لە شەنگاڵەوە تا سویدان تاوانبارانی ئەم کۆمەڵکوژیانە کێن…؟
لە شەنگاڵەوە تا سویدان تاوانبارانی ئەم کۆمەڵکوژیانە کێن…؟
موزەفەر عەبدوڵا
لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا کە عێراق و سوریاو زۆر وڵاتی تر بونەتە گۆڕەپانی شەڕو پێکدادان و کوشتوکوشتاری نێوان ڕژێمە سەرکوتگەرو دەستەو تاقمە قەومی و ئیسلامی و تایەفییەکان، و هەروەها دەخاڵەتی دەوڵەتە زلهێزە جیهانییەکان، بە تایبەتی ئەمریکاو ڕوسیاو، ڕژێمە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە، وەک ئێران تورکیاو سعودیەو قەتەر…هتد دەیان کارەساتی کۆمەڵکوژی ڕویان داوە.
کارەساتی شەنگاڵ کە ڕاستەوخۆ لە لایەن داعش و بە چاوپۆشی لێکردن و تەنانەت هاوکاری هەندێک لایەنی باڵا دەست لە عیراق ڕویدا بە گەورەترین کارەساتی کۆمەڵکوژی ئەم سەردەمە دادەنرێت. بە دوای ئەوەدا چەند ڕوداوی کۆمەڵکوژی تر ڕویانداوە کە کۆمەڵکوژییەکەی شاری سویدانی سوریا لە ڕۆژەکانی هەفتەی ڕابردودا یەکێکی ترە لەوانە.
ئەم شارە سەدان هەزار کەسی تیا دەژی و بەوە ناسراوە کە زۆری خەڵکەکەی هەروەک شەنگاڵ چۆن پێیان دەڵێن یەزیدی ئاواش بەمان دەڵین دروز. وە هەتا ئێستاش هێزی سەربازی ئەسەد تا ڕادەیەک باڵادەستی سەربازی بەسەرەوەیە. بەڵام هاوکات خەڵکەکەی بۆ پاراستنی گیان و ژیانی خۆیان زۆریان خۆیان چەکدار کردوەو کاروباری ژیانی خۆیان بەڕیوەدەبەن.
بە مانایەک لەو شارەشدا دەسەڵاتێکی دولایەنە هەیە هەم هێزی چەکداری ناو خەڵکەکەو هەم هێزی چەکداری ڕژێم.
بەڵام لە دوای هەمو ئەو پاشەکشەو شکستە سەربازی و مەعنەوییەی بەسەر داعشدا هات لەم ڕۆژانە دەرفەتیان بۆ ڕەخساوەو لە ڕوداوێکی چاوەڕوان نەکراودا کۆمەڵکوژیەکی تر بخوڵقێنن کە زیاتر لە ٣٠٠ سەد کەسیان کوشتوەو سەدانیان بریندار کردوەو دەیانیشیان بەدیل گرتوەو لاقە کردوە. وە بەشی زۆری کوژراوەکان لە ژنان و مناڵانن.
ئەگەرچی ئەم کارەسات و ڕوداوە دەنگدانەوەیەکی بوەو بۆتە جێگای سەرنج و پرس وڕای خەڵک و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هەندێک لە ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانیش سەرکۆنەیان کردوە داوای لێکۆڵینەوە دەکەن، بەڵام لە لایەن خودی ڕژێمی ئەسەدو ڕژێمەکانی ناوچەکەو دەوڵەتە زلهێزەکانەوە هیچ گرینگی پێنادەن. ئەم بێدەنگی یەش گومانی ئەوەی لێ دەکرێت ئەم کارەساتە ئاکام و بەشێک بێت لە بەندوبەستی ڕێکەوتنی نێوانیان.
جا ئەم ڕوداوی کۆمەڵکوژییە هۆکارو ئاکامی هەرچییەک بێت خۆی لە خۆیدا تاوانێکی گەورەو دژی مرۆڤایەتییە. بەتایبەتی ئەم تاوانە دەرهەق بە خەڵکانێك کراوە کە بەهانە سەرەکییەکەیان ئەوەیە کە هەڵگری بیروباوەرێکی ترن.
هەربۆیە پێویستە وەک ڕوداوە کۆمەڵکوژییەکەی شەنگال بە جینۆسایدو تاوانی دژی مرۆیی هەژمار بکرێت. وە پێویستە وێرای داعش کە ئەنجامدەری ڕاستەوخۆی ئەم تاوانانەیە هاوکات ڕژێمی سوریاو تورکیاو ئێران و ئەمریکاو ڕوسیاو هاوپەیمانەکانیشیان تاوانبار بکرێت بەهۆی تێوەگلان و دەخاڵەتیان لە خوڵقاندنی ئەم دۆخی شەڕوکارەساتەو هەم لەم بەین و بەستی ڕێکەوتنانەی نیوان خۆیان کە لەسەر ژیان و گیان خەڵکانی سڤیڵ و بێتاوانن.
بە دڵنیاییەوە ئەم ڕوداوی کۆمەڵکوژییە نە یەکەم ڕوداوی تاوانکارییەو نە دواهەمینش دەبێت هەتا ئەم دۆخی ململانێ و شەڕو کوشتارە لەنێوان هەموو ئەم ڕژێم و دەستەوتاقمە ئیسلامی و قەومی و تایەفییانەی وەک داعش هەبێت لەگەڵ دەخاڵەتی دەوڵەتە زلهێزو ڕژێمە ئیسلامییەکانی ناوچەکە.
هاتنەوە مەیدانی هێزی یەکگرتوانەی ناڕەزایەتی جەماوەری ئازادیخوازو یەکسانیخوازو ئاشتیخوازو ئینسان دۆست لە ئاستی ئەو وڵاتانەو هاوپشتی جیهانی جەماوەری مەرجی سەرەکییە بۆ نەهێشتنی زەمینەکانی ئەم دۆخی شەڕو ململانێ سیاسییەو تەنانەت ڕۆڵ و کاریگەری و باڵادەستی هەموو ئەم لایەنە تاوانبارانە…