نامەیەکی کراوە بۆ ڕای گشتی و هاوڕێیانی زیندانیی سیاسی…

0

هاوڕێیانی زیندانی سیاسی سڵاو، گەورەترین هەڵەیەک کە تائێستا کردوومانە خۆجیاکردنەوەمان بووە لە ناڕەزایەتییەکانی شەقام و وەک تاقانەیەکی سیاسی خۆمان هاتۆتە بەرچاو و کەمتر لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی گشتییەوە لە شەقامەکاندا دەرکەوتووین، لە ڕاستیدا مافەکانی زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر، کەسوکاری شەهیدان، و توێژە جیاوازەکان پاکێجی نەپچڕاوەیە، بەڵکو تا ئێستا دەبوو ئێمە بەشێک لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندان وناڕەزایەتییەکاندا بووینایە لەناو ئەم خەڵکەدا، واز لەوە بێنن کە وەک “گروپی جیاواز” مامەڵە بکەین. پێویستە بگەڕێینەوە ناو جەستەی سەرەکیی کۆمەڵگە و بێزاریی خۆمان لەگەڵ دەنگی شەقام و ناڕەزایەتییە گشتییەکان تێکەڵ بکەین. بۆ مەگەر کەس وکاری شەهیدان و ئەنفال کراوان زۆر ڕێزیان لێدەگیرێت، تا ڕێز لە شەهیدی زیندوو بگرن؟

با لەپاڵ یەکا بوەستین با بەدرۆی میدیا سێبەرەکان فریو نەخۆین. با نەکەوینە تەڵەی ئیمتیازپێدانێکی کەم بە بەشێکی کەمی قوربانیان با نەبێتە هۆی دووبەرەکی لە نێوانماندا با ئیرادەی ڕاستەقینەمان بە بارمتە نەگرن، ئەو ئیمتیازە کەمەی دەسەڵات داویەتی، قەرەبووی کەرامەت و مافی زەوتکراوی مرۆڤ ناکاتەوە. زیندانیانی سیاسی و تێکۆشەرانی کۆن، ئەزموونێکی گەورەیان لە بەرەنگاربوونەوەدا هەیە؛ ئەرکی ئەمڕۆیان ئەوەیە کە لەبری گۆشەگیربوون، رۆڵی ئینسانی خۆیان بگێرن و ئەزموونی خەباتکارانەیان بخەنە خزمەتی  پێشڕەوی مەعنەوی بۆ ئەو گەنجانەی ئەمڕۆ لە شەقامدا دژی تیمی حوکمڕان دەوەستنەوە . ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە  ئیتر بووە بە نەریتێک کە بۆ خێزانەکانمان ماوەتەوە و ئێمە هەرچی بەردێکمان لەسەر بەردێک دانابێت کار ئاسانی بۆ سەرکەوتنی ئەوان و بەرەی ناڕەزایەتی جەماوەر دەکات،  بە هیچ جۆرێک نابێت هەموو ئەو  ئەرکە قورس و بارە گرانەی ئەم خەباتە بۆ منداڵەکانمان بەجێ بێڵین. خەمساردی و تاڵانکاریی دەسەڵاتی ئەم دوو بنەماڵەیە وا کۆمەڵگە لەبەر یەک هەڵدەوەرێنێت کەلەسەر دوو کۆڵەکەی بنەماڵەیی وتایەفەگەری ڕاوەستاوە، ئەبێ لە ئێستاوە کاربکەین بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی بەختەوەر بۆ مناڵەکانمان نەک جەهەننەمێکیان بۆ بەجێ بێڵین. ئاشکرایە کە کاری ئەم دەسەڵاتە بێباکە بە ئێمەی قوربانیانی ئەنفال و شەهیدان و زیندانیانی سیاسی تا ئێرە بوو و ئێرە دوا مەنزڵی شەمەنەفەرەکەیانە، چونکە کارێکیان بە ئێمە نەماوە، بەڵام  هۆشیاریی ئێمە مەترسییە بۆسەر دەسەڵاتەکەیان. لێره‌وە كاتی ئه‌وه‌یه‌ بێدەنگی بشکێنین و بگەڕێینەوە ناو جەستەی سەرەکیی شەقام، چونکە تەنها بەیەکگەیشتنی دەنگی قوربانیان لەگەڵ توڕەیی جەماوەر دەتوانێت کۆتایی بەم ستەمکارییە بهێنێت کە ئیتر میللەت بڕیاری لەسەر داوە و هەوڵ بدەین  ئاییندەیەکی شایستە بۆ نەوەکانمان دەستەبەر بکەین.

 

ئێستا لە هەستیارترین قۆناغدا دەژین ڕاوەستانمان و کەمکاریمان لە خەبات شەرعییەتدانە بە مانەوەی ستەم لەسەر خۆمان ومناڵەکانمان ئەو گۆڕەی بڕیارە بۆ دەسەڵاتی هەڵکەنین خۆمانی تیا غەرق ئەبین. بە پێچەوانەشەوە ڕەتکردنەوەی پاشکۆیەتییە بۆ دەسەڵاتی بنەماڵەیی تایەفەگەریی. دەبێت ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەین کە “ئێمە دوا مەنزڵی شەمەنەفەرەکەین” و دەسەڵات چیتر پێویستی بە ئێمە نییە، کەواتە ئێمەش هیچ پابەندبوونێکی ئەخلاقیمان بە پاراستنی ئەم سیستەمە فیرعەونی یە  نییە.

کاوان قادر/ کەنەدا

١١ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.