جیهان پێویستی بە شۆڕشێکی ئۆکتۆبەری تر هەیە!…نووسینی: مستهفا باهیر
٢٥ی ئۆکتۆبەری ئەمسال، ١٠٩ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر بەرپابوونی شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەردا. لە کاتێکدا شۆرشی ئۆکتۆبەر بەرپا بوو، سیستمی سەرمایەداری بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایەکەی و بۆ دۆزینەوەی بازاڕو تاڵان کردنی سەروەت و سامانی وڵاتان، پێویستی بە جەنگ و داگیرکاری هەبوو. هەربۆیە جیهانی خستبوە بەردەم شەڕێکی قورسەوە کە لە مێژودا بە جەنگی جیهانی یەکەم ناوی دەرکردوە. ئەم جەنگە بووە هۆی کوشتنی ملیۆنەها ئینسانو بڵاوبونەوەی هەژاری و برسیەتی لەتەواوی جیهاندا، هەڵاواردنی رهگهزیی گەشتبوە لوتکە، بە ملیۆنهها ئینسان لەشوێنی ژیانی خۆیان دەربەدەر کرابوون، نەخۆشی و نەبونی دەرمان، ببوه هۆی مردنی ملیۆنەها ئینسان. بەکورتی پێش شۆرشی ئۆکتۆبەر جیهان لەبەردەم مەترسیەکی گەورەدابوو. روسیاش وەک دەوڵەتێکی سەرمایەداری بۆ دۆزینەوەی بازاڕو تاڵان کردنی سەروەت و سامانی وڵاتان لەو شەڕەدا بەشداربوو.
چینی کرێکاریی روسی بەڕابەرایەتی حزبی بەلشەفی و سەرکردایەتی رابەری مەزنی چینی کرێکار، هاوڕێ لینین، لە ٢٥ ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ گەورەترین شۆرشی کرێکاریان بەرپا کرد. ئهو شۆڕشه لەماوەیەکی کەمدا توانی دهسهڵاتی بۆرژوازی لە روسیا تێک بشکێنن و لەشوێنیدا حکومەتێکی شورایی پێک بھێنن.
پاش سەرکەوتنی شۆڕشی بەلشەفی، یەکەمین کارێک کە دەستیان بۆ برد هەوڵدان بوو بۆ وەستانی جەنگ، ئەویش بەهاتنە دەرەوەی ڕوسیا لەهێزی هاوپەیمانان و وەستانی جەنگ لەگەڵ ئەڵمانیاداو ئاشکراکردنی پەیماننامەی سایکس – بیکۆ. ئهم ههنگاوانهش بونە هۆی ئەوەی کە هاوپەیمانان ناچاربن ئەوجەنگە کوشندهیه ڕابگران. ڕاگراتنی جەنگیش بوه هۆی رزگارکردنی ژیانی ملیۆنەها ئینسان لە کوشتن و دەردەسەریەکانی جەنگ. دوای چەند مانگ حکومەتی شورایی توانیان دەستورێکی بنهڕهتی دابنێن کە تێیدا بۆ یەکەمین جار بریاردرا کە مافی چارەی خۆنوسین دیاری بکات بۆ میللەتان، یەکسانی ژن و پیاو لە هەمو رویەکەوە. دابەشکردنی زەوی بەسەر جوتیاراندا، زهوی بۆ ئەوکەسەی کە کاری تێدا دەکات. جیاکردنهوهی دین لە دەوڵەت، بەڕێوەبردنی کارگەکان لە لایەن شورا کرێکارییەکانەوە، دانی مافی پەنابەرایەتی بەو پەنابەرانەی کە لەڕوسیا دەژیان.، بیمەی سەکەنو تەندروستی، بەخۆراییکردنی کاربا.. هتد.
هەرچەندە ئێستا تهکنهلۆژیا گەشتوەتە ئەوپەڕی پێشکهوتن، بەرهەم و کارو توانای ئینسان بە شێوەیەکی بێ وێنە لە چاو رابوردودا چوەتەسەر، ڕۆژ بەڕۆژ داهێنانی تازە دێتە ئاراوە کە هەموانی توشی سەرسورمان کردوە، بهڵام هێشتا هەژاری و برسێتی و بێ کاریی و نەخۆشی باڵی بە سەر دونیادا کێشاوە.
بە ملیۆنەها ئینسان لە برساندا دەناڵێنن، ملیۆنەها منداڵ دەمرن بههۆی ئهوهی کە دایک و باوکیان ناتوانن بژێویان دابین بکەن. ملیۆنەها ژن لە دەست هەڵاواردنی جنسی دەناڵێنن. کەم نین ئەوانەی کە بەهۆی ههندێ نەخۆشیوە دەمرن کە بە تێچوییهکی کەم دەکرێت چارەسەر بکرێن. بە ملیۆنەها ئینسان بە هۆی شەری دینی و مهزههبیی و نهتهوهییهوه دەکوژرێن و ئاوارە دەبن و شاروگوندەکانیان وێران دەکرێن. لە ئێستادا دەبینین کە چۆن بە ملیۆنەها ئینسان لەدەست شەڕو کوشتار ناوچەکانی خۆیان بەجی دەهێڵن و بەشێکیان لە شاخ و دەشت و دهریاکاندا دەمرن و دەبن بە خۆراکی ئاژەلەکان، بهو پێیه ئەم جیهانە بۆ چینی کرێکاران و هەژاران بوە بە دۆزەخ.
لە ئێستاشدا کە نیزامی سەرمایەداری توشی قەیران بووە، بۆ ڕزگا بوون لەم قەیرانە وەک پیشەی هەمیشەیان دیسان دەیانەوێت جیهان بەرەوجەنگێکی گەورە بەرن، هەرئیستا بەهۆی جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، شەڕی ڕوسیاو ناتۆ لە ئۆکرانیا. بەهۆی گەمارۆی ئابوری لەسەر وزەی ڕوسیا لە لایەن ئەمریکاو ئەوروپاوە، داخستنی گەروی هورمز لە لایەن ئیرانەوە، بوەتە هۆی کەم بونەوەی وزە لە جیهان بەگشتی وە ئەوروپا بەتایبەتی.، ئەمەش بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی کاڵاکان. لە لایەکی ترەوە حکومەتەکانی ئەوروپا بۆ دابین کردنی چەکو تەقەمەنی ناردنی بۆ ئۆکرانیا هاوکاریکردنی بۆ درێژەدان بە جەنگ و چەند هۆکاری تر بوەتە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە خزمەتگوزاریەکان لە بواری خوێندن و تەندروستی و خانوبەرەو …هتد، کەم بکەنەوە. بەگشتی دەتوانین بڵێین ژیان و گوزەرانی کرێکاران و هەژاران بەهۆی ئەم سیستەمە زاڵمەوە رۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەوخراپی دەروات و ژیان و گوزەرانیان کەوتوەتە مەترسیەوە. هەربۆیە نەوەکانی کۆمۆنەی پاریس و هاوچینەکانیان لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دژ بەم سیاسەتەی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان هاتونەتە مەیدان. چونکە دیارە ئەم بارودۆخه خراپانه لە ئاسمانەوە نەباریوە بۆ ئەوان، بەڵکو سەرچاوەکەی سیستمی سەرمایەدارییە، ئەویش لهپێناو کەڵەکە بوونی سەرمایەکانیان ئەم هەموو کارهساته بەسەر مرۆڤایەتیدا دێنن. بە چاوی خۆمان دەبینین ئەوانەی کە رەنج دەکێشن و بەرهەم دەهێنن خاوەنی هیچ نین، بهڵام کۆمەڵێک گەندەڵخۆری تەمەڵ، خاوەنی هەمو شتێکن. دهوڵهت و حکومەتیشیان دروست کردوە تا سەرو ماڵیان بپارێزن.
تەنها رێگایەک کە لەبەردەم کریکاران خەڵکی بێبەشی جیهاندا هەیە بۆ رزگاربونی خۆیان و سەرجەم مرۆڤایەتی لە هەموو ئەو نههامهتیانهی کە سیستمی سەرمایەداری بۆی هێناون. بۆ ڕاست کردنەوەی ئەم دونیا پێچەوانەیە، پێویستمان بە بەرپاکردنی شۆرشێکی ئۆکتۆبەری تر هەیه. بۆ ئەمەش پێویستمان بە خەباتی شۆرشگێرانەی کرێکارانە بۆ سەرو ژورکردنی ئەم سیستەمە زاڵمە. ئەویش بە رێکخستنی ریزەکانمان و دروست کردنی رێکخراوە کرێکاریەکان و کۆبونەومان لەدەوری یەکترو پەیوەست بونمانە بە حزبە کۆمۆنیستەکانەوە. حزبێکی وەک حزبی بەلشەفیک چۆن توانی ١٠٩ ساڵ بەر لەئێستا ڕابەرایەتی چینی کرێکار بکات لە ڕوسیا. بهبێ ئەمە ناتوانریت ئەم نیزامە زاڵمە کە بە ملیۆنەها سەربازو پۆلیسیان دروست کردوە بۆ پاراستنیان، لەناو ببرێت. سەرکەوتنی چینی کریکار لەم شۆرشەداو دامەزراندنی حکومەتیکی کرێکاریی، دەبێتە هۆی نەمانی جیاوازی چینایەتی بە نەمانی ئەم جیاوازیە چینایەتیە، خۆشگوزەرانی و ئاسایش بەرقەرار دەبێت بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی. بەپێچەوانەشەوە تا نیزامی سەرمایەداری مابێت، ژیانی مرۆڤایەتی لە مەترسیدا دەبێت.