بۆپێشەوە، بەوێنەی مینبەرێکی راستگۆ و سازشهەڵنەگر لەپێناو دنیایەکی باشتردا پێی نایە ساڵی دووەمەوە

0

بۆپێشەوە، بەوێنەی مینبەرێکی راستگۆ و سازشهەڵنەگر لەپێناو دنیایەکی باشتردا

پێی نایە ساڵی دووەمەوە

ئەمرۆ ١ نیسان، بەرۆژی درۆ ناسراوە…بەڵام ئێمە راستگۆیانە دەڵین ئەمرۆ ساڵێكی تەواو بەسەر دەرچوونی یەکەم ژمارەی بۆپێشەودا تێپەردەبێت. لەماوەی سالێ رابردودا وەکو بەڵێنمان دابوو بۆپێشەوە هەر ١٥ رۆژ جارێک لەکاتی خۆیدا بەشێوەی رێک و پێک دەرچووە، هەروەها جگە لەو ژمارە ئاساییانە، چەندین ژمارەی تایبەت و پاشکۆش بڵاوکراوەتەوە کە تایبەت بووە بە روداو و بۆنەی تایبەتی، تا بۆپیشەوە لە ئەرکە راگەیەنراوەکانی خۆی دوانەکەوێت… هەروەها بۆپێشەوە بەتەواوەتی پەیرەوی لە مەوازینی راگەیەندراوی بڵاوکراوەکە کردووە، دەرگاشی واڵا بوو بۆ هەموو قەڵەمە چەپ و کۆمۆنیستەکان، بێ جیاوازی.

لەماوەی ساڵی رابردوودا، وەکو بەڵێنمان دابوو، هەوڵـمان داوە بۆپێشەوە، وەکو بڵاوکراوەیەکی سیاسی سۆسیالیستی، لەراستای ئامادەکردنی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشدا بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆرهێنان بەسەر ئەم دنیا سەروخوارەو بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر و تەسەلدا، رۆڵی خۆ بگێرێت…

لە ساڵی رابردوودا بۆپێشەوە بە وێنەی مینبەری رابەرانی کرێکارانی سۆسیالیست، چەپ و کۆمۆنیستەکان، رابەرانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، ژنانی تورە لە ستەم و بێمافی و پیاوسالاری و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، و هەموو ئەو ئینسانانەی دڵیان، بۆ ئازادی و یەکسانی و دەسەڵاتی پشتبەستوی جەماوەری لێدەدات… دەرگای ئاوەڵا بوو… وە دەتوانین بڵێن تاکە میدیا و بڵاوکراوەی چەپ و کۆمۆنیستی کۆمەڵگەی کوردستان بوو کە وەکو سەکۆیەکی لێبراو سازشهەڵنەگر، لەدژی بیروباوەری زاڵی کۆمەڵگە بە تایبەتی ناسیۆنالیزم و ئیسلامی راوەستا، هاوکات هێندەی توانی چووە بەرامبەرکێی هەمەلایەنە لەگەڵ ئەفکار و سیاسەت و نەخشەی حزب و بزووتنەوە بۆرژوازیەکانی کوردستان و نووسەران و میدیای گوێ لەمستیان. وە هەوڵی بێدرێغی خستەگەر کە بیروباوەری زاڵ، کە بیروباوەری چینی دەسەڵاتداری کوردستانە، بەر رەخنە بدات لە جێگایدا روانگەی ئینساندۆستی و ژیان دۆستی و نەخشە و رێگاو مەیدانەکانی تێکۆشان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی شایستەی ئینسانی، بخاتە روو.

بۆپێشەوە لەگەڵ ئەوەدا لە کەنار رابەرانی کرێکاری و سوسیالیستیدا، لە پێناو باشترکردنی هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی کریکاراندا راوەستا، هاوکاتیش لە راستای بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی خاڵی لەستەم و چەوساندنەوە و هەڵاوارن و بێمافییدا، پەیگیرانە تێکۆشا…

 ئیستا دوای ساڵیک بەسەر تیپەربوونی یەکەمین ژمارەیدا، دوبارە بەڵین دەدەین، کە بۆپێشەوە بە گروتینێکی زیاترە بەردەوام بێت. هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە گەر تا وەکو مینبەری چینی کرێکار و بەرەی یەکسانیخوازی و بەرابەریخوازی و ئینساندۆستی و ئازادیخوازی کوردستان،..بیکەینە سەکۆیەک بۆ بەرامبەرکێی هەمەلایەنەی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی فەرهەنگی، بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی سیستیماتیک و هەمەلایەنەی بۆرژوازی و بزووتنەوە  هەمەرەنگەکانی بۆ سەرچینی کرێکار و خەڵکی نەدار… بۆپیشەوە چ بە وێنەی بڵاوکراوەیەکی کۆمۆنیستی بەمەبەسستی وەڵامدانەوە بەراگەیاندنی فریوکارانەو پیشەسازی فکر و چ بە مەبەستی ئاسۆدارکردنی خەبات و نارەزایەتی چینی کرێکار و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازەکان، بە ئاسۆی رزگاری بەخشی کۆمۆنیستیەوە، بەردەوام دەبێت. بۆپێشەوە هەوڵدەدات لە هەمان کاتدا ئامرازێکی سازدەری چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش بێت، کۆمەک بکات بە پەرەپێدانی رەوتی رێکخراوبوونی جەماوەری ئەم چینە و بردنەسەری ئاستی تەحەزوبی کۆمۆنیستی کرێکاران و هەڵسوراوانی کۆمۆنیست…

ستاف و هاوکارەکانی بۆپێشەوە بەڵین دەدەن، کە بۆپێشەوە وەکو هەمیشە سەکۆیەکی راستگۆ و دەنگێکی بوێری بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە رزگاری بەخش و ئینسانیەکان و سەکۆیەکی راستەقینەی بەیانی نارەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان، بەدژی دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی بۆرژوازی کوردی و حزب و ‌هێزو رەوتەکانیدا. بێت. دەنگێک دەبێت بۆ بەرگری لەخواست و مافەکانی سەرجەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی، وەک و  کرێکاران و ژنان و لاوان و سەرجەم توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگەی کوردستان. وە بەوینەی دەنگێکی سازش هەڵنەگر، بەرامبەر بە کۆنەپەرستی ئیسلامی و کەلتوری کۆنەپەرستانەی پیاوسالاری و ناموس پەرستی… رادەوستێت..

بۆپێشەوە، پەرەدان بە بیروباوەری مارکسیستی و کۆمۆنیستی، وەکو رەخنەی لێبراو سازشهەلنەگر لە نیزامی سەرمایەداری و گشت و ستەم و نابەرابەریەکانی، بە ئەرکی سەرەکی خۆی دەزانێت… هەوڵ دەدات ئەم لایەنەی بەهێزتر بکات…

بێگومان بەردەوام بوونی بڵاوکراوەی بۆپیشەوە، لە هەلومەرجی ئێستای کوردستاندا، لە کاتێکدا بۆرژوازی و حزب و هێزەکانی بە ناوی جیاجایی حزبی و ناحزبی، سەربەخۆ و سێبەر و ئەهلی، پاوانی سەرجەم میدیای نوسراو بینراو بیستراو، سەرجەم ناوەندەکان و کایەکانی میدیاییان بەهۆی سەرەوت و سامان و دەسەڵاتەکەیانەوە، کردووە، تا ئیدەو بیروباوەری دواکەوتوانەو دژی ئینسانی بڵاوبکەنەوە. تا سەرەوخواربوونی کۆمەڵگا، بشارنەوە. تا لەچوارچیوەی پاراستنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا، بانگەشەی دەسەڵاتی خەڵک و ئازادی و چاکسازی و دیموکراسی و وەهمی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و دابینکردنی ئازادییە سیاسی و مافە فەردی و مەدەنییەکان و ئایندەی سیاسی کورستان لە ژیڕ سایەیاندا، بانگەواز بکەن، گرنکی چینایەتی لە رادەبەدەری هەیە.

 لە چەند دێردا… بۆپیشەوە، بەوێنەی زمانی تیژ و پاراو و سازشهەڵنەگری کۆمۆنیستی، بە وێنەی سەکۆی نارەزایەتی سۆسیالیستی و پێشكەوتنخوازی، وەکو مینبەری رۆشنکەرەوەی رەوتی خەباتی رەوای چینی کرێکارو بزوتنەوە رادیکاڵ و ئینسانیەکان، رۆڵی خۆ دەگێریت.

بۆئەوەی بۆپێشەوە لە راستای جێبەجێکردنی ئەو ئەرک وپەیامە، گەورەو ئینسانیەدا، سەرکەوتوبێت… پێویستی بە هاوکاری بەردەوامی کۆمۆنیستەکان و تەواوی بەرەی چەپ و پێشکەوتنخوازو ئازادیخوازی کۆمەڵگە هەیە. چاوەروانی سەخاوەتمەندانە لە کۆمۆنیستەکان و رابەرانی کریکاریی و لە هەڵسوراوانی بزوتنەوە نارەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکان، لە هەموو ئازادیخوازێکە لە بەسەرکەوتن گەیاندن و بەرەوپێشەوە بردنییدا، هاوکار و لەگەڵمان بن… بۆپێشەوە دەرگای بۆ هەموو قەڵەمێکی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخواز ئاوەڵایە… هیواخوازین هەموو ئەو نووسەرو قەڵەم بەدەستە چەپ و کۆمۆنیستانەی بەهەر هۆیەکەوە تا ئێستا لەگەڵ بۆپێشەوە هاوکار نەبوون یان بەهەر هۆیەکەوە نەیانتوانییوە لەو ئەرکەدا کە بۆپێشەوە رایگەیاندووە لەگەڵمان بن، بێن و بۆپێشەوە بەهی خۆیان بزانن… بە نووسینی وتاری سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی، وەرگێرانی ئەدەبیاتی مارکسیستی، بەباس و نووسین و هۆنراوە و ئەدەب و هونەری کریکاریی، راپۆرت، ئاوڕدانەوە لە میژووی تیکۆشەرانی کۆمۆنیست و یاد و بۆنە کۆمۆنیستی و کرێکارییەکان، وە بە سەرنج و رەخنەو پیشنیار… تاد بۆپێشەوە بەدەستەوە بگرن و دەوڵەمەندی بکەن.

بۆپێشەوە مینبەرێکە بۆ هەموو ئەو دەنگە ناڕازی و رەخنەگرانەی کە هەموو شەقام و گەرەک و ناوەندی کار و خوێندن و زەمین و ئاسمانی کوردستانی داگرتووە، لە دژی دەسەڵاتی ستەمکارانەی بنەماڵەکان و چاوچنۆکی سەرمایە و کۆنەپەرستی. بۆپێشەوە زمانحاڵی حزب و رێکخراو و گروپێکی سیاسی نییە، زمانحاڵی توڕەیی و نەفرەتی زوربەی زۆری جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانە. ئەمە کاراکتەری سەلماوی بۆپێشەوەیە لە ساڵی رابردوودا… بۆپیشەوە جگە لە مەوازینێکی رۆشن، هیچ مەرج و پیش مەرج و چوارچیوەیەکی لە قاڵبدراوی نییە… و دەرگای بە رووی هەموو قەڵەمێکی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازدا بێ گویدانە ناسنامەی، حزبی و ناحزبی و رێکخراوەیی، کراوەیە…

بۆپێشەوە بەدەستەوە بگرن…

 بۆپێشەوە/ یەکی ئەپریلی ٢٠١٨

Leave A Reply

Your email address will not be published.