لەگۆشەیەکی ترەوە موزەفەر عەبدوڵا
لەگۆشەیەکی ترەوە
موزەفەر عەبدوڵا
پرسی بنەڕەتی لە ڕوداوەکەی هەولێردا چییە…؟
لە ڕۆژەکانی هەفتەی ڕابردوودا سێ کەسی لاو هەلیان بۆڕەخساو خۆیان گەیاندە ناو باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، دوای کوشتنی کارمەندێکی بێتاوان، و ماوەی چەند سەعات تەقەو بەرامبەرکێ لەگەڵ هێزی چەکداری دەسەڵات، هەرسێکیان کوژران و چەند کەسێکی تریش بریندار بوون.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دەزگاکانی لێکۆڵێنەوەو ڕاگەیاندنی سەر بە پارتی بڵاویان کردۆتەوە ئەم ٣ کەسە بۆ کاری تیرۆریستی گەورە هاتون. گوایە ئەمانە سەر بە تاقمی تیرۆریستی داعش بوونەو هاوکات پەیوەندیان بە کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و چەند مەلایەکی سەر بە کۆمەڵەوە هەبووە کە بانگەشە بۆ تیرۆر دەکەن.
هاوکات و دوایی ڕووداوەکەش کاربەدەستانی پارتی و دەسەڵاتەکەی کەوتونەتە ڕەشبگیری لە کەسوکاری ئەو تاوانبارانەو ئەوانەی پەیوەندیان پێیانەوە هەبووە. بە تایبەتی هەوڵی دەسگیرکردنی ئەو مەلایانەشیان داوە کە گومانی پەیوەندییان لێکردوون بەم کارە تیرۆریستییەوە، بەڵام گوایە مەلاکان هەڵاتون بۆ ژێر دەسەڵاتی یەکێتی.
بەم شێوەیە ئەم ڕوداوەش وێڕای زیاتر ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە وەک زۆربەی ڕوداوەکانی تر هەروەها بووە هەواڵی گەرمی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و جێگای پرس و ڕای گشتی.
بەشێکی بەرچاو لە ڕایەکان پرسەکەیان لەدەوری ئەوە تەوەرە پێ دەبەست کە ئەمە سینارێوی پارتی خۆیەتی بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان پێی هەستاون. جا چ بۆ نیشاندانی بەهێزی دەزگا جاسوسی و سەرکوتگەرییەکانی بەناو پاراستن و ئاسایش و پۆلیس بێت یاخود بۆ ئەوەیان بێت بیکەن بە بەهانەیەک بۆ توندکردنەوەی فەزای سەرکوتی زیاتر لەم کاتەدا. لە ڕوویەکی تریشەوە دەیان وت ئەمە نیشانەو بەڵگەی فەشەلی دەزگاکانی ئاساییش و چەکداری پارتی یە.
لە بەرامبەر ئەم ڕایەش ڕایەکی تر دەبیسترا، ئەویش سەرانی پارتی و ئەندام و دۆستانیان، کە پارتی بە پارێزەرو خەمخۆری ئازادی و ئەمن و ئاساییشی خەڵک نیشان دەدا، و یەکسەر پەنجەی تۆمەتیان بۆ ئیسلامییەکانی هاوبەش لە دەسەڵاتەکەیان درێژ کرد. لەمبارەوە بە تایبەت قسەکانی پارێزگاری هەولێر کە دەیوت باڵەخانەی پاریزگا ماڵی هەموو خەڵکە بۆیە هەمیشە دەرگای کراوەیەو ئەو خەڵکە خۆشی لەگەڵ دەزگاکانی ئاساییش دەیپارێزن.
وەک ئەوەی پارتی بە درێژایی مێژووەکەی نوێنەرو بەرگریکارو پارێزەری سەرسەختی هەموو ماف و ئازادی و ئەمن و ئاساییش و خۆشگوزەرانی خەڵکی بێت. وە هەرگیزیش پەنای بۆ سەرکوت و ترس و تۆقاندن و تیرۆر نەبردبێت.
بەڵام لەم نێو ئەم ڕوداوو ڕاو هەڵوێست و بانگەشانەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئاخۆ پرسە بنەڕەتی و سەرەکی چی یە ؟!
بە ڕای من پرسی بنەڕەتیی و سەرەکی لەم ڕوداوەدا خودی کاروکردەوەی تیرۆرو تیرۆریزمە کە دەبێت بەهەمو شێوازێک ئیدانە بکرێت. وە بەرەی ئازادیخوازی لەدژی بوەستیتەوەو هەوڵی کۆتایی پێهینانی بدات لە ڕێگای دژایەتیکردن و کۆتاییپێهێنانی هێزو دەسەڵاتی هەموو ئەو لایەن و دەستەو تاقمانەی کە هەڵدەستن بەم کارو کردەوە پڕ لە تاوانە.
لە ڕاستیدا هیچ کەس ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە لەم چەند دەیەیەی ڕابردودا هەتا ئێستاش تیرۆرو تیرۆریزم بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی گەورەو ترسناک لە ئاستی دونیادا. جا چ تیرۆریزمی دەوڵەتی ونێودەوڵەتی بێت کە دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا سەرگەورەی ئەم تیرۆریزمییە لەگەڵ زۆرێک لە ڕژێم و دەسەڵات و تاقمە ئیسلامییەکان لەسەرو هەموویانەوە رژێمی ئیسلامی ئێران وتاقمەکانی قاعدەو تالیبان و داعش و تەنانەن ئیسلامییەکانی کوردستانیش کە پەروەردەی دەستی هەموویانن.
ئەوە ڕون و ئاشکرایە ئەوانەی لە دەسەڵاتدان هەمیشە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەیان بەم کارە هەستاون دژ بە نەیارەکانیان وتەنانەت بۆ سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی ئازادی. ئەوانەش لە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆدا نین، بە تایبەتی ئیسلامییەکان، چ بۆ گەییشتن بە دەسەڵات چ بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک ناکۆک بن پێیان هەستاون بە کاری تیرۆریستی. تەنانەت زۆرجار کەس و دەستەو تاقمی تریش هەر پەنا بۆ ئەم کارە دەبەن بۆ مەبەستی سیاسی و دینی و رەگەزی …هتد.
بەم شێوەیە دەبینین ئەم کارو کردەوانە بۆتە دیاردەیەکی سەرەکی نەک هەر لە کۆمەڵگەی کوردستان و عێراقدا، بەڵکو لە ئاستی ناوچەکەو دونیاشدا.
بۆیە ئەم دیاردەیە هەڵەیە بە تەنها دەستەو تاقمە ئیسلامییەکانی تیا تاوانبار بکرێت. یاخود بەتەنها ڕژێم و دەوڵەکانی ناوچەکەو جیهانی تیادا تاوانبار بکرێت.
ئەوانەی خەریکی ئەم تیۆر داتاشین و بەڵگەو بەهانە هێنانەوانەن ئەوە هەردوو بەناو بیرمەندو ڕۆشنبیرو نووسەرەکانی هەردو لای ئەم سیاسەت و کردەوانەن کە لەدژی یەکتر ئەنجامی دەدەن لە پێناوی پاراستنی دەسەڵاتەکەیان یان بۆ گەییشتنیان بە دەسەڵات.
ئەگەرچی ئێستا ئەوە چەند ساڵێکە چەقی ململانێکانی نێوان زلهێزەکانی دونیا، دوای گۆڕانی هێز هاوسەنگی و سەرهەڵدانی چەند جەمسەری زلهێزی تر لە دەوری ئەم دیاردەیە تەوەرە نابەستێت، و پڕوپاگەندە جەنگییەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بەناوی جەنگ دژی تیرۆرو جەمسەرەکانی تیرۆر دامرکاوەتەوە، بەڵام هێشتا دەوڵەتە زلهێزو ڕژێم وتاقمە دەسەڵاتدارەکان بە قەومی و ئیسلامییەوە دەسبەرداری ئەم شێوازی کارو کەلتورە نەبوونە وەک دیاردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەر ماوەتەوە.
وە هیچ گومانیش لەوەدا نییە کە زۆربەی دەوڵەت و دەسەڵاتەکان هەرچەند خۆیان بە لایەنگری ئازادی و دیموکراسی و پارێزەری ئەمن و ئاساییش بناسێنن، بەڵام لە پێناوی مانەوەی دەسەڵاتەکانیان هەمیشە پەنا دەبنە بەر کاری تیرۆرو تیرۆیزم. تیرۆری دەیان و سەدان کەس لە هەڵسوڕاوانی سیاسی و ڕۆژنامەنوس و نوسەرو ڕۆشنبیران لەلایەن دەسەڵات یاخود لەلایەن تاقمە ئیسلامییەکانەوە بەڵگەن بۆ ڕاستی ئەم ڕاوبۆچون و هەڵوێستەمان.
بۆیە ڕاو هەڵویستگرتن لەسەر خودی کارو دیاردەکە کە تیرۆرە تەنها وەک سیناریۆی پارتی و دەسەڵات یاخود تەنها وەک کارو نەریتێکی ئیسلامییەکان دابنرێت، ئەوە بەناچاری هێزی سێهەم کە جەماوەرە دابەش دەکات لە نیوان ئەم دووبەرەیەی بە ڕوالەت دوو نەیاری یەکترن. ئەم ڕاو هەڵوێستە سیاسییە لە زۆربەی ڕوداوە کارەساتبارەکانی وەک یانزەی سیپتەمبەرو لەندن و پاریس و مەدریدو دەیانی شاری تری لەم سەربۆ ئەوسەری دونیا بینیمان. تەنانەت هیشتا زۆرێک دەڵێن سیناریوی دەسەڵاتدارانەو لە ڕاستیشدا وانییەو ئەمەش بە قازانجی ئیسلامییەکان و تیرۆریزمەکەیانە.
لە کاتێکدا ڕاو هەڵوێستی سەرەکی پێویستە لە دەوری ئەوە تەوەرە ببەستێت کە پرسە بنەڕەتی و سەرەکیییەکە کارو کردەوەو فکرو کەلتوری تیرۆریزمەو پێویستە سەرکۆنە بکرێت و هەوڵی کۆتاییپێهێنانی بدرێت کە لە ماوەی ٢-٣ دەیەی ڕابردوو زۆربەی دەوڵەت و ڕژێم و تاقمە ئیسلامییەکان ئەنجامی دەدەن و تاوانبارن لە سەرهەڵدان و باڵاکردنیدا.
ئەوەش ڕاستییەکی ڕون و ئاشکرایە ئەوەی دەبێت بە قوربانی لەم نێوەدا بەگشتی هەر مرۆڤەکانن. وە زۆرایەتی ئەو مرۆڤانەش لە کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەو هەژارو ڕۆڵەکانیانن.
جا بۆئەوەی کارو کردەوەو سیناریۆی تیرۆرو تیرۆریزم کۆتاییان پێبێت، پێویستە هێزی جەماوەرو بەرەی ئازادیخوازو یەکسانیخوازی و مرۆڤدۆستیەکەی بە هێزی یەکگرتوو ڕێکخراویان بێنە مەیدان و هەموو ئەوانەی لە پێش و پشتی تیرۆرەوە ڕاوەستاون کۆتایی بە هیزو دەسەڵاتیان بهێنرێت…