ناوەرۆکی ڕاستەقینەی بزووتنەوە جەماوەرییەکان… نووسین: ناسر بەرین

0

ئەگەر بمانەوێت بزانین ناڕەزایەتی و بزووتنەوەکانی ئەم سەردەمە بەڕاستی دژی سیستەمی سەرمایەدارین یان نا، دەبێت جیاوازی لەنێوان دوو جۆر ناڕەزایەتیدا بکەین:

یەکەمیان، ئەو بزووتنەوانەن کە دروشمی “هەموومان پێکەوەین” بەرز دەکەنەوە و وا نیشان دەدەن هەموو خەڵک یەک دەستە و یەک کێشەیان هەیە.

دووەمیان، خەباتی چینایەتییە؛ واتە ئەو خەباتەی دان بەوەدا دەنێت کە کۆمەڵگە لە چینی جیاواز پێکهاتووە، بەرژەوەندییەکانیان یەک نییە، و تەنیا ئەم جۆرە خەباتەش دەتوانێت بنەمای کێشەکان بگۆڕێت.

جیاوازییەکە تەنیا شێوازی داواکاری نییە، بەڵکوو دوو تێڕوانینی تەواو جیاوازە: تێڕوانینێک پێیوایە بە کەمێک چاکسازی و ئامۆژگاریی ئەخلاقی کێشەکان چارەسەر دەبن؛ تێڕوانینەکەی تر دەڵێت تا ڕەگی سیستەمەکە و جیاوازیی چینەکان نەگۆڕدرێت، هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت.

لە ڕوانگەی یەکەمدا، ڕەخنەگران هۆکاری کێشەکان دەگێڕنەوە بۆ نەبوونی دادپەروەری، بێڕێزی بەرامبەر مرۆڤ، یان نەبوونی گفتوگۆ. وا بیر دەکەنەوە هەموو خەڵک وەک یەکن و ئەگەر پێکەوە دابنیشن و قسە بکەن، دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن. لای ئەوان “دادپەروەری” تەنیا ئەوەیە دەرفەت و پارە کەمێک باشتریش دابەش بکرێت، نەک ئەوەی دەستکاریی ئەو سیستمە بکرێت کە ئەم نادادپەروەرییە دروست دەکات. لەم دیدەدا، کێشەی سەرەکی گەندەڵی، لادان لە دیموکراسی یان چاوچنۆکیی بازاڕە؛ بۆیە تەنیا دەیانەوێت هەڵەکان چاک بکەن، بەبێ ئەوەی دەست بۆ بنەمای دەسەڵات، شێوازی کارکردن و خاوەندارێتیی کارگە و سەرمایە ببەن.

کێشەی گەورەی ئەم تێڕوانینە ئەوەیە کۆمەڵگە وەک یەک خێزان دەبینێت، بێ ئەوەی باسی جیاوازیی چینەکان بکات. وا پیشان دەدات هەموومان هاووڵاتیی وەک یەکین، لەکاتێکدا بەشێکی کەمی کۆمەڵگە خاوەنی هەموو کارگە، کۆمپانیا و سەرمایەکانن، و زۆربەی خەڵکیش تەنیا هێزی کاری خۆیان پێیە بۆ فرۆشتن تا بژین. ئەگەر ئەم جیاوازییە گەورەیە نەبینین، وا دەزانین ئەگەر چەند یاسایەک چاک بکەین، هەموو شتێک باش دەبێت. لەم حاڵەتەدا ئەگەر چاکسازییەکانیش سەرکەوتوو نەبن، دەڵێن: «خەتای جێبەجێنەکردنی یاساکان یان بێ‌ئەخلاقیی مەسئولەکان بوو»، نەک ئەوەی کێشەکە لە خودی سیستەمەکەدا بێت.

بۆ ئەوەی بەڕاستی لە چەوسانەوە ڕزگارمان بێت، دەبێت ئەم جیاوازییە چینایەتییە ئاشکرا بکەین. تا ئەو کاتەی سیستەمی کرێکاری و سەرمایەداری مابێت، قسەکردن لەسەر کەرامەتی مرۆڤ بەتەنیا بەس نییە. مەسەلەکە تەنیا ئەوە نییە لەسەر کاغەز و بەپێی یاسا هەموومان وەک یەک مافمان هەبێت؛ پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: بۆچی لەناو هەمان ئەم یاسایەدا، دەستەیەک هەموو سەروەت و سامانیان لایە، و دەستەیەکی تر ناچارن ڕۆژانە ماندوو بن و عارەق بڕێژن تەنیا بۆ ئەوەی لە برسا نەمرن؟ پشتگوێخستنی ئەم جیاوازییە چینایەتییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆرداری و چەوسانەوەی دەوڵەمەندەکان لەپشت وشەی جوانی وەک “بەرژەوەندیی گشتی” و “هاووڵاتیبوون” بشاردرێتەوە.

 

بۆیە بەتەنیا دژایەتیکردنی گەندەڵی، دیکتاتۆری یان نادادپەروەری، بەڵگەی ئەوە نییە کە بزووتنەوەیەک دژی سەرمایەدارییە. بزووتنەوەیەک کاتێک ڕاستەقینەیە کە داواکارییەکانی تەنیا گۆڕینی چەند بەرپرسێک نەبێت، بەڵکوو دەست بۆ ڕیشەی موڵکدارێتی و چەوسانەوە ببات و بیەوێت کار و سەروەتی کۆمەڵگە بخاتە خزمەت هەمووانەوە، نەک کڕین و فرۆشتنی مرۆڤ. ئەگەر وا نەبێت، ناکۆکیی نێوان کرێکار و خاوەن‌کار تەنیا وەک شەڕێکی بێهوودەی نێوان تاکەکان دەبینرێت، نەک کێشەیەکی بنەڕەتی.

لە تێڕوانینێکی وەهادا، زۆر لە بزووتنەوەکانی ئەم سەردەمە (وەک بزووتنەوەی سەوزی ئێران یان داگیرکردنی واڵ‌ستریت لە ئەمریکا) بەبێ ئاسۆیەکی ڕوون دەمێننەوە. دروشمەکانی وەک لابردنی ویلایەتی فەقیە، سڕینەوەی قەرزی بانکەکان، هێنانی دیموکراسی، یان لادانی بەڕێوەبەرە گەندەڵەکان، ڕەنگە داخوازیی ڕاستەقینەی خەڵک بن، بەڵام بەتەنیا نابنە هۆی ڕووخاندنی سەرمایەداری. پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم ناڕەزایەتییانە تەنیا دەیانەوێت شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم سیستەمە کەمێک نەرمتر بکەن، یان دەیانەوێت بەتەواوی کۆتایی بە چەوسانەوە بهێنن؟ تا وەڵامی ئەمە نەزانین، تەنیا بەوەی جەماوەرێکی زۆر ڕژاونەتە سەر شەقام، ناتوانین بڵێین ئەو بزووتنەوەیە بەڕاستی خەڵک لە دەرد و کێشەکانیان ڕزگار دەکات.

وەرگێڕان بۆ کوردی: توانا محەمەد نوری

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.