لە میری كێ قوربانی بوو؟… نووسینی: ئەنوەر حسێن

0

* بەدوای قسەكانی نێچیرڤان بارزانی لە دیداری میری كە وتی؛ “دیموكرات و كۆمەڵە، پژاك زۆر نامەسئولانە ڕەفتاریان كرد…”

* هەر دوای قسەكان، كوردانی ڕۆژهەڵات بۆ (48) كاتژمێر لە سوسیال میدیا، كەوتنە هێرش بۆسەر پارتی، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وتارەكانی شەهید د.قاسملوو و هەڵدانەوەی مێژووی حەفتا و هەشتاكان، دروستكردنی بارگرژی.

* بەدوایدا، بارەگای بارزانی ڕاگەیاندنێكی توندی دا: كە (میری) هیچ پەیوەندییەكی بە پارتی-ییەوە نییە، واتا هەموو وتارەكان و دیالۆگەكان قبوڵ ناكەین.

* بەدوای هێنانی سوپای پاسداران لەلایەن یەكێتی بۆسەر دیموكرات و ساڵانی دواتر، كێرڤی پارتی لە ڕۆژهەڵات تا دەهات بەرز دەبوەوە، بەتایبەتی دوای ڕیفراندۆم و تەنانەت دوو هێز لە ڕۆژهەڵات لەسەر نفوز ململانێیان بوو (پارتی و پ.ك.ك)بوون.

بەڵام دوو بابەت جێگەی نیگەرانی ڕۆژهەڵاتییەكان بوو لە پارتی:

یەكەم: (بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، بەرگی چوارەم) هێرش بۆسەر حدكا و قاسملوو و هێزەكانی ڕۆژهەڵات و سەركردەكانیان.

دووەم: سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆلای خامنەئیی، ڕابەری باڵای پێشووی كۆماری ئیسلامی ئێران.

* تازەگیش ئەم لێدوانانەی بارزانی بوو لە میری، كە نیگەرانییەكان ئاوا سەرچاوەیان گرتوە؛

یەكەم: نیگەرانی و ناڕەزایەتی كوردانی ڕۆژهەڵات و ئەگەری لێكەوتەی خراپ.

دووەم: وجودی بەردەوامی مەزڵوم عەبدی بە ئۆتۆریتەوە و نیگەرانی توركیا و پەراوێزخستنی ئەنەكەسە.

سێیەم: وتارەكانی یەكێتی.

* دوای هەموو ئەم بابەتانە؛ حیزبی دیموكرات ڕاگەیاندنێكی بۆ تەشكیلاتی خۆیان ناردوە كە قسەكانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دیموكرات نییە..! (نا لەگەڵ من-یەتی) پژاك و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و كۆمەڵەی زەحمەتكێشان و سازمانی خەبات و پاك، فزەیان نەكرد، هیچ قسەیان نەكردوە.

* كە لە ڕاستیدا، دەبێ بە هاوڕێیانی (حدكا) بڵێن؛ بەڵێ، نێچیرڤان بارزانی ڕێكاوڕێك و بەتایبەت لەگەڵ ئێوەی بوو، خۆ كە ناشتوانن وەڵام بدەنەوە، بێدەنگیتان باشتر بوو وەكو كۆمەڵە و خەبات.

* خۆ گەر بە قەناعەتی خۆتان قسەكانی میری لەگەڵ ئێوەی نییە!؟، خۆ قسەكانی بەشی پێنجەمی بەرگی چوارەمی (بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) ڕێك لەگەڵ ئێوە و سەركردەی شەهید د. عەبدولرەحمان قاسملوو، سكرتێری حدكا-یە، دەفەرموو وەڵام بدەنەوە.

* با ئەوەش بڵێم؛ گەر هەر لایەك لە خەمی ئەوەدایە كە نوێنەری كوردی ئێرانی لێ نەبوە، فەرموو لە جیاتی (میری)، (بان میری)یەك ساز بدەن و میوانداری ڕێبەرانی ڕۆژهەڵات (عەبدوڵڵا حەسەن زادە، ئیبراهیم عەلیزادە، سیامەند موعینی، شێخ بابا شێخ حوسێنی، ڕەزا كەعبی، عومەر ئێلخانیزادە) دەعوەت بكەن با قسەی خۆیان بكەن و منیش لە خزمەتتاندام كۆڕەكەتان بۆ بەڕێوەبەرم.

* بارەگای بارزانی هەقی خۆیەتی سیاسەت بكات و دڵی كوردانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا نەڕەنجێنێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی-ش هەقی خۆیەتی ڕەچاوی دۆستایەتی و دراوسێیەتی كۆماری ئیسلامی ئێران بكات، بەڵام ئەوەی لەو نێوەندەدا قوربانییە و بێدەنگە، دیموكرات و كۆمەڵە و كوردانی ڕۆژهەڵاتن..

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.