کەناڵی”ئازادی” دەبێ ئازاد بکرێت!!
کەناڵی”ئازادی” دەبێ ئازاد بکرێت!!
25 تەموز تەلەفزیۆنی “ئازادی” حزبی شیوعی کوردستان، لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە بیانوی نەدانی رسومات، راگیرا… و بەڕیوبەری کەناڵەکەش ئەو تۆمەت و بیانووە بە ناراست لەقەڵەم دەدەت..
دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، بە وینەی دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر و کۆنەپەرست، یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی دژی ئازدی بوونە، بۆیە جەنگی دژی ئازادی و وەستانەوە بەڕوی دۆخی نیمچەکراوەی کوردستان، جەنگ و بەرامبەرکێیەکە، کە تەمەنی بە ئەندازەی تەمەنی دەسەڵاتە، داخستنی کەناڵی ئازادییش لەچوارچیوەی ئەو جەنگە دژی ئازادییەی دەسەڵاتدایە.
لە کوردستاندا، دەیان کەناڵی سەتەلایت و تەلەفزیۆنی ناوخۆیی هەن، بەشیکی زۆری ئەو کەناڵانە حزبین یان سێبەری حزبە دەسەڵاتدارەکانن، کە بە داهاتی دزروای خەڵکی کوردستان دەچەرخێن. وە چەندین کەناڵی ژەهراو رشتنی ئیسلامی هەن، کە کاریان وەستانەوەیە بەرووی مافەکانی ژنان و مناڵان و ئینسان و سیما مەدەنیەکانی کۆمەڵگەدا… کاریان دەمەزەردکردنەوەی یاساو ریسا ئیسلامییە ماوە بەسەرچووەکانە، کاریان سوکایەتی و بێرێزییە بە ئازادی و ئازادییەکان. هەموو ئەو کەناڵانە چی ئەوانەی سەر بەدەسەڵاتن و چ ئەوانەشی کە هی ئیسلامیەکانن، کە سیخناغن لە بەرنامە و تەوەرەی ترساندنی کۆمەڵگە و بێرێزی بە ئینسان و مافەکانیان، بەردەوامن و کەس لە گوڵ کاڵتیریان پێناڵێت… کەچی کەنالێکی تەلەفزیۆنی هەژارانە کە جار جار بەرنامەیەک یان تەوەرەو گۆشەیەک لە کارنامەی دەسەڵات بخاتە روو، رووبەرووی هەرەشە و داخستن و سزادان دەبێتەوە…
داخستنی کەناڵی “ئازادی” بە پاساوی نەدانی رسومات، ئەو پرسیارە دەوروژێنێت، ئایا ئەو هەموو کەناڵە میدیایی و تەلەفزیۆنی سەتەلایتەی دەسەڵات، رسومات دەدەن بەکێ؟ بە پارەی کێ دەچەرخێن؟ سەرچاوەی داهاتە فەرمی و پەرێز پاکیان کامەیە؟ هۆی چییە هیچ کام لەو کەناڵانە سزا نادرێن و داناخرێن؟ ئەی ئەو کەناڵانەی کە ترس و تۆقاندنی مەلاو خولەفاکان و پەیامبەران و قورعان و حەدیس، دەبەخشنەوە بۆ توشی لێپێچینەوە نابن؟ ئەو کەناڵانەی هانی توندوتیژی و بێمافی دەدەن، بۆچێ زمانیان ئاوەڵاییە؟ ئەوانەی هیشتا دەیانەوێ بە دوعاو نوشتە نەخۆشی شیرپەنجەو نەخۆشییە قورسەکان چارەسەر بکەن و جەنگ لەدژی زانست و زانستی پزیشکی دەکەن، بۆچێ ئازادانە کاریان راییە؟
چ دەسەڵاتیکی کۆنەپەرست و دژە ئازادییە، کە سایەی رەشی خۆی بەسەر کۆمەڵگەو ئازادیدا بەزۆری چەک و پارە و میدیای بە پارەدزراو و لەگەڵ نۆکەر سفەتیان بۆ وڵاتانی ناوچەکە بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندووە…
داخستنی کەناڵی “ئازادی” پیشێلکردنێکی ئاشکرای ئازادی کاریی میدیایی و رۆژنامەگەرییە. درێژە پێدەری سەرکوتی سیاسی وترساندنی ئازادی و ئازادیخوازانە. ترساندنی رەخنەگرانی دزی و تاڵانی و بیمافی و بیکاری و برسێتی و سەرکوت گەرییە…
پیویستە بەرەی ئازادیخوازی نەترساو و سازش هەڵنەگر بۆ ئازادی، ئەو هەنگاوەی دەسەڵات لەمەنگە بدەن و ریسوای بکەن و دەسەڵات و وەزارەتە رۆشنبرییەکەی ناچار بکەن، ئەو کەناڵە ئازاد بکات و قەرەبووبکاتەوە…
بۆپیشەوە
٢٧ تەموزی ٢٠١٨