ناڕەزایەتیەکانی شارەکانی خوارووی عێراق
ناڕەزایەتیەکانی شارەکانی خوارووی عێراق
ئامادەکرانی/ ئەحمەد عبدالستار الجبر و ئاراس ڕەشید
١٤ی تەمووز٢٠١٨
سەرەتای ئەم هەفتەیە٢ی تەموز ٢٠١٨، خۆپیشاندەران لە ناوچەکانی نزیک لە کێڵگەی نەوتی بەسرە دەستیان کرد بە خۆپیشاندان، داواکاری چاکردنی خزمەتگوزاریەکانی وەک ئاو و کارەبیان دەکرد، هەروەها لاوانی بێکار داوای هەلی کاریان دەکرد، بەڵام وەڵامی حکومەتی ناوخۆ بریتی بوو لە تەقەکردن بەڕووی خۆپیشاندەران، و لەئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و ٤ کەسیش بریندار بوون. ڕق و توڕەیی خەڵک بەم جۆرە لە زیادبووندا بوو لە بەرامبەر دەزگا ئەمنییەکان و شەپۆلی خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوونەوە، بەجۆرێک ناوچەیەکی زۆری لە شاری بەسرە گرتەوە و هێرش و پەلامارەکان کرانە سەر ناوچەی کۆمپانیا نەوتیەکان و ڕێگای سەرەکیان گرتن و دەروازە سنووریەکانیان لەگەڵ ئێران داخست. خێوەتی بێکارانی بۆ مانگرتن هەڵدران و شیعار و بەیان بۆ داواکارییەکان و ئیدانەکردنی دەزگا ئەمنیەکان لە بەرامبەر هاووڵاتیانیان خستەڕوو. ئەمەش بەشێکە لە بەیاننامەکە:
” بەیاننامە لە لایەن لیژنەی ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکانی بێکاران. ئێمە کۆمەڵیک لاوی بێکار؛ هەستاوین بە ڕێکخستنی خۆپیشاندانی ئاشتیانە لە ٢٠ی حوزەیران، بۆ داواکاریەکانمان. خۆپیشاندانەکانمان بەردەوام بوون و دەسەڵاتی حکومەتیش هیچ وەڵامێکی نەبوو جگە لە هەندێک بەڵینی درۆینە و هەڵخەڵەتێن. بۆیە ئێمە ڕۆژی ٤ شەممە لەبەردەم کۆمپانیای نەوتی بەسرە ماندەگرین و خیوەت هەڵدەدەین، و داواکارین لە هاوڵاتیانی بەسرە کە پشتیوانیمان بکەن بۆ بەدیهێنانی مافە زەوتکراوەکانمان و بەردەوام دەبین لە مانگرتن. شایانی باسە کە ئەم شارە ١/٣ی خەڵکی عێراق بە نەوتەکەی دەژێنێت، بەڵام هاوڵاتی خۆی جگە لە نەخۆشی و هەژاری و بێکاری هیچی لێ بەدەست نەهێناوە. بۆیە ١١ی تەموز داواکارین کە بێنە بەردەم خیوەتی ماف و مافەکانی بێکاران لەبەردەم کۆمپانیای نەوتی بەسرە.
تێبینی: مانگرتنەکەمان ئاشتیانە دەبێت لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانمان و مافی ئەو لاوانەی کە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خەڵکانێک بەکاردێن…..
لە ڕۆژانی دواتردا خۆپیشاندانەکان زۆرێک لە کێڵگە نەوتیەکانیان و بنکەی حیزب و پارێزگار و خانووی بەرپرسەکانیان فڕۆکەخانەکانیان دەستبەسەراگرت.
شایانی باسە تاوەکو ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان بەردەوامن و گۆڕانکرای خێرا ڕوودەدات.