کۆنگرە لە دەروازەو چارەسەرەوە بۆ گرفت! نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
کۆنگرە لە دەروازەو چارەسەرەوە بۆ گرفت!
نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
ململانێی و کێشەو گرفتە ناوخۆییەکانی یەکێتی، ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو قوڵبوونەوە، دەچێت… باڵ و لاباڵەکانی یەکێتی لە جەنگێکی سەختی یەکتریدان… جەنگێک کە بەدوور نازانرێت، کە بەرەو زبری و تەنانەت خوێناویش بچێت… کێشەکانی یەکێتی لەگەڵ ئەوەدا کە بەشێکیان کۆنن، بەڵام بەدوای مەرگی تاڵەبانی و ١٦ ئۆکتۆبەردا، کەیس و مەسەلە و گرفتی تازەتر هاتوونەتە ئارا، ئەمەش ململانێی و کێشمـەکێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی بەرەو ئاستێکی ترسناکتر بردووە. کۆنگرەو پێداگری لەسەر کۆنگرە ئەگەر پێشتر وەکو دەروازەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی ناوخۆییەکان یان خاوکردنەوەو داپۆشینی ناکۆکییەکان، دەکرا لێی بڕوانرێت… لە ئێستادا خودی کۆنگرەش بۆتە گرفتێکی تری نێوان باڵە ناکۆکەکانی ناو یەکێتی… ئەوە کە کۆنگرەش بۆتە کێشەیەکی نێوان باڵەکان و ناتوانن تەنانەت لەسەر کاتی بەستنەکەی بسازێن، نیشان دەدات کە کێشەی باڵەکانی ناو یەکێتی هەم گەلێک قوڵبۆتەوەو هەم لەسەر پرسە پەیوەندیدارەکان بە خەڵک و ئایندەی سیاسی کوردستان و تەنانەت لەپەیوەند بە جێگەو ڕێگەی یەکێتی لەگەڵ نەیارەکانیشی لەسەر ئاستی کوردستان و زونی سەوزو نیلیشدا نییە… کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی لە ئێستادا، هێندەی لەسەر میراتگری شوێنی تاڵەبانییە، لەسەر هیج پرسێکی سیاسی و ئەجندایەکی نوێ و بوونی هێڵی سیاسی و پرۆژە دیاریکراو نییە… جەنگی بەدیلی سیاسی، پرۆژەی جیاواز، نەخشەی نوێ… نییە. جەنگی سەرەکی لەنێوان باڵە سەرەکیەکانی یەکێتی بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی، ئامانج کۆنترۆڵکردنی یەکێتییە بە فەرمی و قایمکردنی پێگەی بنەماڵەیە بەکەڵک وەرگرتن، بە لەبەر دەستدابوونی داهات و جومگەکانی بریار و بەشێکی زۆر لە هێزو دەزگای ئەمنی و کەڵک وەرگرتنە لە پێگەی تاڵەبانی و میژووی کاریزمابوونەکەی و سود وەرگرتنە لە پشتیوانی ئیران… بۆ باڵی نەیاریش، یان باڵی مەکتەبی سیاسی پاراستنی پێگەی سیاسی وپۆستە، جەنگینە بۆ مل نەدان بە قایمکردنی پێگەی تاکە بنەماڵەیەک لەسەر بریاری سیاسی و داهات و جومگە هەستیارەکانی باڵادەستی حزبی…وە جەنگێکی بەرگرییە لەبەرامبەر بەهێرشی هەمەلایەنەی بنەماڵەی تاڵەبانی…
کێشەی پۆستی باڵای حزبی و حکومی، بڕیاری سیاسی و داهات و پارە و خاوەندارێتی کۆمپانیاکان و سەفقە سیاسی و ئابورییەکان… سەرچاوەی سەرەکی ململانێی نێوان باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی و مەکتەب سیاسییە، نەک هیچ پرۆژەیەکی سیاسی. هیچ کام لەو دووباڵە سەرەکییەی ناو یەکێتی، خاوەنی پرۆژەیەکی سیاسی نین، بۆ هەلومەرجی سیاسی کوردستان، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، پەیوەندی هەرێم و وڵاتانی ناوچەکەو دنیا، ئایندەی سیاسی کوردستان و شێوازی دەسەڵاتدارێتی، ماف و ئازادییەکانی خەڵک، باشکردنی باش بژیوی خەڵک و موچە… تاد. تەنانەت هیچ کام لەو دووباڵەی یەکێتی پرۆژەی سیاسییان بۆ زۆنی سەوزی ژێر دەسەڵاتی خۆشیان نییە…جگە لەکەڵک وەرگرتن لە زۆری هێز.
لە نەبوونی پرۆژەو نەخشەی سیاسی دیاریکراو و جیاوازدا، چ لەسەر ئاستی زۆن و هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا، یەکێتی دەمێکە بۆتە حزبێکی بە نرخی رۆژ سیاسەت کردن و بۆتە حزبی هەڵوێستە ڕۆژانەیە ئاگرینەکان و حزبی پاشکۆ و بێ ئەجندای سیاسی، ئەم گرفتە گرفتی هەردوو باڵە سەرەکیەکەی یەکێتییە… یەکێتی لەگەڵ ئەوەدا دەتوانێت گرفت و کۆسپ بۆ بریاری سیاسی و دۆخی سیاسی کوردستان دروست بکات، بەڵام ناتوانێت ببێتە خاوەن بریاری سیاسی و هاوبەشی سیاسی… یەکێتی نە لەسەر ئاستی عێراق و نە لەسەر ئاستی کوردستان، نە لە پانتایی ململانێی ناوچەکەدا خاوەنی هیچ بریارێکی یەکلاکەرەوە نییە… و بەتەواوەتی حزبێکی پاشکۆ یان بێدەنگە. هەڵوەرینی ڕۆژ بەڕۆژی یەکێتی و لێکترازانی بەردەوامی، لە نەبوونی هیچ رێگاچارەو پرۆژەیەکی سیاسیدا، درۆی نوێبوونەوەی یەکێتی و کردنەوەی یەکێتی بە یەکیتی جاران و سەردەمی زێرنی مام!! کردۆتە بڵقی سەرئاو. ئەو دووباڵەی ئێستای یەکێتی جەنگی خاوەندارێتی یەکێتی و گرتنی سوکانی ئاژۆتنی یەکێتی وەکو حزبێکی نەخۆشی مزمن دەکەن… حزبێک کە ئاسۆیەک بۆ گیان بەبەرداهاتنەوەی نییە. هیچ کام لە باڵەکانیشی فرۆم و ڕێگایەک و نەخشەیەکی سیاسییان نییە، بۆیە خودی کۆنگرەش دەبێتە جێگەو مەیدانی ململانێیەکی روتی حزبی بۆ دەستکەوت لەچوارچێوەی تەماحە حزبیەکاندا… لەو نێوەدا باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی کە بەشی زۆری داهات و دەزگای ئەمنی و پێشمەرگەو هەواڵگری و ئیدارە و حکومەتداریان لەبەردەستە، پێداگری زۆرتر لەسەر بەستنی گۆنگرە دەکەن و دەیانەوێت بەر لە هەڵوەرینی زۆرتری یەکێتی ببنە میراتگری تاڵەبانی و پێگەی بنەماڵە لەحزبدا، بکەنە پێگەی سەرەکی بۆ کۆنترۆڵی داهات و هێزو بریاری سیاسی… لە بەرامبەردا باڵی مەکتەبی سیاسی دەیانەوێت کۆنگرە دوابخرێت، تا بە ئامادەییەکی تەواوەوە، ڕووبەڕوی هەوڵی باڵی بنەماڵە ببنەوە و پێگەی خۆیان تارادەیەکی زۆر بهێڵنەوەو نایانەوێت دەستبەرداری دەستکەوتەکانی مێژووی!! یەکێتی و ببن. خۆبەستنەوەو خۆگرێدان بە مێژووی یەکێتی بۆ داهاتووی یەکێتییە چ وەکو حزبێکی سیاسی چ وەکو کۆمپانیایەک بۆ خۆدەوڵەمەندکردنی زۆرتر و کەڵەکەی سەرمایەی قەبەتر… بۆیە ئامادەنین دەستبەرداری رابردووی یەکێتی ببن و رادەستی بنەماڵەی تاڵەبانی بکەن…
بوونی ئەو ئاستە لە ململانێی لەناوخۆی یەکێتیدا، لە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و عێراق و بۆشایی پیگەی تاڵەبانی و بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەردا، کۆنگرە ناتوانێ هیچ کام لە دەردە ڕیزکراوەکانی یەکێتی تیمار بکات، هەر بۆیەشە خودی کۆنگرە دەبێتە دۆسیەیەکی تری ململانێی نێوان باڵەکانی یەکێتی… یەکێتی بەر لەوەی لەناوخۆیدا توشی داخوران و قڵشتی ناوخۆیی ببێت، پێشتر و تا هاتووە لەسەرئاستی سیاسی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا، توشی داکشان و پاشەکشە بووە… لەدرێژەی ئەو پاشەکشەیەشدا، نەیارەکانی لە زۆنی سەوزدا زۆرتر بوون و رێگەنادەن یەکێتی وەکو جاران هەژموونی سیاسی و سەربازی و ئیداری قۆرغ بکات…
یەکێتی ڕووی لە دارمانی زیاترەو ئاسۆیەک بۆ رزگار بوون لەدۆخە کوشندەیەی تێی کەوتووەو نابینرێت و تا ئێستاش پرۆژەیەکی سیاسی لەلایەن هیچ کام لە باڵەکانی یەکێتی بۆ روبەرووبوونەوەی ئەو دۆخەی نییە… یەکێتی بەهەر ئەندازە جەماوەرەکەی بێ ئومێدتر دەبێت، بەهەر ئەندازە کادرو بەرپرسەکانی سەنگەر دەگوازانەوە!! یان دەبن بە هاودید! وە بەهەر ئەندازە لایەنگرو جەماوەرەکەی دابەشی سەر قەوارەو حزبەکانی تر دەبن… بەهەمان ئەندازە گرفتەکانیشی قوڵتر دەبنەوە. بوون و کەڵەکەبوونی هەموو ئەو گرفتانەش، چارەسەرەکەی بەکۆنگرە ناکرێت… یەکێتی ئەگەر بیەوێت کۆنگرە بگرێت… دەبێ لەسەرئاستی کوردستان و عیراق و خۆی ئابدەیت بکاتەوە، ئابدەیت بەو مانایەی وەکو حزبێکی سیاسی ئەجنداو نەخشەی سەربەخۆی سیاسی جیاوازی خۆی بخاتە روو… لەدیدی داهاتووەو هەنگاو بنێت، نەک هەر ئامبازی رابردووی بێت… وە دەبێ لە جەنگی هێزە سەرەکیەکانی ناوکۆمەڵگەدا، خۆی نمایش بکات، نەک کۆنگرە بکات بەبەردەبازی پەرێنەوە لەو ئەزمە سەرپاگیرە سیاسی و رێکخراوەیی و حزبیەی دەرگیری بووە. ئەو لیاقەتەش کە یەکێتی دەستبەرداری رابردووی بێت و بە ئەجندای سیاسی و سەربەخۆی جیاواز لەسەر پرسە سەرەکیەکانی کۆمەڵگەوە خۆی نمایش بکات، نابینرێت.. بۆیە ئایندەیەکی باش چاوەروانی یەکێتی ناکات…