پاریس کۆتایی سەردەمی بەرزەخ، بەرەبەیانی ئومێد بە ڕزگاری! نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

تا چەند ساڵ لەمەوبەر دەگوترا نیزامی سیاسی و ئابووریی بۆرژوازی لوتکە و کۆتایی ئازادیی مرۆڤە. دەیانگوت ئەو جۆرە مرۆڤە دوا مرۆڤە، و ئەو شێوازە لە ژیان و ئەم جۆرە پەیوەندییانە ئەوپەڕی شارستانییەت و ئازادیی مرۆڤن. ئەمە پوختەی ئەو شتە بوو کە ناویان لێنا سەرکەوتنی بازاڕ، کۆتایی سۆشیالیزم، کۆتایی یەکسانیخوازیی مرۆڤی ئەمڕۆ و تەنانەت کۆتایی هەوڵ و تەقەلای مرۆڤ بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی و شارستانییەتی زیاتر. سەرکەوتنی بازاڕ لە ژیانی مرۆڤدا قۆناغێکی بەرزەخی چەندین ساڵەی بەرهەمهێنا. هەموو خۆشگوزەرانییەک لە ژیانی مرۆڤدا سووک کرا، هەموو تێکۆشان و هەموو مافخوازییەکی مرۆڤ مەحکووم و ڕەتکرایەوە و بە جۆرێک گوتیان قەدەری مرۆڤ هەر ئەمەیە کە هەیە. حاشا لە هەموو دینامیزمێکی ڕەسەن لە مێژوودا کرا. کەواتە لە دڵی تەقینەوەیەکی مەزنی توانای مرۆڤدا و لە ناخی شۆڕشێکی مەزندا کە لە هێزی مرۆڤدا ڕوویدا، مرۆڤ یەکێک لە تاریکترین سەردەمەکانی بێئومێدی لە ژیانی خۆیدا ئەزموون کرد.

سەرکەوتنی بازاڕ و کۆتایی سۆشیالیزم، ماناکەی لێدان بوو لە ژیان، لێدان بوو لە ماف و ئازادییە تاکەکەسی و مەدەنییەکان، ماناکەی دەستەپاچەتربوونی زیاتری مرۆڤ بوو لە بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆی، مانای پاشڤەڕۆیی و کۆنەپەرستییەکی مەعنەوی و ئەخلاقیی بێوێنە بوو لە ژیانی مرۆڤی ئەمڕۆدا. لە دڵی شۆڕشێکی گەورەی تەکنەلۆژیا و زانیاریدا، مرۆڤ سەخترین پاشڤەڕۆیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یەکێک لە بێمافترین سەردەمەکانی ژیانی خۆی تاقی کردەوە. ناسنامەی ڕەسەنی مرۆیی و تەنانەت مەعنەویاتی مرۆڤ دەستکاری کرا.

پاریس کۆتایی ئەم بەرزەخەی ڕاگەیاند؛ کۆتایی فریو و درۆی “کۆتایی مێژوو”، درۆی کۆتاییهاتنی ئومێدی مرۆڤ بە ژیانێکی باشتر، و بە واتایەک کۆتاییهاتنی ئەوەی کە گوایە ئەم شێوازەی ژیان ئەوپەڕی ژیان و کۆتایی مێژوو و لوتکەی تەسلیمبوونی مرۆڤ و خەڵکی ئەم سەردەمەیە بە قەدەرێکی حەتمی. بە یەک وشە، ئەمە ڕاگەیاندنی ڕاشکاوانەی ئەم باوەڕ و ئەم ئیرادەیەیە کە کۆیلایەتی، قەدەری حەتمیی مرۆڤ نییە. مرۆڤێک کە ئەم شارستانییەتەی دروستکردووە، مرۆڤێک کە موعجیزەیەکی سەرسووڕهێنەری خوڵقاندووە و توانای بەرهەمهێنانی کاری گەیاندووەتە ئاستێک کە بۆ هیچ نەوەیەک پێشبینیکراو نەبووە؛ ئەم مرۆڤە بەم هەموو داهێنانە و بەم هەموو توانایەوە بۆ خوڵقاندنی دەرفەتەکانی ژیانێکی ئازاد و بەختیار، بۆچی دەبێ بێ پەناگە بێت؟ بۆچی دەبێ کێشەی کارکردنی بۆ مانەوە و ژیان هەبێت؟ و بۆچی بۆ ئەم پێداویستییە سادانە ناچار بێت هێز، داهێنان، ئازادی و تەمەنی خۆی بفرۆشێت و ببێتە کۆیلەی کرێگرتە، و بۆچی نابێ لە داهاتووی خۆی دڵنیا بێت؟ پاریس ڕاگەیاندنی ئەو ڕاستییە بوو کە ئەم مرۆڤە بەم موعجیزەیەی لە هێز و داهێنانی خۆیدا خوڵقاندوویەتی، بەم مەزنییەی کە لە توانای بەرهەمهێناندا هەیەتی، دەتوانێت و ئەو توانستەی تێدایە کە ئازاد و بەختیار بژی.

مرۆڤ خەریکە بۆ دۆزینەوەی مانایەکی دیکە بۆ ژیان تێدەکۆشێت. ئەوەی ئەمڕۆ کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، ئەم یان ئەو سیاسەتی ئابووری و ڕوانگەی سیاسیی دیاریکراو نییە لە دەسەڵاتی دەوڵەتی بۆرژوازیدا، بەڵکو خودی شێوازی ژیانی بۆرژوازییە؛ شێوازێکی ژیان کە لەسەر بنەمای کۆیلایەتیی کرێگرتەیی دامەزراوە. ئەوەی درزی تێکەوتووە، ئەم کۆیلایەتییە مۆدێرنەیە. ئەمڕۆ ئەگەر کەسێک لە شەقامەکانی پاریسدا بڵێت ئەم شێوازی ژیانە ڕێک ئەو شتەیە کە مرۆڤ بیری لێدەکاتەوە و شایەنیەتی، لەوانەیە بە سەلامەتی دەربازی نەبێت و لەژێر دەست و پێی خەڵک و ئەم نەوەیەدا پان ببێتەوە.

مرۆڤ لە پاریس نەهاتووەتە مەیدان تا بڵێت ئەوەی ئەم کۆمەڵگە بۆرژوازییە داویەتی زۆرە، نەهاتووە تا بڵێت بۆچی ئەم هەموو دەرفەتەتان بە مرۆڤ داوە، بۆچی بەو مرۆڤانەی لە شوێنەکانی دیکەوە هاتوون پەناگە، کار و مافی مەدەنی و سیاسیتان داوە، یان بۆچی لە هەڵبژاردن و سیستەمی پەرلەمانیدا هێندە مرۆڤتان بە ئازادی هێشتووەتەوە. مرۆڤ لە پاریس و لە مەڵبەندەکانی تری جیهاندا هاتووە بڵێت کە ئەم ژیانە شایستەی مرۆڤی ئەمڕۆ نییە، ئەمە ئەو ئازادییە نییە کە دەبێ مرۆڤ هەیبێت، ئەم شێوازەی ژیان خۆی ئازاد نییە تا بتوانێت ئازادی و خۆشگوزەرانیی زیاتر ببەخشێت. ئەمە قسەی ئەم مرۆڤایەتییەیە؛ دەڵێت ئەمە کەمە، و مرۆڤێک کە ئەم جیهانە و ئەم دێوەزمە گەورەیەی سەروەت و ئەم موعجیزانەی لە تەکنەلۆژیادا خوڵقاندووە، توانستی ئازادبوونی هەیە، توانستی ئەوەی هەیە لە زۆرلێکردن و ناچاریی کوێرانەی کارکردن تەنها بۆ مانەوەی فیزیکی ڕزگاری بێت، توانستی ئەوەی هەیە ببێتە خاوەن و سەروەری چارەنووسی خۆی و کۆمەڵگەکەی.

مرۆڤایەتی ساتەکانی کۆتاییهاتنی بەرزەخێکی زبری سیاسی و ئایدۆلۆژیی تاریک بەجێدەهێڵێت، و ئەم ساتانە لە مێژوودا ئەو ساتانەن کە مرۆڤایەتی تا ڕادەیەک دەرفەتی گەڕانەوە بۆ مرۆڤایەتیی خۆی، بۆ ویست و لۆژیکی هەوڵەکانی لەپێناو ڕزگاریدا پەیدا دەکات، و هەر بەم پێیەش، ئەمانە ساتگەلێکی شیرینن لە ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.