کێن ئەوانەی بێ ویژدانن ؟ ئەدی کێن ئەوانەی ویژدانیان زیندووە یاخود ویژدانیان مردووە؟!

0

کێن ئەوانەی بێ ویژدانن ؟ ئەدی کێن ئەوانەی ویژدانیان زیندووە یاخود ویژدانیان مردووە؟!

دەربارەی بە کارهێنانی ویژدان و بە کارنەهێنانی  لە دەنگداندا بۆ هەڵبژاردنەکانی کوردوستان !

نووسینی: شوان عەزیز

من، شوان عەزیز ، ئەو جارە بێ ویژدان دەرچووم چونکە دەنگم نەدا، بەڵام لە ڕیفڕاندۆمەکەدا چونکە دەنگم دا ویژدانم هەبوو ! ئایە ئەمە ڕاستە؟

بوون و نەبوونی ویژدان لە کەسێکدا، وەک زۆر شتی تر، بە بڕوای من، ڕێژەییە. بە کێ دەگوترێت ئەو کەسە ویژدانی زیندووە؟ ئەدی ئەو کەسە کامەیە کە  ویژدانی خەراپە؟ چاک و باشی ویژدان لە چیدایە و کێ دیاری دەکات؟ من لە دیدی تۆوە بێ ویژدانم، ڕێک پێچەوانەکەشی هەر درووستە. واتە چاوەکانی منیش تابڵێی بەبێ ویژدانی تۆ دەبینن.

پلکە ڕیحان ویژدانی خۆی بەکار دێنێت و پڕ بە گەرووی  بێ ئەوەی ماندوو بێت هاوار دەکات: بە خوڵای من ویژدانی خۆم ئاسوودە دەکەم و دەچم دەنگ بە لیستەکەی مامە دەدەم. لیستی مامەی هەموان و لیستی حیزبی شەهیدان. لیستی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان!. لێرەدا پورە ڕیحان ویژدانی خۆی بە زیندووی و بە باشی دەبینێت و هەر بۆیەش دەنگ بە یەکیەتی نیشتیمانی کوردوستان دەدات.

مام عەبوبەکریش بەهەمان شێوەی پلکە ڕیحان و لەسەر هەمان ڕەتم نەڕەو هاواری چەندین گردو شاخ و کێوان دەبڕێتو دەبێژێت: خەڵکینە من خۆم خەجاڵەتی بەر قاپی خودا ناکەم و ویژدانم دەخەمە گەڕوو لەو دەنگدانەشدا هەر دەنگ دەدەمەوە بە پارتی دێموکڕاتی کوردوستان. ئەو دەڵێت دەنگ دەدەم بە لیستەکەی باوکی ڕوحی میللەتی کورد. ئەو دەنگی خۆی دەداتە سەرۆک بارزانی کوری مەلا موستەفاو پێشمەرگەی دێرین. بۆیە مام عەبوبەکریش پێی وایە بەو دەنگدانە ویژدانی خۆی ئاسوودە دەکات بەوەی کە کارێکی درووست دەکات دەنگ بەسەرۆک بارزانی دەدات.

کاکە جوامێری وەستا بەکریش زۆر داخی لەو سیستەمەیە کە پاشەکەوتی مووچەی داهێناوە. ئەو دەیەوێت لە ڕەگەوە بیگۆڕێت.!  لە دیدی کاکە جوامێریشەوە کاتێک ویژدانی ئیسڕاحەت دەکات کە دەنگی خۆی بداتە لیستەکەی کاکە نەوە. کاکی هەموان، کاکی نیو سەدە خەبات، کاکە نەوەی ئەندازیاری ڕاپەڕینەکەی ساڵی ٩١، کاکە نەوەی  باوکی هەژاران و هەتوانی دڵ برینداران. بۆیە ئێستا کاکە جوامێر تەنانەت کێشەی بێخەویشی چارەسەر بووە چونکە ویژدانی بە باشی بەکارهێناوە.

مامەوڵای پشت کەندەسووریش هەر ڕاست دەبێتەوەو پێی وایە ئەگەر دەنگ بە شێرەکەی شارەزووور نەدات ئەوا هیچ خەبەرێکی لە مێژووی شۆڕشی پارتیزانی و مەفرەزە سەرەتاکانی کوردستانی پاش نسکۆ گەورەکە نییە. بۆیە بە وشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ویژدانی خۆی دەکات و دەنگ دەدات بە لیستەکەی کاکە حەمە. ئا لێرەوە مامەوڵا تەنانەت مڕومۆنی جارانیشی نەماوە چونکە ویژدانی زیندووی خۆی بەکارهێناوە. چونکە دەنگی بە لیستەکەی کاکە حەمە داوە.

کاکە عبدول ڕەزاق و جیهادی عەبدولباری و عەبدول موهەیمەنی وەستا عەبدول قەهاڕیش بەیەکەوە بڕیاریاندا لە بەر خاتری خودای لا مەکان دەنگ بدەنەوە بە لیستەکانی پاشکەوتووی ڕێبازی خوداو پێغەمبەرەکەی. ئەوان پێیان وایە بەم دەنگ دانەیان لەلایەک دڵی خودا لەخۆیان ڕازی دەکەن و لەلایەکەی تریشەوە ویژدانی خۆشیان بە درووستی بەکاردەهێنن.

نینای مام هەژاریش زۆر لە خۆڕادیوانەو سەربەرزانە دێتەپێش و وای دەبینێت کە نینا کاتێک وەدوکەوتەی شۆڕشی بەڵشەفیکە کە دەنگی بە حیزبی فەهدوقوتابیەکانی بدات. ئەو پێی وایە هەر ئەوانن کە چەوساندنەوە بنەبڕ دەکەن، نەک هەر لە عێڕاق و کوردوستاندا بەڵکو لە جیهانیش دا. نیناش بە ویژدانێکی زیندووەوە دەنگ بە لیستەکەی فەهد دەدات.

لاوەو خەزاڵ و سمکۆش وا دەزانن دوێنێی ئەم دنیایە هەمووی لەسەر هات و هووش بنیات نرایە. ئەوان دەڵێن ڕابردوو ئیتر لە کوێیە؟ ئەوان لێی بە ئاگا نین و ئیتر نۆبەی نەوەی نوێیە!! ئەوان دەڵێن ویژدان کاتێک ئاسوودەیە گەر دەنگ نەدەن بەو نەزمەیە. ئەوان دەڵێن مووچە، پارە، یا دەرماڵە! هەمووی ڕۆیی و خەتاکەشی دەیخەنە مل جووت بنەماڵە. ئەو سێ گەنجە دوێنێ نەدیو دەنگ نادەنە نەوەی بەزیو. ویژدانی خۆ زیندوو دەکەن. ڕاپەڕینێک بەرپا دەکەن.

شوانەی بێ مەڕ، بێ بزن و گا! بێدەرەتان لەم لاو لەولا! نووسەری ئەم چەند دێڕەیە! ناتوانێت بڵێ لەو پێڕەیە!… شوانەش سەرەتا دەنگی بە لیستەکەی کاکە مەسعود دا بۆ سەربەخۆیی کوردوستان. شوانەش بە دەنگەکەی خۆی لە ڕیفڕاندۆمی ٢٥-٩-٢٠١٧دا چووە سەر سندوقی دەنگدان و وتی دەنگی خۆم بەسەربەخۆیی دەدەم بۆ نەتەوەی کورد.. شوانە پێی وابوو ئەگەر کورد سەربەخۆ بێت ئیتر ئەو کارتە بە هێزەی ڕاوەڕووت و گەندەڵی و دزی و خوێنڕشتنەی کە لە ئارادایە بۆ چەندین دەیە لەژێردەستی ئەو گرووپانە دەهێنرێتە دەر کە چەندین ساڵە نانی سیاسەتی پێوە دەخۆن. شوانەش لەو دیدگایەوە وێژدانی خۆی ئاسوودە دەکات و دەنگی بەسەربەخۆیی دا. وەلێ زۆری نەبرد شوانەش دەنگەکەی وەک هەزارانی تر بە فیڕۆ ڕۆیی و بەکاریان هێنا. بە واتایەکی تر وەک نەوتەکە دزرا.!

شوانە پێی وابوو ئەگەر نەچێت بۆ دەنگدان بۆ ڕیفڕاندۆمەکە، ئەوا کاک مەسعودو تاقمەکەی لێی دەکەونە تەقەو بە دژە سەربەخۆیی و ڕەنگە خەراپتریش ناوزەدی بکەن لە ناو خەڵکدا.. بۆیە ئەوەش هەم ترس و هەم هۆیەک بوو بۆ چوونی هاوڕێ شوان بۆ دەنگدان لە ڕیفراندۆمەکەدا.

شوانە بەدەرس وەرگرتن لە ٢٥-٩-٢٠١٧ چونکە کاک مەسعود سەربەخۆیی ڕانەگەیاند ئەوجارە شوانە لە دەنگدانی ١٢-٥-٢١٨دا هەر نەچووە سەر سندوقی دەنگدان. دەزانن بۆ؟ شوانە دەڵێت چونکە دەنگدان هەمووی فشەیەو دەنگەکانمان وەک پارەی نەوت و گومرگەکان و پاشەکەوتەکان دەدزرێت. بۆیە شوانەو نیوەی زیاتری خەڵک دەنگیان نەدا.

هەموو ئەوانەی کە دەنگیان نەداو نەچوونە سەر سندوقی دەنگدان، بە بێ ویژدان دەبینرێن لەلایەن ئەوانەی کە دەنگیان داوەو چوونەتە سەرسندوقی دەنگ دان. تەنانەت ئێستا شوانەش هەر بێ ویژدانە.!

ئێستا دەبێت کێ ڕاست بکات؟ من پێم وایە هەر هەموومان ڕاست دەکەین. هەم بێ ویژدانین وە هەم بە ویژدانین لەیەک کاتدا. لای من تۆ بێ ویژدانی و لای تۆش من. کەواتە هەر هەموومان هەم ڕاست و هەم ناڕاستین.

کێ دەتوانێت یەکلایی بکاتەوە ئاخۆ کام لەو هەموو لایەنانە ڕاستن. ئایە دادگا دەتوانێت؟  نەخەیر هەرگیز. دەزانی بۆ؟ چونکە ئەویش بێ ویژدانەو ویژدانی دادگایان دەمێکە دزیوە.

 ئیتر ئاوێ بینەو دەستان بشۆ..

تێبینی: ئەو ناوانەی کە لێرەدا هاتوون هەمووی ناوی خوازراون بێجگە لە ناوی سەرکردەی حیزبەکان!

شوان عەزیز

 ٣٠-٥- ٢٠١٨

Leave A Reply

Your email address will not be published.