مەترسیی ئەتۆمی لەسەر ئێران؛ پەردەیەکی تر لە جەنگێکی تاوانکارانە…
هەواڵەکە هێندەی تۆقێنەرە، لە هەمان کاتدا ئەوەندە لەگەڵ لۆژیکی جەنگی ئێستادا دەگونجێت، کە ناکرێت بە ئاسانی بەلایدا تێپەڕبیت. مارجۆری تایلۆر گرین، ئەندامی پێشووی کۆنگرێسی کۆمارییەکان و هاوپەیمانی پێشووی دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاندووە کە لە کۆبوونەوە ستراتیژییەکانی دەسەڵاتدارانی ئەمریکادا گفتوگۆ لەسەر بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی ئێران دەکرێت. ئەو جەختی کردۆتەوە: “پێشبینی ناکەم؛ دەیزانم.” لەبەر ئەوە لەگەڵ ئاگادارکردنەوەیەکی جددیدا بەرامبەر هاتنەناوەوەی ئەگەری کۆمەڵکوژیی ئەتۆمی بۆ ناو هاوکێشەکانی جەنگ ڕووبەڕووین. بە هەمان ئەندازەش دەبێت زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری جیهاندا لێبدرێت.
بەڵام ئەم ئاگادارکردنەوەیە لە بۆشاییدا نەوتراوە. مارک لێڤین، یەکێک لە ڕێکلامکەرە بەنفوزەکانی جەنگ و لە بەرگریکارە سیاسییەکانی ترەمپ، پێشتر لە تەلەڤیزیۆنی فۆکس نیوزدا خۆدەستەوەدانی ژاپۆنی بەستبۆوە بە هاویشتنی دوو بۆمبی ئەتۆمی بۆ سەر هیرۆشیما و ناکازاکی و پرسیبووی ئایا کردەوەیەکی وەها ئەمڕۆ لە ڕوانگەی “یاساکانی جەنگ”ەوە ڕێگەپێدراوە یاخود نا. دەستەواژەی دڵنیاکەرەوەی “من هان نادەم، تەنیا دەربارەی یاسا دەپرسم” هیچ لە مانا سیاسی و ترسناکەکەی ئەم قسەیە کەم ناکاتەوە. کاتێک لە ناوەڕاستی جەنگدا، ئەزموونی وێرانکردنی دوو شار وەک ڕێگەیەک بۆ ناچارکردنی لایەنەکەی تر بۆ خۆدەستەوەدان دەهێنرێتە ناو باسەکەوە، بەرامبەر گەڕانێکی یاسایی بێتاوان دانەنیشتووین؛ بەڵکو دەستیان کردووە بە بەقاڵبکردنی ئەگەری تاوان لە زمانی فەرمیی دەسەڵاتدا.
ئەمە ڕێگەیەکی ناسراوی ئامادەکردنی بیروڕای گشتییە بۆ تاوان: بەکارهێنانی هەرەشەیەک کە دوێنێ نائەقڵانی بوو دەکەنە بابەتێکی گفتوگۆ؛ پاشان ناوی دەنێن “دوا بژاردە”؛ دواتر قسە لەسەر “چەکی کەمتوانا”، “هێرشی سنووردار” و “ئامانجی سەربازی” دەکەن؛ و لە کۆتاییدا، ئەگەر دەست بە پەلەپشتکدا نرا، تەرمی خەڵک لەژێر وشەی خاوێنی وەک “پێویستیی ستراتیژی”، “زیانی لاوەکی” و “کۆتاییهاتنی خێراتری جەنگ”دا دەنێژن.
ئەقڵانییەتی ئەتۆمیی سەرمایە
پەنابردن بۆ بۆمبی ئەتۆمی تەنیا تەقینەوەی شێتیی چەند سیاستەوانێکی تاوانبار نییە. ئەم شێتییە، شێوەی ڕووتی ئەقڵانییەتی سەربازییە کە قازانج، دەسەڵات و باڵادەستی پێش گیانی مرۆڤ دەخات. ئەم ماشێنە تاوانکارییە کاتێک لە جەنگدا دەگاتە بنبەست، تاوان وەلانانێت؛ بەڵکو بودجەی بۆ دیاری دەکات، مۆدێلی ژمارەیی بۆ دروست دەکات، ئامانج و ئامرازی نوێ هەڵدەبژێرێت و ناوی دەنێت “ستراتیژیی بەرپەرچدانەوە”.
لە کۆنتێکستی ئەم لۆژیکەدا، شارێکی وەک تاران شوێنی ژیانی ملیۆنان مرۆڤ نییە؛ بەڵکو “ئامانج”ە. نەخۆشخانە، قوتابخانە، ماڵ و کارگە دەبنە چەند نیشانەیەک لەسەر شاشەی فەرماندەیی. مرۆڤەکانیش نە هاووڵاتی، نە کارگەر و نە مناڵن، بەڵکو ئامارێکن لە “زیانی قبووڵکراو”. هەر ئەم دەرهەستکارییە تاوانکارانەیەیە کە ڕێگە بە جەنەڕاڵ و سیاسیەکان دەدات دەربارەی سوتاندنی کۆمەڵگەیەک قسە بکات و شەو بە ویژدانێکی ئاسوودەوە سەر بنێتەوە.
ئەوەی ئێستا لە باسی بەکارهێنانی ئەگەریی چەکی ئەتۆمی دەرهاتووە، تەنیا گوشەیەکە لە کۆگای تاوان و تاوانی جەنگ لەم جەنگەدا. جەنگ پێش گەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمیش تاوانکارانە بووە: بۆردوومانکردنی ناوچە ئاوەدانەکان، کوشتنی مەدەنییەکان، وێرانکردنی نەخۆشخانەکان و ژێرخانە هەستیارەکان، گەمارۆی ئابووری، بێبەشکردنی خەڵک لە دەرمان و خۆراک و گۆڕینی کۆمەڵگەیەک بۆ ئامرازی گوشاری سەربازی، هەموویان بەشێک لە سیاسەتێکی یەکگرتوون. هەرەشەی ئەتۆمی لە ئاسمانەوە دانەبەزیوە؛ درێژەی لۆژیکیی هەمان ئەو جەنگەیە کە گیانی خەڵکی بێبایەخ کردووە و کوشتنی مەدەنییەکانی بە “زیانی لاوەکی” ڕاگەیاندووە.
بۆمبی ئەتۆمی تەنیا پەردەکە لادەدات و ڕاستیی ڕووتی ئەم سیاسەتە نیشان دەدات: دەوڵەتێک کە بۆ سەپاندنی خۆدەستەوەدان، مافی ژیان لە کۆمەڵگەیەک دەسێنێتەوە، نە لە حاڵی بەرگری لە ئازادی و ئاسایشدایە، بەڵکو لە حاڵی ڕێکخستنی تاواندایە لە ئاستێکی بەربڵاوتردا.
هەڕەشەی ئەتۆمی دەستپێکی تاوان نییە؛ ئاشکراترین و تۆقێنەرترین ئەڵقەی زنجیرەیەک لە تاوان و تاوانەکانی جەنگە کە لە مێژە دژی کۆمەڵگە کەوتۆتە گەڕ.
ئەفسانەی “بۆمبی ئەتۆمیی بچووک”
ئیدیعای “بۆمبی ئەتۆمیی بچووک” یەکێک لە پۆخڵترینی فێڵەکانی ئەم دەزگایەیە. بۆمبی هیرۆشیما، بە توانای نزیکەی پانزە کیلۆتەن، لە پۆلێنکردنی ئەمڕۆدا دەکرێت چەکێکی بچووک یاخود “تاکتیکی” ئەژمار بکرێت. هەمان بۆمب سەدان هەزار کەسی لە چەند ساتێکدا کردە خۆڵەمێش، ۹۰٪ی پزیشکان، ۹۲٪ی پەرستاران و نزیکەی ۸۰٪ی ژێرخانی تەندروستیی شارەکەی تێکدا. کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سور جەخت دەکاتەوە کە لە ڕوودانی تەقینەوەی تەنانەت یەک چەکی ئەتۆمی لە نزیک ناوچەیەکی پڕجەماوەردا، هیچ دەوڵەت یان ڕێکخراوێکی مرۆڤدۆستانە توانای وەڵامدانەوەی ڕەهەندەکانی تاوانەکەی نابی.
کەواتە “چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی” شتێک نییە جگە لە ناوێکی تەکنیکی بۆ کۆمەڵکوژیی جەماوەری خەڵک. بۆ کەسێک کە لەپشت مێزی فەرماندەیی دانیشتووە ڕەنگە تاکتیکی بێت؛ بۆ منداڵێک کە پێستی دەسووتێت، دایکێک کە بەدوای منداڵەکەی لەژێر داروپەردودا دەگەڕێت و نەوەیەک کە بە شێرپەنجە و ئالوودەیی ڕادیۆئەکتیڤەوە ژیان دەکات، کۆتایی ژیان و جیهانە.
جیاوازیی بۆمبی “تاکتیکی” و “ستراتیژی” بۆ خەڵکێک کە لە بازنەی تەقینەوەکەدا بن، نزیکەی وەک جیاوازیی تابووتی بچووک و گەورەیە. ئەم پۆلێنکردنانە بۆ قوربانییان دروست نەکراون؛ بۆ هێورکردنەوەی ویژدانی بڕیاردەران و قبووڵکراوکردنی تاوان لە بازاڕی سیاسەتدا دروستکراون.
ئەفسانەی “بۆمب بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ”
لێڤین و هاوبیرانی دەکۆشن هیرۆشیما و ناکازاکی کەم بکەنەوە بۆ “دەرسێکی سادە”: دوژمن خۆی دەستەوە نەدەدا، دوو بۆمبمان هاویشت و جەنگ کۆتایی هات. تەواوی ماشێنی پروپاگەندەی میلیتاریزم لەم ڕستەیەدا کورتکراوەتەوە؛ مێژوو لە ڕوانگەی فڕۆکەوانی بۆمب هاوێژەوە دەگێڕدرێتەوە و قوربانییەکان لە مەیدانەکە دەسڕدرێنەوە.
بەڵام تەنانەت ئەگەر گێڕانەوەی فەرمیی “کۆتاییهێنان بە جەنگ” بەبێ چەندوچوون قبووڵ بکەین، ئەم بەڵگەیە شتێک نییە جگە لە یاساییکردنی کۆمەڵکوژی بۆ سەپاندنی ئیرادەی سیاسی: چونکە دەوڵەتێک خۆی بە دەستەوە نادات، خەڵکەکەی بسووتێنن! لەسەر بنەمای ئەم لۆژیکە دەکرێت هەر شار و هەموو جەماوەرێک بۆ ناچارکردنی دەسەڵاتدارانی بە پاشەکشە وێران بکرێت. ئەمە ئیتر جەنگ نییە لەگەڵ حکومەتێک؛ گرووگانگرتنی تەواوی کۆمەڵگەیە و ڕاگەیاندنی ئەم سزایەیە کە خەڵک دەبێت باجی بڕیاری دەوڵەتەکان بە گوشت و خوێن و ژیانی خۆیان بدەن.
ئامانجی ڕاستەقینەی ئەم هەڕەشەیە تەنیا لەناوبردنی دامەزراوەیەک نییە. بۆمبی ئەتۆمی ئامرازی ڕاگەیاندنی سەروەریی بێسنوورە: “یان بە مەرجەکانی ئێمە مل کەچ دەکەن، یان مافی ژیان لە کۆمەڵگەکەتان دەسێنینەوە.” ئەمە نه دیپلۆماسییە، نه بەرگری و نه تەنانەت جەنگ بە مانای باو؛ بەڵکو تیرۆریزمی دەوڵەتییە لە ئاستێکی پیشەسازیدا.
کاتێک کوشتنی سەدان هەزار مرۆڤ ببێتە “ئامرازی کۆتاییهێنان بە جەنگ”، ئیتر هیچ تاوانێک بێ پاساو نامێنێتەوە. ئۆردوگای مەترسیداری مردنیش دەکرێت ناوی بنرێت “ئامرازی پاراستنی ئاسایش”، برسی کردنی ملیۆنان مرۆڤ “گوشاری ئابووری” و سوتاندنی شارەکان “ئۆپەراسیۆنی پێشگیرانە”. زمانی فەرمیی دەسەڵات، تاوان ڕەت ناکاتەوە؛ تەنیا ناوێکی ئیداری و ڕێزلێگیراوی بۆ دادەهێنێت.
نە بەرگری لە کۆماری ئیسلامی، نە ئاسانکاری بۆ تاوانی ئەمریکا
شەرمەزارکردنی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئەمریکا، بەرگری نییە لە کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی خۆی حکومەتێکی تەواو سەرکوتکەر، تاوانبار، لەسێدارەدانکەر، دژی ژن و دوژمنی ئازادی و یەکسانی و چینایەتی کارگەرە. بەرنامە سەربازی و ئەتۆمییەکانیشی نە بۆ ئاسایشی خەڵک، بەڵکو بۆ مانەوەی حکومەت، زیادکردنی دەسەڵاتی مامەڵەکردن و چەسپاندنی پێگەی ناوچەیییەتی. هەر ئەم حکومەتە خەڵکی ئێرانی بە دەیان ساڵ لەژێر گوشاری هەژاری، خنکاندن، جەنگخوازی و سەرکێشیی سەربازیدا هێشتۆتەوە.
بەڵام تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ مۆڵەتێک بۆ کوشتنی خەڵکی ئێران دەرناکات. کارگەری نەوت، پەرستار، مامۆستا، منداڵ، خانەنشین و ژنی ناڕازی بەرپرسی سیاسەتی ئەتۆمیی حکومەت نین. هەمان ئەو خەڵکەی لەژێر دەستی کۆماری ئیسلامیدا سەرکوت کراون، بڕیار نییە وەک “زیانی لاوەکی”ی بۆمبەکان ئەمریکا و ئیسرائیل بسووتێندرێن.
دوو لایەنی ئەم جەنگە، بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە، لە یەک بنەمادا هاوبەشن: هەردووکیان کۆمەڵگە بە کەرەستەی خاوی سیاسەتی دەسەڵات دەزانن. کۆماری ئیسلامی خەڵک دەکاتە قەڵغانی مانەوەی خۆی؛ ئەمریکا و ئیسرائیل هەمان خەڵک دەکەنە ئامرازی گوشار بۆ خۆدەستەوەدانی حکومەت. یەکێکیان گوێڕایەڵی دەوێت، ئەویتر قوربانی. یەکێک بە ناوی ئیسلام و “بەرگری” دەکوژێت، ئەویتر بە ناوی ئاسایش و “شارستانیەتی ڕۆژئاوا”. لە هاوکێشەی هیچکامیدا، ئازادی و ژیانی خەڵک خاڵی دەستپێک نین.
سیاسەتی سەربەخۆی چینی کارگەر ڕێک لەم شوێنەوە دەست پێدەکات: نە بۆ کۆماری ئیسلامی، نە بۆ جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل، نە بۆ گەمارۆ و برسی کردنی خەڵک، و نە بۆ هەر جۆرە هەڕەشەیەکی ئەتۆمی.
هیرۆشیما؛ ئاوێنەی ئۆپۆزسیۆنی جەنگخواز
هەڕەشەی ئەتۆمی هەروەها ساتەوەختی ڕاستییە بۆ ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو و جەنگخوازی ئێران. ئەو ڕەوتانەی مانگانێک بە بێشەرمییەوە هەر بۆردوومانێکیان بە “دەرفەت”، هەر مووشەکێکیان بە “یارمەتی بۆ خەڵک” و هەر هەڕەشەیەکی ئەمریکا و ئیسرائیلیان بە پێشەکیی ئازادی نیشان دەدا، ئێستا دەبێت وەڵام بدەنەوە: سنووری ئەم “ئازادییە لە ئاسمانەوە” لەکوێیە؟ چەند شار دەبێت وێران بێت؟ چەند منداڵ دەبێت بسووتێت؟ چەند ملیۆن مرۆڤ دەبێت ئاوارە بن تا پڕۆژەی گواستنەوەی دەسەڵاتی ئەوان بگاتە جێ؟ وەڵامی هەندێک لە هێزەکانی ئەم ڕەوتە لە ئێستاوە ڕوونە: بۆردوومان بکەن!
کەسێک لۆژیکی جەنگی قبووڵ کردبێت، ناتوانێت کاتێک هەمان لۆژیک دەگاتە بۆمبی ئەتۆمی لەپڕ خۆی بە بێتاوان نیشان بدات. هیرۆشیما لە ئاسمانەوە دانەبەزی؛ کۆتایی زنجیرەیەک بوو کە لە نا-مرۆڤبوونی ڕاگەیاندنی دوژمن، پیرۆزکردنی دەسەڵاتی سەربازی و گۆڕینی کۆمەڵگە بۆ مەیدانی تیربارانکردن دەستی پێکرد.
بۆ ئەم ڕاستەی ئۆپۆزسیۆن، ئێران نە کۆمەڵگەیەکی زیندوو بە ملیۆنان مرۆڤەوەیە، بەڵکو موڵکێکی سیاسییە کە هیوادارن دوای بۆردوومانکردن کلیلەکەی وەربگرنەوە. جیاوازییان لەگەڵ جەنگخوازانی واشنتۆن و تەلئەبیب لەسەر بنەمای مافی خەڵک بۆ ژیان نییە؛ زیاتر لەسەر ئەوەیە کە دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکە، کێ فەرمانڕەوایی لەسەر کەلاوەکان بکات.
ئەگەر سبەی بۆمبێک بە شارێکی ئێران بکەوێت، ئەوان ناتوانن ئیدیعا بکەن لە کۆتاییەکی وەها بێئاگا بوون. کەسێک لە سەرەتای ڕێگەدا بۆ بۆمبهاوێژ چەپڵە لێبدات، ناتوانێت لە کۆتایی ڕێگەدا لەبەرامبەر گۆڕستاندا بوەستێت و ڕۆڵی ڕێبوارێکی بێئاگا بگێڕێت.
دەبێت ماشێنی جەنگ ڕابگیرێت
بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیمەنە ناتوانرێت کەم بکرێتەوە بۆ ئامۆژگاریی ئەخلاقی بۆ ترەمپ، نەتانیاهوو یان جەنەڕاڵەکان. هەمان دەزگایەک کە ئەگەری بەکارهێنانی بۆمبی دروستکردووە و لە دۆکتڕینی سەربازیی خۆیدا هێشتوویەتیەوە، بە پاڕانەوەی مرۆیی دەستەمۆ ناکرێت. هێزێکی کۆمەڵایەتی پێویستە کە تێچووی درێژەدان بە جەنگ بۆ دەوڵەتەکان بکاتە ئیفلیجکەر.
سەندیکا کرێکارییەکان، هێزەکانی چەپ، بزووتنەوەی ژنان، قوتابیان، پزیشکان، زانایان و هەموو دژەجەنگەکان و ئاشتیخوازان دەبێت بەبێ دواکەوتن دژی هەر جۆرە بەکارهێنانێک یان هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کۆببنەوە. کارگەرانی بەندەرەکان، گواستنەوە، پیشەسازی و سەربازی و وزە دەتوانن ڕێگری لە گواستنەوەی ئامرازی کوشتن بکەن. سەربازان و کارمەندانی سەربازی دەبێت لە جێبەجێکردنی فەرمانی تاوان سەرپێچی بکەن. خەڵکی ئەمریکا دەبێت ئەم جەنگە بە جەنگێکی دواکەوتووانە و بە ئامانجی دژەمرۆیی بزانن. خەڵکی ئێرانیش دەبێت هاوکات دژی کۆماری ئیسلامی و دژی دەستدرێژی سەربازیی دەرەکی، بە ئاڵای سەربەخۆی ئازادی، یەکسانی و خۆشگوزەرانیی هەموان و نەخێرێکی گەورە بۆ تەواوی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییە دەسەڵاتدارەکان بێنە مەیدانەوە.
جیهان ناتوانرێت لەنێوان بۆمبی کۆماری ئیسلامی و بۆمبی ئەمریکا، لەنێوان دیکتاتۆریی ئیسلامی و باڵادەستیی ئیمپریالیستیدا، ناچار بە هەڵبژاردن بکرێت. هەڵبژاردنی مرۆیی و ڕزگارکەرانە، ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە بە دەستی خەڵک و ڕاگرتنی ماشێنی جەنگیی ئەمریکا و ئیسرائیلە بە هێزی بزووتنەوەیەکی جیهانیی دژەجەنگ و کارگەری.
هەڕەشەی ئەتۆمی لەسەر ئێران تەنیا هەڕەشە لەسەر خەڵکی ئێران نییە. ئەگەر بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی جارێکی تر ببێتەوە بە بژاردەیەکی قبووڵکراو، سنوورێک دەشکێت کە تەواوی مرۆڤایەتی لەپشتی وەستاوە. ئەمڕۆ ناو و ئامانجی ئێرانە؛ سبەی دەکرێت هەر گوشەیەکی تری جیهان بێت.
هیرۆشیما نابێت ببێتە “پێشینەی یاسایی” بۆ جەنگی داهاتوو. دەبێت هەروەک ئەوەی بوو بەبیری بهێنرێتەوە: کۆمەڵکوژیی مرۆڤەکان بە دەستی دەسەڵاتێکی دەوڵەتی. و دەبێت بە دەنگێکی جیهانی ڕابگەینرێت:
خەڵکی ئێران ئامانجی سەربازی نین. هیچ دەوڵەتێک مافی ئەوەی نییە بۆ سەپاندنی خۆدەستەوەدان، کۆمەڵگەیەک بە مردنی ئەتۆمی هەڕەشە بکات. کۆماری ئیسلامی دەبێت بە دەستی خەڵک بڕووخێنرێت؛ جەنگ، گەمارۆی ئابووری، تاوانەکانی جەنگ و هەڕەشەی ئەتۆمیی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت هەر ئەمڕۆ ڕابگیرێن.
نووسینی: عەلی جەوادی