دوای ٢٧ ساڵ بەسەر ئاوارەییدا…  ژینگەی خەڵکی کوردستان ئاوارەییە!

0

دوای ٢٧ ساڵ بەسەر ئاوارەییدا…  ژینگەی خەڵکی کوردستان ئاوارەییە!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

٣١ ئازاری ئەمساڵ ٢٧ ساڵ بەسەر ئاوارەیی ملیۆنی خەڵکی کوردستاندا دەگوزەرێ… ئاوارەییەک کە زوربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان، لەبەرامبەر بە گەرانەوەی سوپای شکستخواردو و وە داهێزراو لاوازی عێراقدا ناچار بە جێهیشتنی شوێنی ژیانیان بوون و رێگای سنورەکانی ئێران و تورکیایان گرتەبەر… لەم ئاوارەیە بەکۆمەڵەدا، بەر لە خەڵکی بێ چەک و هاوڵاتیانی ترساو لە درندەیی بەعس،  هێزە چەکدارەکان و حزبەکانیان و سەرکردە دەم گەرم و فەرماندە وەکو شێر ئازاکانیان، بەر لەخەڵکی کەوتنە راکردن و بارەگاو شوێنەکانیان چۆڵکرد. ئەوەی کە بەرگری کرد، بەو توانایە سنوردارەی هەی بوو، بەشێک لە پێشمەرگەی دابراو و کۆمۆنیستەکان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی بوون، کە بەداخەوە لەو روبەرووبوونەوە نابەرابەرەدا، ژمارەکیان لە هەولێر و سلێمانی گیانیان لەدەستدا.

ئەوەی کە وای کرد خەڵکی کوردستان لەگەڵ بیستنی هەواڵی گەرانەوەی سوپای بەعسدا، پێشبركێی خۆدەربازکردن بکەن و رابکەن… بە جیا لە مێژووی درندەیی بەعس و بە جیا لە بودەڵەیی و هیچ لەباردا نەبوونی حزبە سیاسیەکان و ‌هێزەچەکدارەکانیان، راستەوخۆ پەیوەندی بە راپەرینی خەڵکی کوردستانەوە هەبوو. راپەرینی خەڵکی کوردستان لەساڵی ١٩٩١دا، بەرهەمی خەباتی لە پێشتری خەڵک، بەرهەمی گۆرانی هاوسەنگی هێزی حکومەت و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لەدژی بەعس بە سودی خەڵکی کوردستان نەبوو. راپەرین حاسڵی نارەزایەتی و کۆبونەوەو مانگرتن و خۆپیشاندانی لە پێشتری خەڵکی و بەرهەمی ئازایەتی و قارەمانیەتی!! و چوونە پێشی بزوتنەوەی سیاسی وچەکداری حزبەکانی کوردستان لەبەرامبەر بە بەعسدا نەبوو، بەڵکو راپەرینی خەڵکی کوردستان بەرهەمی هەلومەرجی جەنگ و ملهوری ئەمریکا و خۆبەستنەوەی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و کورستانی بە جەنگی کۆنەپەرستانەی ئەمریکاو غەربەوە بوو… خەڵکی عێراق و کوردستان، بەهۆی نەبوونی حزبی سیاسی چەپ و کۆمۆنیست و تەنانەت حزبی پیشکەوتنخواز و شۆڕشگێرەوە، بە ناچار خەون و خولیاکانی خۆیان بۆ ئازادی لەدەست بەعس، گرێدا بە ئاسۆی کۆنەپەرستانەی حزبە بۆرژوازییە کۆنەپەرستە قەومی و دینی و تایفیەکانی هەڵکورماو لەبەردەم کۆشکی سپیدا… و لەو فرسەتەدا کە هێزی سوپای عێراق لە جەنگ شکا… سەرەتا لەخوارو ناوەراستی عێراق و پاشان لە کوردستاندا، جەماوەری تورە و برسیکروا و ژێر ستەمی دەیانە ساڵەی درندەیی بەعسدا راپەرین و بەشێکی زۆری کوردستانیش لە دەسەڵاتی بەعس پاککرانەوە… بەڵێ بەو هۆیە زۆر سادەیەوە، کە راپەرین، ئاکامی نەخشەو پلانی شۆرشگێرانە و بزوتنەوەی جەماوەری شاری لە پێشتری خەڵک نەبوو، وە لە ئاکامی ململانێی بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ بەعس و تیکچوونی پارسەنگی هێز بە قازانجی خەڵکی نەبوو، هەر بۆیە هیچ ئامادەیەکی سیاسی و چەکداری و جەماوەری بۆئەگەری هەر رووبەرووبونەوەیەکی دواتر لە ئارادا نەبوو… حزبەکان خۆیان بە ئەمریکاو غەربەوە گرێدابوو، ئاسۆی سیاسی و سترایژی خۆیان بەسەر تورەیی خەڵکی کوردستاندا زاڵ کردبوو… خەڵکی کوردستان لەناو ئەو هەل و مەرجە کۆنەپەرستانە و بەخۆشباوەرییان بە سیاسەت و نەخشەی لێک گرێدراو بە ئەمریکاو غەرب و بەفریوی و بانگەشەی رزگاری عێراق!! وە، راپەرین… هەر بۆیە کە دێوەکە” بەعس” گڵۆپی سەوزی ئەمریکی بۆ هەڵکرا و سوپای قەسابی کراو جوڵا… خەڵک و حزبەکان پەلوپۆیان شکاو ئیرادەیەک بۆ وەستانەوەو بەرگری لەخۆکردن نەبوو… خۆ ئەگەر راپەرین، بەرهەمی ئیرادەی وەگەرکەوتووی خەڵک و حاسلی ڕووبەرووبوونەوەی لە پێشتری جەماوەری رێکخراو بوایە، لاواز بوونی بەعس بەرهەمی گۆرانی هاوسەنگی هێز بە قازانجی خەڵک بوایە، بەرگریکردن و وەستانەوە بەرووی بەعسدا، دەبوو پێداویستیەک و حکومەتی بەعسیش نەیدەتوانی وا بەسانایی بگەرێتەوە و خەڵکی کوردستانیش توشی ئەو مەرگەساتە نەدەبوو… کاتێک خەڵکی کوردستان ئاوارەبوون و مەرگەساتی ئەو تراژیدیایە دنیای تەکاندا،… ئەمریکاو غەرب لە جێگای ئەوەی پرسی خەڵکی کوردستان، وەکو کێشەیەکی سیاسی تەماشابکەن، هاتن و پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانیان هێنایە خوارەوە بۆ پرسی ئینسانی و ئاوارەیی و بۆ ئەو مەبەستەش ناوچەی دژە فرینی ٣٦ یان دانا، کە بەوکارەیان خەڵکی کوردستانیان، کردە ئۆردوگا نشین و چاولەدەست و ئیرادە سڕکراو… بەو پلانە چەپەڵەشیان، تراژیدیای ئاوارەییان، کردە تراژیدیای جێگیر و فەرمی، بەڵام ئەمجارە لەناو قەفەزێکی بێ ناونیشانی وڵاتیدا… کوردستان لەو کاتەوە لە کۆمەڵگەیەکی نۆرماڵی پیناسەکراو بەشێک لە عێراقەوە، بووە سەرزەمینێکی هەڵواسراو، کە نەبەشێک بوو لە عێراق و نەبوو بە وڵات و سەزەمینێکی سەربەخۆیی وڵاتی و خاوەن ناسنامەیەکی نوێ…

ئێستا دوای ٢٧ ساڵ، بەسەر کارەساتی ئاوارەیی و لێکەوتە دڵهەژێنەکانی ئەو کارەساتە.. خەڵکی کوردستان هێشتا ناسنامەی وڵاتیان نییە. ٢٧ ساڵە، دەسەڵاتی داسەپاوی بزوتنەوەی کوردایەتی کە لە رێگای خۆبەستنەوە بە جەنگەوە، بوونە میراتگری دەسەڵاتی پێشووی بەعس، سەرباری هەر هەوڵ و تەقەلایەکیان بۆ لکاندنەوەی کوردستان بەعێراقەو لەژێر ناوی فیدرالیزم…دا، بەڵام هێشتا کوردستان، نەبۆتەوە بە بەشێك لەعێراق و نە بۆتە دەوڵەتێکی سەربەخۆش… پەیوەندی کوردستان، بە بەغداوە، کێبەرکێی داهاتی نەوت و سامانە سروشتیەکانە، پەیوەندی و مامەڵەیەکی سیاسی  و ئابوری و ئاڵۆزکاو ناجێگیر و ئاوساو بە دەیان کارەساتی داهاتووە. هێشتا ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و ئایندە سیاسییەکەی لە مامەڵەیەکی بێ نەخشەدا، دەخولێتەوە… ئەوەی کە ئایندەی سیاسی چی بەسەر دێت، بەکوێ دەگات؟ هێشتا پرسێکی کراوەی سیاسی و حقوقی سەرەکی، دنیای ئەمرۆیە…

دوای ٢٧ ساڵ بەسەر کارەساتی ئاوارەییدا، دەتوانین بڵێین هێشتا خەڵکی کوردستان، بەو هۆیەوە بەکردەوە نەبۆتەوە بەبەشێک لە عێراق و نەبۆتە دەوڵەتێکی سەربەخۆش، هەر ئاوارە و چارەنووسی ناجگیر و لە گێژاوا پەل و پۆ دەکوتێت… پرسی سەرەکیش کۆتاییهێنانە بەو هەلومەرجە… کوردستان یان دەبێ ببێتەوە بە بەشێک لەعێراق بەمافی هاوڵاتی یەکسانەوە، یان دەبێ چارەنووسی سیاسی و حقوقی بکەوێتە دەستی خۆی… دیارە لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئیسلامی و قەومی و تایفیدا، مافی هاوڵاتی بوونی یەکسان وەهمەو هەڵاواردن و جیاکاری تایبەتمەندی جیگری ئەو جۆرە دەسەڵاتە قەومی یان مەزهەبیانە، بۆیە لە ئێستادا تەنها یەک رێگاچارەی کردەنی و کارساز لەبەردەم ئایندەی سیاسی کوردستان و خەڵکەکەیدایە، ئەویش جیابوونەوەی فەرمی کوردستان، لە عێراق و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆیە… دیارە بۆ ئەوەی ئەمەش بێتە دی، لەگرەوی ئەوەدایە یەکەم: دەسەڵاتی میلیشیایی ناسیونالیستی بۆرژوازی کورد، لەڕێگای بزوتنەوەی جەماوەری و شۆرشگێرانەی خەڵکەوە کۆتایی پێ بهینرێت، کە کۆسپێکی سەرەکی بەردەم سەربەخۆیی کوردستان و ئیرادەی شۆشگێرانەی جەماوەرە. دووەم: هەرئەم بزوتنەوەی شۆرشگێرانەیەی کۆتایی بەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی دەهێنێت، بە وەرێخستنی بزوتنەوەیەکی جەماوەری ملیۆنیی و بەبەدەستهینانی پشتیوانیەکی ناوچەیی جیهانی دنیای پێشکەوتنخوازو ماف پەروەرەوە بۆ سەربەخۆیی بێتە مەیدان و دەوڵەتی مەرکەزی و هاوکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچاربکات مل بە ئیرادەی زیندو وەگەرکەوتووی خەڵکی کوردستان بدات… کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ… ئەمە زامنی چارەسەری کێشەی نەتەوەیی و هاوکات دەرهاویشتەکانی ئەو کیشەیەیە، کە جەنگ  و ماڵوێرانی و ئاوارەیی و… بەشیکن لە لێکەوتەکانی.

کۆتایی ئاداری ٢٠١٨

Leave A Reply

Your email address will not be published.