هەواڵی نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان ئامادەکردنی: شوان عەزیز و ئاراس رەشید

0

هەواڵی نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی: شوان عەزیز و ئاراس رەشید

کرێکارانی میوانخانەکانی ماریۆت لەسەرتاسەری جیهاندا داوای پلان و هەنگاوی جیهانی دەکەن بۆ بەرگرتن بە گێچەڵی سێکسی!.

تەواوی کرێکارە ئەندامەکانی سەر بەمیوانخانەکانی ماریۆت لەسەرتاسەری جیهاندا، دەستیان کرد بە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندان.

خۆپیشاندانەکان لە ٢٧-٦-٢٠١٨ دا دەستیان پێکرد لەسەر بانگەوازی گروپی کرێکارانی ماریۆت. ئەوەش بە مەبەستی پشتگیری بووە لەو کرێکارانە بەدژی گێچەڵی سێکسی کە لەبەرامبەر کرێکارانی میوانخانەکانی ماریۆتەوە ئەنجام دەدرێت.

لە یەکەم هەنگاوی کرداریدا سەندیکاکانی سەربە ماریۆت لەتەواوی ئەو شوێن و وڵاتانەی کە میوانخانەکانی ماریۆت بوونیان هەیە، دەستیان کرد بە جموجۆڵ و کۆبوونەوە لەو پێناوەدا. بۆ نموونە لە وڵاتانی وەک: نەمسا، چین/ هۆنگ کۆنگ، فەرەنسا، هیندوستان، ئەندەنوسیا، ماڵدیڤ، نیپاڵ، فیلیپین، سامۆوا، خوارووی ئەفریقا، هەروەها تایلاند. لەو وڵاتانە سەندیکاکانی کرێکارانی سەر بە ماریۆت کۆبوونەوەیان ئەنجامداو داوای ڕێکارە جیهانیەکانیان دەکرد بۆ ڕاوەستانەوە بە دژی گێچەڵی سێکسی لەبەرامبەر کرێکارانی سەربە میوانخانەکانی ماریۆت.

هەروەها لە کەنەداو سەرتاسەری ئەمەریکادا، سەندیکاکانی سەربە گرووپی ماریۆت کە لەلایەن گرووپی ” لێرە یەک بگرن” سەپەرشتیان دەکرا هاتنە ناو کۆمیتەی خۆپیشاندانەکانەوە. هەموو ئەو سەندیکایانە و نوێنەری کرێکارانە داوای ڕێکاری کرداری و جیهانیان دەکرد بە دژی گێچەڵی سێکسی بۆسەر کرێکارانی میوانخانەکان.

هەندێک لە هوتاف و شیعاڕە بەرزکراوەکان بریتیبوون لە ” لێرە یەک بگرن” یاخوود ” یەک جۆر کار دەبێ بەس بێت بۆ کرێکار” یاخوود ” دەبێت کرێکاران بەدوور بن لە هەر کارێک کە ژیانیان و شکۆمەندیان بخاتە مەترسیەوە”

حکومەتی جەزائیر هێرشەکانی بۆسەر سەندیکا سەربەخۆکانی کرێکاران زیاد دەکات!

حکومەتی جەزائیر دەستیکرد بە زیادکردنی هێرشەکانی بۆسەرمافەکانی کرێکاران و سەندیکا سەربەخۆکانی کرێکاران. ئەوەش هەر دوای ئەوە هات کە ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە کۆنفرانسی ساڵانەی خۆیدا جەزائیریان ڕەخنەباران کرد.

ئێستا کرێکاران بە گشتی و بە تایبەتی ئەوانەی سەربە سەندیکا سەربەخۆکانی کرێکارانن لە جەزائیردا، ڕوبەڕووی شێوازێکی زۆر دڕندانەتر دەبنەوە لەجاران. هەتا هاتە سەرئەوەی کە لەو دواییانەدا وەزیری کاری جەزائیر هەڕەشەی کشانەوەی وڵاتەکەی دەکرد لە ئەندامێتی لە ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی.

هەر لەبەرئەوەش بوو، کە ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی بڕیاریدا لیژنەیەک بنێرێت بۆ جەزائیر تا لە نزیکەوە ئاگادارو گوێبیستی ئەو سەرپێچیانە بێت کە حکومەتی جەزائیر دەیکات لەبەرمبەر کرێکاران و سەندیکا سەربەخۆکان. ئەوان پێیان وایە کە حکومەتی جەزائیر پەیڕەوی لە بڕیاری ژمارە ٨٧ی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ناکات کە تایبەتە بە ئازادی ڕێکخراوبوون و پێکهێنانی کۆمەڵەو سەندیکای سەربەخۆی کرێکاری.

رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکیدا دەربارەی جەزائیر بەڕوونی ئاماژە بە دڕندەیی حکومەتی جەزائیر دەدا لە پێشێلکردنی مافی کرێکاران و قەدەغەکردنی سەندیکای سەربەخۆی کرێکاری. تەنانەت لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت کە حکومەتی جەزائیر ڕازی نابێت کە لیژنەی سەندیکا سەربەخۆکان لەگەڵ ئێمە و حکومەت بە هاوبەشی کۆبوونەوە بکەین و دابنیشین. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا  دەڵێت: خاڵی سەرەکی و گرینگ بەلای حکومەتی جەزائیرەوە ئەوەیە کە نایەوێت وا بە ئاسانی سەندیکای سەربەخۆی کرێکاری بڵاوبێتەوە و کرێکاران بەلای خۆیدا ڕابکێشێت. هەروەها حکومەتی جەزائیر ناشیەوێت کرێکاران ببن بە ئەندام لەو سەندیکا و ڕێکخراوە سەربەخۆیانە کە لە دەرەوەی دەوڵەت و یاسای حکومەتدا کاردەکەن. بۆیە لەوبارەوە حکومەت بەربەست و تەگەرەی زۆر قورس و نابەجێ و نایاسایی درووست دەکات لەبەردەم ئەو کرێکارو سەندیکا سەربەخۆیانە.

جێگەی باسە کە سناتێگ و سناپاپ دوو ڕێکخراوی دیاری سەربەخۆن لە ناو وڵاتی جەزائیردا و لە لایەکی تریشەوە سەربە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی خۆراکن.

کرێکارانی سێکتەری گاز سەر بەکۆمپانیای (ناشنەڵ گرید) مانگرتنەکەیان دەبەنە بەردەم سەرۆکایەتی دەوڵەت لە ویلایەتی ماسەچوسێتس لە ئەمەریکا !

کۆمپانیای ناشنەڵ گرید تەواوی سوود و هاوکاریە تەندروستییەکانی ئەو کرێکارانەی بڕی کە ببوونە ئەندام لە سەندیکایەکی بەناوبانگی جیهانی بەناوی کرێکارانی یونایتید ستیڵ. کۆمپانیای ناشنەڵ گرید تەواوی هاوکارییە تەندروستیەکانی لەوکرێکارانە ڕاگرت.

کرێکارەکان زۆر بەڕاشکاوی ڕەخنەو گلەییەکانیان گەیاندە دەسەڵاتدارانی حکومەتی ماسەچوسێت، بەڵام لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی کۆمپانیای ناشنەڵ گرید دەڵێن ئێمە ئەو هاوکاریە تەندروستیانە نادەینەوە بە کرێکاران تا ئەوان ئەندام بن لە ناو ڕێکخراوێکی کرێکاریدا. کۆمپانیاکە دەڵێت ئەندام بوونی ئەو کرێکارانە ئەوە دەگەێنێت کە ئەوان هەر کات بیانەوێت هێزی مانگرتن و خۆپیشاندانیان هەیە، و بەم کارەشیان دەتوان زیان بە کۆمپانیەکەمان بگەێنن لە ڕووی ئابووریەوە.

جێگەی باسە کە لە ٢٥ حوزەیرانی ڕابردووەوە کۆمپانیای ناشنەڵ گرید زیاتر لە هەزار کرێکاری بێبەش کردووە لە هاوکاریە تەندروستییەکان. بۆیە لەوکاتەوە کێشمەکێش لەسەر جۆری هاوکاریە تەندروستیەکان لە نێوانی ئەو دوو بەرەیەدا هەیە.

نوێنەران و قسەکەرانی کرێکارە هاوکاری بڕاوەکان، دەڵێن کۆمپانیاکە بۆیە هاوکاری تەندروستی لە کرێکارەکان بڕیوە تا ببێتە فشار بۆ سەریان. بۆئەوەی هەم واز لە چوونە پاڵ سەندیکای کرێکاری بهێنن و هەمیش ڕازی بن بە داواکاری و خواستەکانی کۆمپانیای ناشنەڵ گرید. وە لە لایەکی تریشەوە بۆئەوەیە کە کرێکارەکان نەتوانن هیچ مانگرتن و خۆپیشاندانێک ئەنجام بدەن کە کاریگەری هەبێت. چونکە کاریگەری خۆپیشاندان و مانگرتنی کرێکاری لە ڕێکخراوبوونی کرێکاران خۆیاندایە.

ڕۆژنامەنووسانی سەر بە زەمان سزای قورسیان لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بەسەردا دەسەپێنرێت!

فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان، ئای ئێف جەی، کە وەک دەنگی تەواوی ڕۆژنامەنووسانی جیهان چاوی لێدەکرێت ڕایگەیاند کە حکومەتی تورکیا سزای زۆر گران دەسەپێنێت بەسەر ڕۆژنامەنووساندا .

ئەو فیدراسیونە ئەوەشی ڕاگەیاند کە حکومەتی تورکیا لە ڕێگەی دادگاوە تۆمەتی ناڕەواو بێبنەما دەداتە پاڵ ڕۆژنامەنووسان بۆئەوەی دەنگیان کپ بکاو لە مەیدانی چاودێری دووریان بخاتەوە.

بۆ نموونە لە ٦-٧-٢٠١٨دا دادگای شاری ئەستەمبوڵ سزای زیندانیکردنی بەسەر شەش ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری ڕۆژنامەدا سەپاند.

بەهانەی دادگا ئەوە بووە کە ئەو ڕۆژنامەنووسانە ئەندام بوون و کاریان بۆ ڕێکخراوێکی چەکداری تیرۆریستی کردووە. دادگا دەڵێت کە ئەو ڕێکخراوە کاری سیاسی لێ قەدەغە کراوەو لەدەرەوەی یاسای حکومەتی تورکیادایە.

جێگەی باسە کە ڕۆژنامەنووسان و زۆرێکیش لە چاودێرانی سیاسی و شارەزا لە ناوخۆی تورکیا پێیان وایە، کە لە ١٥-٧-٢٠١٦  وە کە کودەتا شکەست خواردووەکە ڕوویدا  داتاشینی ئەم جۆرە بەهانانە بۆ حکومەتی تورکیا و دادگای سەر بەوحکومەتە کارێکی ئاسانەو جێبەجێکردنەکەشی هەر ئاسانە.

هەر لەوبارەوە فیلیپ لێروث، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان، وتی” جارێکی تر دادگای تورکیا دەری خست کە فەشەلی هێناوە لە پاراستنی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان. لە باتی پاراستنیان دادگا بە ناڕەوایی لە ژێر بەهانەی درووستکراودا ڕۆژنامەنووسان سزا دەدات. ناسەربەخۆیی دادگا لە تورکیادا غائیب بوونی دێموکڕاسی لەو وەڵاتەدا دەگەێنێت. هەروەها نەبوونی کەشێکی دادپەروەرانە بۆ میدیاو ڕۆژنامەنووسان کەشی دێموکڕاسی لەناودەبات لە تورکیادا. بۆیە داوا لە بەرپرس و دەسەڵاتداران دەکەم کە هەرچی زووەو دەست بەجێ ئەو ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەرانە لە زیندانەکان بهێننە دەر.”

هەروەها شارەزایانی کاروباری ناوخۆی تورکیا پێیان وایە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات لە تورکیادا لە گرتن و ڕاوەدوونانی دەنگی ئازاد و ڕۆژنامەنووسان هەمووی لە ناوەڕۆکدا سیاسیەو هیچی پەیوەندی بە دادپەروەریەوە نیە.

ئەوەی کە دیارە تا ئێستا ١١ ڕۆژنامەنوسی گومانلێکراو دەستگیر کراون. لەو یازدە کەسە شەشیان لە لایەن دادگاوە خراونەتە زیندانەوەو تۆمەتی ئەندام بوونیان لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دا بەسەردا سەپاوە. عەلی بولاج و شاهین ئەڵپای و ئەحمەد توران ئەڵکان هەر سێکیان بە ٨ ساڵ و نۆ مانگ سزای زیندانی دران. مومتاز تورکۆن و موستەفا ئوناڵیش بە ١٠ ساڵ و شەش مانگ سزای زیندانی دران. هەروەها ئیبراهیم کەرەیغونیش بە نۆ ساڵ سزای زیندانی درا.

کرێکارانی نەوت لە گابون بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ ماندەگرن لە کۆمپنیاکانی توتالی فەرەنسی.

نەقابەی کرێکارانی نەوت لە گابون ڕایانگەیاند کە دەستدەکەن بە مانگرتن و ماوەی ١٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە کۆمپانیای نەوتی توتالی فەرەنسی، ئەمەش دوای شکستی دانوسانەکان لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراو لەسەر داواکارییەکان، یەکێک لە داواکاریەکان بریتی بوو لە زیادکردنی کرێ. ڕێکخراوی نیشتمانی فەرمانبەرانی نەوت لە ڕاگەیاندنێکیدا کە ڕادیۆی ئەفریقا ١ ڕۆژی ٢ شەممە  بڵاویکردەوە” مانگرتنەکە سەرجەم بەشەکان دەگرێتەوە کە فەرمانبەرانی کۆمپانیای ( تۆتاڵ-گابۆن) کاری تێدا دەکەن. سکرتێری گشتی ڕێکخراوەکە( سیلڤا مایابی) گووتی” کە گروپی نەوتی فەرەنسی نزیکەی ٣٠٠ کرێکاری گابۆنی لەخۆ دەگرێت کە ٦٠ کەسیان بیانین”.

نەقابەکە لە مانگی ٦ی ڕابردوو دا گفتوگۆ لەسەر هەندێک خاڵی دیاریکراوی جیاواز کرا، کە پەیوەستن پێشخستنی ئاستی فەرمانبەران و کرێکاران، و زیادکردنی ١٣ ەهەمین مانگی ساڵ دەرماڵەی جۆراوجۆر لەکاتی گۆرانکاریەکاندا لە شێوەی ئوسوڵی کۆمپانیاکە.

شایانی باسە کە دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ بووە هۆی پاشەکشەی بەرهەمهێنان، و فشاری خستە سەر کۆمپانیاکانی نەوت بۆ بێکارکردنی هەزاران کرێکار. جێی ئاماژەیە کە کۆمپانیای ( تۆتاڵ) نزیکەی ٥٤ هەزار بەرمیل نەو بەرهەم دێنێت لە ڕۆژێکدا لە کێڵگەکانی گابۆن.

بەهۆی گرێبەستی کرستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی یاریکەری تۆپی پێ لەگەڵ یۆڤانتس، مانگرتنی کریکارانی کۆمپانیای فیاتی لێکەوتەوە.

ژمارەیەک لە کرێکارانی کارخانەی کۆمپانیای فیات و کرایسلەر کە دەکەوێتە خوارووی ئیتالیا مانگرتنیان ڕاگەیاند لە ڕۆژی چوارشەممە ١١/٧، وەک ناڕەزایەتیەک لەبەرامبەر گرێبەستی یانەی یۆڤانتسی ئیتالی لەگەڵ ئەستێرەی  تۆپی پێی پورتوغالی ڕیناڵدۆ.

یانەی یۆڤانتس یەکێکە لە موڵک و ماڵەکانی خێزانی( ئەنییلی) کە دەسەڵاتیان هەیە بەسەر کۆمپانیای فیات و کرایسلر. ئەندریا ئەنییلی سەرۆکی یانەی یۆڤانتس ڕایگەیاند کە یانەکەی گرێبەستی لەگەڵ ڕۆناڵدۆدا کردوە لە ١٠/٧ بە نرخی ١١٢ ملیۆن یۆرۆ لە ڕیال مەدریدی ئیسپانی کڕیوە.

ناڕەزایەتی کرێکاران لەسەر ئەو گرێبەستەیە کە ئەو پارە زۆرە بەخەرج دەدەن بۆئەوەی ڕیناڵدۆ بیتە یانەکەیان، لە کاتێکدا چەندان ساڵە کۆمپانیاکە داوا لە کرێکاران دەکات کە قوربانی ئابووری زەبەلاح بدەن بۆیان. نەقابەی کرێکاران ئەو پرسیارەی کرد لە بەیانێکیدا کە بەو بۆنەوە دەرکراوە:” ئایا ئەمە عەدالەتە؟ ئایا ئاساییە تاقە کەسێک  ملیۆنان وەرگرێت، لە کاتێکدا هەزاران خێزان بێ مووچە بن لەبەر نەمانی پارە لە کۆتایی مانگدا؟.

نەقابەکە داوای لە کارگەکە کرد کە سەرمایەگوزاری گەورەتر بکات بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمۆبیل بۆئەوەی هەلی کار زیاد بکات بۆ کارگەکە. ماوەی مانگرتنەکە لە ئێوارەی ١٥/٧ تاوەکو سەرلەبەیانی سێشەممە بەردەوام دەبێت.

کۆمپانیای فیات ڕازی بووە لەسەر خستنە ئەستۆی مووچەی ڕۆناڵدۆ، کە ساڵانە دەکاتە ٣٥ ملیۆن دۆلار. ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتی کرێکارانی ئەو کۆمپانیایە. بەپێی ئەو گرێبەستە تازەیەی ڕۆناڵدۆ بڕی ٦٦٢ هەزار دۆلار هەفتانە وەردەگرێت، ئەمەش بەرزترین مووچەیە لە خولی یانەکانی تۆپی پێی ئیتالی

هل من الطبيعي أن يتقاضى شخص واحد الملايين فيما تعاني آلاف الأسر من نفاد المال قبل نهاية الشهر

أيطاليا: بسبب صفقة كريستيانو رونالدو.. إضراب عمال شركة فيات للسيارات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.