دۆنکیشۆتەکانی کوردستان؛ ئەمە داستانەکە نییە! …نووسینی: ئیبرهیم حسێن

0

سەرانی جوڵانەوەی کوردایەتی لە هەولێر لە دیداری مێریدا، یەک لە دوای یەک و بە نۆرە خەریک بوون ستایشی یەکتریان دەکرد و بە شان و باڵی یەکتریانداهەڵدەدا. یەکێک ژەنەڕال و قارەمانی زەمانە و ئەوەی تر دیپلۆمات و میزان و سەمامی ئەمانی دنیا و ناوچەکە و ئەوەی تریان قارەمانی پیادەکردنی یاسا و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی وڵات و هاوڵاتیان. ئەگەر ئێمە خەڵکی ئەم مەملەکەتە داماوە نەبین لە بوونی ئەم  هەموو قارەمان و پیاوە گەورانە و لەو هەموو کارە گەورانەی کە کردوویانە سەرمان سوڕ دەما و ڕەنگە خۆزگەمان بخواستبایە کە ئەو دنیایە شانسی ئەوەی هەبایە  هەندێک لەو قارەمان و پیاوە گەورانەی پێ برایە. ڕەنگە خۆزگەمان بخواستبایە کە ئێمەش نێچیرڤان بارزانی و پاڤێڵ تاڵەبانیەکمان هەبوایە که دەستیان بچێتە ئەو هەموو کارە گەورانە. ڕەنگە وامان بیر بکردایەتەوە کە ئەم نەوەیەی ئەمڕۆی خەڵکی کوردستان، نەوەی ئەم سەردەمەی چینی کرێکار و گەنج و ژنی ئەو وڵاتە چەندە شانسێکی باشیان هەبووە کە ئەم کوردایەتی ئەو هەموو پیاوە گەورەی پێداون.

بەڵام ئێمە خەڵکی قولەی قاف و جەزیرەی وەق وای نین کە خەبەرێکمان لەو سەرزەمینە نەبێ کە ناوی کوردستانە.

ئێمە هاونەوەی ژنانی کۆمەڵگەیەکین کە لەژێر دەسەڵاتی ئەم پیاوانەدا، دەها هەزاریان بە شێوازێکی قێزەوەن بە بیانووی نامووس کوژراون، و گۆڕستانی ژنانی بێ‌ناونیشانیش هەر لەم سلێمانییەدا، شاهیدی ئەم کارەساتە مرۆیی و ئەخلاقییەیە دەرهەق بە ژنان. با باسی ئەوانە نەکەین کە لووتیان بڕدراوە و بێحورمەتییان پێ کراوە، با باسی ئەوانە نەکەین کە لە کونجی ماڵەکاندا سەرکوت کراون و خنکێنراون، تەنانەت باسی ئەوانەش نەکەین کە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان لەم ئافاتەی کوشتن و شکاندنی ئاشکرای کەرامەتیان، ناچار بوون بچنە ژێر حیجابی ئیسلامییەوە.

ئەم پیاوە گەورانە کە ئەو هەموو لاف و گەزافەیان لێدەدا نەیانوت لە ماوەی ئەو هەموو ساڵەی دەسەڵاتیاندا چییان کردووە و چ یاسایەکیان هێناوە تا باری ئەم دەستدرێژییە قێزەونە بۆ سەر ژن و کەرامەتی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا نەخرێتە ئەستۆی ئەوان؟ یان لانیکه م بۆ ئەوەی بتوانن لە بەرچاوی ئەم مرۆڤایەتییەدا، پێداهەڵدان و ستایشکردنی یەکتریتان پەسەند و قبووڵکراو بێتە بەرچاو؟ چەند یاسای متمدنانەتان هێنا کە بە پێی ئەوە بتوانن کەرامەت و ئاسایش و حورمەتی مرۆڤانەی ژن لە دەستدرێژی بپارێزن؟ چەند کەستان لەسەر ئەو قەتڵ و کوشتارە ناموسیە پیسیە هێنایە پای دادگا؟ پێمان بڵێن ئێوە کە ئاوا بوونەتە قارەمانی زەمانە چەند شەڕتان لەگەڵ فەرهەنگی ژنکوژی و ژن بەکەمزانی کرد و لە کوێ و چەند بەرگریتان لە پێویستی بەڕێوەچوونی فەرهەنگ و ئەخلاقیاتی مرۆڤانە کرد؟ لەو ملیارەها دۆلارەی کە دەستتان بەسەرگرتبوو و لەو هەموو میدیایەی کە بە دەستانەوە بوو چەندتان تەرخان کرد یۆ گەشەپێدانی تواناکانی ئەو کۆمەڵگەیە بۆ بەرگری کردن لە خۆی، بۆ ئاڵودە نەبوونی لەوە زیاتری بەم کەڕاهیەتە دژی ژنە؟ هیچی لەو بابەتەتان نەکرد تا بتوانن ئێستا لەبەرامبەر ئەو خەڵکەدا سەرتان بەرز ڕابگرن و ئەو کارانەتان بژمێرن.

بەڵێ ئێمە خەڵکی مەریخ نین بە ڕێکەوت ناوی کوردستانمان بیست بێ. ئێمە نەوەی سەردەمی سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی ئێوەین. ئێوە هەرلە سەرەتاوە کۆمەڵگایەکتان دروست کرد کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئۆردوگایەکی ئاوارەیی زیاتر نەبوو، کە هیچ یاسا و ڕێسایەکی شارستانی نەیگرتبووەوە و هیچ مافێکی هاووڵاتیبوون و تەنانەت مافی سەروەریشی نەبوو؛ سەرزەمینێکی بێچارەنووس بوو کە دەبوو خەڵکەکەی بە خێر و سەدەقە بژین، ئەوەش لە ڕێگەی بەخشینی مافی دابەشکردنی بە ئێوە. داستانەکە هەر بەمەش کۆتایی نەهات؛ لە ناو جەرگەی ئەم بارودۆخە و لە نێو ئەم بێچارەنووسییەدا شەڕێکی بێ ئامانتان هەڵگیرساند کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی ئەم خەڵکە کرێکار و زەحمەتکێشە بوونەتە قوربانی، کەمئەندام و نائومێد بوون.

بڕواننە ژیانی نەوەی گەنجی ئەم خەڵکە؛ چیتان کردووە بۆ ئەوەی ئەم هێزە گەنج و داهێنەرەی مرۆڤ بتوانێت ژیانی خۆی بنیات بنێت و کۆمەڵگاکەی بەپێی چاوەڕوانییەکانی خۆی دابمەزرێنێت؟ هیچ، کۆمەڵگایەکی خۆڵەمێشیتان دروست کردووە کە تێیدا تەنیا ژیانیان، توانا و خەلاقیەتیان بەفیڕۆ دەچێت. ئەو کۆمەڵگایەی ئێوە کە ئەوەندە بە شان و باڵیدا هەڵدەدەن و لەسەری دەستخۆشی لە یەکتر دەکەن، زیندان و بکوژی ئاوات، توانا و داهێنانی ئەم نەوەیەیە؛ ئەگەر ئەم مرۆڤایەتیە و ئەم نەوەیە  دەرفەتێکی بچووکیشی دەست بکەوێت ڕادەپەڕێت بەڕوویدا، مێژووی نزیک و چەندین جار هاتنەمەیدانی ئەم نەوەیە شایەتی ئەم ڕاستییەن. دەرگای ئەم کۆمەڵگایە بکەنەوە چۆڵ دەبێت، هەر ئێستا گەنجی ئەم وڵاتە ئامادەیە بۆ ڕزگاربوون لەم بەهەشتەی ئێوە، هەموو مەترسییەک قبووڵ بکات.

قسە لە ئازادی دەکەن و لەبەر بەخشینی «خەڵاتی ئازادی» دووبارە پیاهەڵدان و ستایشی یەکتر دەکەن! بەڕاستی تەواو دروستە، لە هیچ شوێنێکی دنیادا چینی دەسەڵاتدار ئاوا لە بەفیڕۆدانی چارەنووسی کۆمەڵگەدا ئازاد نییە؛ لە هیچ شوێنێکی دنیادا چینی دەسەڵاتدار ئەوەندە بێ‌منەت نییە لەوەی هیچ بەرپرسیارێتییەک لە بەرامبەر ژیانی خەڵکدا پیشان بدات. بەڵێ، کوردستان ئازادترین سەرزەمینە بۆ غاردان و تەڕاتێنی چینی دەسەڵاتدار. ئازادن سەرچاوە و بەهرەکانی ژیان بێ هیچ لێپرسینەوە و حساب و کتابێک بۆ خۆتان داگیر بکەن؛ ئازادن هەڵبژاردن بکەن یان نەیکەن، ئازادن بەپێی مەزاج و بەرژەوەندیی خۆتان خۆتان لە سندووقەکان دەربهێنن یان هەر ڕۆژی دواتر فڕێی بدەنە لاوە؛ ئازادن هەرکەسێکتان لەبەردەم ماڵەکەیدا دەستکەوت بیگرن و بە زەبری دەسەڵات هەموو شتێکی پێوە بلکێنن و دۆسیەی بۆ دروست بکەن؛ ئازادن هەموو چارەنووسی کۆمەڵگە ڕادەستی کۆمپانیاکان بکەن و ئازادیی ڕەها بدەنە ئەوان تا هەرچییەکیان ویست بەسەر مقدەراتی کرێکاران و کارکروانی کۆمەڵگەی کوردستاندا بهێنن. ئازادی ئێوە لەئاستێکدایە کە تەنانەت یاسای کارێک نیە کە ئەم ئازادی و سەرەڕۆییەی سەرمایە و کۆمپانیاکان و بازاڕ سنورێکی بۆ دابنێ. بەو مانایە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئێوە بەهەشتی ئازادی سەرمایە و کۆمپانیا و بازاڕ و ملیشیایە.ئازادن لە هەموو شت. لە دیاری نەکردنی لانی کەمی کرێ بۆ خێزانێکی پێنج نەفەری. ئازادن لە دابین نەکردنی بیمەی بێکاری بۆ لێشاوی کەسانی ئامادە بەکار. ئازادن لە تەرخانکردنی بودجەی یارمەتی کرێنیشنی و مەەسکەنی گونجاو بۆ هەزاران هەزار خانەوادەی کرێکار و دەست تەنگ، ئازادن لە تەرخان نەکردنی بودجە و دیاریکردنی چارەسەری پزیشکی و تەندروستی بۆ هاوڵاتیان و بۆ خوێندن و پەروەردە. ئازادن لە هەر مەسئولیەتێک و ئیلتیزامێک بەرامبەر بە ژیان و چارەنوسی ئەو خەڵکە و ئەو لانیکەمانەی کە بەشێکن لە ستانداردی ژیانی هاوڵاتی دنیای ئەمڕۆ.

بەڵام واقیعیەتی کوردستان لەو دیوی تەلاری دیداری مێری لە کوردستانی ئەمڕۆدا شتێکی ترە. ئەم داستان‌هۆنینەوە و شانامانەی سەرکردەکانی چینی دەسەڵاتداری ئەمڕۆی کوردستان لە مێریدا، لە کۆڵان و ماڵەکاندا شتێکی  مایەی تەنز و پێکەنینە.

لە کۆڵان و گەڕەکی کوردستاندا حیکایەت و تەنز و گاڵتە لەسەر دەسەڵات و بەڕێوەبردن و فەرهەنگ و شێوەی ڕەفتارتان لەگەڵ خەڵکی ئەم کۆمەڵگایەدا باوە کە شتێکی تەواو پێچەوانەی ئەوەیە کە ئێوە لە دنیای خۆتاندا لەسەر خۆتان دەیڵێن.

 خەڵک خۆیان بە شایستەی شتێکی باشتر لەمە دەزانن، و هەر ئەم ئاستە لە گەشەکردنەی کە شارستانییەت لە کوردستاندا پێی گەیشتووە، هەڵسوکەوت و پەیوەندیی خەڵکی لەگەڵ کۆنەپەرستیی (ئیرتیجاعی) بۆرژوازی لە هەولێر و سلێمانی گۆڕیوە؛ چینی کرێکار و نەوەی گەنجی ئەم مرۆڤایەتییەش خەریکن دەبنە هێزی سەرەکیی وەرچەرخانی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەوەی کە هەلومەرج بە ڕواڵەت ئارامە، هۆکارەکەی ئەوە نیە کە کرێکار و زەحمەتکێش و ژن و لاوی کوردستان ئەم ریوایەتەی ئێوەی قبوڵ کردوە یاخود ئەو شێوە ژیانە بەسەروزیاد دەزانێ و هتد، بەڵکو هۆکارەکەی سیاسی و هاوسەنگی هێزە. خواستی ئەو خەڵکە بۆ ژیانێکی باشتر، بۆ کوردستانێکی ئازاد تر و خۆشبەخت نەک هەر لە پرتەو بۆڵەکانیدا، بەڵکو له هەر دەرکەوتن و سەیران و خۆشیەکی ئەو خەڵکە دا قوڵپ دەدا و ژیلەمۆیەکی ژێر خۆڵەمێشە کە بە هەر کردنەوەیەکی دەرفەت و بوار و بە هەر گۆڕانێکی هاوسەنگی هێز دێتە مەیدان و مۆری خۆی لە چارەنوسی سیاسی ئەو کۆمەڵگەیە دەدا و ئەگەر لەدەوری چەپ و کۆمۆنیزمی خۆیدا ئەمجارە بێتە مەیدان ئاسۆی ڕزگاریەکی سیاسی متمدنانە لەم خان و خانبازیە دەکاتە پرس و ئەگەرێکی واقعی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.