ڕزگاریی ژنان و خەباتی چینایەتی: بۆچی تێکشکاندنی باوکسالاری بەبێ ڕووخاندنی سەرمایەداری مەحاڵە؟… نوووسەر: جودی کۆکس
توندوتیژی دژی ژنان و چەوساندنەوەی ڕەگەزی، کێشەی ئەخلاقیی چەند تاکێکی خراپ نین، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاون لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی چینایەتی. دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پیشەسازیی کاتبەسەربردنی سەرمایەداری، جەستەی ژن دەکەنە کاڵا بۆ کەڵەکەکردنی قازانج؛ دەوڵەتی بۆرژوازی و پۆلیس و دادگاکانیشی وەک ئامرازی سەرکوت، بەردەوام دەستدرێژیکاران دەپارێزن و قوربانییەکان تاوانبار دەکەنەوە.
فێمینیزمی لیبراڵی و ڕادیکاڵ بە هەڵە لەم دۆخە تێگەیشتوون. فێمینیزمی لیبراڵی کێشەکە لە یەکسانیی یاسایی و چاکسازیی ڕواڵەتیدا کورت دەکاتەوە، لە کاتێکدا فێمینیزمی ڕادیکاڵ بە گەڕانەوە بۆ “تیۆریی باوکسالاری”، پیاوان وەک چینێکی چەوسێنەر و دوژمنی سەرەکیی ژنان پێناسە دەکات. ئەم تێڕوانینە هەڵەیە نەک تەنیا ڕەگی ڕاستەقینەی چەوساندنەوە دەشارێتەوە، بەڵکو چینی کرێکار لە ڕووی ڕەگەزییەوە پارچەپارچە دەکات و لە ئەرکە مێژووییەکەی – کە ڕووخاندنی سەرمایەدارییە – دووری دەخاتەوە.
ڕەگی ماددیی چەوساندنەوە: لە کۆمەڵگەی سەرەتاییەوە تا چینایەتی…
بە پێچەوانەی ئەو تیۆرییە بۆرژواییانەی کە چەوساندنەوەی ژن دەبەستنەوە بە “بایۆلۆجیی توندوتیژی پیاوان”، ماتریالیزمی مێژوویی دەیسەلمێنێت کە ژێردەستەیی ژنان دیاردەیەکی ئەزەلی نییە. لە کۆمەڵگە سەرەتاییە یەکسانەکاندا (کۆمۆنیزمی سەرەتایی)، هیچ جیاوازییەکی چینایەتی و ڕەگەزی بوونی نەبووە.
باشترین بەڵگەی شوێنەوارناسی بۆ ئەم ڕاستییە، شوێنەواری ٩,٠٠٠ ساڵەی “چەتەڵهویوک”(Çatalhöyük) ـە لە باشووری ئەنادۆڵ لە تورکیا، کە یەکێکە لە کۆنترین شارۆچکەکانی سەردەمی بەردین لە مێژووی مرۆڤایەتیدا؛ پشکنینی پاشماوەی ئێسکەپەیکەرەکان و شێوازی بیناسازی لەوێ دەریانخستووە کە هیچ چینێکی دەوڵەمەند و هەژار بوونی نەبووە؛ پیاوان و ژنان هەمان جۆری خۆراکیان خواردووە، هەمان کاری دەستییان ئەنجام داوە، و کاری پیاوان هیچ بەهایەکی باڵاتری لە کاری ژنان نەبووە. کەواتە ژێردەستەیی ژنان نە لە سروشتی مرۆڤدا بووە و نە ئەزەلی بووە.
چەوساندنەوەی ژنان هاوکات لەگەڵ شۆڕشی کشتوکاڵی، سەرهەڵدانی “زیادەبەرهەم”(Surplus Product) ، و دابەشبوونی کۆمەڵگە بۆ چینەکان دەستی پێکرد. کاتێک خاوەندارێتیی تایبەت بەسەر کەرەستەکانی بەرهەمهێناندا سەپێنرا، پیاوانی خاوەن موڵک پێویستیان بەوە بوو کە سامانی خۆیان بۆ نەوەکانیان بەجێبهێڵن. لێرەوە دامەزراوەی “خێزانی تاکهاوسەر” سەپێنرا تا دڵنیایی بدات لە ڕەچەڵەکی منداڵەکان. بەم جۆرە ژنان کرانە موڵکی مێردەکانیان و لە کایەی بەرهەمهێنانی گشتییەوە بۆ ناو چواردیواریی ماڵ و وەچەخستنەوە دەرکران. وەک فرێدریک ئەنگڵس دەڵێت: “سەرهەڵدانی خاوەندارێتیی تایبەت و کۆمەڵگەی چینایەتی، شکستی مێژوویی گەورەی ڕەگەزی مێینە بوو”.
سەرمایەداری و کاری بێبەرامبەری ماڵەوە:
لە سیستەمی سەرمایەداریدا، خێزان بووەتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ پاراستنی سیستەمی کەڵەکەکردنی سەرمایە. سەرمایەداری پێویستیی بەردەوامی بە “هێزی کار” هەیە؛ بۆ ئەوەی کرێکار بتوانێت هەموو ڕۆژێک بگەڕێتەوە سەر کار، و بۆ ئەوەی نەوەی نوێی کرێکاران گەورە بکرێن، پێویستە خواردن ئامادە بکرێت، جلوبەرگ بشۆردرێت و منداڵ بەخێو بکرێت.
سەرمایەداری بە فێڵی “پیرۆزیی خێزان”، تەواوی ئەم ئەرکە قورسانەی خستووەتە ئەستۆی ژنان بە شێوەیەکی بێبەرامبەر. ئەگەر دەوڵەت و سەرمایەداران ناچار بکرێن حەقدەستی ئەم کارە بدەن، قازانجەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت. کەواتە چەوساندنەوەی ژنان لە خزمەتی پیاوانی کرێکاردا نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ لە خزمەتی چینی سەرمایەداردایە. پیاوانی کرێکاریش خۆیان قوربانیی هەمان سیستەمن و لە ڕێگەی کارکردنی تاقەتپڕوکێنەوە ئیستیغلال دەکرێن.
ئەزموونی سۆڤیەت: ڕزگاریی ژنان لە نێوان شۆڕش و دژەشۆڕشدا:
نەیارانی مارکسیزم ئیدیعای ئەوە دەکەن کە مانەوەی نایەکسانی لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا ئەوە دەسەلمێنێت کە سۆشیالیزم کێشەی ژنان چارەسەر ناکات. بەڵام مێژوو پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت:
شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ لە ڕووسیا، بە سەرکردایەتیی بەلشەفییەکان، گەورەترین هەنگاوی لە مێژوودا بۆ ڕزگاریی ژنان نا. دەوڵەتی کرێکاری بۆ یەکەمجار لە جیهاندا مافی لەباربردنی منداڵ، جیابوونەوەی بێمەرج، و حەقدەستی یەکسانی بۆ ژنان دابین کرد و دەستی کرد بە دامەزراندنی چێشتخانە و باخچەی ساوایانی گشتی تا ژنان لە کۆیلایەتیی ماڵەوە ڕزگار بکات.
بەڵام تەواوی ئەم دەستکەوتە مێژووییانە کاتێک لەباربردران کە ستالینیزم شۆڕشی ئۆکتۆبەری لە خوێندا خنکاند و سیستەمی “سەرمایەداریی دەوڵەتی”ی دامەزراند. چینی فەرمانڕەوای نوێی سۆڤیەت، لە پێناوی کەڵەکەکردنی سەرمایە و کێبڕکێی سەربازی و ئابووری لەگەڵ ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوادا، پێویستی بە سەرچاوەیەکی بێبڕانەوەی هێزی کار و سوپایەکی گەورە هەبوو. هەر بۆیە، جارێکی تر مۆدێلی کۆنەپەرستانەی خێزانی بۆرژوازیی سەپاندەوە، لەباربردنی منداڵی قەدەغە کرد و ژنانی گەڕاندەوە بۆ پێگەی “ئامرازی وەچەخستنەوە” بۆ دەوڵەت. کەواتە ئەم پاشەکشەیە شکست نەبوو لە خودی مارکسیزم یان سۆشیالیزمدا، بەڵکو دەرەنجامی ئەو نەهجە بوو کە دوای نەخۆشکەوتن و مەرگی لێنین و هاتنەسەرکاری ستالین، بەسەر شۆڕشدا سەپێنرا.
خەباتی چینایەتی: تاکە ڕێگەی ڕزگاری:
ئەمڕۆ ژمارەی ئەو ژنانەی هاتوونەتە ناو ڕیزی هێزی کارەوە لە هەموو سەردەمێک زیاترە. ئەمە بەو مانایەیە کە ژنانی کرێکار لە ڕووی ئابوورییەوە بوونەتە هێزێکی کاریگەر لە شوێنی کاردا و خاوەنی چەکی مانگرتن و پەکخستنی قازانجی سەرمایەدارین.
ژنێکی کرێکار هیچ بەرژەوەندییەکی هاوبەشی لەگەڵ ژنە سەرمایەدارەکان (بەڕێوەبەری کۆمپانیاکان یان سیاسەتوانانی دەسەڵاتدار)دا نییە؛ ئەوان بەشێکن لە چینی چەوسێنەر. بەڵکو بەرژەوەندیی ژنی کرێکار تەواو گرێدراوە بە بەرژەوەندیی پیاوانی هاوچینی خۆیەوە. ئەوە هاوپشتیی نێوان کرێکارانە بە هەردوو ڕەگەزەکەوە کە دەتوانێت دەسەڵاتی سەرمایە بلەرزێنێت – هەروەک چۆن لە مانگرتنی ملیۆنیی کەرتی تەندروستی لە هیندستان بینیمان.
ڕزگاریی ژنان لە ڕێگەی چاکسازیی یاسایی لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا بەدی نایەت. خەبات دژی سێکسیزم نابێت خەباتێکی جیاواز بێت لە خەباتی چینایەتی؛ بەڵکو دەبێت بەشێکی سەرەکی بێت لە خەباتی یەکگرتووی کرێکاران بۆ ڕووخاندنی سەرمایەداری، هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتیی تایبەت و سیستەمی کاری کرێگرتە و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی کە تێیدا ئەرکەکانی خێزان دەبنە ئەرکی گشتیی تەواوی کۆمەڵگە.
وەرگێران و دەستکاری: توانا محەمەد نوری
سەرچاوە
https://socialistworker.co.uk/in-depth/is-the-capitalist-system-a-patriarchy/