کۆمۆنیزم: بزووتنەوەی زیندووی مرۆڤایەتی بۆ ژیانێکی باشتر! کۆمۆنیزم واتە مرۆڤایەتی و؛ مرۆڤایەتی واتە کۆمۆنیزم!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

ئەم تێزە، لە ناو بزووتنەوەی چەپ و لە دەرەوەی چەپیشدا، زۆر جار وەکو جۆرێک مالیخۆلیای سەیروسەمەرە سەیر دەکرا. ئەگەر کەسێک بگوتبایە کە فەرزی کۆمۆنیزم سادەیە؛ فەرزی کۆمۆنیزم هەمان شتە، هەمان ئەو مرۆڤەیە کە لە جەستە و ویژدانی مرۆڤایەتیدا بوونی هەیە، نەک کۆمڵێک فەرمان  و دیاردەیەکی نامۆ یان کۆمەڵێک حوکم سەبارەت بە مێژوو و چارەنوسی مرۆڤ نیە؛ بەڵکوو هەمان ئەو مرۆڤەیە کە لەسەر ئەم گۆی زەوییە و لەم قۆناغە مێژووییەدا دەژی و هەر لە بەیانییەوە کە لە خەو هەڵدەستێت بۆ ئەوە تێدەکۆشێت کە ئەمڕۆی لە دوێنێی و بەیانییەکەی لە ئەمڕۆی باشتر بێت، هوورەی لێ دەکرا و بە کۆمەڵێک حوکمی سێکتیستی و ئایدیۆلۆژیای بێپێوەند مەحکووم دەکرا.

کۆمۆنیزم ئەم مینیاتورکارییەی چەپیش نییە سەبارەت بە بێبەشییەکانی مرۆڤ؛ تەنیا ژماردنی ئازار و مەینەتییەکانی مرۆڤ سەرباری ئەوەی بڵێ چارەسەر چییە، نییە؛ سەرباری ئەوەش کە بڵێ چارەسەر شۆڕشە، نییە. کۆمۆنیزم ئەو بزووتنەوە زیندووەی مرۆڤایەتیی ئەمڕۆیە کە ژیانێکی باشتر نەک تەنیا دەوێت، بەڵکوو هەموو ڕۆژێک، هەموو کاتژمێرێک و هەموو ساتێک چ بە تاک و چ بە کۆمەڵ تێدەکۆشێت بۆی؛ چ لە بزووتنەوە گەورەکاندا و چ لە مانگرتن و ڕاپەڕیندا، چ لە ناو خێزاندا، چ لە دەوری سفرەی ناندا و چ لە ڕۆژانەی ژیانیدا. ئەمە دینامیزمی زیندووی هەر پێشڕەوییەکی مرۆڤ بووە تا ئەمڕۆ؛ هەر ئاستێک لە خۆشگوزەرانی، شارستانییەت، مافە مەدەنییەکان و هەر ئاستێک لە ئازادی کە مرۆڤی ئەمڕۆ و کۆمەڵگەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووە. کۆمۆنیزم ئەم ململانێ زیندووەیە لەسەر ژیان و چارەنووسی خودی مرۆڤ؛ ململانێیەکی وجوودی و چارەسەرنەکراوی کۆمەڵایەتییە کە دینامیزمی مێژووە و سەرچاوەی هەر گۆڕانکارییەکە لە ژیاندا.

فەرزی ئەم کۆمۆنیزمە بەم مانایە سادەیە؛ بە هەمان سادەیی ئەو ناڕەزایەتی و لۆمەیەی کە مرۆڤی ئەمڕۆ بەرامبەر بە شێوازی ژیانی خۆی لە نیزامی چینایەتیی ئەمڕۆدا، لە نیزامی کۆیلایەتیی کاری کرێگرتەدا هەیەتی. فەرزی ئەم کۆمۆنیزمە زیندووە بە هەمان سادەیی ئەو دڵبەستەیییەیە کە مرۆڤ بە ژیان هەیەتی، بە هەمان سادەیی بایەخدان بە ژیان و چارەنووسی خۆی، بە هەمان سادەیی ئەو ئەوینەی بۆ ئازادی و ژیانی خۆی و هاوجۆرەکانی هەیەتی؛ بە هەمان سادەیی ئەو ڕقەی کە مرۆڤی ئەمڕۆ لە هەژاری هەیەتی، لە نادادپەروەری و نایەکسانی هەیەتی، و بە کورتەی قسە، بە هەمان سادەیی ئەو بێزاری و ڕقەی کە مرۆڤی ئەمڕۆ لە کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە هەیەتی.

جارێک لە سەدەی ڕابردوودا، ئەم بزووتنەوە جیهانییەی ڕزگاریی مرۆڤ لە ڕێگەی بەلشەفیزم و لینینیزمەوە ویستی بگاتە سەرکەوتن؛ بوو بە دەسەڵاتی سیاسی و بەهێزترین بزووتنەوەی سیاسیی ئەو سەردەمە و شۆڕشێکی کرێکاریی ڕابەرایەتی کرد. بەڵام لە بەرامبەر ئەرکە سەرەکییەکەی خۆیدا، لە بەرامبەر ئەرکی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە و دامەزراندنی ئابووری و پەیوەندییە سۆسیالیستییەکانی بەرهەمهێناندا، تووشی شکست هات.

ئەمڕۆ بەو ئاستەی کە مرۆڤ لە توانای بەرهەمهێناندا پێی گەیشتووە، بەو دەستکەوتە سەرسوڕهێنەرانەی لە تەکنیک و تەکنەلۆژیای زیرەکدا بەدەستی هێناوە، و بەو شەوق و زەوق و هۆگرییەی مرۆڤی ئەمڕۆ بۆ ژیان هەیەتی—کە لە بزووتنەوەی جیهانیی مرۆڤایەتیی ئەمڕۆ لە دڵی شارستانییەت و چەقی شارستانییەتی مرۆڤ لە ئەورووپادا دەری دەخات—بە ئێمە، بە نەوەی ئەم سەردەمەی کۆمۆنیزمی کرێکاری کە بەرنامەی «جیهانێکی باشتر»ی کردووەتە ئاڵای تێکۆشانی خۆی، دەڵێت: ئەم مرۆڤایەتییە بەم جۆرە دەتوانێت سەرکەوێت؛ دەکرێت هیوامان بە سەرکەوتنێکی سیاسیی سۆسیالیستی و کرێکاری هەبێت.

بەڵام ئەمە خۆبەخۆ (ئۆتۆماتیک) نییە؛ بە تەڵقیندانی کۆمەڵێک حوکم سەبارەت بە پێویستیی شۆڕشی کرێکاری و حزبی سیاسیی کۆمۆنیستیی کرێکاری مومکین نابێت. بەڵکوو پێویستی بە نەوەیەک و بە مرۆڤگەلێکی مەزن هەیە کە لەو وەرچەرخانەی کە لە هۆشیاریی مرۆڤایەتیی ئەمڕۆدا ڕووی داوە  تێبگەن، تایبەتمەندیی ئەم فەزا تازە دەربکەن، دەستوباڵی خۆیان لە تێگەیشتنی سێکتیستانەی چەپی پەراوێزکەوتووی دنیا ڕزگار بکەن، لەو پۆتەنسیەلە مەزنەی ناو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی ئەمڕۆ بۆ گۆڕانی کۆمۆنیزمی ڕاستەقینەی کرێکاریی بە هێزی گەورەی ئەم سەردەمە  تێبگەن، و لە ئاستێکی بەرفراواندا و بە میکانیزمە گەورەکانی گۆڕینی جیهانی ئەمڕۆ، بچنە ناو ململانێ لەسەر دەسەڵات و لەسەر چارەنوسی کۆمەڵگە و تێبگۆشن ببن بە بژاردەیەکی (ئۆپشنێکی) ڕاستەقینەی سیاسی بۆ مرۆڤایەتی. ئەمە کارێکی گەورە و گرنگترین کاری ئەم سەردەمەی هەر کۆمۆنیزمێکی ئەم سەردەمەیە. دنیا و بەشەریەتی کرێکار و زەحمەتکێش پێویستی بەو کۆمۆنیستانە و بەو کۆمۆنیزمە هەیە کە بتوانن ببنە زمان و پەرچەمی سیاسی و واقیعی خواست و بزوتنەوەی گۆڕینی دنیا، خواست و بزوتنەوەی لە دەستگرتنی چارەنوسی خۆ، خواستی ڕزگاری لە هژاری و بێمافی، خواست و بزوتنەوەی واقعی مرۆڤی ئەمڕۆ بۆ ئازادی و خۆشبەختیەکی زۆرتر و لە کورتەیەک دا خواست و بزوتنەوەی بەشەری ئەمڕۆ بۆ ڕزگاری لە کۆیلایەتی کاری بەکرێ و چەوساندنەوە. ئەم دنیایە و ئەم بەشەریەتە کرێکار و زەحمەتکێشە لە هەر کات پێویستی بەو کۆمۆنیزمە هەیە کە نەک هەر بتوانن کە بۆ ئەو سەرکەوتنە سیاسیە سۆسیالیستی و کرێکاریە تێبکۆشن، بەڵکو بتوانن کارێک بکەن کە چیتر احزاب و بزوتنەوە سیاسی و ئیدیلۆژیەکانی بۆرژوزی و ئەم دنیایە نەتوانن کڵاو بکەنە سەر چنینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی دنیا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.