ئایا لاوان دەتوانن جیهان بگۆڕن؛ سنوورەکانی یاخیبوونی لاوان لە دیدی مارکسیزمەوە…توانا محەمەد نوری

0

ئاگرەکەی پاریس و دووکەڵی چەوساندنەوە لە دەلهی و بەنگلادیش، لەگەڵ هەناسەساردیی لاوان لە شەقامەکانی مەغریب و کینیا، بەشێکن لەو هاوارە ناڕەزایەتییەی هەموو گۆشەیەکی جیهانی سەرمایەداریی تەنیوە. مێژوو و واقیعی هاوچەرخ پێمان دەڵێن کە لاوان هەمیشە داینەمۆ و پریشکی سەرەکیی ڕاپەڕینەکان بوون؛ جا چ لە ڕووداوەکانی ئایاری ١٩٦٨ی فەڕەنسا بێت، یان لە ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەرۆکی بەنگلادیش لە هاوینی ٢٠٢٤، ناڕەزایەتییەکانی نەوەی نوێ (Gen Z) لە مەغریب دژی گەندەڵی و پشتگوێخستنی کەرتی تەندروستی لەبەر خاتری بودجەی مۆندیال، و خۆپیشاندانەکانی لاوان لە کینیا دژی باج. لەم نێوەندەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە پێشەوە کە دەبێ بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە وەڵامی بدەینەوە: ئایا دەکرێت تەنیا بە پشتبەستن بە جۆش و خرۆشی هێزی لاوان، بناغەکانی ئەم جیهانە بگۆڕدرێن؟

وەڵامی مارکسیزم بۆ ئەم پرسیارە ڕوون و بێپەردەیە: نەخێر! چونکە “لاوان” چینێکی کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ نین. ئەوەی ئەمڕۆ لە فەڕەنسا، هیندستان و شوێنەکانی تری جیهان دەبینرێت، دەرکەوتەی داڕمانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی خودی سیستەمی جیهانیی سەرمایەدارییە کە ژیانی لە ملیۆنان مرۆڤ تال کردووە. مێرمنداڵان و لاوانی کۆڵانەکان دەتوانن سیستەم هەراسان بکەن، بەڵام وەک چۆن لە ئایاری ١٩٦٨ی فەڕەنسا ١٠ ملیۆن کرێکار شادەماری ئابورییان پەکخست و بەهۆی نەبوونی ڕێکخراوبوونێکی شۆڕشگێڕ خەباتەکەیان پووچەڵکرایەوە، ڕاپەڕینی لاوانیش بەبێ ئاسۆیەکی ڕوونی سۆشیالیستی و بەبێ یەکگرتووییەکی ڕێکخراو لەگەڵ تەواوی چینی کرێکاردا، لە سنووری یاخیبوونێکی کاتیدا دەمێنێتەوە؛ یان لە بازنەی داخراوی پەرلەمانتاریزمدا دەخنکێنرێت، یانیش دەخرێتە خزمەت سیاسەتی دابەشکاریی ڕەگەزی و نەتەوەیییەوە.

 

ڕەگی کێشەکە: سەرمایەداری، نەک تەنیا “نیۆلیبرالیزم”

چەپی ڕیفۆرمیست و سازشکار هەموو کێشەکان کورت دەکاتەوە بۆ سیاسەتی “نیۆلیبرالیزم”، وەک ئەوەی سەرمایەدارییەکی “باش و دادپەروەر” لە ئارادا بێت! بەڵام واقیع ئەوەیە کە خودی سیستەمی بەکرێگرتەیی و سەرمایەیە کە ژینگە دەسووتێنێت، بودجەی جەنگ و سەربازی زیاد دەکات و پەروەردە و تەندروستی دەکاتە کاڵا.

 

لاوانی ئەمڕۆ نەوەیەکن کە سەرمایەداری بێ‌ئاسۆی کردوون؛ بەهۆی کاری کاتی، گرێبەستی بێ‌ماف و قەرزی قورسی خوێندکارییەوە کە جۆرێکە لە کۆیلایەتی مۆدێرن، هیچ ئومێدێکیان بۆ ژیانێکی شایستەی مرۆڤ پێ نەدراوە. هاوکات ژنانی گەنج دەبینن کە دروشمە بۆرژوازییەکان لەبارەی “گەیشتنی چەند ژنێک بە پلە و پۆستی باڵا لە کۆمپانیا و دەسەڵاتدا”، تەنیا فێڵێکی ڕیکلامییە بۆ خزمەتکردنی دەستەبژێرێکی کەم؛ لە کاتێکدا زۆرینەی هەرە زۆری ژنانی چینی کرێکار لەژێر قورسترین باری چەوساندنەوە، نادادپەروەری و هەڵاواردنی ڕەگەزیدا دەژین.

 

بۆشایی چەپی ڕادیکاڵ و مەترسیی فاشیزم

ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگری مێژووییە کە کاتێک بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە گۆڕەپانەکەدا لاواز و پەراوێز بێت، سەرمایەداری بۆ ڕزگارکردنی خۆی لە قەیران، گەندەڵترین و ڕەشترین هێزەکان دێنێتە مەیدان.

 

ئەمڕۆش دەبینین کە چۆن بێ‌ئومێدیی لاوان، بەتایبەت گەنجانی کوڕ، لەلایەن ڕەوتە فاشیستەکان، نازییە نوێیەکان و کەسایەتییە کۆنەپەرست و دژەژنەکانەوە دەقۆزرێنەوە. ئەم لایەنانە ئاڕاستەی خەباتی ڕاستەقینە لە دژی سیستەمی سەرمایەداری تێکدەدەن و دەینێرنە سەر ڕێڕەوی دژایەتیکردنی ژنان، کۆچبەران و پێکهاتە پەراوێزخراوەکان. ئەم دۆخە لادەرە، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی شکست و بێ‌ئاسۆیی ئەو چەپە بۆرژواییەیە کە نەیتوانیوە بەدیلێکی شۆڕشگێڕانەی ڕادیکاڵ بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان و گۆڕینی بنەڕەتیی کۆمەڵگە بخاتە ڕوو.

 

سیاسەتی دابەشکاری یان یەکسانیخوازیی جیهانی؟

ئەمڕۆ لاوان لە دژی فاشیزم، کۆلۆنیالیزم و ڕەگەزپەرستی لە گەڕەکە پەراوێزخراوەکاندا دەجەنگن و خەبات بۆ ئازادیی بێ‌قەیدوشەرتی مرۆڤ دەکەن؛ ئەمەش ئەرکێکی مرۆڤدۆستانەی پێویستە. بەڵام دەوڵەتی بۆرژوازیی فەڕەنسا هەوڵ دەدات ئەم خەباتە لە ڕێگەی “دابەشکاریی نەژادی و کولتووری”یەوە پارچەپارچە بکات. بەرپرسانی دەوڵەت لاوانی ناڕازی بە نائاسایی و تێکدەر ناودەبەن، تا چینی کرێکاری ناوەند لە هاوچینەکانی خۆیان لە گەڕەکە هەژارنشینەکان داببڕن.

 

وەڵامی دروست بۆ ئەم دۆخە، پەنابردن نییە بۆ “سیاسەتی جیاکاری و گۆشەگیری لەسەر بنەمای ڕەگەز و ڕەچەڵەک” کە مرۆڤەکان زیاتر لێک بترازێنێت؛ بەڵکوو چارەسەرەکە لە یەکسانیخوازییەکی شۆڕشگێڕانەی فراواندایە کە هەموو ستەملێکراوان لەژێر ئاڵای تێکشکاندنی دەسەڵاتی سەرمایەدا یەکدەخات. هاوكات، هەڵخەڵەتان بە باڵی چەپی پەرلەمانی تەنیا خولانەوەیە لە بازنەی داخراوی سیستەمدا، چونکە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی هەرگیز لە ڕێگەی سندووقی دەنگدانی بۆرژوازییەوە بەدەست نایەت.

 

کلیلی سەرکەوتن: دەسەڵاتی چینی کرێکار

ئەزموونی مانگی ئایاری ١٩٦٨ لە فەڕەنسا وانەیەکی مێژوویی گەورەیە؛ کاتێک خوێندکاران و لاوان توانییان شادەماری بەرهەمهێنان لە ڕێگەی ١٠ ملیۆن کرێکاری مانگرتووەوە ئیفلیج بکەن، دەوڵەتی فەڕەنسا کەوتە لەرزین و سەرۆکی ئەو کاتە (شارل دوگۆل) بە شێوەیەکی کتوپڕ پاریسی جێهێشت و هەڵات. ئەم بزووتنەوەیە کە دوو لەسەر سێی هێزی کاری وڵاتی گرتەوە، گەورەترین مانگرتنی گشتی بوو لە مێژووی هاوچەرخدا، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێکخراوبوونێکی شۆڕشگێڕ و ڕوون نەبوونی ئامانجی وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی، ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییە گەورەیە لە ڕێگەی سازشی ڕیفۆرمیستی و واژۆکردنی “ڕێککەوتننامەکانی گرینێل” لەگەڵ سەندیکاکاندا پووچەڵ کرایەوە. حکومەت لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی مووچە و پێدانی ئیمتیازی ئابووری توانی جۆش و خرۆشی سەر شەقام خاو بکاتەوە، ئەمەش ئەو ڕاستییە مێژووییە دەسەلمێنێت کە تەنانەت گەورەترین مانگرتنی کرێکاریش ناتوانێت گۆڕانکاری بنەڕەتی بەدی بهێنێت ئەگەر سەرکردایەتییەکی ستراتیژی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات بوونی نەبێت.

 

ئەمڕۆش هەمان دەرس لە پێشمانە:

لاوان، خوێندکاران و ناڕازییان، بە هەموو وزە و بوێریی خۆیانەوە، تەنیا کاتێک دەبنە هێزێکی شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە کە بە کارگەکان، بە شوێنەکانی کار، و بە چینی کرێکارەوە ببەسترێنەوە.

 

ئەوە تەنیا چینی کرێکارە کە دەتوانێت دەستی سەرمایە لە بەرهەمهێنان و قازانج ببڕێت و کۆمەڵگە لە بنەڕەتەوە ڕێکبخاتەوە.

 

کۆتایی

یاخیبوونی لاوان لە فەڕەنسا و جیهان، نیشانەی ئەوەیە کە مرۆڤایەتی نایەوێت چیتر لەم بارودۆخە نالەبارەی سەرمایەداریدا بژی. بەڵام گۆڕینی جیهان پێویستی بە تێپەڕینە لە “ناڕەزایەتیی هەڕەمەکی” بەرەو شۆڕشێکی ڕێکخراو. ئەرکی ئەمڕۆ ئەوەیە کە تووڕەیی و ئازادیخوازیی ئەم نەوەیە چەکدار بکرێت بە ئاسۆی مارکسیزم بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتیی کڕێکاری و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، یەکسان و سۆشیالیستی.

٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦

 

 

 

ئەم وتارە لە ئینگلیزییەوە بەدەستکارییەوە کراوەتە کوردی
سەرچاوە:

https://socialistworker.co.uk/in-depth/can-young-people-change-the-world/

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.