لە راپەڕینی قوتابخانەکانەوە تا مەیدانی خەباتی چینایەتی لە فەرەنسا گەنجان دژی ئەو داهاتووەن کە سەرمایەداری بۆیانی ئامادە کردووە…
فەرەنسا جارێکی تر کەوتووەتە گێژاوی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان. بزووتنەوەیەک کە لە قوتابخانە و دواناوەندییەکانەوە و لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کەمیی مامۆستا، کەرەستەی فێرکاری و داهاتووی نادیاری نەوەی لاو دەستی پێکرد، ئێستا بۆ زانکۆکان و بەشگەلێک لە بزووتنەوەی کرێکاری تەشەنەی سەندووە. ئەو قوتابییانەی کە بڕیار بوو لە پشت مێزەکانی قوتابخانەدا بۆ ژیانی داهاتوو ئامادە بکرێن، ڕژاونەتە سەر شەقام تا دژی ئەو بارودۆخە ناڕەزایەتی دەرببڕن کە هەمان ئەو داهاتووەی بە بارمتە گرتووە.
نابێت ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسا بۆ ناڕەزایی لە چەند بڕیارێکی پەروەردەیی کەم بکرێتەوە. ئەوەی لە قوتابخانەکانی فەرەنسادا سەری هەڵداوە، دەرکەوتەی ناکۆکییەکی بنەڕەتیی کۆمەڵگای سەرمایەدارییە: کۆمەڵگایەک بە سامانی بێشومار، دەرفەتی زانستی و توانای بەرهەمهێنانی بێوێنە، بەڵام بێدەسەڵات لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییە مرۆیییەکان بە شێوەیەکی یەکسان بۆ هەمووان. کۆمەڵگایەک کە بۆ قازانجی سەرمایە بودجەی هەیە، بەڵام کاتێک نۆرەی پەروەردە، تەندروستی، نیشتەجێبوون و خۆشگوزەرانیی گشتی دێت، لەپڕ خەزێنەکەی بەتاڵ دەبێتەوە!
لە سەرمایەداریدا، هەژاری و بێبەشی بەرهەمی بێتوانایی کۆمەڵگە نییە لە بەرهەمهێنانی ساماندا؛ بەڵکو بەرهەمی ئەو پێوەندییانەیە کە سامانی کۆمەڵایەتی دەکەنە موڵک و دەسەڵاتی کەمینەیەکی سەرمایەدار. پرسی سەرەکی کەمیی سامان نییە، بەڵکو سەروەریی سەرمایەیە بەسەر ئەو سامانەی کە کۆمەڵگە بەرهەمی دەهێنێت.
لاوانی فەرەنسا تەنیا دژی دۆخی ئێستای قوتابخانەکان ناڕەزایەتی دەرنابڕن؛ بەڵکو دژی داهاتوویەک هاتوونەتە مەیدان کە بڕیارە تێیدا نایەکسانیی ئەمڕۆ ببێتە چارەنووسی سبەینێیان.
پەروەردەی چینایەتی؛ داهاتوویەک کە لە پێشەوە دابەشکراوە
داخوازییەکانی ناڕازییەکان ڕوونن: دامەزراندنی مامۆستای زیاتر، کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی پۆلەکان، زیادکردنی بودجەی پەروەردەی گشتی، باشترکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانە، هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی بژاردن و وەرگرتنی زانکۆیی ناسراو بە “پارکورسوپ” (Parcoursup) — کە بە بڕوای ناڕازییەکان جیاوازییە چینایەتییەکان لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی باڵا قووڵتر دەکاتەوە و کۆتاییهێنان بە جیاکارییە پەروەردەیییەکان.
ئەمانە داخوازی گەلێکی سەرەتایین لە کۆمەڵگایەکدا کە خۆی وەک یەکێک لە ناوەندەکانی شارستانیەت، ئازادی و یەکسانیی جیهان دەناسێنێت. بەڵام لە پشت ئەم داخوازییانەوە، کێشەیەکی زۆر بنەڕەتیتر بوونی هەیە.
پەروەردە لە سەرمایەداریدا تەنیا ئامرازی گواستنەوەی زانست نییە؛ بەڵکو یەکێکە لە میکانیزمەکانی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دابەشبوونی چینایەتیی کۆمەڵگا و ئامادەکردنی هێزی کاری پێویست بۆ سەرمایە. منداڵی بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند بە دەرفەتی پەروەردەیی، پێوەندیی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی ئابووریی زیاترەوە پێ دەنێتە ناو کێبڕکێکەوە. منداڵی بنەماڵەیەکی کرێکار و بێبەش دەبێت لەگەڵ کەمیی کەرەستە، گوشاری ئابووری و نادڵنیایی لە داهاتوو دەستەویەخە بێت. پاشان هەر ئەم سیستەمە، ئەنجامی ئەم کێبڕکێ نایەکسانە دەخاتە ئەستۆی “بەهرە”، “شایستەیی” و “سەرکەوتنی تاکەکەسی”!
ئەمەیە موعجیزەی “دادپەروەری”ی بۆرژوایی: سەرەتا دەرفەتەکانی ژیان بە نایەکسانی دابەش دەکەن، پاشان داوا لە هەموان دەکەن بەشداری لە پێشبڕکێیەکی بەڕواڵەت یەکساندا بکەن! سەرمایەداری پێویستی بە هێزی کاری خوێندەوار، کارامە و پسپۆڕ هەیە، بەڵام پێویستی بە مرۆڤگەلێکی ئازاد لە زۆریی ئابووری و دەسەڵاتی چینایەتی نییە. سەرمایە هێزی کاری دەوێت، نەک مرۆڤێک کە دەسەڵاتی بەسەر ژیان و چارەنووسی خۆیدا هەبێت.
کێشەکە تەنیا کەمیی بودجە نییە، بەڵکو لەپێشینەبوونی قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە بەسەر پێداویستییە مرۆیییەکاندا. خوێندنی بێبەرامبەر، کوالیتی بەرز، یەکسان و بۆ هەمووان، لە باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆ، ئیمتیازی دەوڵەت نییە بۆ هاووڵاتییان، بەڵکو مافێکی بێ چەندوچۆنە. گەشەی ئازادانەی مرۆڤ و دەستڕاگەیشتن بە خوێندن نابێت پەیوەست بێت بە داهاتی بنەماڵە، شوێنی لەدایکبوون یان پێگەی چینایەتییەوە.
کۆمەڵگایەک کە زانست و توانای مرۆڤ دەکاتە کاڵا و داهاتووی لاوان دەکاتە مەیدانی کێبڕکێی چینایەتی، ناتوانێت بانگەشەی یەکسانیی ڕاستەقینەی دەرفەتەکان بکات. یەکسانیی ڕاستەقینە لە یەکسانکردنی هێڵی دەستپێکی پێشبڕکێیەکی نادادپەروەرانەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێوەندییانەوە دەست پێدەکات کە ژیانی مرۆڤەکانیان کردووەتە پێشبڕکێیەکی بەردەوام بۆ مانەوە.
کۆمۆنیزمی کرێکاری وەدیهێنانی داخوازییە دەستبەجێیەکان بۆ بەیانیی دوای شۆڕش دواناخات. هەر قوتابخانەیەکی باشتر، هەر مامۆستایەکی زیاتر، هەر هەنگاوێک بەرەو خوێندنی یەکسان و هەر پاشەکشەیەک کە بەسەر دەوڵەتدا دەسەپێنرێت، دەستکەوتێکی ڕاستەقینەیە بۆ خەڵک. بەڵام خەبات بۆ ئەم دەستکەوتانە نابێت لە ئاسۆی چاکسازیی بەردەوامی پێوەندییە باوەکاندا قەتیس بمێنێتەوە. مەسەلەکە تەنیا وەرگرتنی پشکی زیاتر نییە لە سامانی کۆمەڵایەتی؛ بەڵکو کۆتاییهێنانە بەو پێوەندییانەی کە بەرهەمهێنەرانی سامانیان لە دەسەڵات بەسەر بەرهەمی کارەکەیان و چارەنووسی کۆمەڵگادا بێبەش کردووە.
هاتنەپێشەوەی چینی کرێکار؛ خاڵی یەکلاکەرەوەی بزووتنەوەکە:
یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییەکانی ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسا، پشتیوانیی کردەیی بەشگەلێکە لە بزووتنەوەی سەندیکایی کرێکاران. کۆنفیدراسیۆنی گشتیی کاری فەرەنسا (CGT)، نەک تەنیا بەرگریی لە داخوازییەکانی قوتابیان کردووە، بەڵکو لە کۆکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان، پشتیوانی لە گردبوونەوەکان و بانگەوازەکانی مانگرتندا بەشداریی کردووە. ڕێکخراوەکانی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە، لەوانە FSU و سەندیکاکانی دیکەش، بە ئاستی جیاواز چوونەتە ڕیزی ئەم ناڕەزایەتییانەوە.
ڕێکخراوە کرێکاری و پەروەردەییەکان هاوشانی پشتیوانی لە داخوازیی قوتابیان، خوازیاری ڕاگرتنی سڕینەوەی هەلی کار بوون لە بودجەی پەروەردەدا، هەروەها داوای ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ، زیادکردنی مووچە، جێگیرکردنی پێگەی کارمەندانی گرێبەست و باشترکردنی کەرەستەکانی قوتابخانەیان کردووە. ئەم داخوازییانە نیشان دەدەن کە پرسی پەروەردە بووەتە مەیدانێک لە خەباتی فراوان دژی کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و پەلاماردانی بارودۆخی کار و ژیانی مووچەخۆران.
ئەم پێکەوەگرێدانە گرنگییەکی سیاسیی یەکلاکەرەوەی هەیە. ئەو قوتابییەی ئەمڕۆ دژی کەمیی مامۆستا ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، لەوانەیە سبەی ئەو کرێکارە بێت کە ڕووبەڕووی چەوسانەوە، بێکاری و نادڵنیایی لە کارەکەی دەبێتەوە. ئەو مامۆستایەی ئەمڕۆ دژی کەمبوونەوەی کەرەستەی خوێندن خەبات دەکات، خۆی مووچەخۆرێکە کە ڕووبەڕووی گوشاری ئابووری و پەلاماردانی بارودۆخی ژیان و کار بووەتەوە.
چینی کرێکار تەنیا یەکێک لە توێژە ناڕازییەکانی کۆمەڵگا نییە. چینێکە کە بە کاری خۆی سامانی کۆمەڵایەتی بەرهەم دەهێنێت و بەرهەمی دەهێنێتەوە، بەڵام لە کۆنترۆڵکردنی بەرهەمی کارەکەی و چارەنووسی بەرهەمهێنان بێبەش کراوە. هێزی کۆمەڵایەتیی ئەم چینە لەم پێگە بنەڕەتییەیەوە لە پێوەندییەکانی بەرهەمهێناندا سەرچاوە دەگرێت. خەباتی کرێکاری کاتێک لە چوارچێوەی فرۆشتنی باشتری هێزی کار تێپەڕ دەبێت، ئەو توانایەی تێدایە کە بنەمای کڕین و فرۆشتنی هێزی کار و دەسەڵاتی سەرمایە بەسەر کۆمەڵگادا بخاتە بەر تەحەدا.
بەڵام پشتیوانیی سەندیکایی هێشتا بە واتای پێکهاتنی بزووتنەوەیەکی یەکگرتووی چینایەتی نییە. لە نێوان دەرکردنی بەیاننامەی هاوپشتی، بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و ڕێکخستنی مانگرتنی بەرفراوان و کاریگەردا، جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە. پرسی هەستیار ئەوەیە کە ئایا کرێکارانی کەرتی پیشەسازی، گواستنەوە، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەشەکانی دیکەی ئابووری دەبنە هێزێکی چالاک و سەربەخۆ لەم خەباتەدا؟ ئایا ناڕەزایەتی بەرامبەر دۆخی قوتابخانەکان دەتوانێت گرێ بدرێت بە خەبات دژی کەمبوونەوەی مووچەی ڕاستەقینە، توندوتۆڵکردنی ئابووری (سیاسەتی ڕیازەت)، بێکاری و پەلاماردانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان؟
هێزی ئەم بزووتنەوەیە تەنیا لە ژمارەی ئەو قوتابییانەدا نییە کە قوتابخانە دادەخەن؛ بەڵکو لە توانایدایە بۆ پێکەوەبەستنەوە لەگەڵ ئەو هێزە کۆمەڵایەتییەی کە دەتوانێت چەرخی بەرهەمهێنان و ئابووریی سەرمایەداری ڕابگرێت.
چینی کرێکار بۆ ڕزگاریی خۆی ناتوانێت تەنیا بە ڕزگاربوونی خۆی لە سنووری کارگە و ژینگەی کاردا بەسەندە بکات. ڕزگاریی کرێکار بەستراوەتەوە بە ڕزگاریی تەواوی کۆمەڵگا لە پێوەندییە چینایەتییەکان. لەبەر ئەوە، خەبات بۆ خوێندنی یەکسان، ئازادیی ژنان، نەهێشتنی هەڵاواردن، خۆشگوزەرانیی منداڵان و ئازادییە سیاسییەکان، بابەتگەلێک نین لە دەرەوەی خەباتی چینایەتی بن؛ بەڵکو مەیدانە ڕاستەقینەکانی خەباتن بۆ ڕزگاریی مرۆڤ.
دەوڵەتی ماکرۆن؛ بودجە بۆ سەرمایە، پۆلیس بۆ لاوان!
دەوڵەتی ماکرۆن هەمان سیاسەتی هەمیشەیی و باوی سەرمایە پەیڕەو دەکات: هەتا ئەو کاتەی ناڕەزایەتییەکان لە چوارچێوەی نەزمی باودا بمێننەوە و کۆنترۆڵ بکرێن، هەندێک جار دەستخۆشییان لێدەکەن؛ بەڵام کاتێک لاوان ئازادییە سیاسییەکانی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی سیاسەتەکانی دەوڵەت، ماشێنی سەرکوت دێتە مەیدانەوە.
ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لە زیاتر لە شەش هەزار دەستبەسەرکردن دەکەن کە زۆربەیان مێرمنداڵن، لەگەڵ حاڵەتی زۆری برینداربوون. مێرمنداڵێکی پانزە ساڵان بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی دەستیی پۆلیسەوە دەستێکی لەدەستداوە. هەروەها بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و چەکی پۆلیسی دژی ناڕازییان تۆمار کراوە.
چ وێنەیەکی ڕوونە لە شارستانیەتی سەرمایەداری! لاوان مامۆستایان دەوێت، دەوڵەت پۆلیس دەنێرێت. پێداویستیی خوێندنیان دەوێت، ڕووبەڕووی گازی فرمێسکڕێژ دەبنەوە. داهاتوویان دەوێت، بەرەو گرتووخانەکان ڕاپێچ دەکرێن!
دەوڵەتی سەرمایەداری تەنیا بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییە گشتییەکان نییە؛ بەڵکو پاسەوانی پێوەندییەکانی خاوەندارێتی و دەسەڵاتی چینایەتیی ئێستاشە. کاتێک داخوازییە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ لەپێشینە ئابووری و سیاسییەکانی دەسەڵات پێکدادەدەن، لە پشت سیمای بەڕێوەبەرە تەکنۆکراتەکانەوە دەسەڵاتی زۆرداریی دەوڵەت ئاشکرا دەبێت. هەمان ئەو دەوڵەتەی لە بەرامبەر سەرمایەدا بە زمانی پشتیوانی و گرەنتی دەدوێت، لە بەرامبەر ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتیدا پەنا بۆ زمانی دارکاری و دەستگیرکردن دەبات.
دەوڵەت لە لایەکەوە بەڵێنی چاکسازیی سنووردار دەدات و لە لایەکی ترەوە هەوڵ دەدات بە پەرتەوازەکردنی ناڕەزایەتییەکان و پشتئەستووربوون بە پشووەکانی قوتابخانە، ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە لە پێ بخات. ئەم سیاسەتە تێکەڵەیەکە لە ئیمتیازپێدانی سنووردار، کات کڕین و بەکارهێنانی گوشاری پۆلیسی.
لە بەرامبەردا، بەرگری لە ئازادیی ناڕەزایەتی و مانگرتن، ئازادکردنی بێ مەرجی هەموو دەستبەسەرکراوان و کۆتاییهێنان بە سەرکوتکردن، دەبێت ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە داخوازییەکانی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە.
ئازادیی سیاسی بۆ چینی کرێکار و خەڵکی بێبەش لوکسێکی لیبڕاڵی نییە؛ مەرجێکی ژیانییە بۆ خۆڕێکخستن و خەبات لەپێناو گۆڕینی کۆمەڵگادا. هیچ خەباتێک بۆ یەکسانیی ئابووری بەبێ بەرگریی لێبڕاو لە ئازادیی دەربڕین، پێکهێنانی ڕێکخراو، مانگرتن و ناڕەزایەتی ناتوانێت بگاتە ڕزگاریی ڕاستەقینەی مرۆڤ.
ڕاستڕەوی توندڕەو؛ دوژمنی یەکسانی لە بەرگی “داکۆکیکاری گەل”دا
ڕاستڕەوی توندڕەوی فەرەنسا، بەتایبەت ڕەوتی “کۆبوونەوەی نیشتمانی” (Rassemblement National)، هەوڵ دەدات ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بکاتە سەرمایەی سیاسیی بۆ خۆی. ئەم ڕەوتە کێشەکە کورت دەکاتەوە بۆ دیسپلین، دەسەڵاتخوازی، بژاردنی توندتر لە خوێندندا و گەڕانەوە بۆ بەها نەریتییەکان. لە کاتێکدا لاوان دژی نایەکسانیی دەرفەتەکان و بەرتەسککردنەوەی داهاتوو ناڕەزایەتی دەردەبڕن، ئەم ڕەوتە ڕێگەچارەی توندکردنەوەی کێبڕکێ و کۆنترۆڵ دەخاتە بەردەم.
ناسیۆنالیزم و دژایەتیکردنی کۆچبەرانیش دەتوانن ناڕەزایەتی لە سیاسەتە ئابوورییەکان لە پێوەندییە چینایەتییەکان لابدەن و کرێکاران و لاوان لەسەر بنەمای نەتەوە، شوێنی لەدایکبوون و ئایین بخەنە بەرامبەر یەکتر. ڕاستڕەوی توندڕەو دەیەوێت تووڕەیی دژی نایەکسانی بهێڵێتەوە، بەڵام ئاراستەکەی بگۆڕێت؛ لەبری ڕەخنە لە پێوەندییە ئابوورییەکان، دوژمنایەتی لەگەڵ کۆچبەران و کەمینەکان دابنێت. ئەمە هەمان ئەو سیاسەتە دژە مرۆیییەیە کە لەبری خەبات دژی هەژاری، هەژاران بەردەداتە گیانی یەکتر!
فاشیزم و ڕاستڕەوی توندڕەو دوژمنایەتیی خۆیان لەگەڵ کۆمۆنیزم، یەکسانیخوازی و هاوپشتیی چینایەتی ناشارنەوە. ناسیۆنالیزمی ئەوان هەوڵ دەدات کرێکاری فەرەنسی لە سەرمایەداری فەرەنسی نزیکتر نیشان بدات وەک لە کرێکاری کۆچبەر؛ وەک ئەوەی ئاڵای نەتەوەیی بتوانێت ناکۆکی نێوان کار و سەرمایە لەناو ببات! بەڵام چەوسانەوە فەرەنسی و کۆچبەر ناناسێت. سەرمایە بۆ قازانجی خۆی سنور ناناسێت، بەڵام بۆ دابەشکردنی کرێکاران هەزاران سنووری نەتەوەیی، قەومی و ئایینی دروست دەکات.
خاسیەتی دژە فاشیستیی بەشگەلێک لە خۆپیشاندانەکان، کە سەندیکای (CGT)ش لە بەیاننامەی ۱۳ی ئۆکتۆبەردا جەختی لەسەر کردەوە، لەبەر ئەم هۆکارەیە کە گرنگییەکی زۆری هەیە.
سۆشیالیزمی کرێکاری؛ ئامادەبوون لە بزووتنەوەکە و پرسی ڕابەرایەتیی سیاسی
فەرەنسا وڵاتێکە خاوەنی نەریتێکی مێژوویی بەهێزە لە خەباتی چینایەتیدا. لە کۆمۆنەی پاریسەوە تا مانگرتنە گەورەکانی کرێکاری، لە ئایاری ١٩٦٨ تا خەبات دژی چاکسازیی خانەنشینی، چینی کرێکار و لاوان چەندین جار نیشانیان داوە کە دەتوانن نەزمی ئاسایی کۆمەڵگای سەرمایەداری بخەنە بەر تەحەدا.
ئەمڕۆش هێزە کۆمۆنیست و دژە سەرمایەدارییەکان لە بزووتنەوەکەدا ئامادەییان هەیە. حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا (PCF)، ڕێکخراوی خەباتی کرێکاری (Lutte Ouvrière)، ڕەوتە جیاوازەکانی حیزبی نوێی دژە سەرمایەداری (NPA) و چالاکوانانی سۆشیالیست لە سەندیکاکان و ڕێکخراوەکانی قوتابیاندا، هەر یەکەیان بە سیاسەت و بەرنامەی جیاواز لەم مەیدانەدا چالاکن. بەڵام ئامادەبوونی ئەم ڕەوتانە لە ناڕەزایەتییەکاندا، جیاوازە لە بوونی بزووتنەوەیەکی بەهێز و یەکگرتووی سۆشیالیزمی کرێکاری.
بەشێکی گرنگ لە چەپی فەرەنسا لە چوارچێوەی چاکسازیی سەرمایەداری و کێبڕکێ هەڵبژاردنەکاندا کار دەکات. بەشە شۆڕشگێڕەکان، سەرەڕای مێژوو و ئامادەبوونیان لە خەباتە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەدەست پەرتەوازەیی ڕێکخراوەیی و کەمیی کاریگەریی سیاسییەوە دەناڵێنن. سەندیکاکانی کرێکارانیش، سەرەڕای هەموو گرنگییەکەیان، زیاتر لە چوارچێوەی داخوازییە ئابووری و کۆمەڵایەتییە دەستبەجێیەکاندا کار دەکەن.
سنووری نێوان کۆمۆنیزمی کرێکاری و سۆشیالیزمی بۆرژوایی ڕێک لێرەدایە. سۆشیالیزمی بۆرژوایی دەیەوێت سەرمایەداری دادپەروەرانەتر بەڕێوە ببات؛ بەڵام کۆمۆنیزمی کرێکاری، لە هەمان کاتدا کە خەبات دەکات بۆ سەپاندنی چاکسازیی دەستبەجێ و باشترکردنی ژیانی خەڵک، خوازیاری کۆتاییهێنانە بەو پێوەندییانەی کە بەردەوام چەوسانەوە و نایەکسانی بەرهەم دەهێننەوە.
بۆ چەپی پەرلەمانی، کرێکار زیاتر وەک دەنگدەر، ناڕازی و هێزێکی گوشارە بۆ گۆڕینی سیاسەتەکانی دەوڵەت. بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری، چینی کرێکار هێزێکە کە دەبێت خۆی ببێتە دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بگرێتە دەست. جیاوازییەکە لەسەر ئاستی توندیی دروشمەکان نییە؛ بەڵکو لەسەر ئەوەیە کە چ چینێک، بە چ بەرنامەیەک و لە ڕێگەی چ شێوازێک لە دەسەڵاتی سیاسییەوە کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات.
خاڵی لاوازی سەرەکی، نەبوونی بەدیلێکی (ئاڵتەرناتیڤێکی) سۆشیالیستیی کرێکاریی فراوان و پشتئەستوور بە خۆڕێکخستنی سەربەخۆ و جەماوەریی چینی کرێکارە، کە بتوانێت ناڕەزایەتییە پەرتەوازەکان بە خەباتێکی هۆشیارانە بۆ گۆڕینی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە ببەستێتەوە.
سۆشیالیزمی کرێکاری ناتوانێت تەنیا بە هاندانی ناڕەزایەتییەکان، توندترکردنی دروشمەکان یان چاوەڕوانبوون بۆ قووڵبوونەوەی قەیرانەکە بەسەندە بکات. دەسەڵاتی سیاسیی کرێکار لە دڵی ڕێکخستنی ڕاستەقینە، دامەزراندنی ڕێکخراوی سەربەخۆ، کۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکان، شورا، یەکێتیی کرێکارانی لەسەرکار و بێکار و دەستێوەردانی هۆشیارانە لە خەباتی ڕۆژانەی کۆمەڵگادا دروست دەبێت.
سۆشیالیزمی کرێکاری تەنیا ناوێکی تر نییە بۆ تووڕەیی خەڵک، بەڵکو بزووتنەوەیەکی بنەڕەتی و کۆمەڵایەتییە بۆ سەپاندنی چاکسازیی قووڵ و کۆتاییهێنان بە کۆیلایەتیی مووچەخۆری و ڕێکخستنی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای ئازادی، یەکسانی و خۆشگوزەرانیی گشتی.
شۆڕشی کرێکاری تەنیا شۆڕشی کرێکاران نییە بە مانای بەرتەسکی سەندیکایی؛ بەڵکو شۆڕشێکە بۆ ڕزگاریی چینی کرێکار لە کۆیلایەتیی مووچەخۆری و دەسەڵاتی سەرمایە، کە بەدوای خۆیدا تەواوی کۆمەڵگا و مرۆڤ لە کۆتی پێوەندییە چینایەتییەکان ڕزگار دەکات. بەڵام ئەم شۆڕشە بە شێوەیەکی خۆبەخۆ بەرهەمی پەرەسەندنی خەباتی کرێکاری و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان نییە. بەدیهاتنی پێویستی بە دروستبوونی حیزبایەتییەکی بەهێز، شۆڕشگێڕ و جەماوەریی سۆشیالیزمی کرێکارییە؛ حیزبێک کە ئاسۆی سۆشیالیستی بکاتە هێزێکی ماددی و سیاسیی چینی کرێکار، خەبات بۆ داخوازییە دەستبەجێیەکان ببەستێتەوە بە خەبات بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و ڕێکخەری شۆڕشی کۆمەڵایەتی بێت بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەرمایە و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان و سۆشیالیستی. لەبەر ئەوە، شێوەدان بە حیزبایەتیی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە فەرەنسا تەنیا پرسێکی تەشکیلاتی نییە، بەڵکو یەکێکە لە پرسە بنەڕەتییەکانی پێشڕەویی خەباتی چینایەتی و وەدیهاتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی.
بژی کۆمۆنەی پاریس؛ مێژوویەک کە هێشتا دەدوێت!
لە فەرەنسا، بەبیرهێنانەوەی کۆمۆنەی پاریس تەنیا گەڕانەوە نییە بۆ یادەوەرییەکی مێژوویی. کۆمۆنەی ١٨٧١ یەکەم ئەزموونی گەورەی هەوڵی کرێکاران بوو بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە خوارەوە؛ ئەزموونێکی کورت، خوێناوی و تێکشکێنراو، بەڵام بە میراتێکی گەورەوە بۆ بزووتنەوەی سۆشیالیستیی کرێکاری لە جیهاندا.
کۆمۆنە نیشانی دا کە چینی کرێکار تەنیا هێزی ناڕەزایەتی بەرامبەر دەسەڵاتی ئێستا نییە؛ بەڵکو دەتوانێت خۆی بانگەشەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بکات. شێوازەکانی بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆ و ئازادانەی کۆمەڵگا، هەڵبژێردراوبوون و توانای لادانی نوێنەران و بەرپرسان، ڕەتکردنەوەی ئیمتیازاتی دەزگای دەسەڵاتدار و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی جەماوەری زەحمەتکێش لە چارەنووسی خۆیاندا، لە گرنگترین دەستکەوتە سیاسییەکانی ئەو ئەزموونە بوون.
دەرسە گەورەکەی کۆمۆنە ئەوە نەبوو کە کرێکاران دەتوانن دەوڵەتی ئێستا باشتر بەڕێوە ببەن؛ بەڵکو ئەوە بوو کە ڕزگاریی کرێکار پێویستی بە تێکشکاندنی ئەو پێکهاتەی دەسەڵاتەیە کە بۆ پاراستنی سەروەریی چینایەتیی سەرمایە ڕێکخراوە، و جێگرتنەوەیەتی بە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ و ڕێکخراوی جەماوەری کارکەر. کۆمۆنە پرسی دەسەڵاتی سیاسیی لە قۆرخکاریی چینە دەسەڵاتدارەکان دەرهێنا و کردییە بابەتی خەباتی کردەیی چینی کرێکار.
کۆمۆنەی پاریس ئەم ڕاستییەی ڕووبەڕووی جیهانی سەرمایەداری کردەوە کە کرێکاران مەحکوم نین بۆ هەمیشە بەرهەمهێنەری سامان و گوێڕایەڵی خاوەن سەرمایەکان بمێننەوە. هەمان ئەو دەستانەی کۆمەڵگا دروست دەکەن و دەیخولێننەوە، دەتوانن بەڕێوەشی ببەن.
دروشمی “بژی کۆمۆنەی پاریس” لە دڵی خەباتەکانی ئەمڕۆدا دەتوانێت ئەو ڕاستییە بیربخاتەوە کە ڕزگاریی مرۆڤ لە ڕێگەی گۆڕینی بەڕێوەبەرانی سیستەمی ئێستاوە نایەتە دی، بەڵکو بە گۆڕینی بنەڕەتیی پێوەندییەکانی دەسەڵات و خاوەندارێتی دەبێت.
بەڵام نابێت لە نێوان بزووتنەوەی ئێستا و بارودۆخی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ۱۸۷۱دا هێمای یەکسانبوون دابنرێت. ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ هێشتا لە قۆناغی خستنەڕووی داخوازییە کۆمەڵایەتییەکان و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی دەوڵەتدان. بەستنەوەی ئەم داخوازییانە بە ئاسۆی سۆشیالیستییەوە پێویستی بە خەباتی سیاسی، خۆڕێکخستن و بەدەستهێنانی متمانەی کۆمەڵایەتی هەیە.
خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەکە و مەرجەکانی پێشڕەوی:
بزووتنەوەی ئێستا سەرەڕای هەموو فراوانی و وزەی خۆی، ڕووبەڕووی هەندێک سنوورداریی دیاریکراویش دەبێتەوە. هیچ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی تەنیا لەبەر فراوانیی ناڕەزایەتییەکانی نابێتە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕ. ئەوەی چارەنووسی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دیاری دەکات، جگە لە هاوسەنگیی هێزە کۆمەڵایەتییەکان، بریتییە لە: ئاسۆی سیاسی، ئەو سیاسەتەی ڕابەرایەتی دەکات، ئاستی ڕێکخراوبوون و توانای بۆ گۆڕینی ناڕەزایەتیی پەرتەوازە بۆ ئیرادەیەکی هۆشیارانە و یەکگرتوو لەپێناو گۆڕینی کۆمەڵگادا.
ئەم بزووتنەوەیە هێشتا ڕێکخستنێکی بەردەوام و سەرانسەریی لەبار لەگەڵ ئاستی ناڕەزایەتییەکاندا نییە. کۆبوونەوەی سەر شەقام، هەرچەندەش فراوان بێت، شوێنی ڕێکخراوە بەردەوامەکان، کۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکان و میکانیزمە شورایییەکانی بڕیاردان ناگرێتەوە.
داخوازییەکانی بزووتنەوەکە زیاتر پەروەردەیی و کۆمەڵایەتین. سەرەڕای گرنگیی خودی ئەم خەباتە، دەکرێت ئەم داخوازییانە گرێ بدرێنەوە بە خەباتێکی فراوانتر دژی سیاسەتە تەقەشوفییەکانی دەسەڵاتی سەرمایەداری، بەڵام ئەم فراوانبوونە خۆبەخۆ ڕوونادات.
مەترسیی پووکانەوەی بزووتنەوەکە ڕاستەقینەیە. پشووەکانی قوتابخانە، گوشاری پۆلیسی، دەستگیرکردنەکان و بەڵێنە سنووردارەکانی دەوڵەت دەتوانن لە بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان کەم بکەنەوە.
سەرەڕای ئەمانەش، بزووتنەوەکە خاوەنی توانایەکی گرنگە: بەشداریی بەرفراوانی لاوان، هاوپشتیی مامۆستایان، هاتنەپێشەوەی سەندیکا کرێکارییەکان، پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و ئەزموونی نوێی خۆڕێکخستنی بەکۆمەڵ. بانگەوازی مانگرتنی هاوبەشی بەشە جیاوازەکان لە پێنجی نۆڤەمبەردا، کە سەندیکای (CGT) خەریکی ئامادەکارییەتی، دەتوانێت ببێتە یەکێک لە تاقیکردنەوە گرنگەکان بۆ توانای فراوانبوونی بزووتنەوەکە.
ئاسۆ؛ لە ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتییەوە تا دەرفەتی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی – چینایەتی
داهاتووی ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسا هێشتا کراوەیە. لەوانەیە دەوڵەت بە پاشەکشەی سنووردار وەڵامی بەشێک لە داخوازییەکان بداتەوە. لەوانەیە سەرکوت و پووکانەوە، بزووتنەوەکە بە شێوەیەکی کاتی بەرەو پاشەوە ببات. هەروەها لەوانەشە گرێدانی ناڕەزایەتیی قوتابیان بە مانگرتنی کرێکارانەوە، خەباتەکە بەرەو قۆناغێکی فراوانتر ببات.
بەڵام تەنانەت ئەگەر ناڕەزایەتییەکانیش هێور ببنەوە، ئەو ناکۆکیانەی کە دروستیان کردووە لەناو ناچن. نایەکسانیی پەروەردەیی، گوشاری ئابووری، نادڵنیایی لە داهاتوو و قەیرانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە کۆتاییهاتنی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی ون نابن.
سەرمایەداری دەتوانێت بەسەر ئەم یان ئەو قەیراندا تێپەڕێت، دەوڵەت بگۆڕێت، سەرکوت بکات، ئیمتیاز بدات و مل بۆ هەندێک چاکسازی بدات؛ بەڵام تا ئەو کاتەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی پاشکۆی قازانجی تایبەت بێت و هێزی کار کاڵایەک بێت بۆ فرۆشتن، ناکۆکی نێوان پێداویستییە مرۆیییەکان و لۆژیکی کەڵەکەکردنی سەرمایە هەر بەردەوام بەرهەم دێتەوە.
بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ئەم دوایییە جارێکی تر پرسیارێکی چارەنووسسازی خستووەتە بەردەم کۆمەڵگا کە زۆر لە بارودۆخی قوتابخانەکان تێدەپەڕێت: بۆچی کۆمەڵگایەک بەم هەموو سامان و توانستە زانستییەوە ناتوانێت ژیانێکی ئازاد، یەکسان و پڕ لە خۆشگوزەرانی بۆ هەموان دابین بکات؟ وەڵامی سۆشیالیستی ڕوونە: کۆسپ و بەربەستی سەرەکی کەمیی کەرەستە و سامان نییە؛ بەڵکو ئەو پێوەندییە کۆمەڵایەتییانەیە کە بەرهەمهێنانی سامانیان کردووەتە پاشکۆی قازانجی تایبەت و ژیانی مرۆڤیان کردووەتە پاشکۆی پێداویستییەکانی سەرمایە.
ئازادی و یەکسانی نابێت پاداشتی سەرکەوتن بن لە پێشبڕکێیەکی چینایەتیدا. پەروەردە، خۆشگوزەرانی، ئاسایشی ئابووری و دەرفەتی گەشەکردنی ئازادانە، مافی گشتیی هەموو مرۆڤەکانە. لەبەر ئەوە، گرنگیی ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسا تەنیا لە داخوازییە دەستبەجێیەکانیدا نییە؛ بەڵکو لە دەرفەتی کردنەوەی ئاسۆیەکی باڵاتردایە لەو کۆمەڵگایەی کە لاوان بۆ کێبڕکێ لەسەر داهاتوویەکی نادیار پەروەردە دەکات. داهاتوویەک کە تێیدا مرۆڤ بۆ سەرمایە نەژی، بەڵکو بەرهەمهێنان و سامانی کۆمەڵایەتی لە خزمەت ژیان و گەشەسەندنی مرۆڤدا بێت.
کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هێندە دەوڵەمەند و لە ڕووی زانستی و تەکنەلۆژییەوە بەتوانا بووە کە دەتوانێت هەژاری، بێبەشی و نائەمنی ئابووری بنێرێتە ناو لاپەڕەکانی مێژوو. ئەوەی ڕێگرە نە سروشتە، نە کەمیی سەرچاوەکانە و نە بێتوانایی مرۆڤ، بەڵکو ئەو پێوەندییانەیە کە ژیانی ملیارەها مرۆڤیان کردووەتە پاشکۆی قازانجی کەمینەیەکی خاوەن سەرمایە.
سۆشیالیزم وەڵامی ماددی و مێژووییە بۆ ئەم ناکۆکییە؛ بەڵام بەدیهاتنی بەرهەمی خۆبەخۆی قەیرانی سەرمایەداری نییە، بەڵکو دەرئەنجامی خەباتی هۆشیارانە، ڕێکخراو و سیاسیی چینی کرێکارە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەرمایە. سۆشیالیزم کۆتاییهێنانە بە سەروەریی سەرمایە بەسەر مرۆڤدا، و سپاردنی دەسەڵاتی بەرهەمهێنان، سامان و چارەنووسی کۆمەڵگایە بە خودی مرۆڤەکان.
بژی خەباتی لاوان و کرێکاران لەپێناو ئازادی و یەکسانیدا!
بژی کۆمۆنەی پاریس، بژی سۆشیالیزم!
عەلی جەوادی