یەک ملیۆن کەس بەدژی سەختی ژیان و گوزەران لە ٧٠ شاری ئیتالیا هاتنە مەیدان…
ئەمڕۆ ٣٠ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، زیاتر لە ١ ملیۆن کەس لە زیاتر لە ٧٠ شاری ئیتالیا، لە ڕەوتی مانگرتنێکی سەرتاسەریدا لە دژی گرانی، بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و سیاسەتە شەڕخوازانەکانی حکومەتی ڕاستڕەوی «جۆرجیا مێلۆنی» ڕژانە سەر شەقامەکان.
سەرەڕای قەدەغەکردنی خۆپیشاندان، ئامادەبوونی قورسی پۆلیس لە مەیدانە گشتییەکان، دەرکردنی حوکمە سەرکوتکارییە نوێیەکان و ترساندن لەلایەن بەرپرسانی حکومەتییەوە، دەیان هەزار کرێکار و خوێندکار لەم مانگرتنە سەرتاسەرییە ٢٤ کاتژمێرییەدا — کە لەسەر بانگەوازی سەندیکا کرێکارییە جەماوەرییەکان ڕێکخرابوو — بەشدارییان کرد.
ئەوەی ئەمڕۆ لە زیاتر لە ٧٠ شاری ئیتالیادا، بە ئامادەبوونی بەرفراوانی کرێکاران، خوێندکاران و توێژەکانی تری کۆمەڵگە و بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان بە بەشداریی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس هاتووەتە سەر شەقام، تەقینەوەیەکی لەپڕ یان کاردانەوەیەکی چاوەڕواننەکراو نەبوو؛ بەڵکو دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەو دژایەتییانە بوو کە ئێستا زەمینەی بەستنەوەیان بە یەکترەوە لە چوارچێوەی جووڵانەوەیەکی هاوبەشدا ڕەخساوە. بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، داخورانی توانای کڕین، نائەمنیی بژێوی و لاوازکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لە پاڵ تەرخانکردنی سەرچاوە داراییەکان بۆ پڕچەککردن و شەڕ، داواکاریگەلی لێکجیاواز نین؛ ئەمانە لایەنە لێکبەستراوەکانی سیستمێکن کە تێچووی خۆبنیاتنانەوەی دەخاتە سەر شانی زۆربەی کۆمەڵگە، بەڵام سەرچاوە و توانای کۆمەڵایەتی بۆ پاراستن و پەرەپێدانی توانای سەربازی کۆدەکاتەوە.
مانگرتنی گشتیی ئەمڕۆ، بە هێنانەئارای هاوکاتی داواکارییەکانی وەک بەرزکردنەوەی دەستمووچەکان، دابەزاندنی نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان و تێچووی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، و گواستنەوەی سەرچاوە داراییەکانی شەڕ بۆ کەرتی تەندروستی و پەروەردە، ئەم ململانێیەی هێناوەتە ناو کایەی خەباتی کۆمەڵایەتییەوە. گرنگیی ههنگاوی ههماههنگی کرێکارانی بەندەرەکان لە ئیتالیا و شوێنەکانی تری جیهانیش لەوەدایە کە دژایەتیکردنی شەڕیان بەستووەتەوە بە دەستێوەردان لە میکانیزمە مادییەکانی؛ ڕاگرتنی کار لە گرێچنەکانی گواستنەوە و لۆجیستیکدا دەتوانێت ڕەوتی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی پەکبخات و نیشانی بدات کە ئامێری شەڕ، بەپێچەوانەی ئەو وێنەیەی لە دەسەڵاتی سەربەخۆی دەوڵەتان و پیشەسازییە سەربازییەکان نیشان دەدرێت، بەندە بە کار و هاوکاریی ژمارەیەکی بێشومار لە مرۆڤەکان. بەم شێوەیە، خەبات بۆ بژێوی ژیان لە تەنها نەریتێکی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سیاسەتەکانی دەوڵەت تێدەپەڕێت و دەرفەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەولەویەتە ئابووری و سیاسییە زاڵەکان دەکاتەوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ڕووبەری بەرفراوانی خۆپیشاندانەکان و هەمەهەنگیی چالاکییە ناڕەزایەتییەکان، هەرچەندە نیشانەیەکی گرنگی کەڵەکەبوونی بێزاری و ئەگەری یەکگرتنی هێزە کۆمەڵایەتییەکانە، بە تەنها بە مانای پێکهاتنی دەسەڵاتێکی جێگیر و ڕێکخراو نایەت. پرسی یەکلاکەرەوە، بەردەوامیی ئەو پێوەندییانەیە کە لە ڕەوتی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکاندا سەر هەڵدەدەن؛ ئەو پێوەندییانەی کە دەبێ بتوانن لە هاوکاتییەکی کاتیی داواکارییەکان تێپەڕن، بەشە پەرشوبڵاوەکانی چینی کرێکار لە کردەوەدا بە یەکترەوە ببەستنەوە و دەرفەتی بڕیاردان و کردەوەی هاوبەش لە شوێنەکانی کار و کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا پەرە پێبدەن. چاوەڕوانکراوبوونی جووڵانەوەیەکی لەم شێوەیە لەبەر ئەوەیە کە زەمینە کۆمەڵایەتییەکانی پێشوەختە لە ناكۆكییهكانی ژیانی ڕۆژانەدا کەڵەکە ببوو؛ بەڵام ناتوانرێت ڕێڕەوی گۆڕانی ئەم دژایەتییانە لە پێشەوە دیاری بکرێت. مانگرتنی گشتی، تەنانەت لە ڕەهەندێکی ئاوا بەرفراوانیشدا، هێشتا وەڵامی کۆتایی نییە بۆ پرسی ڕێکخستن و گۆڕینی پێوەندییە زاڵەکان؛ گرنگییەکەی لە دەرخستنی مەودای نێوان بێزاریی کەڵەکەبوو و ئەو هێزە کۆمەڵایەتییەدایە کە توانای دەستێوەردانی لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە. پڕکردنەوەی ئەم مەودایەش بەندە بە بەردەوامیی خەبات، پەرەپێدانی هاوکارییە سەربەخۆکان و گۆڕینی ئەزموونە پەرشوبڵاوەکانی خۆڕاگری بۆ توانایەکی هاوبەش و خۆبەڕێوەبەری چینی کرێکار