیزانی و پێشمەرگانە لە چەند ناوچەیەکی کوردستانی ئێران لەلایەن پژاک و حزبی دیموکراتی ئێرانەوە ئەنجام دران و لەم چالاکیانەشدا بەداخەوە ژمارەیەک پێشمەرگە بوونە قوربانی… جێگای ڕامان و هەڵویستە لەسەرکردنە، لە کاتێکدا خۆپیشاندان و نارەزایەتی جەماوەری دژ بە برسێتی و گرانی و بێکاری و لە بنەرەتدا دژ بە دەسەڵاتی رەشی جمهوری ئیسلامی ئیران رۆژ بەرۆژ بەرینتر و فراوانتر دەبێتەوە، ئاستی داخوازییەکانی خۆپیشاندەران هەڵدەکشی، لەباری چۆنیەتیەوە، پێشرەوی لەو خۆپیشاندان و نارەزایەتیانەدا دەچێتە پێشەوە… بەشداری جەماوەری زۆرتر دەبێ و بەتایبەتیش رۆڵی کرێکاران و ژنان بەرجەستەتر دەبێتەوە، کەچی لەو کاتەدا ئەو حزبانە دەست بۆ چالاکی پێشمەرگانەی لێرەو لەوێ دەبەن.

بۆ هەر هێزو حزبێکی سیاسی ئەگەر بڕوای بەرۆڵی خەباتی جەماوەری هەبێت، لەدڵی هەلومەرجی ئێستای ئیران و کوردستانی ئێراندا مەسەلەی میحوەری رینوێنی و سازدان و پشتیوانکردن و بەشداری ئاگاهانەیە لەو خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەریانەدا، کەچی ئەم حزبانە لێرەو لەوێ نمایشی چەکداری و چالاکی چەکداری ئەنجام دەدەن… دیارە بەو کارەشیان نەک خزمەتێک بە بزوتنەوەو خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان ناکەن، بەڵکە گورز دەوشێنە ئەو بزوتنەوە جەماوەری و شارییەی، سەرتاسەری ئیرانی گرتۆتەوە هەر رۆژە لە چەند شارێکدا روودەدەن. وە دەستی رەشی جمهوری ئیسلامی ئاوەڵادەکەن تا زۆرتر لەوەی هەیە کەشی ئەو شوێن و ناوچانە زیاتر میلتاریزە بکەن و سەرکوتی بێپەردەی سیاسی فراوانتر لەدژی هەڵسوراوانی سیاسی و چالاکوانانی مەدەنی، ئەنجام بدەن.

لەحاڵیکدا بەهێزکردنی بزوتنەوەی جەماوەری شاری دەبێتە ئەرکێکی پێویست لەبەرامبەر بە جمهوری ئیسلامیدا و ئەوە دەخوازێت خەڵکی شارەکانی کوردستان بە بزوتنەوەی نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی شارەکانی ئێرانەوە پەیوەست بن و هاوکاری و هاریکاری یەکتری بن و حزبە سیاسیەکانی کوردستان هەوڵی هێنانە مەیدانی جەماوەری بدەن، کەچی بەشێک لەو حزبانە، خۆیان لەو ئەرکە دەدزنەوەو دەیانەوێ بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بکەنە قوربانی چەند چالاکیەکی چەکدارانە لەبەرامبەر سات و سەودایەکی نارەوادا. ئەو حزبانە چونکە چاو لەدەستی دەستێوەردانی دەرەکی و بەتایبەتیش ئەمریکاو غەربن لە دۆخی ئێراندا، دەیانەوێ بەو چالاکیانە، دڵی ئەمریکاو غەرب بۆخۆیان رابکێشن و لەهەر ئاڵوگۆڕیکی ئایندەی ئیراندا بەشی حزبیان وەربگرن. لە کاتێکدا ئەم حزبانە ئەو کارە بە چالاکی شۆرشگیرانە دەزانن، کە ئەزموونی عیراق و سوریا ولیبیا و دەستێوردانی ئەمریکاو غەرب لەبەردەمیانەو دەزانن چ کارەساتێک بۆ جەماوەری نارازی و خەڵکی بەدوای خۆیدا هێناوە چۆن کۆمەڵگەی ویران و بەرەو دواوە پەلکێش کردووە.

جمهوری ئیسلامی دەبێ و پێویستە بە هێزی بزوتنەوەی جەماوەری و شۆرشی لەخوارەوەی بێبەشان بروخێنرێت، نەک بە پشت بەستن بە دەستێوەردانی دەرەکی و دەخالەتی ئەمریکاو غەرب… هەر هێزێکی شۆرشگێڕ ئەگەر دەیەوێت بەشێک بێت لە هێزی شۆرشگێر و پشتیوانی جەماوەری، پیشمەرجی هەر کارو هەنگاوێکی دەبێ خۆجیاکردنەوە بێت لە سیاسەتی ملهورانەو قازانج پەرستانەی ئەمریکاو غەرب. ئەو حزب و ‌هێزانەی خۆیان گرێداوە یان دەیانەوێت بەخۆبەستنەوەو بەئەمریکاو غەرب و سیاسەتەکانیان جمهوری ئیسلامی بروخێت، بێ هیچ گومان و ئەو لاو لایەک، کۆمەک بە جمهوری ئیسلامی دەکەن و دەچنە بەرەی دژە شۆرشی جەماوەرییەوە. وە دەبنە بەشێک لەو هێزە ڕەشانەی داهاتوو. حزبی سیاسی شۆرشگێر و پێشکەوتنخوازو ئینسانی، ئەو حزبەیە کە لەپشتی جەماوەی نارازیی دەوەستێت و ئاسۆی رزگاریان بەدەستی خۆیان دەخاتە بەدەست، کاری ریکخستن و یەکگرتووکردن و رێنوێنکردنیان بەئەرکی خۆی دەزانێت و هێزی چەکدار و دەستەی چەکداریش لە کاتی خۆیدا بۆ پشتیوانی لە بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی جەماوەری، ئامادە دەکات… جەماوەر چەکدارکردن بۆ یەکلاییکردنەوەی نەبەردی کۆتایی بەئەرکی خۆی دەزانێت، بۆ تێکشکاندنی دەزگای سەرکوتگەر و چەکداری دەسەڵاتی ئیسلامی. ئەو چەند چالاکییە چەکدارییەی لەو ماوانەی دواییدا کراون، بەهیچ جۆرێک ناچیتە خزمەت بە بزوتنەوەی نارەزایەتی بێبەشان و شۆرشی داهاتووی خەڵکی ئێران بۆ روخاندنی جمهوری ئیسلامی… حزبە چەپ و کۆمۆنیست و پێشکەوتنخوازەکان ئەرکیانە، ماهیەتی ئەو حزبانە و ناوەرۆکی پرۆژە دژە شۆرشەکانی ئەو هێزانە لە ئیستاوە بۆ جەماوەر بخەنە روو، ئەو حزبانەی کەدەیانەوێ بەخۆ شەتەک دان بە سیاسەتەکانی ئەمریکاوە لە پشتیوانیکردن لە ئابڵۆقەی ئابورییەوە، تا بەرە سازکردن و  پوڵ وەرگرتن  و خۆ بەستنەوە بە نەخشەکانی ئەمریکاو غەربەوە… جیگایەک لە ئایندەدا بۆ خۆیان پەیا بکەن… هێزو حزبی دژە شۆڕشن.

لەوانەش واوەتر خەڵکی کوردستان و ئیران و نەک هەر نابی هیچ خۆشباوەریەکیان بە ئەمریکاو غەرب و ئەو هیزە سیاسیانە هەبێت، کە ئومیدی خۆیان بە ئەمریکاو غەربەوە دەبەستنەوە… بەڵکە ئەرکیانە دەست بخەنە ناو دەستی یەکتری و ریگە نەدەن ئەو حزبانە کایە بە خۆپیشاندان و نارەزایەتی جەماوەری و راپەرین و شۆرشی بێبەشانەوە بکەن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.