خۆپیشاندان بێ عەقڵی نییە؛ سیاسییە!…نووسینی: جوودی کۆکس

0

دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی و میدیاکانیان هەمیشە هەوڵ دەدەن هەر تەقینەوەیەکی تووڕەیی جەماوەر وەک کردەوەی تاوانکاری و ئاژاوەگێڕی نیشان بدەن. لە بەرامبەریشدا، بەشێک لە چەپی پۆپۆلیست و ئەنارکیست دەکەونە داوی ستایشکردنی پشێوی (Riot) و تاڵانکردنی سەر شەقامەکان، و بە شۆڕشگێڕیی پێناسەی دەکەن. بەڵام لە دیدی کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە، هەردوو بۆچوونەکە هەڵەن و لە تێگەیشتن لە جەوهەری ڕاستەقینەی گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە بێبەشن.

تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان لە فەرەنسا و وڵاتانی تر، نیشاندەری قەیرانی قووڵی سەرمایەداری، گرانیی بژێوی و پاشەکشەی خزمەتگوزارییە گشتییەکانە. وتەکەی مارتن لووسەر کینگ کە دەڵێت “پشێوی زمانی بێدەنگکراوەکانە”، ڕاستییەکی تێدایە لە ڕووی دەربڕینی بێئومێدی و پەراوێزخستنەوە؛ بەڵام بێئومێدی و تووڕەیی شەقام بە تەنیا خۆیان نابنە ستراتیژ بۆ ڕزگاری. دەسەڵاتداران بە دووڕووییەوە لە کاتێکدا جەنگ و تیرۆری دەوڵەتی لە ناوچەکە و جیهاندا بەڕێوە دەبەن، کڕنۆش بۆ هێمنی دەبەن و تووڕەیی گەنجان سەرکۆنە دەکەن. بەڵام وەڵامی ئەمە ئەوە نییە کە ئێمە تاڵانکردن و پشێویی کۆنترۆڵنەکراو وەک ڕێگەچارە پیرۆز بکەین.

پاساودانی تاڵانکاری و بەخشینی سیفەتی شۆڕشگێڕانە پێی، شێواندنی ئەرکی مێژوویی چینی کرێکارە. ئامانجی کۆمۆنیزم لە دەستبەسەرداگرتنی چەند کۆگایەک یان تاڵانکردنی دووکانی خەڵکدا کورت نابێتەوە؛ بەڵکوو هەڵوەشاندنەوەی بنەڕەتیی موڵکایەتیی تایبەتە بەسەر کەرەستەکانی بەرهەمهێناندا لە ڕێگەی دەسەڵاتی کرێکارییەوە. تاڵانکردن نە ئاسۆی خەبات فراوان دەکات و نە ڕیشەی هەژاری دەردێنێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، مۆڕاڵی شۆڕشگێڕانە دەشێوێنێت، لە چاوی کۆمەڵگەدا پێگەی چینی کرێکار لە پێشەنگی ڕزگارییەوە بۆ تێکدەر دادەبەزێنێت، و دەستی دەوڵەتیش بۆ سەرکوتکاری لە ژێر پەردەی “پاراستنی ئاسایش”دا کراوەتر دەکات.

پشێویی سەر شەقام ڕەنگە لە هەندێک وێستگەدا وەک بەریتانیای ساڵانی هەشتا و نەوەدەکان بۆرژوازی ناچار بە پاشەکشەی کاتی بکات، بەڵام ئەمە کورتکردنەوەی خەباتە بۆ ڕیفۆرم لە ژێر سایەی ترسدا. خەباتی ڕاستەقینە لە وەرگرتنی چەند ئیمتیازێکی کاتی لە دەوڵەتدا قەتیس نابێت، بەڵکوو ئامانجی ڕووخاندنی تەواوەتیی سیستەمی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستییە.

میدیای بۆرژوازی بێگومان دەزگایەکی تەبلیغاتیی سەرمایەیە و بەرژەوەندیی چینی باڵادەست دەپارێزێت؛ پۆلیسیش ئامرازی سەرکوتی چینایەتییە کە هەموو کات لە خزمەت سەرمایەداریدایە. بەڵام ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دەزگایانە بە تەقینەوەی هەڕەمەکی و پەرچەکرداری کوێر ناکرێت. بەستنەوەی ناڕەزایەتییەکان بە “دەستی دەرەکی” یان ترسی دەسەڵات لە پشێوی، دەری دەخات کە بۆرژوازی لە هەر دەنگێکی ناڕازی تۆقیوە؛ بەڵام ترسی ڕاستەقینەی بۆرژوازی لە هێزی یەکگرتووی کرێکارانە لە کارگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێناندا، نەک لە چەند کاتژمێرێک بەردبارانکردنی پۆلیس لە شەقامەکاندا.

تاکە ڕێگەی دەربازبوون لەم قەیرانە و بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتداران، گۆڕینی تووڕەیی کوێری شەقامە بۆ خەباتی هۆشیارانە و ڕێکخراوی چینی کرێکار. پێویستیی مێژوویی ئێمە نە تاڵانکردنە و نە پشێویی کاتی، بەڵکوو:

 

  • ڕێکخستنی کرێکاران لە شوێنی کار و لە ڕێگەی ئەنجوومەن و شووراکانەوە.
  • بوونی حزبێکی پێشڕەوی کۆمۆنیستیی کرێکاری کە خاوەنی ئاسۆ و بەرنامەیەکی ڕوونی سیاسی بێت.
  • خستنەڕووی ئەڵتەرناتیڤێکی سۆشیالیستی بۆ تەواوی کۆمەڵگە، کە توانای هەبێت سەرجەم توێژە چەوساوەکان لە دەوری ئاڵای ڕزگاریی کرێکاران کۆ بکاتەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی سەرمایە بهێنێت.

 

وەرگێڕان و دەستکاری: توانا محەمەد نوری

سەرچاوە:

https://socialistworker.co.uk/in-depth/riots-arent-mindless-they-are-political/

Leave A Reply

Your email address will not be published.