پێکهێنانی هاوپەیمانیەتی نیوان حزبەکان، بۆ وەڵامدانەوە بەگرفتە بناغەییەکانی خەڵکی کوردستان نییە…
پێکهێنانی هاوپەیمانیەتی نیوان حزبەکان، بۆ وەڵامدانەوە بەگرفتە بناغەییەکانی خەڵکی کوردستان نییە…
عەبدوڵا مەحمود
بەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە بۆ ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق!!، بەپێچەوانەی ئەو هەموو بەڵێن و درۆشاخدارانەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، دەیان بەخشیەوە، کە کوردستان دەبێتە “شامی شەیف”!!، هەلومەرجی سیاسی کورستان و دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و بەتایبەتیش چین و توێژە بێبەش و کەم دەرامەتەکان، لەوپەری خراپی خۆیدایە. لەباری سیاسییەوە دۆخی سیاسی کوردستان نەتەنها دەرگیری چەقبەستنێکی قوڵە، بەڵکو رووبەرووی مەترسییە و ئاسۆی هیچ ئایندەیەکی باشتریشی لێوە نابینرێ. لەپەیوەند بە بەغداوە پێگەیەکی لاوازی هەیەو وەکو هەرێمێکی پەرواێزخراو، تەماشادەکرێت. حزب و لایەنە سیاسیەکانیش لەچاوەروانی پێکهاتنی حکومەتی داهاتوودان و هەریەکەیان بەجۆرێک چاو لەدەستی حزبە براوەکانی هەڵبژاردنن لە عێراق و لە ستایشی ئاخوندەکانی کریگرتەی ئیراندا کە بەوەکالەت عێراق بەڕیوەدەن، راوەستاون. پێگەی سیاسی کوردستان لە ئاستی ناوچەکەدا لەچاو پێشوو زۆر لاوازترەو هیچ مایەیەکی لەسەر دانانرێت و هەر کام لە وڵاتەکانی ناوچەکە بەجۆرەی دەخوازن تەراتێن لە کوردستاندا دەکەن… لەسەر ئاستی ناوخۆشدا، پەیوەندی نێوان حزب و لایەنەکان بەدوای هەڵبژاردنەکاندا لەوپەرێ لێکترازان و زبری و بێمتمانەییدایە،… ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لەوپەری ناخۆشیدایە، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بەرەو نەمان دەچن، ئەوانەشی کەماون هەرزانفرۆشی کەرتی تایبەتی دەکرێن. لەجەرگەی دۆخی ئاوادایە، کە بەشێک لە حزبە سیاسیەکانی ئۆپۆزیسێۆن!! و راوێژکارە موچە خۆرەکانیان، لەبەرامبەر بەو دۆخەدا پێ لەسەر پێویست بوونی بەرەیەکی هاوبەش و هاوپەیمانیەتیەکی نێوان هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی دادەگرن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو… وە ئەمە وەکو رێگاچارەیەک بۆ دەرچوون لە چەقبەستووی دۆخی سیاسی کوردستان و شکاندنی تەلیسمی دەسەڵاتی داسەپاوی یەکێتی و پارتی دەخەنە روو.
ئەم حزبانە و راوێژکارەکانیان… وا نیشان دەدەن کە پێکێهێنانی هاوپەیمانیەتیەک بۆ وەڵامدانەوەی بە دۆخی سیاسی کوردستان و بۆ رووبەرووبونەوەی پارتی و یەکێتی، پێداویستی قۆناغەکەیەو دەرمانی دەردەکانە.
ئەو حزبانە، کە پێشتر زوربەیان لە دەسەڵاتدا بوون و بەرپرسن لە دۆخی سیاسی کوردستان و ژیان و گوزەرانی ٢٧ ساڵەی رابردووی خەڵکی کوردستان، دەیانەوێت بە دەستبردنیان بۆ پێکهێنانی بەرە یان هاوپەیمانیەتیەک هەم شانی خۆیان لە بەرپرسیارییەتی ٢٧ ساڵەی رابردوو خاڵی بکەنەوەو هەمیش وەکو کەمپەینێک بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان بە سودی خۆیان بەدەستیەوە بگرن.
پێکهێنانی هاوپەیمانیەتی وەکو دەروازیەک بۆ ئابدیتکردنەوەی توانایی و پێگەی جەماوەریی ئەو حزبانە، و وەکو رێگایەک بووە بە ناچارییەک. ئەم حزبانە لە هەڵبژاردنی ئەم دوایەی عێراقدا بە پلەی جیاجیا توشی شۆک هاتن… شۆک هەم بەو دەنگانەی بەدەستیان هێنابوو هەم بەو سیستەمە لە ساختەکردن کە لەهەڵبژاردنەکاندا، پەیرەو کرابوو. لەهەردوو حاڵەتەکەدا، چ نەهێنانی دەنگی پێشبینی… کراوی خۆیان و چ تێپەرینی ئەو هەموو ساختەکارییە بەژێر باڵ و چاوی چاودێرەکانیان، بووە پێوەری لاوازی ئەم حزبانەو نیشاندانی رەوتی… پاشەکشەیەکی ئابروبەرانە.
ئەوەی کە جێی سەرنجە، و دەبێتە رێگریش لەوەی حزبەکانی ئۆپۆزیسێۆن بتوانن هاوپەیمانیەتیەک یان بەرەیەکی هاوبەشی پایەدار و بەنەخشە پێکبهێنن ئەوەیە، کە هەرکام… لەو… حزبانە کە نەیاری یەکێتی و پارتین، خۆیان دەرگیری ئەزمەن، و شکستیشیان لە هەڵبژاردندا بەشێکی پەیوەندی بەو ئەزمەیەوە هەیە کەلەناوخۆیاندا دەرگیری بوون، هەروەها هیچ کامیان خاوەنی پرۆژەو ئەجندایەکی دیاریکراو و رۆشنی سیاسی نین و لەوەش واوەتر ئەو بەڵێنانەی چەندین ساڵە بە لایەنگرانی خۆیان وجەماوەری دەدەن، بەشوێنێک نەگەیشتووە. نەپاکیجە سیاسیەکانیان، نە رێکەوتننامە دوو قۆڵی و سێ قۆڵیەکانیان، نەیتوانی بەرگەی روداوەکانی دەرەوەی حزبەکانیان، بگرێت. ئەزمەی سیاسی بزوتنەوەکە بەگشتی گەورەترە لە ئەزمەی تاک بەتاکی ئەو حزبانە. بزوتنەوەی سیاسی کورد لە ئێستادا بەگشتی دەرگیری ئەزمەیەکی قوڵی هەمەلایەنەیە، بەتایبەتی بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا، ئەو ئەزمەیە چ لەسەر ئاستی ناوچەیی و عیراق و چ لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستاندا بەشوێنێك گەیشتووە، کە زوربەی تەلاری ریکخراوەیی ناوخۆیشیانی بەرەو لێکترازن، داڕوخان و گەنیوو بوون بردووە.
جیا لە ئەزمەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد بەگشتی و ئەزمەی حزبەکانی بە تەنها، کێشەیەکی سەرەکی کە حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان هەیانە، ئەوەیە کە هەمیشە پێداگری لەسەر درۆیەکی ئاشکرا دەکەنەوەو دەیانەوێ وەکو راستیەک و واقعیەتێک نیشانی بدەن، ئەو درۆیەش ئەوەیە کە لایان وایە دەتوانن لەرێگای هەڵبژاردنەکانەوە، پارتی و یەکێتی لەدەسەڵات بخەن و خۆیان بچنە جێگایان. نایانەوێ راستیە ئەزموونکراوەکانی دەسەڵاتی میلیشیایی ببینن و تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە لەدەسەڵات بناسن… بروا بوون و مایەدانان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیەتیەک یان بەرەیەکی هاوبەش بۆ هەڵبژاردن کە لەژێر سایەی دەسەڵاتی زۆری چەک و داهات و نۆکەر سفاتی بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بیەوێت هێز لەدەستی حزبەکانی دەسەڵات دەربهێنێ، لە وەهمیش واوەترە…
یەکێتی و پارتی بە هەڵبژاردن و لەکایەیەکی دیموکراسیدا، دەسەڵاتیان پاوان نەکردووە، تا بە هەڵبژاردن و لە رێگای کورسیەکانی پەرلەمانەوە، دەسەڵاتیان لێ بسەندرێتەوە. پارتی و یەکێتی بە زۆری چەک و داهات و لەرێگای خۆبەستنەوە بە سیاسەتی زلهێزەکان و خۆشخزمەتی و سفەت نۆکەری بۆ وڵاتانی ناوچەکە، پێگەی خۆیان و دەسەڵاتیان قۆرغ کردووە و ئەوەشی کە هێشتونیەتەوە، هەر ئەوانەن.
یەکێک لەرێگرییە سەرەکیەکانی بەردەم هەڵبژاردن و کایەی دیموکراسی بەمانا هەرە بۆرژوازییەکەی، دەسەڵاتی حزبی چەکدارە، بۆیە پێشمەرجی هەر هەڵبژاردن و کایەیەکی دیموکراسی لە جغرافیای بەرەسمی نەناسراوی وڵاتی لەهەر گۆشەیەکی دنیادا، تێکۆشان و خەباتە بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی میلیشیایی کەلەرێگای هەڵبژاردنەوە مەیسەر نابێت و پێویستی بە شۆرش و راپەرینی ریکخراوی جەماوەری لەخوارەوە هەیە…
لابردنی پارتی و یەکیتی لەدەسەڵات، بەمانای لابردنی دەسەڵاتی یاسایی و گوێزانەوەی دەسەڵاتی بەفەرمی ناسراوی حکومەتی نییە، لەدەستی چەند حزبێک بۆ حزبەکانی تر کە هەڵبژاردنیان بردۆتەوە، بەڵکو بەمانای دەستگرتن بەسەر سامان و دەسەڵاتی حزب و بنەماڵەدایە… ئەوەش بەخۆشی و ئاشتی رێگەی پێنادرێت.
هەوڵدان بۆ هاوپەیمانیەتی و پێکهێنانی بەرەی هاوبەش، هەوڵێکی شکستخواردووە، تەنانەت ئەگەر سەریش بگرێت و لەسەر چەند دۆسیەیەکی هاوبەشیش پێک بێت، تەمەنی زۆر کورت و دەستکەوتیشی لە دنیای واقعیدا سفر دەبێت.
لە ئێستادا گەورەترین کێشەی کۆمەڵگەی کوردستان، بێ بەدیلییە… هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی جیاواز لەباری رێکخراوەیی و سیاسییەوە، نەک هەر لەناو خانەوادەی بۆژوازی کورددا نییە، بەڵکو لەسەر ئاستی کوردستاندا بەکردەوە بوونی نییە… کۆمەڵگەی کوردستان پاوانی سیاسەت و نەخشەی چەند حزبێکی سیاسی ئەزمەگرتووی بۆرژوازییە بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسێۆنەوە… حزبی توانادار و جێمتمانەی چەپ و کۆمۆنیست، پیشکەوتنخوازو عەلمانی، بۆشایەکی یەکجار گەورەو هۆکارێکی سەرەکی درێژەکیشانی ئەو دۆخە سیاسە نەخوازراوە و دوبارە خۆبەرهەم هێنانەوەی حزبە ئەزمە گرتوەکان یان هەڵتۆقینی حزب و رەوتی سیاسی تری بۆرژوازی قەومی و دینییە.