هانا ئارێنت ئەو فەیلەسوفەی بەکرێگیراوی (سی ئای ئەی) بوو… عامر سابیر
Hannah Arendt
یەکێک لە کتێبەکانی (هانا ئارێنت ١٩٠٦-١٩٧٥) کە لە ١٩٥١دا بڵاوکراوەتەوە و (سی ئای ئەی) بۆ چەندین جار چاپی کردەوە و پروپاگەندەی زۆری بۆ کرد و بوو بە بەناوبانگترین کتێبی، ئەو کتێبەی بوو بە ناونیشانی (ڕەگوڕیشەکانی تۆتالیتاریزم)(١)، یان (سەرچاوەکانی تۆتالیتاریزم)(١). ئارێنت لەم کتێبەیدا فاشیزم و کۆمۆنیزم، بە دوو دیوی یەک دراو وەسف ئەکات و سەرچاوەکەی یان ڕیشەکەی ئەگێریتەوە بۆ یەک شت کە گوایە هەردووکیان توتالتاریزم، واتە (ستەمکاری) بەرهەم ئەهێنن! هەندێ لە قەڵەم بەدەستانی ناسیۆنالیست، لەوانە کۆچکردوو (فاروق ڕەفیق) لە (ئاڤا تی ڤی)یەکەی مەسرور بارزانی و پارتییەوە، زۆر بەرژەوەندخوازانە، ئەم بۆچوونە پووچەی ئارێنتی دووبارە ئەکردەوە و چاوی لە هەموو ستەمکاری و تاڵانی بنەماڵەی بارزانی و وەحشیگەری سیستەمی سەرمایەداری ئەمرۆی دنیا بە هەموو تاوان و دزێوییەکانێوە نوقاندبوو، بەڵام بەسەر کۆمۆنیزم و یەکسانیخوازیدا ئەڕشایەوە و وەک ئارێنتی بەکرێگیراوی (سی ئای ئەی) کۆمۆنیزم و فاشیزمی بەیەک شت حیساب ئەکرد.
هانا ئارێنت، کە هاوڵاتی ئەڵمانیا و پاشان ئەمریکا بوو، ئەو بەناو فەیلەسوفە بوو، کە هەندێ لە ڕۆشنبیرانی ناسیۆنالیستی کورد، زۆر ستایشی ئەکەن و کۆڕ و سمیناریان لەسەر بەست و وانەی لەبارەوە پێشکەش کرا و ئەویان بە بیرمەندێکی لێ هاتوو وەسف کردوە و کتێب و وتەکانی ئەویان وەک ڕاستی یەکلاکەرەوە بە خوێنەران ئەناسێنن و بەردەوامیش وەک ئەو، هێڕشی ناڕەوایان کردووەتە سەر کۆمۆنیزم و لەگەڵ فاشیزمدا جووتیان کردوە!؟
Gloria Steinem
لە ٢/٩/٢٠٢٦دا (گلۆریا ستاینەم) کە ژنە سیخوڕێکی سی ئای ئەی بوو لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا، لە ئەمریکا مرد. بە دوای مردنی گلۆریادا بۆ جارێکی تر ناوی زۆر لەو ڕۆشنبیر و هونەرمەند و نووسەر و فەیلەسوفانە لە نێو ڕۆژنامە و تیڤییە جیهانییەکاندا هاتەوە نێو ناوان کە لە کاتی جەنگی سارددا (١٩٤٥-١٩٩١)، “سی ئای ئەی”(٢) هەڵیخراندبوون و بەهرەمەندبوون لە پشتیوانی مادی و مەعنەوی سی ئای ئەی. گلۆریا کە لە ساڵانی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا بە فێمنستێکی چالاک و کەسێکی چەپ ناوی دەرکردبوو، ببووە سیخوڕێکی چالاکی (سی ئای ئەی) بۆ پڕوپاگەندە لە دژی کۆمۆنیزم و یەکسانیخوازی، وە ببووە بەرگریکاری سەرمایەداری و لیبرالیزمەکەی لە دەورانی سەرەتای شەڕی ساردی یەکەمدا.
یەکێک لەو کارانەی کە (سی ئای ئەی) بۆ ئەم فێمینیستە (گلۆریا ستاینەم)ی دانابوو، ئەوە بوو کە وابکات سیخوڕەکانی سی ئای ئەی دەورببینن لە ڕێکخستنتنی (ڤیستیڤاڵی جیهانی گەنجان) یان (کۆنگرەی جیهانی قوتابیان) و دزە بکەنە ناویەوە. لەو سەردەمەدا ئەم جۆرە ڤیستیڤالانە لەلایەن حکومەتە کۆمۆنیستییەکانەوە پشتیوانی دەکران و لە دیدی حکومەتی ئەمریکاوە ئامانجیان بڵاوکردنەوە و بەهێزکردنی کاریگەریی سیاسی و کۆمۆنیستی بوو لە نێوان گەنجانی وڵاتانی جیهاندا. لە ساڵی ١٩٥٩دا کە ڤیستیڤاڵی جیهانی گەنجان (کۆنگرەی جیهانی قوتابیان) لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا بەرپاکرا، ستاینەم کە خۆی بە چەپ و فێمینیست ناودەبرد، لەگەڵ چەندین قوتابی باڵی راست و دژە کۆمۆنیستی ئەمریکادا تیایدا بەشدار بوو. وە بە پارە و یارمەتی سی ئای ئەی کەسانی تری لە ئەمریکا هەڵئەخراند تا بیانێرێت بۆ بەشداری لە ڤیستیڤاڵی جیهانی گەنجاندا. گلۆریا ستاینەم لە ساڵی ١٩٦٢شدا لەگەڵ چەندین ئەمریکی تردا بەشدار بوو لەو ڤیستیڤاڵەی کە لە هیڵسنکی پایتەختی فینلەندە بەڕیوە چوو.
The Congress of Cultural Freedom (CCF)
کۆنگرەی ئازادیی کلتووری:
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، لە ساڵی ١٩٥٠دا (سی ئای ئەی) بەنهێنی ڕێکخراوی (کۆنگرەی ئازادیی کلتووری) دروستکرد، کە لە سەرەتادا لە ڕۆژئاوای بەرلین دایانمەزراند و پاشان پاریس کرا بە بنکەی سەرەکی بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەست و فەیلەسوف و ئەکتەر و هونەرمەندانەی کە دژ بە کۆمۆنیزم بوون. وە هەروەها ببووە شوێنی هەموو ئەو لیبراڵ و چەپانەی کە دژی یەکێتی سۆڤییەت بوون و ڕەخنەیان لە ستالین هەبوو. ئەمریکا بە نهێنی ئەمکارەی کرد و وەک چەترێک بەکاریهێنا تا بە ناڕاستەوخۆیی سیاسەتەکانی خۆی بەشیوەیەکی گشتی لە دژی سۆشیالیزم و یەکسانیخوازی و بەدیاریکراویش لە دژی یەکێتی سۆڤییەت بەرێتە پێشەوە. بەشێک لە پرۆژەی ئەم کۆنگرەیە بریتی بوو لە چاپکردنی هەزاران کتێب و دەیان گۆڤار و سەدان فیلم و شانۆ و تابلۆ و کاری هونەری. ئێستا ئەوە بڵاوکراوەتەوە و ئاشکرایە کە ئەمریکا لە دەورانی یەکەم شەری سارددا، تەنها لە ساڵی (١٩٤٨-١٩٩١) زیاتر لە (١٣) تریلیۆن دۆلاری بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دژی هەژموونی یەکێتی سۆڤییەت و بۆ پروپاگەندە لە دژی کۆمۆنیزم و هەر بیروڕایەکی یەکسانیخواز سەرفکردووە. لەم نێوەدا، سەدان بلیۆن دۆلار تەرخانکرابوو بۆ ئەم پرۆژەی (کۆنگرەی ئازادی کەلتووری)یە.
مەبەست و لۆژیکی ئەمریکا و (سی ئای ئەی) لەوکاتەدا ئەوە بوو کە لە شەڕی سارددا، تەنها ستایشکردنی ئەمریکا کاریگەر نەبوو. بەڵکو ئەوەی پێویست بوو ئەوە بوو کە زەمینە خۆشکرێت بۆ لیبراڵ و چەپەکانی ئەو دەورانە تا بدوێن و شکستهێنانی کۆمۆنیزم ڕاگەیەنن و بە ئاشکرا لەدژی یەکسانیخوازی و بیروباوەڕی کۆمۆنیستانە بدوێن، بە شیوەیەک کە وەک بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری خۆڕسک دەربکەوێت، نەک پروپاگەندەی حکومەتی ئەمریکا و (سی ئای ئەی). بۆیە ئەم کۆنگرەیە (کۆنگرەی ئازادی کەلتووری) وەک پەردەیەک دارێژرا کە ناوەندەکەی لە پاریس دانرا و بیرمەندە بەناوبانگەکانی دژە تۆتالیتاری کۆکردەوە، کە زۆربەیان پێشتر سۆشیالیست و چەپ بوون.
ئەم کۆنگرەیە سێ شێوازی بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی؛ یەکەم دروستکردنی تۆڕی ڕۆشنبیری و بڵاوکراوەکان، ناسراوترین پرۆژە [گۆڤاری (ئینکاونتە) لە لەندەن و (پروڤ) لە پاریس و (کوادرانت) لە ئوسترالیا](٣) ئەم گۆڤارانە ئاستێکی بەرزی ئەدەبی و ڕۆشنبیرییان هەبوو، نووسەرانی بەناوبانگیان ڕاکێشا، بەڵام ئاراستەی سەرنووسەریان بەردەوام بەشیوەیەکی ورد، خوێنەرانی بەرەو رەخنەگرتن لە سیستەمی سۆڤییەت و کۆمۆنیزم ئاڕاستە ئەکرد. لە هەمانکاتدا بە ئاڕاستەی بەرگری لە سیستەمی سەرمایەداری و ئەمریکا، یان گوایە بەرگری لە (جیهانی ئازاد).
دووەم؛ بەکارهێنانی چالاکییە کولتوورییەکان وەک پەردەیەک بۆ داپۆشین و شاردنەوەی مەبەستی سەرەکی ئامانجەکانی سی ئای ئەی.
کۆنگرەی ئازادی کەلتووری چەندین کۆنفرانسی نیودەوڵەتی ئاست بەرز و پێشەنگای هونەری و کۆنسێرتی ڕێکخست، بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٥٢دا پاڵپشتی گەشتی ئەوروپی (ئۆرکێسترای سیمفۆنی بۆستن)ی کرد، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە و ڕەواندنەوەی گومانەکان دەربارەی (وشکی کەلتووری ئەمریکا) و پیشاندانی ئاڵۆزی و زیندوویی کولتووری ئەمریکا. بەمەش سەرکردایەتی کولتووری لە جیهانی دوو قوتبیدا دامەزراند.
سێهەم؛ بە ئامانجگرتنی چەپی ناکۆمۆنیست. سی ئای ئەی بە ڕوونی تێگەیشت کە لە ئەوروپای سالانی ١٩٥٠دا، بەهێزترین هێزی دژە کۆمۆنیست، باڵی راست نەبوو، بەڵکو ئەو چەپانە بوون کە نائومید بوون لە یەکێتی سۆڤییەت.
کۆنگرەی ئازادی کولتووری بە تایبەتی ئەو ڕۆشنبیرانەی وەک (ئارسەر کۆستلەر و سیدنی هوک)(٤) ڕاکێشا، بەمەش ڕێگەی دا بتوانن متمانەی “چەپی” خۆیان بەکاربهێنن بۆ ئاشکراکردنی واقیعی یەکێتی سۆڤییەت، کە زۆر قەناعەت پێهێنەرتر بوو لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی ئەمریکا.
ئەم پاڵپشتی و داراییکردنە نهێنییەی (سی ئای ئەی) بۆ کۆنگرەی ئازادی کەلتووری لە ساڵی ١٩٦٧دا لە لایەن گۆڤاری [(ڕامپارتس) و (زە نیو یۆرک تایمز)ەوە](٥) ئاشکراکرا و بووە هۆی سکانداڵێکی (ئابرووچوونێکی) گەورە بۆ ئەمریکا. لە ئەنجامدا (کۆنگرەی ئازادی کولتووری) متمانەی لەدەستدا و ئیتر وەک ڕێکخراوێکی کاریگەر کۆتایی پێهات.
ئاشکراکردنی ئەم سکانداڵە بە قوڵی متمانەی کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری نێودەوڵەتی لەرزاند. بە تایبەتی متمانەیان بە ئەو ڕوونکردنەوە و ڕیوایەتە سیاسییەی ئەمریکا لەسەردەمی شەڕی سارددا، کە خۆی بە پشتیوانی (ئازادی کەلتووری) ئەناساند.
تێبینی:
1
The Origins of Totalitarianism
2
CIA = Central Intelligence Agency
3
Encounter in London, Preuves in France + Quadrant in Australia
4
Arthur Koestler and Sidney Hook
5
Ramparts and The New York Times
١٢/١١/٢٠٢٦