بە هەڕەشەو سەرکوت، بزووتنەوەی نارەزایەتی ڕەوای خەڵکی کوردستان کپ ناکرێت!

0

بە هەڕەشەو سەرکوت، بزووتنەوەی نارەزایەتی ڕەوای خەڵکی کوردستان کپ ناکرێت!

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپێشاندان و نارەزایەتی بەشێکی زۆر لە چین و توێژە بێبەشەکانی کوردستان، بە دژی سیستەمی پاشەکەوتی موچەو دانی موچەکان لە کاتی خۆیدا دەستی پێکرد… دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، لە جیاتی وەڵامدانەوە بەخواستی رەوا و سادەی خۆپیشاندەران، هێزێکی زۆری لە شارەکان بە ئاشکراو بە نهێنی بڵاوپێکردووە، جاسوس و موچەخۆرەکانی ناردۆتە ناو خۆپیشاندەرانەوە، بەڵتەجیەکانی بەرداوەتە گیانی بەشداربووان و رابەران و هەڵسوراوانی خۆپیشاندانەکان و گیانی رۆژنامەنووس و ئازادیخوازان، بەتایبەتیش لە زۆنی زەرددا، لەو ماوەیەدا بە دەیان کەس دەستبەسەر و زیندانی کراون، بەدیان کەس ئازار دراون و راونراون، بە دەیان کەس ناچار بە خۆشاردنەوە کراون… لەو بارەیەوە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووسان لە راگەیندراوێکدا، ئاماژە بە ٧٨ پێشێلکاری بەرامبەر بە ٤٨ رۆژنامەنووس دەکات…   بەم جۆرەی خوارەوە:

ده‌ستگیر كردن به‌بێ‌ بڕیاری‌ دادوه‌ر: 9

ده‌ستگیر كردن به‌بڕیاری‌ دادوه‌ر: 1

رێگری‌: 38

هێرش و لێدان: 10

زه‌وتكردنی‌ كه‌لوپه‌لی‌ رۆژنامه‌نووسی‌: 12

داخستنی‌ كه‌ناڵ: 1

سوكایه‌تی‌: 7

 

هاوکات ئەمنستی ئینته‌رناسیۆنال، ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینته‌رناسیۆنال) ڕایگەیاندووە: کەھێزە ئەمنییه‌کانی ھەرێمی کوردستان ئازادیی ڕادەربڕین پێشێل دەکەن و توندوتیژی له‌ به‌رانبه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌كارده‌هێنن و سوكایه‌تییان پێده‌كه‌ن.

لین مەعلووف، بەڕێوەبەری توێژینەوەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: لە چاوپێکەوتنی خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەواناندا ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان، توندوتیژیی جەستەیی، تانە و تەشەر و جنێویان لە خۆپیشاندانەکاندا به‌رانبه‌ر خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەوانان بەکارھێناوە.

لین ئاشکرای کرد، چاوپێكه‌وتنیان لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستا و ڕۆژنامەواندا کردووه‌ و بۆیان دەرکەوتووه‌ كه‌ ھێزە ئەمنییەکانی ھەولێر و دھۆک بە جلی مەدەنییەوە، بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی ھاووڵاتیان، توندوتیژییان بەکارھێناوە. ناوبراو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، سوکایەتی بەو مامۆستا و ڕۆژنامەوانانە کراوە، کە ویستوویانە بە مۆبایلەکانیان وێنەی پێشێلکارییەکان تۆمار بکەن.

 دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی موچە دزی بزوتنەوەی کوردایەتی، هێشتا نایەنەوێت لەوە تێبگەن کە بە سەرکوت و زیندانی کردن و ترساندن و ملیتاریزەکردنی شارەکان نەک ناتوانن تاسەر دریژە بە دەسەڵاتی رەشیان بدەن، بەڵکو بەو رەفتارە سەرکوتگەرانەیان خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان توڕەتر و سورتر لەسەر مافەکانیان ومەرگی دەسەڵاتدارێتی خۆشیان نزیکتر دەکەنەوە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.