هەواڵی نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان ئامادەکردنی: ئاراس رەشید و شوان عەزیز

0

هەواڵی نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی: ئاراس رەشید و شوان عەزیز

 

ڕێکخەرانی سەندیکاو یەکیەتیە کرێکاریەکان لە تورکیا، هێرش دەکرێتە سەر مافەکانیان و لە کارەکانیان دەردەکرێن!

هاش تاک# هێرش بۆسەر مافی کرێکاران ڕابگرن. هاش تاک# کرێکارە دەرکراوەکان بگێڕنەوە بۆسەر کارەکانینان.

ئەمە ئەو هێرشە پەرچە کردارەیە کە چالاکوان و بزووتنەوە کرێکاری و سەندیکاکانی کرێکاران وەک پلانێک گرتوویانەتە بەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا لەبەرامبەر دەرکرانی چالاکوانانی کرێکاری لە کارگەی کارگیل لە تورکیا.

١٤ کەس لە چالاکوان و ڕێکخەرانی یەکیەتی و سەندیکای کرێکاریی بە بەردەوامی ماندەگرن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن، چونکە زۆر بە ناڕەوایانە لەکارەکانیان دەرکراون. ئەو چالاکوانانە بۆیە لە کارەکانیان دەرکراون، لەبەرئەوەی یەکیەتیەکی کرێکاریان بەڕێخستووە لە ناو کارگەی ئاشی کارگیل. جێگەی باسە کە کارگەی کارگیل کارگەیەکی ئاشی گەنمەشامیە لە شاری بۆرسە لە ئۆرهانغازی لە تورکیا.

هەروەها دەبێت ئەوەش بهێنرێتەوە بەرباس کە ئەوە یەکەم جارنییە بەڕێوەبەرایەتی کارگەی ئاشی کارگیل کرێکاران دەربکات لەسەرکارەکانیان، تەنها لەبەرئەوەی مومارەسەی مافی یاسایی خۆیان کردووە.

بۆ نموونە: لە ساڵی ٢٠١٥، کەیسێکی هەمان شێوە درا بەدادگا و دادگاش ڕایگەیاند کە کرێکارەکان لەو کارگەیەدا بە نایاسایی و نادادپەروەری لە کارەکانیان دەرکراون. جێگەی باسە کە بە پێی یاسای کار لە تورکیادا دەبێت ئەو کرێکارانەی کە بە نایاسایی لە کارەکانیان دەردەکرێن یا بچنەوە بۆسەر کارەکانی پێشوویان یاخود بە پارە قەرەبوو بکرێنەوە. بۆیە کارگەی کارگیل لە جیاتی گێڕانەوەی کرێکارەکان بۆسەر کارەکانیان، ئەو ڕێگای دووەمی هەڵبژارد و بە پارە کرێکارەکانی قەرەبوو کردەوە.

هەر لەوبارەوە کارگەی ئاشی کارگیل چەندین جار کەوتۆتە بەر ڕەخنەی زۆرێک لە سەندیکای کرێکاریی جیهانی. بۆ نموونە هەر لەو ماوەیەدا سەندیکای بەناوبانگی جیهانی بە ناوی (ئای یو ئێف) کە سەندیکایەکی جیهانییە کە کرێکارانی بەشی خۆراک و میوانخانەو کێڵگەکان لەخۆدەگرێت. ڕەخنەی توندی ئاراستەی ئەو کارگەیە کرد لەسەر پێشێلکارییە بەردەوامەکانی لەبەرامبەر مافەکانی کرێکاندا.

پۆلیسی ئیسپانیا بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی کرێکارانی کۆمپانیای ئەمازۆن دەکات!

یو ئێن ئای( گڵۆبەڵ یونیەن)، بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی پۆلیسی ئیسپانیای کرد کە توندوتیژی بەکارهێناوە لە دژی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی کرێکارانی کۆمپانیای ئەمازۆن.

کۆمەڵێک لەو کرێکارانە کە ڕۆڵی چاودێریان لەدەرەوەی کۆمپانیاکە پێ سپێردرابوو، لەلایەن پۆلیسەوە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە بە دارو تێڵا هێرش کرایە سەریان.

هەر لەڕۆژی دووەمی ئەو خۆپیشاندانەدا، پۆلیس ڕێگەی توندوتیژی گرتەبەر بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکە. بۆیە لە ئەنجامی ئەو توندوتیژیەشدا ٣ کرێکاربەسەختی بریندار بوون و یەکێکیش بە هۆی ئەوەی کە بەدار لەدەم و چاویان داوە خوێن لە دەم و پلی هاتووە و ددانیشی لەدەست داون.

پۆلیسی ئیسپانیا بەهانەی بۆ بەکارهێنانی ئەو توندوتیژییە ئەوەیە کە ئەو کرێکارانە بوونەتە هۆی پەکخستنی هاتوچۆ و ڕێگاکانیان لە خەڵک و لە هاتوچۆی ئۆتۆمۆبێل داخستوون.

کریستی هۆفمان، سکرتێری گڵۆبەڵ یونیەن، دەڵێت ئەو کرێکارانە بۆیە دەستیان داوەتە خۆپیشاندان، چونکە ڕووبەڕووی فشارو چەوساندنەوەیەکی زۆر بوونەتەوە لەناو کۆمپانیاکەدا و هەر کە هاتوونەتە دەروە یەکسەر ڕووبەڕووی سەرکوتی پۆلیس بوونەتەوە. بۆیە ئێمە لەو بارەوە بە تەواوی ئیدانەی ئەو شێوە ڕەفتارەی پۆلیس دەکەین.

ئەم کارەی پۆلیسی ئیسپانیا تەنها لەبەرامبەر کرێکارانی کۆمپانیای ئەمازۆندا نەکراوە، بەڵکو لەبەرامبەر مافی کۆبوونەوەو مانگرتنی تەواوی کرێکارانی دنیادا کراوە. ئەمە ئاماژەیە کە کرێکاران مافی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان نییە هەرچەندە کە مافەکانیشیان پێشێل بکرێت ومافیشیان دواخرێت.

جێگەی باسە کە لە کۆی ١٦٠٠ کرێکاری ئەو کۆمپانیایە لە ٨٠٪ ی ئەو ژمارەیە بەشداریان لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەدا کردبوو. هەروەها خۆپیشاندانەکە تەنها ٣ ڕۆژی بۆ دیاری کرابوو، بەڵام هەر لە ڕۆژی دووەمیدا تووشی ئەو سەرکوتەی پۆلیس بووەوە.

ئەوەی کە بەرپرسانی کۆمپانیای ئەمازۆنی هێناوەتە لەرزە ئەوەیە کە مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانی کرێکارانی سەر بەوکۆمپانیایە تەواوی وڵاتەکانی گرتۆتەوە. بە تایبەتی لە مانگی تەموزدا کەیادی ڕۆژی کۆمپانیای ئەمازۆنی تێدا کراوەتەوە.

کرێکارانی سەر بە کۆمپانیای غازو نەوت ماوەی مانگرتنەکەیان درێژدەکەنەوە !

 

نەرویج/١٦-٧-٢٠١٨

ژمارەی ئەوکرێکارانەی کە ویستیان بەشداری مانگرتنەکە بکەن ڕووی لە زیادکردن کرد. سەرەتا تەنها نزیکەی ٧٠٠ کرێکارێک هاتنەدەر، بەڵام دوایی ڕێژەکەی بەرەو سەر ڕۆییشت.

گفتوگۆکانی نوێنەرانی کرێکاران و کۆمپانیاکە لەسەر ئەوە بوو کە کرێکارەکان داوای زیادکردنی کرێی کارو بیمەی زیاتری کاریان دەکرد.

دوای ئەوەی کە نوێنەرانی کرێکارەکان کە سەر بە یەکیەتی کرێکارانن نەگەیشتنە هیچ ڕێکەوتنێک لەگەڵ خاوەندارانی کۆمپانیاکە ئیتر بڕیاری مانگرتن و ڕاگرتنی کاریان دا.

بۆیە ئەو یەکیەتیەی کرێکاران توانی دەوروبەری ٩٠٠ کرێکار بهێنێتەدەر لەسەر کارو بۆ ماوەی ٦ ڕۆژ مانگرتن ئەنجام بدەن.

 هەر چەندە ئەو مانگرتنە بە ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو لە بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام ئاماژەیەک بوو بۆ کۆمپانیاکە کە کرێکاران دەتوانن کاری بەرهەم هێنان ڕابگرن.

جێگەی باسە کە ئەو کۆمپانیایە کۆمپانیای بەدواداچوون و دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت و غازە لەناو دەریاکاندا. ڕۆژانە توانای بەرهەمی ئەو کۆمپانیایە نزیکەی ٢٣،٩٠٠ بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.

لەبەرئەوەی تاکو ئێستاش داواکاری کرێکاران بە پێی پێویست وەڵامی پێ نەدراوەتەوە لەلایەن کۆمپانیاکەوە بۆیە کرێکاران هەمیشە ئامادەی دووبارەکردنەوەی مانگرتنن و ئەمجارەیان بە پلانێکی تۆکمەترەوە مان دەگرن. ئەمەش کاریگەری زیاتری لەسەر کۆمپانایکە دەبێت. بۆیە لەوبارەوە نوێنەرانی کرێکاران و کۆمپانیاکە هەمیشە لە گفتوگۆدان.

کرێکارانی هێڵی شەمەندەفەری گاوترەین  دەست بەمانگرتن دەکەن!

جۆهانزبێڕگ/خوارووی ئەفەریقا/ ٢٤/٧/٢٠١٨

لەبەرئەوەی کرێکارەکانی ئەوهێڵە شەمەندەفەرە داوای زیادکردنی کرێی کاریان دەکەن و بەرپرسەکانی ئەو هێڵەش وەک پێویست بەدەم داخوازیەکانیانەوە ناچن، بۆیە کرێکارەکان بڕیاری مانگرتن دەدەن.

جێگەی باسە بۆمبێڵە، کە کارپێکەرو وەگەڕخەری ئەو هێڵەیە، بەڵێنی بەکرێکارەکان داوە کە لە ٨٪ ی کرێی کاریان بۆ زیاد بکات. بەڵام کرێکارەکان بەو ڕێژەیە ڕازی نین و داوای ١٠٪ دەکەن کە بۆیان زیاد بکرێت.

 هەروەها کرێکارەکان باس لەئەوە دەکەن کە دەبێت ئەو هێڵی شەمەندەفەرە پارەی خانوو، پارەی شفتی شەوانە و هەروەها پارەی هاتوچۆشیان بۆ سەرف بکات .

جێگەی وەبیرهێنانەوەشە کە کرێکارانی هێڵی شەمەندەفەری گاوترەین بەشێکن لە سەندیکای کرێکارانی یوئێن تی یو. سەندیکای نیشتیمانی بۆ گواستنەوە. هەربۆیەش لەڕۆژی سێشەمەی ڕێکەوتی ٢٤-٧-٢٠١٨ دا بڕیاری ئەوەیان دا کە دەست بۆ مانگرتن بەرن لە ئەگەری وەڵام نەدانەوەی داواکانیان.

شەمەندەفەری گاوترەین، هێڵێکی شەمەندەفەریە ودرێژیەکەی نزیکەی ٨٠ کیلۆمەترە و دەکەوێتە شاری گاوتێنگی خوارووی ئەفەریقا. ئەو هێڵە شارەکانی جۆهانزبێرگ و پریتۆریا و ئەخورولێنی و فڕۆکەخانەی جۆهانزبێرگ بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هەروەها سوودێکی یەکجار زۆریش لە ڕووی گواستنەوەوە بە هاوڵاتیان دەگەێنێت. چونکە ڕۆژانە لەو خەتەوە خزمەتگوزاری هاتوچۆ پێشکەش بەهاوڵاتیان دەکرێت.

کرێکارانی مۆندیالی قەتەر؛ لە نێوان مرد و ڕاکردن و ڕەحمەتی خەڵک!

نیودەلهی/ هیندستان

 

ڕۆژنامەی ( هیندوستان تایمز) ی هیندی دەریخست کە پتر لە ٦٠٠ کرێکاری هیندی، کە کاری بیناسازی دەکەن لە قەتەر، لەو وڵاتە گیریان خواردوە بەهۆی لەدەستدانی کارەکانیان و بێبەشبوونیان لە مووچەکانیان و بە ژیانێکی ناخۆشدا تێپەڕدەبن لە ناو ئۆردوگاکانی کار و دروستکردنی یاریگاکان بۆ مۆندیالی ٢٠٢٢.

بەرپرسێکی هیندی گوتی؛ ژمارەیەک لە کرێکارانی هیندی ناردراونەتەوە هیندوستان بەبێ ئەوەی مووچەکانیان وەرگرتبێت، هەروەها ئەوانەی لەناو ئەو کێشەیەدان، هیچ بەڵینێکیان وەرنەگرتەوە سەبارەت بە مووچەکانیان، دوای ئەوەی ماوەی ٨-١٠ ساڵ دەچێت کاردەکەن.

ڕۆژنامە هیندیەکە ئەوەشی گوت کە کرێکارەکان کاتی زۆر ناخۆش و سەختیان بەڕێکردوە لە کاتی قەیرانی ماڵی کۆمپانیای HKH ی قەتەری پێدا تێپەڕیوە، لەوکاتەدا پتر لە ١٢٠٠ کرێکاری هەبووە. یەکێک لە کرێکارەکان بە ناوی کۆمار لە کیرلا کە ماوەی ٨ ساڵە کار دەکات گوتی”ماوەی ٦ مانگە مووچەی وەرنەگرتووە، ئێمە بۆ ڕەحمەت و یارمەتی خەڵک جێماوین کە کۆمەکمان بکەن و خواردنمان بەخیر بۆ بهێنن، تەنانەت لە ڕۆژیشدا کارەبامان نییە. بەڵام لە شەواندا دەتوانین موەلیدەکان بەکاربخەین”. سەفارەتی هیندی لە قەتەر قسەی لەگەڵ کۆمپانیاکە کردوە سەبارەت بە مووچەی نەدراوی ئەو کرێکارە هیندیانە. جارنیل سینغ یەکێک لە کرێکارەکان دەڵێ” ئێمە شایستە داراییەکانی خۆمان دەوێت، حکومەتەکان دەڵێن ئێمە کار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکەین، سەبارەت بەئێمە، ئەو کێشەیە ماوەی ٦ مانگە بەردەوامە، و ئێمە دڵنیا نین لە دواڕۆژی خۆمان”.

هەروەها ڕاپۆرتی پۆڕتاڵی “سوفیتسکی سپۆرت”ی ڕووسی ئاماژەی بەوەدا، کە ١٢ کرێکار هەفتانە گیان لەدەستدەدەن لە کاری بیناکردنی بیناکانی کە بۆ مۆندیالی ٢٠٢٢ دروستدەکرێن. لە سەرچاوەی یەکێتی نێودەوڵەتی نەقابە کرێکارییەکان گواستراوەتەوە کە زوربەی ئەو کرێکارانەی گیان لەدەست دەدەن، بریتین لە کرێکاری ئاوارە، ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەی کۆی ئەو کۆچبەرانە گەیشتۆتە ١.٢ ملیۆن کەس.

پۆرتاڵەکە ئاماژەی بەوە داوە کە زوربەی ڕووداوەکانی گیان لەدەستدانەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەختی هەلومەرجی کار و گوزەران لەژێر پلەی گەرما کە دەگاتە ٥٠ پلەی سەدی. ئاماژەی بەوەدا، کە ٧٠ کرێکاری کۆماری نیپال توانیان خۆیان بگەیەننە قونسوڵیەی وڵاتەکەیان و بگەنەوە وڵاتی خۆیان. دەسەڵاتدارانی قەتەری بەرگە و ناسنامە و دۆکیومێنتەکانیانی لێسەندونەتەوە و مووچەکانیشیانی نەداون. سەفیری هیندی لە قەتەر ڕایگەیاندبوو کە ٨٢ کرێکاری هیندی گیانیان لەدەستداوە لەماوەی سەرەتای ئەم ساڵ، هەروەها ١٤٦٠ کرێکاری دیکە گلەیی لە هەلومەرجی کاری تاقەت پروکێن و قبوڵ نەکراو دەکەن.

هێرش بۆسەر ڕۆژنامەنووسان لە نیپاڵ لە هەڵکشاندایە و هێزە ئەمنیەکانیش هەڕەشەیان لێدەکەن!

کاتێک کە ڕۆژنامەنووسان چووبوونە ناو ئاپۆڕەی خۆپیشاندانی خەڵکەوە بەدژی حکومەتی ئەو وڵاتە لە شاری کاثماندۆ لە نیپاڵ بەمەبەستی ڕوماڵکردنی خۆپیشاندانەکان، لەگەڵ پۆلیسی ئەو وڵاتە ڕووبەڕوو بوونەوە. لە ئەنجامیشدا خۆپیشاندانەکە توندوتیژی تێکەوت و بەو هۆیەشەوە چەندین ڕۆژنامەنووس لەلایەن پۆلیسەوە بریندار کران.

 جێگەی باسە کە ئەو خۆپیشاندانانە کە لە ٢١-٧-٢٠١٨دا دەستیان پێکرد، لەلایەن بەرەی ڕاستی سەر بە پارتی کۆنگرێسی نیپاڵی سازکرابوون و ڕێبەرایەتی دەکران.

هەر لەوبارەوەو بەهۆی ئەو توندوتیژیانەی کە پۆلیسی نیپاڵ ئەنجامی داون لەبەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی ئەو وڵاتەدا، ڕووبەڕووی ڕەخنەباران بووەوە لەلایەن فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسانەوە. فیدراسیۆن لە ڕاگەیاندنێکدا ڕایگەیاند کە ڕۆژنامەنووسان لە نیپاڵ لەو ماوەیەدا توندوتیژی لەبەرامبەریاندا زیادی کردووە.

بۆیە فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسانیش دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی نیپاڵ. وە هەردووک لایان ئیدانە و سەرکۆنەی توندی حکومەت و پۆلیسی نیپاڵیان کرد.

هەروەها لە ڕوونکردنەوەکەی فیدراسیۆندا ئەوەش هاتووە کە پۆلیسی نیپاڵ ٥ ڕۆژنامەنووسی بریندارکردووە لە کاتێکدا ئەوان ڕووماڵی خۆپیشاندانی خەڵکیان دەکرد لەبەردەم بینایەی پەڕلەمان لەشاری کاسماندو. هەروەها پارێزگارو بەرپرسی بەشی ئەمنی ئەوشارە هەڕەشەی لەچەند ڕۆژنامەنووسێک کردووە.

فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی لە زیقارلەبەرامبەر دواکەوتنی مووچەکانیان ناڕەزایەتی دەردەبرن.

 دەیان کەس لە فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی لە پارێزگای زیقار دەستیان دایە مانگرتن و ناڕەزایەتی لەبەردەم فەرمانگەی تەندروستی، لە ڕۆژی ٤ شەممە ٢٥/٧/٢٠١٨. هۆکاری ناڕەزایەتیەکە دواکەوتنی مووچەکەیان بوو بۆ ماوەی ٣ مانگ. یەکێک لە مانگرتوان بە ناوی غیس حسێن بۆ مربەد گوتی” ئەوان دامەزراون و پلەی فەرمانبەریان وەرگرتووە لەسەر میلاکی فەرمانگە، بەڵام ماوەی ٣ مانگە مووچەیان بۆ سەرف نەکراوە. فەرمانگەکەش ئاماژەی بەوەکردوە کە کارەکانیان بە شێوەی گرێبەست بووە و فەرمانی وەزارەتیش دەرچووە بە جێگیرکردنیان لەسەر میلای بەردەوام لە سەرەتای ئەم مانگەوە. بەڵام فەرمانگەکە کارە ئیداریەکانی تەواو نەکردوون بۆئەوەی مووچەکانیان سەرف بکرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.