ئەمریکا لە دوای هەڵبژاردن: شکستی کۆمارییەکان و دەرفەتی مێژوویی چەپ… نووسینی: بابەک ئەحمەدی
سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکادا، تەنیا ئاڵوگۆڕێکی سادەی حزبی نییە، بەڵکو نیشانەی قووڵبوونەوەی قەیرانە بنەڕەتییەکانە لە سیاسەتی ئەم وڵاتەدا. ئەم گۆڕانکارییە، پێگەی حزبی کۆماری و ڕەوتی ترامپیزمی ڕووبەڕووی گرفتێکی گەورە کردووەتەوە؛ لە لایەکی دیکەشەوە، سنوور و توانای نەریتیی سەرکردایەتیی حزبی دیموکراتی جارێکی تر لەلای خەڵک خستووەتە ژێر پرسیار. لە نێوان ئەم دۆخەدا، هێزە سیاسییەکان ڕووبەڕووی پرسیارێکی گرنگ بوونەتەوە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ناڕەزایەتییە کەڵەکەبووەکانی کۆمەڵگەدا بکەن: شکستی ڕاستڕەوەکان چ مانایەکی بۆ داهاتووی سیاسەت لە ئەمریکا هەیە؟ هێزە چەپەکانیش چۆن دەتوانن ئەم دەرفەتە دەگمەنە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ململانێ باوەکانی ناو دەسەڵات دەرباز بن و پێگەی مێژوویی خۆیان جێگیر بکەن؟ دوو وتار لە گۆڤاری “جاکۆبەن» و پەیامێکی ڕاشکاوانەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەر) بۆ ڕێگریکردن لە پاشەکشەی زیاتری لایەنگرانی بزووتنەوەی “ماگا”، ئەم گۆڕەپانە لە سێ گۆشەنیگای سەرەکییەوە دەخەنە ڕوو: لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی شکستی ڕاستڕەوەکانی دەسەڵات، پێوانەکردنی توانای چەپەکان لە پەیوەندییان لەگەڵ حزبی دیموکرات، و کێشانی نەخشەڕێگەیەکی سەربەخۆ بۆ سۆشیالیستەکان لەپێناو گۆڕانکاریی ڕاستەقینەدا.
ڤانس: شەڕ و گرانیی ژیان، هۆکارەکانی شکستی کۆمارییەکانن
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەی ماگا، لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس باسی هۆکارەکانی شکستی کۆمارییەکانی کرد. گرنگیی ئەم قسانە لەوەدایە کە ڤانس لە ناو دڵی دەسەڵات و وەک یەکێک لە سەرکردە سەرەکییەکان، باس لەو هۆکارانە دەکات کە بوونە هۆی لەدەستدانی بەشێک لە دەنگدەرانی حزبی کۆماری.
ڤانس دەڵێت داتاکانی بارەگای هەڵبژاردن دەریانخستووە کە ڕێژەی بەشداریی لایەنگرانی کۆمارییەکان باش بووە. بە بڕوای ئەو، کێشەی سەرەکی بەشدارینەکردنی خەڵک نەبووە؛ بەڵکو بەشێک لەو کەسانەی لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ دەنگیان بە ترامپ و ئەو دابوو، ئەمجارە پشتیان لە حزبی کۆماری کردووە و بڕیاریان داوە دەنگ بە دیموکراتەکان بدەن. وەک ڤانس دەڵێت، دەنگدەران ناڕازی بوون و ئەم ناڕەزایەتییەش بووە هۆی گۆڕینی بڕیارە سیاسییەکەیان.
ئەو بە پشتبەستن بە وتووێژێکی لەگەڵ پسپۆڕێکی ڕاپرسی، چوار بابەتی سەرەکی بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم ناڕەزایەتییە دەستنیشان دەکات: کۆتاییهێنان بە شەڕ، گرنگیدان بە خەرجییەکانی ژیان و هەڵاوسان، گەڕانەوە بۆ سیاسەتی «سەرەتا ئەمریکا»، و گۆڕینی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل. ڤانس لە نێو هەموو ئەمانەدا شەڕ بە گرنگترین هۆکاری شکست دەزانێت و بە ڕاشکاوی دەڵێت: “هۆکاری شکستی ئێمە شەڕە”.
ئەو هاوکات ڕەخنە لەو کەسانەی ناو لایەنگرانی کۆمارییەکان دەگرێت کە پێیان وایە لەدەستدانی زۆرینەی ئەنجومەنی پیران (سێنا) باجێکی ئاساییە بۆ بەردەوامبوونی شەڕ. بە بڕوای ڤانس، ئەگەر کەسێک بیرکردنەوەی وایە، دەبێت بە ئاشکرا بیڵێت و بەرپرسیاریەتییە سیاسییەکەی لە ئەستۆ بگرێت.
هەڵوێستی ڤانس دەریشیدەخات کە ناکۆکی لە ناو خودی بزووتنەوەی ماگادا هەیە. ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت دەوڵەت سەرنجی لەسەر کێشە ئابوورییەکان و گرانیی ژیان بێت و بە دروشمی “ئەمریکا یەکەم”وە پابەند بێت. هەروەها ئاماژەکردنی بە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل نیشانیدەدات کە ئەم بابەتە لای بەشێک لە لایەنگرانی کۆمارییەکان بووەتە مایەی ناڕەزایەتی. ڤانس لە پەیامەکەیدا باس لە مشتومڕەکانی داهاتوو لەسەر لێخۆشبوونی کۆچبەران و چۆنیەتی جێبەجێکردنی سیاسەتە توندەکانی کۆچبەریش دەکات؛ ئەو دەڵێت ئەم باسانە لە داهاتوودا لە ناو حزبی کۆماریدا گەرم دەبن.
ئەم بۆچوونانە، گێڕانەوەی یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمارییەکانە بۆ هۆکاری شکستی حزبەکەی. ڤانس هەوڵ دەدات شکستی حزبەکەی بەوە ڕوون بکاتەوە کە دەوڵەت لە داواکارییەکانی بەشێک لە دەنگدەرانی ترامپ لە ساڵی ٢٠٢٤ دوورکەوتووەتەوە. جەختکردنەوەی ئەو لەسەر شەڕ و گرانیی ژیانیش دەریدەخات کە ناڕەزایەتی لە سیاسەتی دەرەوە و گوشاری ئابووری چۆن دەتوانێت دەنگی دەسەڵات کەم بکاتەوە.
بالهۆرن: چەپ لە نێوان هاوکاری لەگەڵ دیموکراتەکان و سەربەخۆیی سیاسیدا
لۆرێن بالهۆرن، سەرنووسەری بەشی ئەڵمانیی گۆڤاری سۆشیالیستیی جاکۆبەن، لە وتارێکدا بە ناونیشانی “ترامپ هەموو شتێک ناتوانێت و دیموکراتەکانیش بە هەمان شێوە”، باس لە پێگەی چەپی ئەمریکا لە دوای هەڵبژاردن دەکات. تەوەرەی سەرەکیی باسەکەی ئەوەیە کە چۆن چەپ بەهێزتر بێت و پەیوەندییەکەی لەگەڵ سەرکردایەتیی حزبی دیموکرات چۆن بێت. بالهۆرن بە پشتبەستن بە ئەزموونی هەڵبژاردنی بێرنی ساندەرز، ئەم پرسیارە دەکۆڵێتەوە کە سۆشیالیستەکان چۆن دەتوانن لە ناو سیستەمی سیاسیی ئەمریکادا دەسەڵاتی زیاتر بەدەست بهێنن.
لە ڕوانگەی بالهۆرنەوە، سەرکەوتنی دیموکراتەکان مانای ئەوە نییە کە خەڵک تەواوی بەرنامە سیاسییەکەی ئەوانیان پەسەند کردووە یان پشتگیری لە سەرکردایەتیی حزبەکە دەکەن. بەشێکی زۆری دەنگەکانی دیموکراتەکان لەبەر ناڕەزایەتیی خەڵک بووە لە سیاسەتەکانی ترامپ؛ لە سیاسەتی بازرگانی و شەڕهەڵایساندنەوە بگرە تا هەڵسوکەوتە نائارامکەرەکانی. ئەم ناڕەزایەتییە بە قازانجی دیموکراتەکان شکاوەتەوە، بەڵام خۆبەخۆ ئەوە ناگەیەنێت کە دەنگدەران دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سیاسەتەکانی پێشووی ئەم حزبە.
بالهۆرن وەبیری دەهێنێتەوە کە هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا پێگەی هێزە چەپەکان لە ناو حزبی دیموکراتدا بەهێزتر بووە، بەڵام هێشتا کۆنتڕۆڵی سەرکردایەتیی حزبەکەیان بەدەستەوە نییە. تەنانەت لە نێو خودی هێزە چەپەکانیشدا لەسەر پلانی داهاتوو ڕاو بۆچوونی جیاواز هەیە. ئەو لەم بارەیەوە ئاماژە بە دوو ڕەوت لە ناو ڕێکخراوی «سۆشیالیستە دیموکراتەکانی ئەمریکا» (DSA) دەکات.
ڕەوتێکیان جەخت لەسەر بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان و بەکارهێنانی دەرفەتەکانی حزبی دیموکرات دەکاتەوە بۆ پێشخستنی بەرنامەکانی چەپ. کەسایەتییەکانی وەک ئەلێکساندریا ئۆکاسیۆ-کۆرتێز و زەهران مەمدانی لەم ڕێگەیەدان. ئەم شێوازە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کەمپینی هەڵبژاردنی ڕێکخراو و شارەزایانەوە، پشتگیریی جەماوەری بکاتە دەسەڵاتی سیاسی و هاوکات بەرنامەیەکی چەپڕەوانە لە ناو سیستەمی ئێستادا پێش بخات.
ڕەوتەکەی تر پێی وایە سازشکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی حزبی دیموکرات، ڕێگرە لە دروستبوونی هێزێکی سەربەخۆی سۆشیالیستی. لایەنگرانی ئەم ڕوانگەیە پێیان وایە هاوکاریکردن لەگەڵ حزبی دیموکرات، چەپەکان دەبەستێتەوە بە سنوورە سیاسی و هەڵبژاردنییەکانی ئەو حزبەوە و دەرفەتی پیادەکردنی بەرنامەیەکی سەربەخۆ کەم دەکاتەوە. بە بڕوای ئەوان، دەبێت چەپ لە حزبی دیموکرات دوور بکەوێتەوە و چالاکییە سیاسییەکانی بە تەواوی سەربەخۆ ڕێکبخات.
بالهۆرن لە تاوتوێکردنی ئەم جیاوازییەدا، سەیری ئەزموونی ئەو هێزە سیاسییانە دەکات کە لە دەرەوەی دوو حزبە سەرەکییەکەی ئەمریکا بوون. ئەو بە ئاماژەدان بە شکستی مێژوویی حزب و بەربژێرە سەربەخۆکان، پێی وایە دروستکردنی هێزێکی سێیەمی هەڵبژاردن لەگەڵ کۆسپی گەورەدا ڕووبەڕووە. شکستی کشاما ساوانتیش بە نموونەیەک دەزانێت کە سنوورداریی ئەم ڕێگەیە دەردەخات. لە بەرامبەر ئەم کێشانەدا، بالهۆرن پێی وایە ئەو ڕێگەیەی بێرنی ساندەرز لە هەڵبژاردنی بەرایی ساڵی ٢٠١٦دا گرتیەبەر، سەرەڕای کەموکوڕییەکانی، چانسی زیاتری بۆ سەرکەوتنی درێژخایەن هەیە.
لەو نەخشەڕێگەیەدا، هێزە چەپەکان هەوڵ دەدەن بچنە ناو کێبڕکێکانی ناوخۆی حزبی دیموکرات، بۆ ئەوەی پشتگیریی جەماوەری و دەرفەتەکانی هەڵبژاردنی ئەو حزبە بەکاربهێنن، بەڵام هاوکات بنکە و ڕێکخستنی سیاسیی خۆشیان بەرفراوان بکەن. بالهۆرن ئەم ڕێگەیە بە ئاسان و بێ مەترسی نازانێت؛ کێشەی سەرەکی بە بڕوای ئەو ئەوەیە کە چەپ بتوانێت لەم ڕەوتەدا هێزی سەربەخۆی خۆی بپارێزێت و نەبێتە پەراوێزێک لە ناو حزبی دیموکراتدا.
ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش لە ڕوانگەی بالهۆرنەوە سنوورەکانی ئەم شێوازە پێشان دەدەن. ئەو ئاماژە بە شکستی دان ئۆزبۆرن لە ویلایەتی نێبراسکا دەکات و دەڵێت بردنەوەی دیموکراتەکان لەو ناوچانەی کە لە مێژەوە لایەنگری کۆمارییەکان بوون، زیاتر بۆ بەربژێرە میانڕەوەکان بووە. ئەم ئەنجامە دەریدەخات کە زیادبوونی دەنگی دیموکراتەکان مەرج نییە مانای زیادبوونی پشتگیری بێت بۆ بەربژێرە چەپەکان.
بالهۆرن لە شیکارییە فراوانەکەیدا، ئەم هەڵبژاردنە بە بەشێک لە سووڕی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە نێوان دوو حزبەکە دەبینێت. ناڕەزایەتی لە دەسەڵاتی ئێستا زۆربەی کات بە قازانجی حزبی ئۆپۆزیسیۆن تەواو دەبێت، بەڵام ئەو کێشانەی کە ناڕەزایەتییەکەیان دروستکردووە، هەر وەک خۆیان دەمێننەوە. نایەکسانی و داڕمانی کۆمەڵایەتی بە گۆڕینی زۆرینەی کۆنگرێس لەناو ناچن، خۆ ئەگەر دەسەڵاتی نوێ نەتوانێت چارەسەری ئەو کێشانە بکات، جارێکی تر هەمان سووڕ دووبارە دەبێتەوە.
بە بڕوای ئەو، شکاندنی ئەم بازنەیە پێویستی بە دەوڵەتێکە کە بتوانێت چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان بدۆزێتەوە و هیوا و باشتربوونێکی ڕاستەقینە بۆ ژیانی خەڵک دەستەبەر بکات. بالهۆرن هاوکات هیچ نیشانەیەک نابینێت کە سەرکردایەتیی حزبی دیموکرات ئامادەی گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە بێت. بۆیە گەشەکردنی هێزێکی چەپ کە بتوانێت بنەما و سیاسەتەکانی ئەم حزبە بخاتە ژێر پرسیار، زۆر گرنگە. ئەو پێیوایە بەهێزکردنی ڕەوتێکی لەم چەشنە دەتوانێت زەمینە بۆ گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بڕەخسێنێت.
هایدمەن: کۆتایی سەردەمی ترامپ و فراوانبوونی هێزی چەپ
پۆڵ هایدمەن، نووسەر و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە توێژینەوەی ئەمریکا، لە وتارێکدا لە جاکۆبەنی ئینگلیزی بە ناونیشانی “سەردەمی دۆناڵد ترامپ لە سیاسەتی ئەمریکادا بەرەو کۆتایی دەڕوات”، شکستی کۆمارییەکان بە نیشانەی کۆتاییهاتنی ئەو قۆناغە دەزانێت کە ترامپ باڵادەست بوو بەسەر سیاسەتی ئەمریکادا. سەرنجی سەرەکیی ئەو لەسەر هۆکارەکانی شکستی حزبی کۆماری، لێکەوتەکانی بۆ داهاتووی ئەو حزبە، و توانای هێزە چەپەکانە بۆ بەرفراوانکردنی بەشدارییان لە هەڵبژاردندا.
هایدمەن بەرپرسیاریەتیی سەرەکیی شکستەکە دەخاتە ئەستۆی ترامپ. وەک ئەو دەنووسێت، ترامپ بە دەستێوەردان لە کێبڕکێکانی هەڵبژاردن و سەپاندنی ئەو بەربژێرانەی کە چانسی بردنەوەیان کەم بوو، پێگەی کۆمارییەکانی لاواز کرد. ئەو ئاماژە بە کێبڕکێکانی تەکساس و کارۆلینای باشوور دەکات و هەروەها سیاسەتی کۆمارییەکان لە گۆڕینی سنووری ناوچەکانی هەڵبژاردن لە فلۆریدا بە هۆکارێک دەزانێت کە یارمەتیی هاندانی دەنگدەرانی دیموکراتی داوە. لە هەڵسەنگاندنی ئەودا، شەڕ دژی ئێران و گوشاری گرانیی ژیانیش لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی کۆمارییەکان بوون.
تەوەرێکی دیکەی وتارەکە بریتییە لە ڕۆڵی پارەیەکی زۆر لە هەڵبژاردندا. هایدمەن باسی خەرجییە گەورەکانی ملیاردێرەکان و لیژنە سیاسییەکانی لایەنگری کۆمارییەکان دەکات. ڕێکخراوی “MAGA Inc” نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پشتگیری لە بەربژێرەکانی کۆماری خەرج کردبوو، لە کێبڕکێکانی ئەنجومەنی پیرانیشدا کۆمارییەکان لەسەدا ٥٠ زیاتر لە دیموکراتەکان پارەیان سەرف کرد. سەرەڕای هەموو ئەمانە، باڵادەستیی دارایی نەیتوانی پێش بە شکستی هەڵبژاردنیان بگرێت. بە بڕوای هایدمەن، ئەم ئەنجامە دەیسەلمێنێت کە سامانی زەبەلاح و پشتیوانیی دەوڵەمەندەکان ناتوانن سەرکەوتن مسۆگەر بکەن ئەگەر دەنگدەران ناڕازی بن و بەربژێرەکانیش لاواز بن.
شکستی هەڵبژاردن وا دەکات حزبی کۆماری بیر لە دیاریکردنی ڕێڕەوی داهاتووی خۆی بکاتەوە. هایدمەن پێشبینی دەکات کە ناکۆکییەکان لەسەر دوورکەوتنەوە لە ترامپ و چۆنیەتی بەردەوامبوونی حزبەکە توندتر ببنەوە. ڕەنگە بەشێک لە کۆمارییەکان بۆ پاراستنی پێگەی هەڵبژاردنیان داوای دوورکەوتنەوە لە ترامپ بکەن؛ لە بەرامبەردا، هەندێک هێز هەر سوور دەبن لەسەر بەردەوامیی ڕێگەی بزووتنەوەی ماگا. ئەم جیاوازییە دەکرێت ببێتە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی ململانێی ناوخۆی حزبەکە.
هایدمەن باس لە لێکەوتەکانی سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسیش دەکات. زۆرینەی گەورەتری دیموکراتەکان، دەسەڵاتی ئەو ژمارە کەمەی پەرلەمانتاران کەم دەکاتەوە کە لە قۆناغی پێشوودا دەتوانین بڕیارەکانی حزبەکە ڕابگرن و دانوستانیان پێ بکەن. لەم ڕوانگەیەوە، ئەنجامی هەڵبژاردن دەتوانێت پێگەی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس بەهێزتر بکات و هەلی جێبەجێکردنی بەرنامەکانیان زیاتر بکات.
سەرەڕای ئەمانە، بەشێکی گرنگی وتارەکەی هایدمەن تایبەتە بە سەرکەوتنی هێزە چەپەکان لە هەڵبژاردندا. ئەو ئاماژە بە سەرکەوتنی ئەو بەربژێرانە دەکات کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوی سۆشیالیستە دیموکراتەکانی ئەمریکاوە هەیە لە نیویۆرک، کۆلۆرادۆ و میشیگان، و ناوی ئەنجامە هیوابەخشەکانی چەپەکان لە ویلایەتەکانی دیکەی وەک کێنتاکی و فلۆریدا دەهێنێت. عەبدولسەید و ترۆی جاکسۆن لەو کەسایەتییانەن کە پەیوەندییان بە DSAوە هەیە، گەرچی ئەندامی ئەو ڕێکخراوەش نین. ئەنجی نیکسۆنیش لە فلۆریدا تا لێواری بردنەوە چوو.
هایدمەن ئەم ئەنجامانە دەبەستێتەوە بە گۆڕانی بیروباوەڕی سیاسیی گەنجان. بەپێی وتەی ئەو، ژمارەی ئەو گەنجانەی خۆیان وەک سۆشیالیستی دیموکرات دەناسێنن، سێ هێندەی ئەو گەنجانەیە کە پشتیوانی لە بزووتنەوەی ماگا دەکەن. لە دیدی ئەودا، ئەم گۆڕانە لە بیرکردنەوەی گەنجان و سەرکەوتنی بەربژێرە چەپەکان لە هەڵبژاردندا، توانای فراوانبوونی کاریگەریی هێزە سۆشیالیستەکان لە سیاسەتی ئەمریکادا پێشان دەدات.
ئەو دەرئەنجامەی هایدمەن لەم پێشهاتانەی وەردەگرێت، پێویستیی بەرفراوانکردنی چالاکیی هەڵبژاردنی چەپە. ئەو پێیوایە پڕۆژەی ڕێکخراوی سۆشیالیستە دیموکراتەکانی ئەمریکا هێشتا نەگەیشتووەتە کۆتایی تواناکانی خۆی و دەتوانێت لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی زیاتردا بەشدار بێت. لەبەر ئەوە، پێویستە هێزە چەپەکان مەودای کارەکانیان بۆ بازنەکانی تری هەڵبژاردن فراوان بکەن و ئەو دەرفەتانە بەکاربهێنن کە بەهۆی شکستی کۆمارییەکان و گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان دروست بوون.
جەختکردنەوەی هایدمەن لەسەر فراوانکردنی بەشداری لە هەڵبژاردندا، بەو مانایە نییە کە هێزە سۆشیالیستەکان لە ئێستادا لە حزبی دیموکرات یان کۆنگرێسدا خاوەنی بڕیاری یەکلاکەرەوەن. نوێنەرانی چەپ هێشتا بەشێکی بچووکی ئەو پێکهاتەیەن. سەرەڕای ئەوەش، ئەو ئەنجامەکانی ئەم دواییە بە نیشانەی گەشەی زیاتری ئەم هێزانە دەزانێت و پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی گەشەی ڕێکخراوەیی و هەڵبژاردنییان دەکات.
سێ ڕوانگە بۆ لێکەوتەکانی هەڵبژاردن
ئەم سێ دەقە لە سێ دیدگای سیاسیی جیاوازەوە سەیری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکەن. ڤانس، لە ناو دڵی دەوڵەت و بزووتنەوەی ماگاوە، شکستی کۆمارییەکان بە ناڕەزایەتیی دەنگدەران لە شەڕ، گرانیی بژێوی و دوورکەوتنەوەی دەوڵەت لە بەڵێنەکانی لێکدەداتەوە. ئەو پێداگری لەسەر پێویستیی چاوخشاندنەوە بە سیاسەتەکانی دەوڵەت و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی بەرەی کۆمارییەکان دەکات.
بالهۆرن لە ڕوانگەی چەپەوە سەیری پەیوەندیی نێوان سۆشیالیستەکان و حزبی دیموکرات دەکات. پرسیاری سەرەکیی ئەو ئەوەیە کە چەپ چۆن دەتوانێت دەرفەتەکانی کێبڕکێی هەڵبژاردن بقۆزێتەوە، بەبێ ئەوەی لە ناو حزبی دیموکراتدا بتوێتەوە یان سەربەخۆیی سیاسیی خۆی لەدەست بدات. ئەزموونی ساندەرز لای ئەو نموونەیەکە کە سەرەڕای کەموکوڕییەکانی دەتوانێت ڕێگەی پێشڕەوی لە درێژخایەندا خۆش بکات. هاوکات ئەو گومانی هەیە لەوەی کە سەرکردایەتیی دیموکراتەکان بتوانن وەڵامی کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکا بدەنەوە.
هایدمەن زیاتر سەرنجی لەسەر توانای گەشەکردنی چەپە لە گۆڕەپانی هەڵبژاردندا. ئەو شکستی کۆمارییەکان و سەرکەوتنی بەربژێرە سۆشیالیستەکان بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ زیاترکردنی دەسەڵاتی سیاسیی DSA و هێزە چەپەکانی تر، و داوای فراوانکردنی چالاکییەکانیان دەکات بۆ بازنە نوێیەکانی هەڵبژاردن.
کەواتە، هەردوو وتارەکەی جاکۆبەن لەسەر بەهێزکردنی چەپ هاوڕان، بەڵام لەسەر شێوازی کارکردن و پەیوەندییان لەگەڵ حزبی دیموکرات لە دوو گۆشەنیگای جیاوازەوە دەدوێن. بالهۆرن جەخت لەسەر سنوورداربوونی سیستەمی حزبی دیموکرات و پاراستنی هێزی سەربەخۆی چەپ دەکاتەوە؛ بەڵام هایدمەن تیشک دەخاتە سەر توانای گەشەی ڕێکخراوەیی و هەڵبژاردنیی سۆشیالیستەکان و قۆستنەوەی دەرفەتە تازەکان. پەیامەکەی ڤانسیش لە لایەکی ترەوە پێشانیدەدات کە شکستی کۆمارییەکان لە ناو خۆیاندا کێشە و باسی لەسەر شەڕ، ئابووری و داهاتووی بزووتنەوەی ماگا دروستکردووە.
کۆی شیکارییەکانی بالهۆرن و هایدمەن دەری دەخات کە شکستی کۆمارییەکان تەنیا دەستپێکی کاریگەربوونی چالاکانەی چەپە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەمریکادا؛ دەرفەتی مێژوویی چەپی ڕادیکاڵ کاتێک جێگیر دەبێت کە نە لە ناو شێواز و بیرکردنەوەی کۆنەپارێزانەی حزبی دیموکراتدا بتوێتەوە و نە بە سەرکەوتنی کاتیی هەڵبژاردن ڕازی بێت، بەڵکو بە پاراستنی سەربەخۆیی چینایەتی و ڕەخنەی بنەڕەتی لە سەرمایەداری، ناڕەزایەتییە قووڵە کۆمەڵایەتییەکان و وزەی گەنجانی خوازیاری گۆڕانکاری بکاتە هێزێکی ڕێکخراو لەپێناو گۆڕانکاریی ڕاستەقینەدا.
وەرگێر: توانا محەمەد نوری
سەرچاوە:
www.akhbar-rooz.com