گۆشەیەکی ترەوە چۆن ئەم هەلە ڕەخسا تا ئۆردوگان ئەم دەسەڵاتە ڕەهایە بەدەست بێنێت…؟
گۆشەیەکی ترەوە
چۆن ئەم هەلە ڕەخسا تا ئۆردوگان ئەم دەسەڵاتە ڕەهایە بەدەست بێنێت…؟
موزەفەر عەبدوڵا
سەرەنجام جارێکی تر ئۆردوگان و حزبەکەی دادوگەشەپێدان بە هاوپەیمانی حزبی قەومی تورکی لە هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمارو پەرلەمانیدا لە دووهەفتەی ڕابردوودا سەرکەوتنی بەدەست هێنا. چەند ڕۆژ لەمەوبەریش لە مەراسیمێکی تایبەتدا بە بەشداری نوێنەرانی دەیان وڵات ئۆردوگان سوێندی یاسایی خواردو بە فەرمی بوەوە بە سەرۆک کۆمار، بەڵام بە دەسەڵاتێکی ڕەهاوە بۆ جێبەجێکرنی نەخشەو پلانەکانی.
لێرەوە ئیتر ئۆردوگان سەرۆک کۆمارێکی خاوەن دەسەڵاتی ڕەهایە، کەچی وا کەمتر نییە لە دەسەڵاتی ئیسلامی سوننەگەرای پاشایەتی سعودیەو دەسەڵاتی ئیسلامی شیعەگەرای ئێران بە ڕێبەری خامەنەئی، بەڵام ئەگەر جیاوازیەکی بەرچاو بەدی بکریت لەگەڵ ئەو دوو دەسەڵاتەی ئەواندا ئەوەیە کە ئۆدوگان لە یەک پرۆسەی هەڵبژاردنی دیموکراسی پەرلەمانی، بە بەراورد لەگەڵ سیستەمی دەسەڵاتیداریتی هیپۆکراسی ئەو دوو دەوڵەتەدا، بۆتە خاوەنی ئەم دەسەڵاتە ڕەهایە.
کەچی ئێستا نەیارانی ئۆردوگان لە ڕاست و چەپ و هەموو ئەوانەی بەشداری پرۆسەی هەردوو هەڵبژاردنیان کرد، دەنگی ناڕەزایەتیان بەرزکردۆتەوەو بە دیکتاتۆرو فرتوفیڵکەرو تەزویرچی و دەیان پروپاگەندەی تر تۆمەتباری دەکەن. وا نیشانی دەدەن کە سەرکەوتن و بەدەستهێانی ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەی ناشەرعی و نا یاسایییە. هەمو بەڵگەکانیشیان ئەوەیە کە هەمواری زۆر بەندو بڕگەی دەستورو یاساکانی کردووە. کاتی هەڵبژاردنەکانی هێناوەتە پێشەوە بە قازانجی خۆی. ناوی هەڵبژاردنەکانیان ناوە بە هەڵبژاردنی داسەپاو و زۆرەملێ. ئەمانەو دەیان ڕەخنەو ناڕەزایەتی تر. ئەوە چەند هەفتەیە تا ئێستا هەڵبژاردن و ئاکامەکەی و مەراسیمی بوونەوەی بە سەرۆک کۆمار بە دەسەڵاتی ڕەهاوە، بونەتە هەواڵی گەرمی ڕاگەیاندنەکان و جێگای پرسو ڕای گشتی لە ئاستی و ناوەوەو دەرەوەی تورکیا.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و پرسیاری سەرەکیە لە پشتی هەموو ئەو ڕەخنەو ناڕەزایەتییانە کە هەیە لە دژی ئوردوگان ئەوەیە کە سەرەنجام چۆن ئەم هەلە ڕەخسا تا ئۆردوگان ئەم هەموو دەسەڵاتە بەدەست بێنێت؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە وا پێویست دەکات بە کورتی ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەین کە بوونە زەمینە خۆشکەری ئەم هەلە زێڕینە بۆ ئۆردوگان و حزبەکەی.
خاڵی یەکەم: بەر لەهەر شتێک هۆکارێکی سەرەکی بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە خودی پەرلەمان و سیستەمی پەرلەمانییە کە هەمیشە دەرگای ئاوەڵایە، بەتایبەتی لە دەورانە قەیران گرتووەکانی ئابوری سەرمایەدا، تا ڕاسترەوترین ڕەوتی بۆرژوا قەومی ودینی و نیولیبرال فاشی بۆ پاراستنی سەرمایەو سیستەمە سیاسییەکەی سەرکەوێت.
بە پێچەوانەی بەڵگەو بەهانەو پڕوپاگەندەکانی نەیارانی ئۆردوگان لەناوەوەو دەرەوەی تورکیا وەک لە پیشەکیە کورتەکەدا ئاماژەمان پێکرد کە سەرکەوتنی ئۆردوگان و نمونەکانی تەنها لە ڕێگای سەرکوت و دەسبەسەراگرتنی کۆی دەزگاکانی دەوڵەت و هەموارکردنەوەی دەستورو یاساو پێش و پاش خستنی وادەی هەڵبژاردن و تەنانەت تەزیورو هەموو ئەمانەوە نییە. بێگومانە هەموو ئەمانەش ڕۆڵ دەگێڕن، بەڵام کرۆکی پرسەکە نوێنەرایەتی کردنی بەرژەوەندی و پاراستنی هەلومەرجی سەرمایەیە لە ڕوانگەو قەناعەتی زۆرایەتی سەرمایەدارانەوە.
باشرین بەڵگە بۆ ئەم ڕاوبۆچونە سەرکەوتنی گەورەترین فاشتە شەرانگێزەکانی پێش ئۆردوگانە لە هیتلرو مۆسۆلینییەوە بگرە تا دەگاتە ڕێگان و تاتشەرو دەبڵ بۆش و ترامپ کە نوێنەرایەتی ڕاسترین و فاشی ترین باڵی بۆرژوازی دەکەن. ئەمانە هەموویان هەر لە دەزگای پەرلەمان و هەڵبژاردنی دیموکراسی، جا با شیوازی دەسەڵاتی هەندێکیان سەرۆکایەتش نەبوبێت، بەڵام کارنامەو کارکردی دەسەڵاتەکانیان گەورەترین کارەساتی مرۆیی لە ئاستی جیهان بەدیهێناوە. باشە خۆ زۆرێک لەمانە دەستکاری دەستورو ڕێساو یاساو پێشخستنی وادەی هەڵبژاردنیشیان نەکردوە ئەی چۆن هەلیان بەدەست هێنا تا سەرکەون..!
ئۆردوگان هەڕچیەکی کردبێت پشت بە ڕێساو یاسا کردوێتی و بازی بەسەریاندا نەداوە بە شێوەیەکی گشتی ، بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کە خودی دەستورو ڕێساویاساکان و دامەزراوەکانی سیستەمی دیموکراسی ئەو هەل و بۆشاییانەی تیایە کە گەمەی سیاسی تیا بکریت.
بۆیە بۆئەوەی بزانین چۆن ئەم هەل و دەرفەتە رەخساوە بۆ ئۆردوگان تا ببێتەوە بە سەرۆک کۆمارو زۆرێک لە دەستورو یاساکانیش هەموار بکات بە قازانجی خۆی دەبێت لەناو خودی سیستەمەکەدا بگەڕیین.
پرسەکە ئەوەیە کە شێوازو ناوەڕۆکی ئەم سیستەمە سیاسییە دیموکراسی –پەرلەمانی – فرە حزبی –فرە رەنگی- ئاوایە کە هەر کەس و حزب و لایەنێک تا ئەو جێگایەی بڕوای تەواوی بە پاراستنی پایە ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکانی هەبێت کە لەسەر موڵکداری تایبەتی گەورەو پاراستنی سەرمایەو وەبەرهێنانەکەی وەستاوە ئەوە هەلی بۆ ڕەخساوەو دەڕەخسێت تا لە دەروازەی ئەم شێوازە لە هەڵبژاردنی دیموکراسی، جا پەرلەمانی بێت یان سەرۆکایەتی بێت ،دەسەڵات بگرێتە دەست.
خاڵی دوەم: بۆ ڕەخسان و بەدەسهێنانی ئەم هەلە هەروەها پەیوەستە بە خودی ئەم باڵ و ڕەوتەی بۆرژوا قەومی و ئیسلامییە کە پێشتر کەسانی وەک ئۆردوگان تا گەیشتە ئۆردوگان نوێنەرایەتی و ڕابەریان کردوەو توانیویانە، وەڵام بە پێداویستی و گیروگرفتەکانی بدەنەوە.
ئەم ڕەوتە لە دوو دەیەی ڕابردوە لە بۆتەی کێشەو ململانێ و قەیران و بنبەستی هەموو ڕەوتە بۆرژوا قەومییە هەرە ڕاستڕەو میانەڕەوەکانەوە بە کۆمەڵیک بەرنامەی چاکسازی ئابوری و سیاسی و کەلتوری توانی خەڵکی لە گەورە سەرمایەداران و توێژیکی بەرینی لە وردە بەرهەمهێنەری وردە بۆرژواو ڕۆشنبیرەکانیان لەدەوری خۆی کۆکاتەوە وردە وردە بە پلیکانەکانی دەسەڵات سەرکەوێت. تەنانەت ئەم ڕەوتەی ئۆردوگان بۆ مەبەستی سیاسی و ئابوری خۆیان توانیان سەرسەختترین دوژمنی ناسیونالیستی خۆیان کە نزیک بە ٤٠ ساڵە چەکی هەڵگرتوە لە دژیان کە پەکەکە، بالێکی لە دەوری خۆی کۆکاتەوەو ڕایان کێشێتە سەر مێزی گفتوگۆیەکی بێهودەو بێئاکام.
بۆ هیج کەسێک شاراوە نییە کە قۆناغی یەکەم ئۆردوگان وحزبەکەی لە شارەکانی کوردستان بەهاوکاری باڵە شارییەکەی پەکەکە و دۆستەکانیان سەرکەوتن بۆ دەسەڵات. ئێستاش هاوکاری و هاوپەیمانی ئەو بەشە لە بۆرژوازی و وردە بۆرژوازی کوردستان کە بیروباوەرو کەلتوری ئیسلامی زاڵەبەسەریاندا ڕۆڵی هەبوو لە سەرکەوتینیان.
خاڵی سێهم: شکستی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەسەراسەری تورکیا. بە تایبەتی خۆپیشاندانە گەورەکەی کە شاری ئەستەمبول و پارکی کزای ببووە گۆڕەپانی سوری ئەم خۆپیشاندانە کە تا ئاستی بەرزکردنەوەی دروشمی راپەرین و ڕوخانی دەسەڵاتی ئوردوگان چووە پێشەوە.
بێگومان ئەم شکستەش هۆکارێکی سەرەکی نەبوونی یەک ڕابەری جەسوری ڕادیکال و شۆرشگێرانە بوو.
ئەگەرچی ڕێکخراوە چەپ و سۆسیالیستەکان و سەندیکا کرێکارییەکانی ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو تیایدا، بەڵام لە نەبوونی بەرنامەو ستراتیژو تاکتیکی کۆمۆنیستانەو ڕابەریکردنی جەماوەری نارازی هەنگاو بە هەنگاو ئاکامەکەی پاشەکشەو شکست بوو. بێگومان سەرکوتیش ڕۆڵی هەبوو لەم نێوەدا.
خالی چوارەم: ڕوداو و کێشەی کودەتا شکستخواردوەی دوو ساڵ لەمەوبەر بوو.
ئەم کودەتایە ڕەنگە زۆر کەس و لایەن لە چەپ و ڕاستەوە تا ئێستاش بە هەنگاویکی ئیجابی دابنێن ئەگەر سەرکەوتایە، بەڵام لە ڕوانگەی ئاسۆ و ئامانجی خەبات و ناڕەزایەتی رادکالانەی جەماوەرییەوە نە ئەم کودەتایەو نە هیچ کودەتایەک ناتوانێت سودمەند بێت. تەنانەت ئەگەر کودەتاکە سەریشی بگرتایە ئەوە بیگومان باڵێكی تری بۆرژوا قەومی و ئیسلامی فاشی هەر وەک ئۆردوگان دەهاتنە سەر دەسەڵات و هەر بە زیانی بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازیەوە دەشکایەوە.
ئەگەری زۆریشی هەبوو تاقمی خزمەتی گولەن بهاتنایە سەر دەسەڵات لەگەڵ عەسکەر ئەو کات ئەوانیش کۆپییەکی تری ئوردوگان و حزبەکەی دەبوون.
خاڵی پێنجەم: نەبونی یەک حزبی کۆمۆنیستی شۆرشگیڕی بەهێز کە بتوانێت هەموو ئەو ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییە بەهێزەی هەیە لە دژی ئوردوگان و سەرجەم حزبە قەومی و ئیسلامییەکان فاشیییەکان ڕابەری بکات و بیکاتە خاوەنی یەک بەرنامەو ستراتیژی شۆرشگێرانەی تا ڕادەی ڕاپەرین و شۆڕش. ڕاستە لە تورکیا چەندین دەستەو ڕیکخراوی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی هەن و هاوکات هەزاران سەندیکاو ڕێکخراوی لاوان و قوتابیان و ژنان و…هتد هەن و بەردەوام لە ناڕەزایەتیدان، بەڵام ئەوە ونە ئەو ڕابەرییەیە.
وەک زۆر کەس بڕوای وایەو منیش هەر ڕام وایە کە نابێت کرێکاران و توێژە ستەمدیدەکان و بەرەی چەپ و کۆمۆنیستی بە تاکو بە کۆ هیچ خۆشخەیاڵییەکیان هەبێت تا لە ڕێگای پەرلەمان و حکومەتی هەڵبژێردراوی دیموکراسییەوە چاکسازی بە قازانجیان بکرێت. بەتایبەتی لەم هەڵبژاردنانەی ڕۆژهەڵاتدا کە تورکیا تاکە سیستەمی پەرلەمان و هەڵبژاردنە تیایاندا ئەگەرچی پڕە زۆر تەنگەریشە. ئیتر ئەوانەی وەک ئێران و عیراق و میسرو زۆر وڵاتی تر جگە لە گاڵتەجاری شتێكی تر نییە.
بە کورتی ئەمانەو زۆر خاڵی لاوەکی تریش کە دەکرێت ئاماژەیان پێ بدرێت کە بوونەتە هۆکار تا ئۆردوگان و حزبەکەی هەل بەدەسبێنێت و ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار بە دەسەڵاتێکی ڕەهاوە…