نامەیەک بۆ گ. میاسنیکۆڤ نووسین: ٥ی ئابی ١٩٢١…

0

هاوڕێ میاسنیکۆڤ،
من هەر ئێستا توانیم هەردوو وتارەکەت بخوێنمەوە. ئاگاداری سروشتی ئەو وتارانە نیم کە لە ڕێکخراوی پێرم (پێم وایە پێرم بوو) پێشکەشت کردوون و ئاگاداری کێشەکەشت نیم لەگەڵیاندا. ناتوانم هیچ لەو بارەیەوە بڵێم؛ ئەوە لە لایەن نووسینگەی ڕێکخستنەوە چارەسەر دەکرێت، کە بیستوومە کۆمیسیۆنێکی تایبەتی بۆ دەستنیشان کردووە.
ئامانجی من شتێکی جیاوازە: ئەویش هەڵسەنگاندنی وتارەکانتە وەک بەڵگەنامەی ئەدەبی و سیاسی.
ئەوانە بەڵگەنامەی سەرنجڕاکێشن.
پێم وایە هەڵەی سەرەکیت بە ڕوونی لە وتاری “پرسە جێی مشتومڕەکان”دا دەرکەوتووە. و بە ئەرکی خۆمی دەزانم هەرچی لە توانامدا بێت بیکەم بۆ ئەوەی هەوڵ بدەم قەناعەتت پێبهێنم.
لە سەرەتای وتارەکەتدا، دیالێکتیک بە دروستی بەکاردەهێنیت. لە ڕاستیدا، هەر کەسێک نەتوانێت لە گۆڕینی دروشمی “ئاشتیی مەدەنی” بە دروشمی “جەنگی مەدەنی” تێبگات، خۆی دەکاتە مایەی پێکەنین، ئەگەر خراپتر نەبێت. لەمەدا، تۆ ڕاست دەکەیت.
بەڵام ڕێک لەبەر ئەوەی لەم خاڵەدا ڕاست دەکەیت، سەرم سوڕماوە لە کاتی دەرکردنی ئەنجامگیرییەکانتدا، ئەو دیالێکتیکەت فەرامۆش کردووە کە خۆت بە دروستی بەکارت هێنابوو.
“ئازادیی چاپەمەنی، لە پاشایەتیخوازەکانەوە تا ئەنارکیستەکان، بە گشتی”…. زۆر باشە! بەڵام تەنها بۆ خولەکێک: هەر مارکسیستێک و هەر کرێکارێک کە بیر لە ئەزموونی چوار ساڵەی شۆڕشەکەمان بکاتەوە، دەڵێت: “با سەیری ئەمە بکەین—ئەمە چ جۆرە ئازادییەکی چاپەمەنییە؟ بۆ چییە؟ بۆ چ چینێکە؟”

ئێمە بڕوامان بە “ڕەهاکان” نییە. ئێمە بە “دیموکراسیی پەتی” پێدەکەنین.

دروشمی “ئازادیی چاپەمەنی” لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا بوو بە دروشمێکی گەورەی جیهانی و تا سەدەی نۆزدەهەمیش وا مایەوە. بۆچی؟ چونکە گوزارشتی لە بیرۆکەکانی بۆرژوازیی پێشکەوتنخواز دەکرد، واتە خەباتی دژی پاشاکان و قەشەکان، دەرەبەگەکان و خاوەن زەوییەکان.
هیچ وڵاتێک لە جیهاندا هێندەی کۆماری سۆڤیەتی فیدراڵی سۆشیالیستی ڕووسیا (R.S.F.S.R) کاری نەکردووە بۆ ڕزگارکردنی جەماوەر لە ژێر کاریگەریی قەشەکان و خاوەن زەوییەکان. ئێمە ئەم ئەرکەی “ئازادیی چاپەمەنی”مان لە هەر کەسێکی تر لە جیهاندا باشتر جێبەجێ کردووە.
لە سەرانسەری جیهاندا، لە هەر شوێنێک کە سەرمایەداران هەبن، ئازادیی چاپەمەنی بە واتای ئازادیی کڕینی ڕۆژنامەکان، کڕینی نووسەران، بەرتیلدان، کڕین و ساختەکردنی “ڕای گشتی”یە لە بەرژەوەندیی بۆرژوازیدا.
ئەمە ڕاستییەکە.
کەس ناتوانێت هەرگیز ڕەتی بکاتەوە.

ئەی سەبارەت بە ئێمە؟
ئایا کەس ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە بۆرژوازی لەم وڵاتەدا تێکشکێنراوە، بەڵام لەناو نەچووە؟ کە خۆی حەشارداوە؟ کەس ناتوانێت نکوڵی لێ بکات.
ئازادیی چاپەمەنی لە کۆماری سۆڤیەتدا، کە لە لایەن دوژمنانی بۆرژوازیی سەرانسەری جیهانەوە گەمارۆ دراوە، بە واتای ئازادیی ڕێکخستنی سیاسییە بۆ بۆرژوازی و خزمەتکارە هەرە دڵسۆزەکانی، وەک مەنشەفیکەکان و سۆسیال شۆڕشگێڕەکان.
ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
بۆرژوازی (لە سەرانسەری جیهاندا) هێشتا زۆر لە ئێمە بەهێزترە. خستنەدەستی چەکێکی تری وەک ئازادیی ڕێکخستنی سیاسی بەوان، ئازادیی چاپەمەنی، چونکە چاپەمەنی ناوەرۆک و بنەمای ڕێکخستنی سیاسییە) بە واتای ئاسانکردنی ئەرکی دوژمن و یارمەتیدانی دوژمنی چینایەتییە.
ئێمە ئارەزووی خۆکوژیمان نییە، بۆیە ئەم کارە ناکەین.
ئێمە ئەم ڕاستییە بە ڕوونی دەبینین: “ئازادیی چاپەمەنی” لە پراکتیکدا بەو مانایەیە کە بۆرژوازیی نێودەوڵەتی دەستبەجێ سەدان و هەزاران نووسەری کادێت (Cadet)، سۆشیال شۆڕشگێڕ و مەنشەفیک دەکڕێت، و پڕوپاگەندەی خۆیان ڕێکدەخەن و دژمان شەڕ دەکەن.
ئەوە ڕاستییەکە. “ئەوان” لە ئێمە دەوڵەمەنترن و هێزێک دەکڕن کە دە هێندەی هێزی ئێمە گەورەتر بێت بۆ شەڕکردن لەگەڵماندا.
نەخێر، ئێمە ئەمە ناکەین؛ یارمەتیی بۆرژوازیی نێودەوڵەتی نادەین.
چۆن توانیت لە هەڵسەنگاندنێکی چینایەتییەوە—لە هەڵسەنگاندنی پێوەندییەکانی نێوان هەموو چینەکان—دابەزیت بۆ هەڵسەنگاندنێکی سۆزداری و وردەبۆرژوازیانە (فلیستین)؟ ئەمە بۆ من مەتەڵێکە.
لەسەر پرسی: “ئاشتیی مەدەنی یان جەنگی مەدەنی”، لەسەر پرسی چۆن گوندنشینانمان بۆ لای خۆمان ڕاکێشا و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لە ڕاکێشانیان (بۆ لای پڕۆلیتاریا)، لەسەر ئەم دوو پرسیارە سەرەکییەی جیهان ئەو پرسیارانەی کاریگەرییان لەسەر خودی جەوهەری سیاسەتی جیهانی هەیە)، لەسەر ئەم پرسانە (کە لە هەردوو وتارەکەتدا باسیان لێوە کراوە)، تۆ توانیت هەڵوێستی مارکسیستی وەربگریت، نەک هەڵوێستی سۆزداری و گەلۆرانە. تۆ پێوەندییەکانی هەموو چینەکانت بە شێوەیەکی پراکتیکی و واقیعی ڕەچاو کرد.
بەڵام لەپڕێکدا خلیسکایتە ناو قووڵایی سۆزدارییەوە!
“ستەم و پێشێلکاری لەم وڵاتەدا باوە: ئازادیی چاپەمەنی ئاشکرایان دەکات.”
ئەوە، تا ئەو شوێنەی کە بتوانم لە هەردوو وتارەکەتەوە بڕیار بدەم، ئەو شوێنەیە کە لێی خلیسکاویت. تۆ ڕێگەت داوە بەهۆی هەندێک ڕووداوی خەمناک و جێی داخی دیاریکراوەوە تووشی دڵتەنگی بیت، و توانای هەڵسەنگاندنی واقیعیانەی هێزەکانت لەدەستداوە.
ئازادیی چاپەمەنی یارمەتیی هێزی بۆرژوازیی جیهانی دەدات. ئەوە ڕاستییەکە، “ئازادیی چاپەمەنی” یارمەتیدەر نابێت بۆ پاککردنەوەی پارتی کۆمۆنیست لە ڕووسیا لە ژمارەیەک لە لاوازی، هەڵە، نەهامەتی و نەخۆشییەکانی (نکوڵی لەوە ناکرێت کە لێشاوێک لەم نەخۆشییانە هەن)، چونکە ئەمە ئەو شتە نییە کە بۆرژوازیی جیهانی دەیەوێت. بەڵکو ئازادیی چاپەمەنی دەبێتە چەکێک لە دەستی ئەم بۆرژوازییە جیهانییەدا. ئەو نەمردووە؛ زیندووە. لەو نزیکانە خۆی حەشارداوە و چاودێری دەکات. ئەو پێشتر میلیۆکۆڤی (Milyukov) بەکرێ گرتووە، کە چێرنۆڤ و مارتۆڤ (بەشێکی بەهۆی گەمژەیی خۆیانەوە، و بەشێکی بەهۆی ڕق و کینەی کوتلەگەرییان دژی ئێمە؛ بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی لۆژیکی بابەتیی پێگەی دیموکراتیی وردەبۆرژوازییانەوە) خزمەتی “دڵسۆزانە و وەفادارانە”ی پێشکەش دەکەن.
تۆ ڕێگا هەڵەکەت گرتەبەر.

تۆ ویستت پارتی کۆمۆنیست لە نەخۆشییەکانی چاک بکەیتەوە، بەڵام دەستت بۆ دەرمانێک برد کە دەبێتە هۆی مەرگی حەتمی – دیارە نەک لەسەر دەستی تۆ، بەڵکو لەسەر دەستی بۆرژوازیی جیهانی (+ میلیۆکۆڤ + چێرنۆڤ + مارتۆڤ).
خاڵێکی بچووکت بیرچوو، خاڵێکی زۆر ورد، ئەویش: بۆرژوازیی جیهانی و “ئازادیی” ئەو بۆ کڕینی ڕۆژنامەکان و ناوەندەکانی ڕێکخستنی سیاسی بۆ خۆی.
نەخێر، ئێمە ئەم ڕێگایە ناگرینە بەر. لە هەر هەزار کرێکارێکی خاوەن هۆشیاریی سیاسی، نۆسەدیان ڕەتبی دەکەنەوە کە ئەم ڕێگایە بگرنە بەر.

ئێمە نەخۆشیی زۆرمان هەیە. هەڵەکان (هەڵە هاوبەشەکانمان، هەموومان هەڵەمان کردووە، ئەنجومەنی کار و بەرگری، ئەنجومەنی کۆمیسارانی گەل و کۆمیتەی ناوەندی) وەک ئەو هەڵانەی لە دابەشکردنی سووتەمەنی و خۆراکدا لە پایز و زستانی ١٩٢٠دا کردمان (ئەوانە هەڵەی گەورە بوون!) ئەو نەخۆشییانەی کە لە دۆخەکەمانەوە سەرچاوە دەگرن، زۆر توندتر کردووە.
مەینەتی و کارەسات زۆرن.
ئەوانە بەهۆی برسێتی ساڵی ١٩٢١ەوە بە شێوەیەکی ترسناک چڕتر بوونەتەوە.
ئەمە پێویستی بە هەوڵێکی باڵا دەبێت بۆ ئەوەی خۆمان ڕزگار بکەین، بەڵام ئێمە دەرناچین، و ئێستاش دەستمان پێکردووە.
ئێمە خۆمان ڕزگار دەکەین، چونکە لە بنەڕەتدا سیاسەتەکەمان دروستە، و هەموو هێزە چینایەتییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەبەرچاو دەگرێت. ئێمە خۆمان ڕزگار دەکەین چونکە هەوڵ نادەین پێگەی خۆمان لەوەی هەیە باشتر نیشان بدەین. ئێمە هەموو قورسییەکان درک پێدەکەین. هەموو نەخۆشییەکان دەبینین، و ڕێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر بۆ چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکی ڕێکخراو، بە بەردەوامی، و بەبێ خۆبەدەستەوەدان بە ترس و شڵەژان.
تۆ ڕێگەت داوە شڵەژان و ترس زاڵ بێت بەسەرتدا؛ ترس وەک لێژییەک وایە—کە پێدت نایە سەر ملهوڕێ دەکەیتە خوارەوە بۆ پێگەیەک کە زۆر لەوە دەچێت پارتێکی نوێ پێکبهێنیت، یان خەریکە خۆکوژی بکەیت.

نابێت خۆت بەدەست ترسەوە بدەیت.
ئایا هیچ دابڕانێک لە نێوان شانەکانی پارتی کۆمۆنیست و پارتەکەدا هەیە؟ بەڵێ هەیە. ئەمە خراپەیە، بەدبەختییە، نەخۆشییە.
ئەوە لەوێیە. نەخۆشییەکی سەختە.
ئێمە دەتوانین بیبینین.
دەبێت بە ڕێوشوێنی پڕۆلیتاری و پارتی چارەسەر بکرێت نەک بە هۆی “ئازادی” (بۆ بۆرژوازی).
زۆربەی ئەو شتانەی کە دەیڵێیت دەربارەی بووژانەوەی ئابووری وڵات، دەربارەی گایسن و ئامێرە میکانیکییەکان، هتد، دەربارەی خەبات بۆ “کاریگەری” بەسەر گوندنشینەکاندا، هتد، ڕاست و بەسوودن.
بۆچی ئەمە بە جیا جێبەجێ ناکەیت؟ ئێمە پێکەوە کۆدەبینەوە و بە تەبایی لە یەک پارتدا کار دەکەین. قازانجەکان گەورە دەبن؛ ئەوانە هەمووی لەسەر یەک پشوو نایەن، بەڵکو زۆر بە هێواشی دەبن.
سۆڤیەتەکان ببووژێنەوە؛ هاوکاریی خەڵکی دەرەوەی پارت بەدەست بهێنە؛ با خەڵکی دەرەوەی پارت وردبینی لە کاری ئەندامانی پارتدا بکەن: ئەمە تەواو دروستە. کارێکی بێپایان لەوێدا هەیە، و هێشتا بە زەحمەت دەستی پێکردووە.
بۆچی ئەمە بە شێوازێکی پراکتیکی فراوانتر ناکەیت؟ لە نامیلکەیەکدا بۆ کۆنگرە؟
بۆچی ئەوە ناگریتە ئەستۆ؟
بۆچی لە کارە سەرەکی و تاقەتپڕووکێنەکان دەترسیت (ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان لە ڕێگەی کۆمیسیۆنی کۆنترۆڵی ناوەندی، یان ڕۆژنامەی پارت, پراڤدا)؟ گومان و دڵەڕاوکێ لە کارە هێواش، قورس و تاقەتپڕووکێنەکان دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک خۆیان بەدەست ترسەوە بدەن و بەدوای ڕێگەیەکی “ئاسان”دا بگەڕێن: “ئازادیی چاپەمەنی” (بۆ بۆرژوازی).
بۆچی پێداگری دەکەیت لەسەر هەڵەکەت—هەڵەیەکی ئاشکرا—لەسەر دروشمی دەرەوەی پارتی و دژە پڕۆلیتاریی خۆت کە بریتییە لە “ئازادیی چاپەمەنی”؟ بۆچی دەست ناکەیت بە کارە کەمتر “بریقەدارەکان” (کە بە بریقەی بۆرژوازی دەدرەوشێتەوە) بۆ نەهێشتنی پێشێلکارییەکان، بەرەنگاربوونەوەیان، و یارمەتیدانی خەڵکی دەرەوەی پارت بە شێوازێکی پراکتیکی و بازرگانییانە؟
ئایا تۆ تا ئێستا هیچ پێشێلکارییەکی دیاریکراوت گەیاندووەتە ئاگاداری کۆمیتەی ناوەندی (C.C)، و پێشنیازی ئامرازێکی دیاریکراوت کردووە بۆ بنبڕکردنی؟
نەخێر، نەتکردووە.
تەنانەت بۆ یەک جاریش.
تۆ لێشاوێک لە بەدبەختی و نەخۆشیت بینی، تووشی بێئومێدی بوویت و ڕاتکردە ناو باوەشی دوژمن، بۆرژوازی (“ئازادیی چاپەمەنی” بۆ بۆرژوازی). ئامۆژگاری من ئەوەیە: تەسلیمی بێئومێدی و ترس مەبە.
ئێمە، و ئەوانەی هاوسۆزن لەگەڵمان، کرێکاران و گوندنشینان، هێشتا کۆگایەکی گەورە لە هێزمان هەیە. هێشتا تەندروستی و وزەیەکی زۆرمان هەیە.
ئێمە هێندە کار ناکەین بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانمان.
ئێمە کارێکی باش ناکەین لە پراکتیزەکردنی دروشمەکەدا: پێشخستنی خەڵکی دەرەوەی پارت، با خەڵکی دەرەوەی پارت وردبینی لە کاری ئەندامانی پارت بکەن.
بەڵام ئێمە دەتوانین و سەد هێندە زیاتر لەم بوارەدا دەکەین لەوەی ئێستا دەیکەین.

من هیوادارم دوای بیرکردنەوەی قووڵ لەم بابەتە، لەبەر شانازییەکی درۆینە، پێداگری نەکەیت لەسەر هەڵەیەکی سیاسیی ئاشکرا (“ئازادیی چاپەمەنی”)، بەڵکو بە کۆکردنەوەی هێزی خۆت و زاڵبوون بەسەر ترسدا، دەست بکەیت بە کارێکی پراکتیکی: یارمەتیدان لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی پارت، و یارمەتیدانی خەڵکی دەرەوەی پارت بۆ وردبینیکردن لە کاری ئەندامانی پارت.

لەگەڵ سڵاوی کۆمۆنیستی،
لینین

 

وەرگێرانی بۆ کوردی: توانا محمەد نوری

Leave A Reply

Your email address will not be published.