پشتیوانی لەئابڵوقەی ئابوری مەکەن خۆتان قوربانی ئابڵوقەی ئابوری بوون
پشتیوانی لەئابڵوقەی ئابوری مەکەن خۆتان قوربانی ئابڵوقەی ئابوری بوون
نووسینی: رۆژ عەزیز
چەند رۆژێکە ئابڵوقەی ئابوری خراوەتە سەر تورکیا بەهۆی ململانێی سیاسی حکومەتی ئەمریکاو تورکیا وە لەلایەکی دیکەشەوە ئەمریکا ئابڵوقەی ئابوری سەر ئێرانی توندتر کردۆتەوە، بەمەش ئابوری هەردوو وڵات و دراوی تورکی و ئێرانی لەبەرامبەر دۆلاردا دابەزی، گرانی وبێکاری هەردوو وڵاتی گرتۆتەوە. لێرەو لەوێ ناسیونالیستەکانی شایی و لۆغانیانە کە گوایە ئابڵوقەی ئابوری حکومەتی تورکیاو ئێران دەروخێنێت، هەر هەمان عەقڵیەتێکە کە خۆشباوەڕی بە سیاسەتی ئەمریکا هەبوو وە هەیە کە لەدوای ڕاپەرینی خەڵکی کوردستانی عێراق دژی حکومەتی بەعس کە لەلایەن ئەمریکاوە ئابڵوقەی ئابوری خرایە سەر عێراق لەخۆشیدا کەوتنە هەلەکە سەماو دەست خۆشیان لە حکومەتی ئەوسای ئەمریکا کرد کە ئابڵوقەی ئابوری خراوەتە سەر ڕژێمی بەعس.
ئەوکاتە کۆمۆنیستەکان چەپ و خەڵکی ئازادیخواز هاواریان کرد نا بۆ ئابڵوقەی ئابوری سەر عێراق و لەدژی وەستانەوە، بەڵام ناسیونالیستەکانی کورد حیزبەکانیان ئەوانەی دژی ئابڵوقەی ئابوری بوون بەتابوری پێنجەم و بەعسیان لەقەڵەم دا، بەڵام دوای چەند ساڵ زانیان کە ئابڵوقەی ئابوری نەک حکومەتی سەدام حسین ناروخێنێت بەڵکو خەڵک بێ ئیرادە دەکات و خەڵک برسی هەژارترو بێکارتری دەکات. ئێستاش هەمان ناسیونالستی کوردو هەمان ئەحزابی ناسیونالیستی تەوەهومی هەیە بە سیاسەتی ئەمریکاو وا هەست دەکات ئابڵوقەی ئابوری حکومەتی ئێران و تورکیا دەروخێنێت. کێشەی ئێستای ئیران وئەمریکا زەقتر بوونەتەوە لەکاتێکدا کێشەی ئەمریکاو ئیران لە دوای شۆرشی ئێرانەوە لە ساڵی ١٩٧٩ سەری هەڵداوە، بەلام ئەم جارە بیانوی ئەمریکا ئەوەیە کە ئێران نابێت بەرنامە ئەتۆمیەکەی درێژە پێبدات، چونکە هەم مەترسیە بۆ سەر ناوچەکەو هەم بۆ سەر ئیسرائیل. ئەمریکا دەیەوێت بەم فشارانە پاشەکشە بە سیاسەتی ئیران بکات لەناوچەکەدا، کە ئێران دەخالەت لە سوریاو عیراق یەمەن و لوبناندا دەکات و دەورو نەخشی هەیە لەناوچەکەدا، هەربۆیە بیانوی ئەوەیە کە دەبیت ئێران بەرنامە ئەتۆمیەکەی ڕابگرێت ئەویش قبوڵی ناکات، بۆیە ئەمریکا زیاتر فشاری ئابلوقەی ئابوری خستۆتە سەر ئیران .
کێشەکانی دەوڵەتی تورکیاو ئەمریکا لەسەر گرتنی قەشەیەکی ئەمریکیە بە ناوی”ئەندرۆ برۆنسۆن”کە لەلایەن تورکیا گیراوە بەتۆمەتی کودەتاکەی ١٥ی تەموزی ساڵی ٢٠١٦ لەتورکیا، ئەم قەشەیە لەلایەن تورکیاوە دادگای کراوەو تۆمەتی ئەوەی بەسەردا سەپێندراوەکە دەستی لەکودەتاکەدا هەبووە، بەڵام ئەمریکا ئەمە ڕەد دەکاتەوە، لەهەفتەی رابردووشدا ئەمریکا بەرەسمی داوای لەتورکیا کرد قەشەکە ئازاد بکات تورکیا ئامادە نەبوو ئازادی بکات، بۆیە ئەمریکا هەرچی پارەی وەزیری ناوخۆو وەزیری دادی تورکیا هەیە بلۆک کران و دەستی بەسەردا گیراو وە ڕێگەش نادرێت ئەو دوو وەزیرە بچنە ئەمریکا. دەوڵەتی تورکیاش پارەی چەند وەزیرێکی ئەمریکای بلۆک کردو ڕێگەش نادات چەند وەزیرێکی ئەمریکا وەک ناوخۆو دادی ئەمریکا سەردانی تورکیا بکەن. ئەمریکاش باجی زیاتر خستە سەر مادەی پۆڵاو ئەلەمنیۆم بەمەش تورکیا ئابوری خراپ بوو پارەکەی لەبەرامبەر دۆلاردا نزمترین ئاستی بەخۆیەوە بینی.
ئەردۆغان و حکومەتەکەی هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدان ئابوری تورکیا چاک بکەن و ئابڵوقەی ئابوری کە هیشتا هیچ نییە بەشێکی کەمە کە ئەمریکا خستویەتیە سەر تورکیاو ئەم وڵاتەی تووشی قەیرانی گەورە بووە، بۆیە هەمیشە رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشوێن رێگایەکەوەیە کە لەم قەیرانە دەربازی بێت. پەنای بۆ چەندین وڵات بردووە کە خۆیان بەدەست قەیرانی ئابوریەوە دەناڵێنن ناتوانن کاریگەریان لەسەر باشتربوونی ئەو بارودۆخە بێت کە تووشی هاتوون. ئەردۆغان پەنای بۆ روسیاو چەندین وڵاتی دیکە بردوە، وە سبەینێش واتە ١٤/٨/٢٠١٨ وابریارە سەرۆک وەزیرانی عیراق عبادی سەردانی تورکیا بکات تا نەوتەکەی بفرۆشێتە تورکیاو ئابوری پێ ببوژێنیتەوە هەرچەندە پێ ناچێت تورکیا لەم قەیرانە دەربازی بێت و سەردانەکەی عەبادیش کاریگەری هەبێت لەسەر بارودۆخەکە. دیارە ئەمریکاش بەسەردانەکەی عەبادی بۆ تورکیا ناڕازیە، ڕەنگە دواجار ئەمریکا ئاگاداری عەبادی بکاتەوە، کە لەکاتێکدا ئەمریکا تورکیای ئاگادارکردۆتەوە کە تا رۆژی ١٥/٨/٢٠١٨ دەبێت قەشەکە ئازاد بکات ئەگینا ئەمریکا ئابڵوقەی ئابوری زیاتر دەخاتە سەر تورکیا. ئێستا ململانێی تورکیاو ئەمریکا لەلایەک و ئێران و ئەمریکاش لەلایەکی تر خەڵکی ئەم وڵاتەی دووچاری گرانی و بێکاری هەژاری کردۆتەوە کەچی بەداخەوە ناسیونالیستەکانی کورد ئەم ئابڵوقە ئابوریەیان پێخۆشەو دەست خۆشی لەئەمریکا دەکەن.
نازانم ئەوانەی دیفاع لە ئابڵوقەی ئابوری سەر ئێران و تورکیا دەکەن بیریان چوو هەربەهەمان ئابڵوقەی ئابوری بۆسەر عێراق چ هەژاری نەبوونی و داماویەکیان بینی و چیان بەسەرهات کە لەمێژوودا شتی وایان نەبینی، بیریان چوو لەجیاتی ئارد گەچیان تێکەڵی ئاردەکانیان دەکراو پێیان دەفرۆشین، بیریان چوو مناڵەکانیان نانی ژەمێکیان نەبوو، بیریان چوو بێکاری هەژاری بڕبڕەی پشتی خەڵکی هەژاری شکاندو حکومەتی بەعس و سەدام حسین باکیان نەبوو کە ئابڵوقەی ئابوریان لەسەرە، ئێستاش وایە، حکومەتی تورکیاو ئێران و خودی ئەردۆغان و رۆحانی هیچ باکیان نییە بە ئابڵوقەی ئابوری کە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە سەریان، چونکە گیرفانیان پڕە وا دەزانن خەڵکی هەژاریش وا گیرفانی پڕە.
ئەوانەی دڵیان خۆشە بەئابڵوقەی ئابوری سەر تورکیاو ئێران با سەیرێکی بازارەکانی کوردستان و عێراق بکات بزانێت لەوێش گرانی سەری هەڵنەداوە؟ با بزان ئەو کاڵایانەی دێنە کوردستان هی تورکیاو ئێران نین؟ ئەی ئەگەر ئابڵوقەی ئابوری بخرێتە سەر تورکیاو ئێران ئەو دوو وڵاتەشت شت گران ناکەن کێ زەرەرمەندی گەورەیە؟ خەڵکی زەحمەتکێشی عێراق و ئێران و تورکیا و ناوچەکە باجی گەورەی ئەم ئابڵوقەیە نادەن؟. وەرن سەیری ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێران و تورکیا بکەن بزانن خەریک نییە وەکو خەڵکی کوردستانیان بەسەر بێت کە چۆن لە دوای ساڵی ١٩٩١بەسەریان هات کە ئەمریکا ئابڵوقەی ئابوری خستە سەر خەڵکی عێراق. ئەوانەی دەڵین ئابڵوقەی ئابۆوری کارمان تێناکات، ئەوانە خۆیان گیرفانیان پڕەو سەر بەدەسەڵاتن. سەرمایەی باشیان هەیەو هەردوو حکومەتی ئێران و تورکیا وەک بەرپەرچدانەوەیەک لەبەرامبەر سیاسەتی ئەمریکاو خودی دۆناڵد ترامپدا قسەی گەورە دەکەن و دەڵێن ئێمە خواو خەڵکمان لەپشتە نازانن خەڵک باجی ململانێی ئەو دوو دەوڵەتە دەدەن.
دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا وەک کابرایەکی شەنگێزو و کابرایەکی راسیست دەردەکەوێت، لەوەتەی ئەو لەسەر حوکمە ڕێگە نادات پەنابەران بچنە وڵاتەکەی و مەنعی خستۆتە سەر پێنج وڵات کە بۆیان نییە بچنە ئەمریکاوە. هەموو ئەمانەو چەندین کاری ترامپ و دواجاریش ململانێکانی لەگەڵ ئێران و تورکیا بەخستنە ئابڵوقەی ئابوری لەسەر هەردوو وڵات دەستی پێکردو جەنگی ئابڵوقەی ئابوری دەکات تا نەیارانی ملکەچی بڕیارەکانی بن.
بڕیاری ئابڵوقەی ئابوری خستنە سەر تورکیاو ئێران بڕیاڕێکی نا ئینسانیەو دژی خەڵکی زەحمەتکێشی هەردوو وڵاتەو فەقرو فەلاکەت بەرۆکی خەڵکی ئەو دوو وڵاتە زیاتر دەگرێت. سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت بەم جۆرە عقوبەی نەیارەکانی بدات و ملکەچی بریارەکانی ئەو بن و وە شەڕی ئەمرۆشی بەنیازە بەهەرەشەی ئابڵوقەدان بکات. سەیر بکەن لەسایەی ململانێی ئەمریکاو ئێران وا زیاتر لە ٣٠ساڵە خەڵکی ئێران باجی ململانێ دەدەن وخەڵکی زەحمەتکێش وهەژاری ئەو وڵاتە لەوپەری خراپیدان، ئێستاش بەنیازە لەم ململانێیەدا لەگەڵ تورکیا بەئابلوقەی ئابوری سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
ئەوانەی شایی ولۆغانیانە بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر تورکیاو ئێران دەبێت دڵنیابن نە شۆرش بە ئابڵوقەی ئابوری دەکرێت، نە دەسەڵاتیش بە خستنە سەر ئابڵوقەدانی ئابوری دەروخێت، لەهیچ کوێی دنیاشدا نەبووە بە ئابڵوقەی ئابوری هیچ ڕژێمێک روخابێت، بەڵکو خەڵک بەدبەخت و داماوبوون. لێرەدا دەکرێت لەبەرامبەر رژێمەکاندا نارەزایەتی دەربڕن و لەدژی ئابڵوقەی ئابوری بوەستینەوە ئیدانەی هەنگاوەکانی ئەمریکا بکەین لەدژی ئابڵوقەی ئابوری بۆ سەر تورکیاو ئێران، چونکە باجی گەورەی ئەم بڕیارەی ئەمریکا لەدژی هەردوو وڵات خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش دەیدەن و بێکاری و هەژاری زیاتر بەرۆکی خەڵک دەگرێت.
پشتیوانیکردن لەسیاسەتی ئەمریکاو لە ئابڵوقە ئابوریەکەی پشتیوانییە لەجەنگخوازی ئەمریکاو سیاسەتی دژە ئینسانیەکەی کە بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بوونی هەیەو ناوچەکەی ڕووبەڕووی جەنگێکی خوێناویی بێکاری وهەژاری زیاتر کردووە. ئەرکی خەڵکی ئازادیخوازە چ لەتورکیاو چ لە ئێران بۆ ماف وخواستەکانیان نارەزایەتی دەبڕن لەبەرامبەر دەسەڵاتدارێتی تورکیاو ئێران، چیتر کۆمەڵگە بەم جۆرە نەبەن کە ئێستا ئابوری ئەم وڵاتە لەوپەڕی خراپیدایە و خەڵکی لەدەست گرانی وهەژاری زیاتر وەزعیەتی خراپتر بووە. دەبێت نەک پشتیوانی لەسیاسەتی ئەمریکا نەکەین، بەڵکو ئیدانەی سیاسەتی لەم جۆرەی بکەین کە خەڵک تێیدا زەرەرمەندی گەورەیە و باجی گەورە خەڵکی دەیدات و سیاسەتی ئابڵوقەی ئابوریەکەی ئەوپەڕی دژی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیشە..