مەسەلەی مرۆڤایەتی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانی ئەمڕۆ ڕزگاربوونە لە دەسەڵات و دیکتاتۆریەتی کوردایەتی؛ نەک شەڕی کارتۆنی پەرلەمان!…نووسینی: ئیبراهیم حسێن
میدیای ئەحزابی دەسەڵاتدار لە ڕەسمییەوە بیگرە تا دەگاتە تۆڕی میدیای سێبەری هەردوو لا بازاڕ و هەرای پەرلەمانبازییان گەرم کردووە. هەر یەک لەسەری خۆیەوە دەستیان کردووە بە باڵکێشان بەسەر ئەم جەستە سیاسییە نامۆ و بێ گیانە بەستەزمانە کە لەوەتەی هەیە خەڵکی بیریان نایەت لە کوێ و لە مەڕ کام پرسی گرنگی ئەو کۆمەڵگەیە و ئەو مرۆڤایەتییە کرێکار و زەحمەتکێشە نوزەیەکی لێوە هاتبێت؟ کەس لە بیری نییە ئەم مەوجودە بێ زمان و بێ دەسەڵاتە دەستێوەردانێکی واقیعیی کردبێت بە قازانجی کەمترین شتی ئەو کۆمەڵگەیە و ئەو بەشەریەتە کرێکار و زەحمەتکێشە؟ لە کوێ ڕۆژێک کەسێک، کوتلەیەک لەو پەرلەمانە پەیدا بوو بڵێ کاری ئەو پەرلەمانە چییە کە نەتوانێت لام تا کام لەسەر هەڵشاخانی پیاوسالاریی ئایینی و ئیسلامی و عەشیرەتی بە حورمەتی ژن یاسایەک و فەرمانێک دەربکات؟ لەوەتەی هەیە ڕۆژێک کەسێک پەیدا نەبوو کە بڵێ بابە یاسایەک فەرمانێک بۆ ڕاگرتنی ئەو بەرەڵایی و کەڵەگاییەی چینی دەسەڵاتدار و میلیشیاکانی دابنێن؟ یاسایەک و فەرمانێک بۆ ئەو تاڵان و بڕۆیەی کە ئەو کەمایەتییە دەسەڵاتدارە ملئەستوورە بە سەروەتی وڵات و داهاتی مەملەکەت دەیکات دەربکەن!
جەنابان!
ئەم یارییە زۆر لەوە مەسخەرەترە. خەڵک دەزانن ئەم پەرلەمانە بوون و نەبوونی نەک هەر لە ژیانی سیاسیی خەڵکدا، بەڵکوو تەنانەت لە ژیانی سیاسیی خودی خۆتان و لە دیاریکردنی سنوور و دەسەڵاتی واقیعیی ئێوەشدا هیچ ڕۆڵێکی نییە، تا چ بگات بەوەی ئەگەر گوایە گۆڕانکاری تیایدا بکرێت و زیندو بکرێتەوە شتێک لەم ژیانە سیاسی و کۆمەڵایەتییە نەشیاوەی بەسەر ئەم خەڵکەتاندا سەپاندووە بگۆڕدرێت. خەڵک دەزانن دەسەڵاتی ڕاستەقینە کە توانای سەرکوت و دەسەڵاتی فەرزکردنی هەیە، حزب و دەسەڵاتی حزب و حوکمڕانیی ئەو حزبەیە. دەسەڵاتی ڕاستەقینە هەمان ئاسایش و زێرەڤانی و تەواوی ئەو میلیشیایانەن کە دەتوانن خەڵکی ناڕازی، هەڵسوڕاوان ، ڕابەرانی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەخنەگران سەرکوت بکەن؛ هەمان ئەو دادگا حزبییانەن کە پێبەندی هیچ بنەما و پێوەرێکی مرۆییی دادپەروەری لە کاروباری دادوەریدا نین و تەنها جێبەجێکاری فەرمانی حزب و سەرکردەکانی حزبی دەسەڵاتدارن لەم بوارەدا. کەواتە تەواوی ئەم هەرایە، لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشەوە، فێڵ و کڵاولەسەرکردنێکی سیاسییە. بەڵام ئیتر درەنگە و چیتر خەڵک و کۆمۆنیزم و ئازادیخوازیی کۆمەڵگە ئەم کڵاوەیان ناچێتە سەر.
مەسەلەی سەرەکیی کۆمەڵگەی کوردستان شتێکی دیکەیە؛ نەک ئەوەی ئەم بوونەوەرە زمانبەستەیە کارایە یا نا، بە دەست پارتییە یا یەکێتی، گۆڕان یان عەلی حەمەساڵح سەرۆکێتی یاخود یەکێکی دیکە لە دوو حزبە سەرەکییە دەسەڵاتدارەکە؟ مەسەلەی بەشەریەتی کرێکار و زەحمەتکێش ڕزگاربوونە لەم دەسەڵاتە بۆرژوا میلیشیایییە؛ بە هەموو میلیشیاکانیەوو، لەگەڵ هەموو گەندەڵییەکەی، لەگەڵ هەموو ئۆرگانە سەروو-خەڵکییەکانی کە کاریان بێدەنگکردنی ئەم مرۆڤایەتییە و سووڕاندنی چەرخی ئەم بازاڕ و ئابوریەی هێزی کاری هەرزان و ئەم بێمافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەیە.
خەڵک دەیانەوێت ئیمکاناتی کۆمەڵگە بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەک و ژیانێکی باشتر و کوردستانێکی بەختیار بێت؛ بۆ وەگەڕخستنی سیستەمێکی تەندروستیی بێبەرامبەر، سیستەمێکی پەروەردە و فێرکردنی گشتی و بێبەرامبەر، و سیستەمێکی دڵنیایی کۆمەڵایەتیی شایستە بۆ سەرجەم هاووڵاتییان بێت. خەڵک یاسایەکی کاری دادپەروەرانەیان دەوێت کە تێیدا مافی مانگرتن و خۆڕێکخستن و ناڕەزایەتی دەربڕین مافێکی سروشتیی کرێکار و هاووڵاتییان بێت؛ خەڵک دەستوورێکیان دەوێت کە تێیدا مافی سوودمەندبوون و دەستڕاگەیشتنی یەکسانی هەموو هاووڵاتییان بە ئیمکاناتی کۆمەڵگە وەک مافێکی سروشتی و حاشاهەڵنەگر دابنێت؛ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی خەڵک لە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریدا وەک مافی هەموو هاووڵاتییان ڕابگەیەنێت، و ئازادیی دەربڕین و فراوانترین ئازادییە تاکەکەسی و مەدەنییەکان بە مافی هاووڵاتییان بناسێنێت. ئەمە چاوەڕوانی و داخوازیی خەڵکە لەو ژیان و کۆمەڵگەیەی کە دەیانەوێت تێیدا بژین.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بەدیهاتنی تەنانەت تەنها یەکێک لەم چاوەڕوانییە ڕەوایانەی ئەمڕۆی کرێکار و هاووڵاتییان، پێویستی بە تێپەڕین لەم دەسەڵاتە سەروو-خەڵکییە هەیە. ئەم تێپەڕین و ڕزگاربوونە لەم دەسەڵاتە، مەسەلەی بنەڕەتیی چینی کرێکار و ئەو مرۆڤایەتییەیە کە خوازیاری ئازادی و ژیانێکی باشترن. کوردستانێکی ئازاد و خۆشبەختتر کە تێیدا خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بتوانن لەبارەی ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆیان بڕیار بدەن، بەتەواوی ناکۆک و ناتەبایی لەگەڵ ئەم میلیشیاگەرییە و لەگەڵ ئەم حوکمڕانییەی کە بە ئاشکرا ئیرادەی سیاسیی ئەم مرۆڤایەتییەی تاڵان کردوە.
ئەگەر ئەم بەشەریەتە ئازاد بێت و بتوانێت هەڵبژێرێت، ئەگەر ڕێکخراوە گەورە کرێکاری و جەماوەری و ڕاستەقینەکانی خۆی هەبێت تا لە ڕێگەیانەوە لەسەر ژیانی خۆی و ئەو ئازادی و کۆمەڵگەیەی کە دەیەوێت قسە بکات و پیادەی بکات، ئەگەر هاوسەنگیی هێزی سیاسی ئەوەندە گونجاو بێت خەڵک بتوانن هەڵبژێرن، ئەوا لە ئێستادا ئەم دەسەڵاتە و ئەم کەڵەگایی و ئەم جۆرە ژیانەی ئەمڕۆ کە بۆرژوازیی کوردایەتی فەرزی کردووە، نایانەوێت.
ڕاستە کە ئەم ئازادیخوازییەی بەشەریەتی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانی ئەمڕۆ هێشتا ئەم ئامڕازانەی بەدەست نەهێناوە؛ هێشتا دەستی بەو حزب و هێڵە سیاسییە ئازادیخواز، چەپ و عەدالەتخوازە و ئەو ئاستە لە ئامادەییی سیاسیی ڕاستەقینەیە ڕانەگەیشتوە کە بتوانێت لە ڕێگەیەوە چارەنووسی ئەم دەسەڵاتە سەروو-خەڵکییە و ماوەبەسەرچووەی مێژوو یەکلایی بکاتەوە، بەڵام هەر ئێستا لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا، لە شوێنی کار و ژیاندا و لە هەر قسەیەک و لە ناخی دڵی ئەم مرۆڤایەتییەدا دیارە کە ئەم کۆمەڵگەیە و ئەم بەشەریەتە کرێکار و زەحمەتکێشە ئەم چارەنووسە و ئەم شێوازە ژیانە و ئەم کوردایەتییە و دەسەڵاتەکەیان ناوێت. ئەمە مەیل و ویست و قسەی دڵی ئەمڕۆی کوردستان و ئەو مرۆڤایەتییەیە کەتێیدا دەژی، نەک ئەم شانۆگەری و خەیمەشەوبازییەی پەرلەمان لە زۆنی سەوز و زەرددا!
ئەوەی کە لە چ پرۆسەیەکدا ئەم مرۆڤایەتییە دەتوانێت کار و باری ئەم بارودۆخە و ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرست و بۆرژوایییە یەکلایی بکاتەوە و بە هەر ئەندازەیەک بووبێت بتوانێت دەستی لەسەر سەری خۆی کورت بکاتەوە، ئەو پرسە بنەڕەتییەیە کە لەسەر مێزی هەر سەرکردەیەکی ڕاستەقینە و هەر کۆمۆنیست و ئازادیخوازێکی ڕاستەقینەی کوردستانی ئەمڕۆدایە.