شەپۆلێکی تری بێکاری بەڕێوەیە!
شەپۆلێکی تری بێکاری بەڕێوەیە!
سالار حمەسەعید
بێکارکردنی ٦٠٠٠ کرێکاری فرۆشگاکانی ”هاوس ئۆف فرەیزەر” بەڕێوەیە
دوابەدوای ڕاگەیاندنێک لە بەڕێوەبەرایەتی ”هاوس ئۆف فرەیزەر” بە داخستنی ٣١ فرۆشگا لە کۆی ٥٩ فرۆشگاکانی لە بەریتانیا و ئێرلەندا، هەڕەشەی دەرکردن رووبەڕووی ٦٠٠٠ کرێکار وکارمەندی ئەو فرۆشگایە دەبێتەوە. هەروەها ڕایانگەیاند کە فرۆشگای سەرەکی ”هاوس ئۆف فرەیزەر” کە دەکەوێتە ” ئۆکسۆرد ستریت ”ەوە لە ناوەندی لەندەندا لەگەڵ فرۆشگا سەرەکیەکەی لە بێرمنگهام دەکەوێتە بەر ئەم بڕیاری داخستنانە.
ئەو فرۆشگایانەی کە بەر ئەم بڕیارە دەکەون بەردەوام دەبن تاکو سەرەتای ساڵی داهاتوو. ئەوەی شایەنی باسە ئەم فرۆشگایانە کاڵا و کەلوپەلی ئێجگار گران بەهای تیا دەفرۆشرێ و خێزانە کرێکاری و نەدارەکان ناتوانن لەو فرۆشگایانە بازاڕ بکەن. هەر لەبەر ئەوەیە کە فرۆشگاکانی کەلە ناوچە و گەڕەکە دەوڵەمەندەکاندایە وەک ” ریچموند ” و ” ڤکتۆریا ” لە لەندەن هەروەها هەندێ فرۆشگای لە مانچستەر و باث و گلاسگۆ و نۆرج و لیدز داناخرێن .
کرێکارانی ئەو فرۆشگایانە ئاگادارکراونەتەوە سەبارەت بە بڕیاری دەرکردنیان و هیچ ڕێگە چارەیەکیش نەخراوەتە بەردەمیان. سەرۆکی ئەم فرۆشگایانە دەڵێ؛ ” ئەم بڕیارە زەروور بوو بیدەین بۆ رزگارکردنی ئەم فرۆشگایانە کە ١٦٩ ساڵە هەیە بۆ ئەوەی بتوانین هەبین و بەردەوام بین لە کەسب و کارمان وە لە مونافەسە و کێبەڕکێ دابمێنینەوە”.
بەڕاشکاوانە خاوەنی ئەم فرۆشگایانە دان بەوەدا دەنیت کە ئەوەی بیری لێدەکاتەوە قازانج وسوودە وە لەبەرئەوە ناچارە ئەم بڕیارە بدات. بڕیاری دەرکردنی کرێکاران لەپێناوی رزگارکردنی فرۆشگاکاندا بۆ مانەوە لە مونافەسە و کێبەڕکێ لەگەڵ فرۆشگاکانی تردا بۆ سوود و قازانجی زیاتر.
٨ی حوزەیرانی ٢٠١٨